گۆڕینی گۆڕانکارییەکانی ناو گۆڕان

لەلایەن ستاندار Posted on 437 جار بینراوە

نەبەز جەلال

دوای دەرچوونی بڕیاری بەرپرسانەی چڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی و سەرلەنوێ گۆڕانکاری، لە ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن، کەزۆرێک لە بەرپرسانی گۆڕان بەرپرسیارێتی دۆخی ئێستای بزوتنەوەکە ھەڵدەگرن و لە پۆستەکانیان دەکشێینەوە و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات، لەڕێگەی دەنگەکانی کۆنگرەوە دەدەنە کەسی ھەڵبژێردراو.

بێگومان کارێکی پیرۆز و شێوازێکی تری نوێی سەرکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ دروستکردنی کارەکتەری سیاسی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی نوێ لە پرۆسەی سیاسیدا.

ئاشکرایە بزووتنەوەکە کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی قورسی ھەیە، چارەسەرکردنیشیان دەگەڕێتەوە بۆ ورد بینی و درککردن بەو نھێنییە وردانەی بونەتە درزی پایەو کۆڵەکەکانی ئێمەی لەسەر بینای خۆی پێھەڵچنییوەو خۆمانمان تیادا بونیاد ناوە، کە دووربووە لە سروشت و ڕاستییەوە، بە نەبینراویش تێپەڕیوون بەھۆکاری بوونی متمانەیەکی بەھێز.!

خەباتی پەرلەمانی دەسپێکی کاریگەریەکانی بزوتنەوەکە بوو بۆ ھەنگاوەکانی گۆڕانکاری پرۆژە سیاسیەکە، کەتێیدا سەنگەری بەرگری و ململانێی سیاسی بوون بۆ گەیشتن بە ویستی خەڵک .

گۆڕان لە خولی چوارەمدا دەرگای گفتوگۆو چارەسەری ئاڵۆزییەکانی دەسەڵاتی لە سەر زمانی سیاسیەت کڵۆمدا و کلیلەکەشی خستە نێوو دەستی ھێزە چەک بەدەستەکان، چەکی کردەوە بە براوەی نێو گۆڕەپانەکە، کە چەندساڵێک بوو بەرەو توانەوە یەکبوون دەچوو. ئەمەیان بەرامبەر بەجەنگ و خوێن بۆ ئەمڕۆی کورد، دەبوە دەستکەوتێکی گەورە، وەک ژیانیش قۆناغەکە نادیار، یان ترسناک دەگۆڕدرا بۆ داھاتوو کە ناکرێ ئێستا ھیچی لەسەر بڵێین چوون تێپەڕی و دۆخەکەش لەژێر سروشتی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەدا نادیارە.

لیستی کاندیدە براوەکانی ئەم خولەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمان لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، بە دەرئەمجام و کۆکەرەوەی بەرھەمی کاری پەرلەمانی پێشومانە بۆ ئەو دروشمەی کردبومانە سەرکەوتن و شکست بۆ بزوتنەوە و جەماوەرەکەی لە ئایندەدا ھەنگاوی باشتری پێ ببڕین.

دیارە بەگشتی ھونەر و کار و کارەکەتەری سیاسی باشمان نەبوو لە جێگەی پێویستدابێت بۆیە ئەمەیان زۆر ڕوونەو جێگەی باس نییە ڕۆیی.

لە ئێستادا بە پێویستی دەزانم وەک ھەڵسوراوێکی سەرەتایی گۆڕان، نزیک لە جوڵە و کردارە ناوەکی و دیارەکانی بزوتنەوەکە، ھەندێک خاڵی کورت بۆ سەرنجی دوابڕیاری چڤاتی گشتی لەو بڕیاری گۆڕانکاری و نوێبونەوەدا بێ ڕەتوش و دڵ ڕازیکردنی ھیچ کەس و گروپێکی ناو گۆڕان بخەمە ڕوو. کە تێیدا چەرخی بزوێنەری سەرکەوتنەکانی گۆڕانی تێدا بەرجەستە دەبێت و، ئومێدی زیاتر دەبەخشنەوە بەگۆڕانخوازان و پرۆسەی گۆڕانکاری، کە ئامانجی راستەقینەی گۆڕان و دوا قۆناغی گەیشتنی گۆڕانیشە بە سەرکەوتن.

