تەنزە وتار – نامەیەک بۆ حزبە ناڕازیەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 341 جار بینراوە

 هیوا حەسەن عەلی

هەر حزبێکی سیاسی کە داخلی هەڵبژاردن ئەبێت پێویستە خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنە بۆ واقعی ئەو کۆمەڵگایە بکات و سایکۆلۆژی و عەقڵیەتی تاکی بەتەواوی هەڵسەنگاندبێت،هەر بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنە پێویستە بەرنامەو کاری داهاتوی بۆ ژیانی سیاسی خۆی بنەخشێنێت، من پێم وایە حزبە ناڕازیەکانی ئەم هەرێمەی خۆمان نەک هەر نەیانتوانی خوێندنەوەیەکی دروست بۆ عەقڵیەتی تاکی کوردیان هەبێت ،بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەوەی ئەوان چاوەڕێیان نەدەکرد و حسابیان بۆ نەکردبوو ،دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕێک ئەوەی پیشاندان.

ئاخر لە کۆمەڵگایەک کە هەموو شتەکانی بە پێچەوانەوە وەرگرتبێت و ئەوەی ئەیڵێ جیاوازبێت لەوەی دەیکا تۆ چۆن ئەتوانی بەبیرکردنەوەیەکی تاکی ئەوروپی مامەڵە لەگەڵ ئەم هاووڵاتیانەدا بکەیت؟ ئاخر کۆمەڵگایەک ڕاست بەچەپ و درۆ بەڕاستگۆیی و ڕەش بەسپی و خائین بە نیشتمان پەروەرو بکوژ بە پاڵەوان بزانێت تۆ چۆن ئەتوانی باس لە ئازادی و سیستمێکی دادپەروەری بۆ بکەی .

بەداخەوە کورد ئەوەندەی بە عەتف و هەست و سۆز مامەڵە دەکات نیو ئەوەندە گرنگی بە عەقڵ و دونیای مۆدرێن نادات، من چۆن دڵم بە میللەتێک خۆش بێت لەکاتی بۆنەو خۆشییەکانیدا تەقەی خۆشی بکات و لەکاتی شەڕو بەرگری لە خاک و نیشتمان بەبێ تەقە پاشەکشێ بکا ، من چۆن دڵخۆش بم بە نیشتمانێک کە فەرمانبەرانی دەوامی تەواو ئەکەن و کەچی نیو مووچەی پێ ئەدرێت ، لەبەرامبەردا بندیوارەکانی کە لەهیچ کونجێکی ئەم دونیایە ناوی وەزیفی وا نییە دەوام نەکات و مووچەی تەواویش وەربگرێت!.

هەر لەبەر ڕۆشنایی ئەو دیاردانەی سەرەوە داوا لە حزبە ناڕازیەکانی هەرێم دەکەم ئەگەر ئەتانەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتو کێرفی دەنگەکانتان بەرزبێتەوەو ببنە خاوەنی چەند هێندەی کورسیەکانی ئێستاتان پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن.

ـ بەشداری لەکابینەی حکومەتی داهاتوو بکەن ئەگەر بە وەرگرتنی تەنها وەزیرێکیش بێت. ـ نوێنەرەکانتان لەحکومەت و پەرلەمانتارەکانتان لە پەرلەمان یەکەم کاریان پێشکەشکردنی پرۆژەیەک بێت بۆ زیادکردنی پاشەکەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەک هەر سێ مانگ جارێک نیو روبع مووچە دابەش بکرێت.

ـ هەوڵ بدەن پەیوەندی ژێر بەژێر لەگەڵ ووڵاتانی درواسێ و جیهان ببەستن بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم لە عێڕاق و ناوچەکە.

ـ زۆرترین هەوڵتان بخەنە گڕ بۆ دامەزراندنی ئەندام و لایەنگری حزبەکانتان و بە بندیوارکردنیان.

ـ ئەگەر بۆتان رەخسا هەوڵی دروستکردنی چەند هێزێکی چەکدار بدەن بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا دژی حزبەکانی دیکە بەکاری بهێنن.

ـ کارێک کەزۆر گرنگە لەئەدەبیات و بەرنامەی حزبەکەتاندا بیچەسپێنن وازهێنانە لە ئەخڵاقی سیاسی و وشە سواوەکەی کوردایەتی.

ـ ڕاستگۆ بن لەگەڵ نەتەوەکەتاندا هەمیشە خیانەت و خاک فرۆشی بچرپێنن بەگوێیاندا بۆ ئەوەی متمانەیان هەبێ پێتان کە ئێوە جگە لەڕێگای خیانەت بەهیچ ڕێگایەکی دیکەدا ناڕۆن.

ـ هەوڵی سەرکوتکردن و کوشتنی هەموو ئەو دەنگانە بدەن کە باسی ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک ئەکەن.

ـ گرنکترین شت کە پێویستە بیکەن هەوڵ بدەن پشکتان هەبێت لەداهاتی ووڵات و دامەزراندنی کۆمپانیای حزبی بێ گوێدانە هاشو هوشی ڕاگەیاندنەکانی بەناو سەربەخۆ.

ئەگەر ئێوە توانیتان ئەم ڕاسپاردانە بۆ چوار ساڵی دیکە جێبەجێ بکەن دڵنیابن خەڵکی کوردستان ئەوەندە بە ئەمەکە لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوو زۆرترین دەنگتان بۆ مسۆگەر ئەکەن هەروەکو چۆن لەم هەڵبژاردنانەی دواییدا پاداشتی دەسەڵاتیان داوە ، هەر ئاواش ئەوکات پاداشتی ئێوەش ئەدەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.