ئێران لەبەردەم دووڕیانێکی زۆر ھەستیاردایە((مانەوە یان نەمان ))

لەلایەن ستاندار Posted on 431 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• ململانێکانی ئەمریکا وئێران زۆر لە مێژە سەریان ھەڵداوە و دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٤٠ ساڵ لەمەوبەر کاتێک سیستەمی حوکمڕانی لە ئێراندا لە پاشایەتیەوە گۆڕدرا بۆ کۆماری ئیسلامی بەڕابەرایەتی ئیمام خومیەنی.سیستەمێکی ئیسلامی وەلی فەقیی و شیعە مەزھەب کە لەبڕیار و سیاسەت و تێڕوانینەکانیاندا گەرچی بە ڕووکەشیش بێت توندڕەو و ڕەتکەرەوەی ھەموو بەھاکانی دیموکراسی و دونیای ڕۆژئاوایین،بەڕابەرایەتی ئەمریکا. ئیدی لەو کات و زەمانەوە ئێران و ئەمریکا ھیچ کات پەیوەندیەکی توندوتۆڵ و گەرموگوڕیان پێکەوە نەبووە،جگە لەھەندێک قۆناغ نەبێت کە بەرژەوەندی ھەردوولا وایخواستوە کە جۆرە نزیکبونەوەیەک یان پەیوەندیەکی ژێربەژێریان ھەبێت لەڕێگەی لایەنی سێھەمەوە.
• ئەوەتا لە سەرەتای سەرھەڵدانی جەنگی ٨ ساڵەی عێراق ئێرانەوە ھەمیشە ئەمریکا پشتیوانی عێراقی کردوە و دواتریش لەدەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابووردوشدا ھەمیشە ئێران و ئەمریکا ناتەبابوون و ئێران ئەمریکا بە دەستێوەردان و ھاندانی باڵەکانی ناو سیستەمی حوکمڕانی تاوانبار دەکرد بەنیازی تێکدانی ئارامی ناوخۆی ئێران و باڵی ڕیفۆرخوازەکانی ئێرانیشی بە سازشکار و نەرمی نواندن تۆمەتبار دەکرد بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا.لەسەدەی بیست و یەکەمیش و ھەر لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٠کانەوە ئەمریکا ھەمیشە ئێران و سوریا و کۆریای باکوری بە پاڵپشت و ھاندەری تیرۆر و تیرۆریستانی دادەنان و ناوی خستبونە لیستی ڕەشەوە.ئیدی لەدوای ڕووداوەکانی سێپتەمبەری ٢٠٠١ی ئەمریکا لەلایەن ڕێکخراوی قاعیدەی تیرۆریست و جەنگی ئەفغانستان و ڕووخانی ڕژێمی بەعسی ێدامی ئێران لەلای ئەمریکا بۆتە دوژمن و نەیاری پلە یەک وسەرسەختی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی و بەرژەوەندیەکانیشی،بۆیە لەو کاتەوە ئەمریکا لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و فەرھەنگیشەوە لەھەوڵدایە کە ئاشتی و ئارامی ناوخۆی ئێران تێکبدات و ھەوڵی گۆڕانکاری و ڕووخاندنی ئەو سیستمە حوکمڕانیەش دەدات.لەبەرامبەریشدا ئێرانیش وەک وڵاتێکی گەورە و خاوەن نفوزی شیعە مەزھەبی و ئابوریەکی بەھێز و زۆری ژمارەی دانیشتوان و پانوپۆڕی خاکەکەی و بوونی ھێزێکی سەربازی و ئەمنی بەھێز و بەتوانا توانیویەتی ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکا و تەواوی ئەوروپاشدا درێژە و بەردەوامی پێبدات و زۆر جارانیش لەسەر زەمینەی واقع سەرکەوتنیشی وەدەست ھێناوە لە وڵاتانی لوبنان و سوریاو عێراق و یەمەن و …ھتد.بەشێوەیەک لەئێستادا ئێران بۆتە ھێزی یەکەمی تۆقێنەر و مەترسیدار بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی لە وڵاتانی سعودیە و بەحرەین و ئیمارات و و ئیسڕائیلیش و دەسەڵاتی گەورەشی لەھەریەکە لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و عومانیشدا ھەیە.
