لە نێوان ساختەکاری، دەنگدانی تایبەت و کورسی کۆتاکان، کامیان گرفتی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمن

لەلایەن ستاندار Posted on 371 جار بینراوە

کارزان سابر

ھەڵەم نەکردووە ئەگەر بڵێم، ھەڵبژاردنی ھیچ وڵاتێک بێ ساختەکاری نیە، جیاوازیەکە ڕێژەو جۆری ساختەکاریەکەیە. ڕاستە ھەڵبژاردنی وڵاتانی ئەم دەوروبەرەی خۆمان و خۆشمان ڕیژەو جۆریان جیاواز و زیاترە، لێ ئەمریکاش تا ئێستا لە ساختەکاری دوا ھەڵبژاردنی ئەکۆڵێتەوە کە تڕەمپ سەرکەوتنی تیادا بەدەست ھێنا، ئەمە پاکانە نیە بۆ ساختەچیێتی ھەڵبژاردن و دەنگ تەزویڕ کردن، چون ئەو کارە لە ھەموو وڵاتان و یاسا جۆربەجۆرەکان یاساغەو ئەرکی ھاوڵاتی و دەزگا چاودێریەکان و کۆمسیۆنە ڕێی لێبگرێ.

بەڵام زۆر جار شکست و تەزویڕ ئەکرێتە ھەریسەو دەنگدەر و ھاوڵاتی پێ لەخشتە ئەبرێ، ڕاستە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم دایم ساختەکاری تێداکراوە، لێ ھەموو خولێک لە خولی پێشخۆی باشتر بووە و رێژەی تەزویر کەم بۆتەوە، دوا ھەڵبژاردنیش سەرباری ئەو گرفتانەی باسکراون، باشترینی ناو ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمە. ھەر بە ڕێژەی بەشداری ئەمەت بۆ دەرئەکەوێ. کە نزیکەی نیوەی دەنگدەر بایکۆتی کرد.

ھەڵبژاردن، پەڕلەمانی لێ بەرھەم دێ و ڕەنگە جیاجیاکانی پەڕلەمانیش حکومەت دروست ئەکەن، جا حکومەت سیستم و پلان بۆ چوار سالی تەمەنی حکومڕانی دائەڕیژێ. ساختەکاری ئەم ھەڵبژاردنەی ھەرێم نەخشەی پەڕلەمانی پێ نەگۆڕاوە، کاریگەری کەمی لەسەر کورسی و پێگەی لایەنەکان دروست کردووە، ئەوەی دایم کار لە ڕەنگ و نەخشەی پەڕلەمان ئەکا، دەنگدانی تایبەت و کورسی کۆتاکانە.

دور نەڕۆین، ھەر لەو وڵاتانەی چواردەورمان لە تورکیا، ئوردن، مێر، ئێران و چەندین وڵاتی دی، ھێزە چکدارەکان بەشداری ھیچ ھەڵبژاردنێک ناکەن، ئەوە لە وڵاتانی پێشکەوتوو ھەرھیچ! ئەم ھێزانە نیشتیمانین و ئەرکی پاراستنی وڵات لە ئەستۆ ئەگرن، نابێ تێکەڵ بە ھیچ منافەسەیەکی نێوخۆی بکرێن، گرنگە بۆ بە نیشتیمانیکردنی ھێزە چەکدارەکان و پتەوکردنی ھەستی وڵات پارێزی لەلایان، یەکەم ھەنگاو بەشداری نەکردنیان بێ لە ھەڵبژاردن و کردە سیاسیەکانی نێوخۆ.

دووەم گرفت بۆ نەخشەی پەڕلەمان، ژمارەیەکی زۆری کورسی کۆتاکانە، دوای ئەم ھەموو ھەڵبژاردنانەی کراون، دەرکەوتوە دەنگدەری کەمە نەتەوەیی و ئاینیەکان کورسیەکی پەرلەمانیان پێ مسۆگەر ئەکرێ و لە باشترین بار دا ئەبێتە دوو کورسی. بەڵام ئێستا ١١ کورسیان بۆ دانراوە، ئەوان بە کورسیەکانیان توانای گۆڕینی ھاوکێشەکانیان ھەیەو دایم لەبەرژەوەندی دەسەڵات یەکلا بونەتەوە، دوا ھەڵبژاردن بە ھەر ١١ کورسیەکەی کۆتاکان کەمتر لە ١٥ ھەزار دەنگیان ھێناوە!

سەرئەنجام ھێزە چەکدارەکان و کورسی کۆتاکان ٢٠ بۆ ٢٥ کورسی پەڕلەمان پێک ئەھێنن، بەم ژمارەیەش ھەموو ھاوکێشەکان ئەگۆڕێن. بۆیە ئەو ھەوڵ و تەقەڵایەی لە نەمانی ساختەکاری خەرج ئەکرێ، ھێندەش بخرێتە خزمەتی رێکخستن و پێداچونەوەی ئەو ٢٥ کورسیە، زۆر شت ئەگۆڕێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.