ئیسلامیەكان وهەنگاوی دوای بەخۆداچوونەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 359 جار بینراوە

عمر علی محمد

ئیسلامیەكانی كوردوستان لەدوای هەڵبژاردنی 2009ی پەرلەمانی كوردستانەوە بە بەردەوامی رێژەی دەنگەكانیان دادەبەزێت و قەوارەی سیاسیان بچوك دەبێتەوەو لەناو نوخبەی رۆشنبیر و گەنجاندا كێرڤەكەیان روو لە نزمیە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەگەڵا هەر خولێكی هەڵبژاردندا هەر بەهەمان ریتم و شێوازی پێشوو درێژە بەكاری سیاسیان دەدەن و هیچ گۆڕانكاری و پێداچوونەوەیەكی بەرچاو نابینیت لە شێوازی كار و گوتاری سیاسی و پەیكەری رێكخستن و پرۆگرامی پەروەردەییاندا، ئەم حیزبانە بەبێ‌ ئەوەی ئەم رووداوانە هانیان بدات بۆ بەخۆداچوونەوەو چاكسازی، هەموو جارێك بەرووكەش چەند هەڵوێستێكی سادە دەردەبڕن و دەڵێن كە سەركردایەتی بە بەرپرسیار دەزانین لە شكستەكاندا، بەڵام ئەمە وایان لێ‌ ناكات كە گۆڕانكاری جەوهەری و بنەڕەتی بكەن یان بەشێك لە سەركردایەتیان پاشەكشە بكات یان كۆنگرەیەكی پێش وەختە ئەنجام بدەن بۆ چاكسازی، سەرەڕای ئەوەی كە كاری ئەم پارتانە لەناو كۆمەڵگایەكی زۆرینە مسوڵماندایە و بەردەوامیش بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەوان پەروەردەی مزگەوتن و بەردەوامیش لە ریزی پێشەوەی نوێژخوێنانن، هەروەها هەموو بۆنە ئاینیەكان بە جۆرێك لە جۆرەكان بە سیاسی دەكەن و بەردەوامیش دیعایەی ئەوە دەكەن كە ئەوان وەك ئەهلی ئیمان سیاسەت دەكەن و بەڵام هەموو ئەم گوتارە سیاسیە تێكەڵا بە بانگخوازی و دینداریە نەیتوانی كە رای زۆرینەی كۆمەڵگە مسوڵمانەكە بەلای خۆیدا رابكێشێت بەڵكو دواجار ئەوان بوونە نوخبەیەكی بچووكی كاری سیاسی و پەرلەمان و لە دواهەمین هەڵبژاردنیش كە لە 30/9 دا ئەنجام درا نزمترین رێژەیان تۆماركرد.
ئیسلامیەكان بەشێوەیەكی گشتی لە كوردستاندا بە درێژایی 30 ساڵی رابردوو خاوەنی یەك گوتار و دید و تێڕوانینن بۆ كاری سیاسی و زۆر كەم گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، ئەوان راستە ئێستا لە چوارچێوەی پارتێكی سیاسی دا كار دەكەن، بەڵام ئەو كەرەستانەی كە كاری پێ‌ دەكەن زۆرتر لە مەرجەعیەتی (كۆمەڵی ئیسلامی)یەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ سەلماندنی ئەو راستیەش ئێستا تۆ پارتێكت هەیە ناوی كۆمەڵی ئیسلامیە، لەراستیدا لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا دەستەواژەی (كۆمەڵا) لەگەڵا پارتدا زۆر لەیەكتر جیاوازن، چونكە (كۆمەڵی ئیسلامی) واتە گروپێك لە پێناو گەڕاندنەوەی خەڵكدا كار دەكەن بۆسەر رێگەی ئیمان، هەتا لە كوفر و شیرك و تاوان بە دوربن و بێنە سەر رێگەی هیدایەت هەتا لە دۆزەخ پارێزراوبن و بەرەو بەهەشت بچن.