ھۆکاری شکستەکان:

١- بزوتنەوەی گۆڕان، لەدیوی ناوەوەیدا ئەوەندەی مۆرکی کەسی پێوەیە، ئەوەندە بە ناو جەماوەرییەکەی نەبوو،کە جەختی لەسەر دەکرایەوە. دەرئەنجامەکەشی نەک لەڕووی پەیامەوە بگرە لەڕووی پراکتییک و سروشتیشەوە کەوتە دەست خەڵک.
٢- ” پرسیارە بێ وەڵامەکە ” ڕێکخەری گشتی پێشوو ” نەوشیروان مستەفا ” توانای یەکلاییی کردنەوەی زۆرێک لە کێشە ئۆرگانییەکانی ھەبوو، زۆریش بە ئاسانی دەیتوانی یەکلاییان بکاتەوە، بۆ نەیکرد.!؟ ئەمەشیان وەڵامەکەی بە دیوێکدا ھاوپێچە، بە خاڵی یەکەمی ئەم نوسراوەوە.
٣- ھەمیشە چەکی ململانێ و ھێشتنەوەی گەنجی ناو بزوتنەوەکەیان بە ئاڕاستەی دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی سیاسەتی کۆن و پیرەکان دەشوبھاند، بە پێچەوانەشەوە ھەڵەو شکستی گەنجەکانیان بە کاڵفامی و ئەزموونی پیرەکان وەک سیاسەت و پرەنسیبی نوێبونەوە دەسپارد بە سەرقاڵی.! ڕێکخەری گشتیش تەماشاکارێکی ناوەند گیری میانڕەوی پڕ ئەزموون بوو لە گەمە و گەپ بۆ سەرقاڵی و مانەوەی بە تەنھایی لە لەنگەری بڕیارداندا بۆ سەرخستنی بڕیارەکانی.
٤- کارەکەتەری یەکەمی بزوتنەوەکە پڕبوو لە تەکنیک و شێوازی ڕەوان بێژی سیاسی و مێژووی پڕ لە سامی شاخ و پاکی ڕەوشت، توانای گەیشتنە دەستی لەناکاوی نھێنییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و بازرگانیەکانی ھێزەکانی دیکەی ھەبوو ، ھەمیشە ھۆکار و ترسبووە بۆ تێکدانی بەرژەوەندییە گوماناوییەکان و ئەوانەی نەیان دەویست گوێی پێبدەن و ملیان بۆ داواکاریە ڕەواکانی نەداوە. بۆیە ھەمیشە لە لەشکرێکی تەنھا دەچوو بۆ بەرەنگابوونەوە.
٥- بەرامبەر دەوڵەتانی دراوسێ توانای یارکردن و بەکارھێنانی ئەو کارتانەی ھەبوو کە بۆ ھێزەکانی ناوچەکە گوماناویی و چاوەڕوان نەکراوبوون ،بۆ سەرخستن و گرتنە دەستی دەسەڵات، لە پرۆسەی ئومێد و خواست، بۆ ئایندەی ھێزە ھەرێمییەکان و ڕاگرتنی ھێڵێکی سێبەر لەبالانسی دەسەڵاتی ئێران، تورکیان بە ناڕاستەوخۆ بۆ بەرگری، لەڕێی جوڵاندن و بەشداری پێکردنی ھاوسۆزەکانیانەوە وەک سیلەی ڕەحم و ڕاگرتن، بەشێوەی کارتۆنی لە دەسەڵاتی سیاسی و پۆستەکانی گۆڕاندا، جێگەی دڵنیابوون و ئومێد بەخشینیان بوو، بە دەستکەوتی داھاتووی پرۆسەکەو دەست بۆ نەبردن و دژایەتی نەکردنیان وەک جێگرەوەیەکی ئامادەی رەقیب لە شکستی دەسەڵاتی ھێزی یەکەم وەک ئەلتەرناتیڤێک لە گۆڕەپانەکەدا.

زۆر گەلێک لە ھۆکارە نەوتراوەکان کە خاڵی نەوتن و پرسیاری وونن، بۆ لێکدانەوەی وردوو دەرخستەی ڕوونی ئەنجامەکانن بۆ ساغبوونەوە.

کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان پێکھاتەو ڕابەرایەتی کردنەکەی بەم جۆرەو لەو ھێزی کاریزمایەوەبێت، بێگومان نابێت ھەمان شێوازی بەڕێوەبردن لە نەبوونی سەرکردەیەکی ئەوھادا کارکردنەکان دوبارە بکەینەوەو سیاسی کارتۆنی بەردەوام بکەینە بوکەڵەو پەرەی پێبدەین بە مەبەستی ڕاگرتن و ڕازیکردنی خەڵکانێک کە جگە لەدەستکەوتی کەسی ھیچی تر ناناسن و درێژکردنەوەی پەیمانەکانی سۆزو دژە ئاڕاستە ڕاگیریکردون بە بێ ئەوەی دەستکەوتێکیان بۆ بزوتنەوەو خەڵک ھەبووبێ..