بۆیە ئەمریکا گەرەکێتی چیدی ڕێگە بگرێت لەو پاوانخوازی و فراوانبونی ھەژموونی ئێران لەناوچەکەدا لەو ڕوانگەیەشەوە گەلێک ھەوڵی تێکدان و نانەوەی پشێوی خوڵقاند لەناو ئێران و خۆپیشاندانە چەند ڕۆژ و مانگەکانی ڕابووردووی جەماوەری شارەکانی ئێرانی دروستکرد ،ھەموانیشی بە ئامانجی تێکدان و پشێوی نانەوە بۆ حوکمڕانانی ئێران،بەڵام تائێستا کاریگەریەکی گەورە دەرنەکەوتوە لسەر بەرەی ناوخۆیی ئێران.ھەربۆیە ئەمریکا لەیەک کاتدا گەمارۆی ئابوری و جەنگی دەروونی و دارایی و بەرزکردنەوەی تەعریفەی گومرکی لەسەر کاڵا پیشەسازیە گرنگەکانی تورکیا و ئێران و پیلانگێڕی دژی نرخی لیرەو تومەنی ئێرانی،وایانکردوە کە ھەردوو وڵات بەشێوەیەکی مەترسیدار بکەونە ژێر کاریگەریەکانی ئەو سیاسەتەی ئەمریکاوە و خەتوخاڵی تێکچوونی بار و دۆخی ئابوری ڕوویکردۆتە ئێران و تورکیا. لە ئێستادا ئێران نرخی دراوەکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە کە بۆ ھەر ١٠٠ دۆلارێک ١٦٠٠٠٠٠ تمەن دەکات کە لەمێژووی تمەندا ئەم نرخەی بەخۆوە نەدیوە،ئابوری ئێران و گرانبوونی نرخەکانی کاڵاو پێداویستیەکان بەڕێژەیەک بەرزبونەوە کە کاری کردۆتە سەر گوزەرانی تەواوی ھاوڵاتیان و سێکتەرەکانی ژیان و کار گەیشتە ئەوەی ڕابەری ئێران خامنەئی دان بنێت بە خراپی دۆخی ھاوڵاتیاندا.
ھەموو ئەمانەش لەوەوە سەریانھەڵدا کە سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند کە ئەمریکا ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی ساڵی ٢٠١٥ وڵاتانی ((٥+١ و ئێران))ھەڵدەوەشێنێتەوە و بەشێوەیەکی گونجاوتر واژۆی دەکاتەوە و ئێرانیش بەمە ڕازی نەبوو.
• لەئێستادا ئەمریکا لەمانگی ٥/٢٠١٨ وە چەند ڕێوشوێنێکی ئابوری گرتۆتە بەر دژی ئێران و کاریگەریەکانی ئەوەیان دەرخستوە کە ئێران ناتوانێت بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بتوانێت خۆڕابگرێت، ئەمریکا بڕیاریشداوە لە ٤/١١دا گوژمەی دووەمی گەمارۆکانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکات و بەمەش ھێندەی تر کاریگەری و مەترسیەکان زیاتر دەبێت بۆ سەر ئێران و کۆمەڵگای ئێرانی، خۆ ئەگەر ئێران وەکو تورکیای دراوسێی سازش و نەرمی نەنوێنێت و کڕنۆش نەبات بۆ ئەمریکا و بەمەرجەکانی ڕازی نەبێت ئەوا زۆر نزیکە کە گۆڕانکاری گەورە تەنانەت ڕووخاندنی سیستەمی حوکمڕانیەکەشی لێبکەوێتەوە.
• ئەمریکا لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی مایک بۆمبیۆ ڕایگەیاند((کەچیتر ئێران دەستکراوە نابێت بۆ ئەوەی ھەژموونی خۆی بسەپێنێت لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا))و کۆمەڵێک مەرجی داناوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی لەگەڵیدا ڕێکبکەوێت و گەمارۆکانی لەسەر ھەڵبگرێت لەوانەش:
١. ئاشکراکردنی ووردەکاری سەربازی پێشووتری بەرنامە ئەتۆمیەکەی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.
٢. ڕاوەستاندنی ھەموو کاری پیتاندنی یۆڕانیۆم و بەرھەمنەھێنانی بلۆتۆنیۆمیش و داخستنی کارگەی بەرھەمھێنانی ئاوی قورسیش لە((ئاراک)).