ئەگەر سەرنج بدەین ئەم ئامانجانە زۆر دورن لە ئامانجی پارتی سیاسی كە كار دەكات لە پێناو دەستەبەركردنی مافە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و كلتوریەكانی گەلەكەی و لە رێگەی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتەوە دەیەوێت خۆشگوزەرانی بۆ تاكەكان دابین بكات، لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئیسلامیەكان ئەوەندەی چەمك و تێگەیشتنی (جماعە الاسلامیە )واتە كۆمەڵی ئیسلامی زاڵە بەسەریاندا، ئەوەندە لە دەوری ئامانجێكی سیاسی كۆنەبووەنەوە بۆ پارتەكەیان ،هەر ئەم بۆچوونەش وایكردووە كە ئیسلامیەكان ببنە كەمینە لەناو كۆمەڵگە مسوڵمانەكەدا و ئەو دەنگانەش كە پێیان دەدرێت نوێنەرەكانیان لە پەرلەمان و حكومەت ناتوانن بە گوتار و زمانێكی سەردەمیانە تەوزیفی بكەن بۆ كارێكی سیاسی مۆدێرن.
هەتا ئێستاش ئیسلامیەكان لە هەڵبژاردنەكاندا لە جیاتی پشت بەستن بە پرۆژەی سیاسی و كاركردن لەسەر ئاستی گشتی كۆمەڵگا و سیاسەت كردن لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون، دەیانەوێت بە گوتارێكی ئاینی روو بكەنە كۆمەڵگە مسوڵمانەكە و لەناو كۆمەڵگە مسوڵمانەكەشدا كەسە دیندار و بە ئیمانەكان، بەمەش بەشێكی زۆری كۆمەڵگە لە ژن و ئەكادیمیا و گەنجان بێ‌ بەش دەبن و ناتوانن بەو زمانەی كە خۆیان دەیانەوێت بیاندوێنن.
لە سەرەتاوە كە ئیسلامیەكان هاتن ئەو گوتارە بایەخی خۆی هەبوو، لەبەر ئەوە توانیان لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو هەتا 2009 دەنگی باش بهێنن، بەڵام لە دوای ئەوەوە رۆژ بەرۆژ دەنگەكانیان رووی لە لاوازی كرد، چونكە لەوە تێگەیشتن كە تەنها پشت بەستن بە دروشمی ئاینی و بەكارهێنانی دروشمەكان وەك كەرەستەیەكی سیاسی لەناو كۆمەڵگەیەكدا كە زۆرینەی مسوڵمانە، كارێكە لەگەڵا گەورەیی ئیسلام و شوناسە جیهانیەكەیدا وێك نایەتەوەو ناكرێت ئیسلام بكرێتە پڕوپاگەندەی سیاسی بۆ گروپێك و ئیتر ئەوانی تری لێ‌ بێبەش بكرێت، لەبەر ئەم هۆكارانە ئێستا ئیسلامیەكان لە دوو ریانێكدان یان هەر درێژە بەم شێوازە تەقلیدیە بدەن لەكاری سیاسیدا كە دواجار دەبنە چەند گروپێكی سیاسی ناكاریگەر، یان دەبێت پێداچوونەوەی بنەڕەتی و جەوهەری بە خۆیاندا بكەن و بە بەرنامەی نوێوە دەست بەكاری سیاسی بكەنەوە، لەو هەنگاوانەش كە پێویستە بینێن وەك:
1- كۆتایی هێنان بە درێژەدان بە رەوتی كاری ئیسلامی سیاسی و كاركردن لەسەر بنەمایەكی نیشتمانی.
2- جیاكردنەوەی كاری حیزبی لەكاری بانگەواز و سپاردنی هەر یەكەیان بە كەسانی پسپۆڕ لەو بوارەدا.
3- بنیاتنانی پڕۆژەیەكی نوێی كاری سیاسی لەسەر بنەمای نیشتمانی و كۆتایی هێنان بە ئایدیۆلۆژی كردنی ئیسلام بۆ كاری سیاسی.
4- دوورخستنەوەی ئەو دەم و چاوانەی كە پێشتر لەكاردابوون و بەرپرسیاربوون لە كەمكردنی دەنگەكانیان.
5- ئاشت كردنەوەی گەنجان و رۆشنبیران و ژنان و خستنەڕووی پڕۆژەی سیاسی نوێ‌ بۆ خەباتكردن بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان.
6- كۆتایی هێنان بە پڕۆگرامی پەروەردەیی خواستراو لە دەرەوەو هەوڵدان بۆ بە كوردی كردنی ئیسلام و گەڕانەوە بۆ ئەو كولتورە بەرفراوانەی كە كۆمەڵگەی كوردی هەیەتی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.