دو سەرنجی کورت لەسەر خانەنشینییەکەی لەتیف ھەڵمەت و ئەندامانی پارلەمان

لەلایەن ستاندار Posted on 319 جار بینراوە

كه‌مال چۆمانی

١- زۆربە باسی دەردەسەریی لەتیف ھەڵمەت دەکەن بە دەست دەستەڵاتدارێتیی کوردییەوە، کەچی کەمتر باسی ئەو رۆحییەتی بەرخۆدانە دەکەن کە لەتیف ھەڵمەت بەرانبەر دەستەڵاتی چەتەگەر گرتویەتیە بەر. جێی داخە کەسانێک کە دژی گوتاری باو دەچنەوە، بە چاوی قوربانیی و بەزەیی-پێدا-ھاتنەوە تەماشابکرێن. خۆزگە فۆتۆکەی لەتیف ھەڵمەت وەک فۆتۆی بەرخۆدان و ورەی بەرز و ئیرادەی تەسلیمنەبو تەماشادەکرا، نەک وەک فۆتۆی دڵڕەقیی دەستەڵات. قوربانیدان لە پێناو بیروباوەڕ، سوربون لەسەر مەبدەئ و بنەما دیموکراسیی و گەردونییەکان، دەبێت پیرۆزبکرێت تا ھەمومان باوەش بۆ ئەو رۆحیەتە بکەینەوە نەک بە چاوی میھرەبانییەوە تەماشابکرێت.
٢- خەڵک زۆرترین قسەی لەسەرموچەی ئەندامانی پارلەمان و خانەنشینکردنیان دەکەن. ھۆکاری سەرەکیی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵک تەنھا ھەست بە ھەبونی ھێزی خۆی دەکات لە ھەڵبژاردنی ئەندام پارلەماندا، ھەر بۆیە زۆرترین قسە لەسەر ئەوان دەکرێت، ئەگەرنا قائیمقامێک یان مودیر عامێک دە ھێندەی ئەندام پارلەمان لەوانەیە رۆچوبێتە ناو گەندەڵییەوە. دیسان، ئەو تەرکیزکردنە لەسەر ئەندام پارلەمان و موچەکانیان کێشەدارە: لەلایەک میدیای سێبەر دەیەوێت شکۆی پارلەمان بشکێنێت لە کاتێکدا خۆیان زیاتر لە ئەندام پارلەمانەکان لە بودجەی گشتیی دەکێشنەوە بە شێوازی تر، ئەوان رەخنەی خەڵکیش بە ئاراستەی خراپ دەبەن کە رەخنەیەکی جدییە و پێویستە ھەموان لەپشتیان بن. ئەوەی کە ئەو پرسە لای من کێشەدار دەکات ئەوەیە کە ئێمە دەبێت زیاتر رەخنەکانمان لەسەر پرسی عەدالەت بێت نەک موچەی ئەندامەکانی پارلەمان. رەخنەی من لە ئەندام پارلەمانەکان ئەوە نییە کە موچەی زۆر وەردەگرن،
بەڵکو ئەوەیە ئەوان لە چەمکی عەدالەت تێناگەن و ئیشی بۆ ناکەن. خەڵک دەبێت عەدالەت بکاتە پرس نەک موچە و خانەنشینیی ئەندامانی پارلەمان. عەدالەت پرسە گەورەکەیە، موچەی ئەندامانی پارلەمان پرسێکی بچوکە لەناو پرسی گەورەی عەدالەت لە ھەرێمی کوردستاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.