٣. ڕێگەدانی بێ مەرج بە پشکنەرەکانی ئاژانسی وزی نێودەوڵەتی بۆ چوونیان بۆ ھەموو ئەو جێگایانەی کە بەرنامەی ئەتۆمی تیادا جێبەجێدەکرێت لە ئێراندا.
٤. ڕاگراتنی ڕۆکێتی بالیستی و ڕۆکێتی ھەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی.
٥. ئازادکردنی ھاوڵاتیانی بەندکراوی ئەمریکی لە ئێران و وڵاتانی ھاوپەیمانی ئەمریکا کە لەلایەن ئێرانەوە گیراون.
٦. ڕاگرتنی پشتیوانی بۆ گروپە تیرۆریستیەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەناویشیاندا حیزبوڵای لوبنانی و بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامی.
٧. ڕێزگرتن لەسەروەری حکومەتی عێراق و ڕێگەدان بە چەکداماڵینی میلیشیا شیعیەکان.
٨. ڕاگرتنی ھاوکاریەکانی بۆ گروپی حوسیەکان لەیەمەن و چارەسەری سیاسیانەی کێشەی یەمەن.
٩. کشانەوەی ھەموو ھێزەکانی ئێران لەناو سوریادا.
١٠. ڕاگرتنی ھاوکاری بۆ تاڵیبان و تیرۆریستەکانی تر لە ئەفغانستان و ناوچەکە و ڕێگە نەدان بە قاعیدە بۆ مانەوەیان لە ئێران.
١١. ڕاگراتنی ھاوکاری و پشتیوانی بۆ فەیلەقی قودسی پەیوەست بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە جیھاندا.
١٢. ڕاگراتنی ھەڕەشەکانی بۆ دراوسێکانی و لەناویشیاندا ھەڕەشەی لەناوبردنی ئیسڕائیل و ڕۆکیت گرتنە سعودیە و ئیمارات و ھەڕەشەکانی بۆ ھاتوچۆی ئاوی جیھانی و ھێرشە تێکدەرانەکانی.
بەم شێوەیە گەر ئێران ئەم مەرجانە جێبەجێبکات ئەوا دەبێتە وڵاتێکی بچوکی بێ دەست و پەل وپۆ و نفوزی خۆی لەدەستدەدات لەناوچەکەدا و دەبێتە وڵاتێکی دەستەمۆی سیاسەتەکانی ئەمریکاو ،ئەگەریش جێبەجێیان نەکات ئەوا ئەمریکا کۆمەڵێک گەمارۆی ئابوری تری ئامادەکردوە بۆ سەر ئێران و بۆ سەر ھەموو ئەو وڵات و کۆمپانیایانەشی کە مامەڵەی بازرگانی و نەوت و ئابوری لەگەڵ ئێراندا دەکەن و بەمەش ئێران دەچێتە ژێر بارێکی سەختی ئابوریەوە و ناتوانێت بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ خۆی ڕابگرێت و تەنھا دوو ڕێگەی لەبەردەمدایە یان تەسلیمبون بە سیاست ومەرجەکانی ئەمریکا یانیش ڕووخاندن و لەگۆڕنانی دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانیەکەی کەھەردووکیان وەکو ئەوە وایە کە جامێک ژەھر بخواتەوە بەناچاری ھەروەکو چۆن ئیمام خومەینی ئەو پیاڵە ژەھرەی خواردەوە بەناچاری کە بڕیاری شەڕ ڕاگرتنی دا لەگەڵ ێدام حسێندا لەساڵی ١٩٨٨دا.
جا ئەمریکا لە ئێستادا لیستێک گەمارۆی ئامادەکردوە بۆ سەر ئێران کە لە ٤/١١/٢٠١٨وە جێبەجێیان دەکات و ھەر لەئێستاشەوە گەورە وڵاتانی ئەوروپا و چین و کۆریای باشور و یابان و ھندو ..گەلێکی تر،پابەندبونی خۆیان ڕاگەیاندوە بەو گەمارۆ و سزا ئابوریانەوە،بۆیە ساڵی داھاتوو ساڵێکی پڕ قەیران و سەخت و دژوار دەبێت بۆ ئێران و ئێرانیەکان ئەگەر سەرسەختی بکات و بوەستێتەوە بەرامبەر ئەمریکا و دواتر بە لەدەستدانی سەری خۆی تەواو دەبێت ھەروەکو ڕژێمەکەی ێدام حسێنی عێراق.