بۆ دڵنیابونەوە لە سەرکەوتنی ئەو گۆڕانکاریەی بڕیاری لێدراوە دەبێت گۆڕانخوازان وەک سەرەتا خۆبەخشانە دەست پێبکەنەوەو خۆیان بۆ ئەم گوژمی ھەڵمەتە سازبدەن.

نوێبونەوە:

١- چڤاتی گشتی لیژنەیەک دروست بکات لە ژووری یاسایی و ھەڵبژاردن و چەند چاودێرێکی شارەزا لەدەرەوەی ژوورەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئامادەکاری پرۆسەی ھەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران، بەپێی مەرجە یاساییەکان و ئاشکرا کردنی تەواوی پرۆسەکە.
٢- گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی توندو جێبەجێکردنی سیستمی سزا بەرامبەر ھەر ھەڵەیەکی لە پرۆسەکەدا دەکرێ تا ئاستی دەرکردن.
٣- ھەموو ئەوانەی ددان بە ھەڵەکانیاندا دەنێن و بەرپرسیارێتی خۆیان ڕادەست دەکەنەوە، جێگەی ستایش و ڕێزن، ئەوانەشی نایانەوێت خۆیان لەو بابەتە بدەن، دەبێت لیژنەکە کارەکانیان بخەنە ڕوو و ھەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێ تا ئاستی لێپێچینەوە، ھەندێکیش لەوانەی ژێر بەژێر یان بە ئاشکرا ھەر جۆرە دەستێکیان ھەبوە لە تێکدانی دۆخەکە، دەبێت دوور بخرێنەوە یان بێبەش بکرێن لە پرۆسەی ھەڵبژاردن ،تا کۆنگرە سەرلەنوێ دەستورێکی نوێ دادەڕێژێت بۆ کارپێکردنەوەی بزووتنەوەکە، تەنانەت گەر ئەم نوسینەش بچێتە ھەمان خانەوە بۆ سزادان.
٤- دۆخی مێدیای گۆڕان و سەرچاوە مادیەکانی بزوووتنەوەکە ڕوون بکرێتەوە و بخرێتە بەدەم کۆنگرە بۆ بڕیاردان و ساغبوونەوە.
٥- سیستمی کەسی شایستە بۆ شوێنی شایستە پەیڕەو بکرێت، سیڤی و پشتگرتن نەبێتە تاقە ھۆکاری جێکردنەوەی پۆست و بەرپرسیارێتییەکانی خوارەوە تا سەرەوە.
٦- نوسینەوەی دەستورێکی نوێ کەگشت کلەێن و کەمتەرخەمیەکانی دەستوری ئێستا پڕبکاتەوە و ڕێگربێت لە بەربڵاوی و سەرلێشێواندن، کۆکەرەوەی ھێزی ناوەندگیر و خوڵقێنەری بڕیاریشبێت بۆ بزوتنەوەکە.
٧- برۆژەیەکی گشتگیری کراوە لەڕێگەی سایتەکانی گۆڕانەوە بخەنە بەر دیدی دەنگدەرانی بزوتنەوەکە بۆ وەرگرتنی سەرنج و تێبینی و دەوڵەمەندکردن و بەشداری پێکردنی راستەوخۆی خەڵک بەنوسینەوە دەستورەکە.

بەھیوای لە ئایندەیەکی نزیکدا بە ھیمەتی ھەڵسوڕاونانی بزوتنەوەکە لێکۆڵینەوەو شیکاری دروست بکرێت بۆ بزوتنەوەکەو ناوەرۆکی ئەو گومان دووردۆنگیانەی لەبەردەم خەڵکیدایە بەرامبەر بەگۆڕان و گۆڕانکاری ئاشکرا بکرێ.

خەڵکی کوردستانیش نەخشی چنینەوەو ماندوبونی خۆی بەرامبەر ستەم و زوڵمی ناداپەروەری، لە سەر زەمینێکی ڕاستەقینە، بکات بەسنگیەوەو، بەشانازیشەوە بی بەخشێت بەنەوەی ئایندە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.