• لیستی گەمارۆ نوێکانی ئەمریکا کە لەماوەی ٣ مانگی داھاتوودا جێبەجێدەکرێن بریتین لە:
١.دانانی مەرج و کۆتوبەند لەسەر فرۆشتنی دراوی ئەمریکی بە ئێران.
٢.دانانی کۆتوبەند لەسەر کڕینی ئاڵتون و کانزای بەنرخ لە ئێران.
٣.دانانی کۆتوبەندی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەسەر کڕینی ئاسن و ئەلەمنیۆم.
٤.دانانی کۆتوبەند لەسەر وەبەرھێنانی سەنەداتی ئێرانی.
٥.دانانی کۆتوبەند لەسەر گریبَەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا پیشەسازیەکانی ئۆتۆمبێلی ئێرانی.
٦.دانانی کۆتوبەند لەسەر مامەڵە گەورەکان بە دراوی ئێرانی((ڕیاڵ)).
٧.دانانی کۆتوبەند بەسەر بواری کەرتی ئۆتۆمبێلی ئێرانیدا.
٨.دانانی کۆتوبەند بەسەر بازرگانی فەرش و کەلوپەلی خۆراکی ئێرانی.
٩.ھەروەھا ھەڵدەستێت بە کێشانەوەی مۆڵەتی ھەناردەکردن لە کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانی شارستانیەوە و لەناویشیاندا کۆمپانیای بۆینگ و ئێرباێ.
• دوای ١٨٠ ڕۆژیش ئەم گوژمە نوێیەی سزاکانیش دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە:
١.گەمارۆکان پەلدەکێشن بۆ بواری بەندەرەکانی ئێران و پاپۆڕ و کارگەی دروستکردنی پاپۆڕەکانیش.
٢.سەپاندنی گەمارۆ بۆسەر ئاڵوگۆڕی دارایی لەنێوان دەزگا داراییە بیانی و بانکی مەرکەزی ئێرانیدا.
٣.سەپاندنی گەمارۆ بەسەر نوسراو و دڵنیایی و گێڕانەوەی دڵنیایی.
٤.سەپاندنی گەمارۆ بۆ سەر مامەڵە پەیوەستەکان بە چالاکیە نەوتیەکانەوە.
• لەکۆتاییدا زۆر سەختە کە ئێران و ڕژێمەکەی بتوانن مقاوەمەت و بەرگەی ئەم ھەموو گەمارۆیانە بگرن و ٨٠ ملیۆن کەس بتوانن ئیدارە بەدەن وگوزەرانیان بۆ دابین بکەن وبۆ ماوەیەکی دووردرێژ ڕازیان بکەن کە دژی ئەمریکا بجەنگن،چونکە لە بنچینەدا ھاوڵاتی و کۆمەڵگای ئێرانی بە پێکھاتە جیاوازەکانیانەوە ماوەی ٣٩ ساڵە ناڕازین لەم دەسەڵاتەو گەرەکیانە بەزووترین کات لەکۆڵیان ببێتەوە و دەرگاو پەنجەرەکانی ئێران وەکو زەمانی شای ئێران بەسەر ھەموو دونیادا بکرێنەوە و ئەوانیش وەکو دونیای پێشکەوتوو بە دیموکراسیەت و ئازادیە ڕاستەقینەکان شاد ببن.بۆیە گەر ڕژێمی ئێرانی گەرەکێتی سەری سەلامەت بێت دەبێت بەنەرمی و لەسەرخۆیانە بکەوێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەمریکا و بۆئەوەی نەکەوێتە بەر قین و نەفرت وخەشم و لێدانی ئەمریکاوە چونکە تەنھا تەقاندنی تۆپەکە ماوە ئەگینا ئێران لەھەموو کات زیاتر تەنھاترە و ڕاستەوخۆ کەۆتۆتە ناو چوارچێوەی نیشانەگرتنەوەی ئەمریکاوە بۆ لێدان و ڕووخاندنیشی.ئەوەش زەمان و ئایندە بۆمان ڕوونتر دەکەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.