ھەڵبژاردنەکان ھەنگاوێک بۆ دیموکراسی یان ھۆکارێک بۆ ماکیاجکردن ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 424 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• چەمکی ھەڵبژاردن
ھەڵبژاردن بریتیە لە ڕێوشوێنێکی دەستوری بۆ ھەڵبژاردنی تاک یان کۆمەڵێک کەس بۆ پڕکردنەوەی پۆستێکی دیاریکراو، یان بریتیە لە کۆمەڵێک بنەمای یاسایی کە پێکدێت لە سیستەمی یاسادانان کە ئامانج لێیان ڕێکخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنە کە لەئەنجامدا یاسایەکی نوێی لێ دێتە بەرھەم.یان ھەموارکردنەوەی یاسایەک،یان سەرکەوتنی یەکێک لە کاندیدەکان یان ھەر ڕووداوێکی دەستوری تر کە پەیوەستدار بێت بە ھەڵبژاردنەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ.
ھەڵبژاردن ھەنگاوی سەرەکی و سەرەتاییە بۆ چەسپاندن و پیادەکردنی پڕۆسە گەورە و فروان و ھەمەلایەنەکەی دیموکراسی لەھەر کۆمەڵگا و وڵات و سیستەمێکی حوکمڕانیدا بێت،ھەڵبژاردن نیەتە ڕاستەقینەکانی گەل و دەسەڵاتیش دەردەخات بەرەو دیموکراسیەتێکی ڕاستەقینەی ڕاستگۆیانە،چونکە گەر پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی ئاسان و بێ گرێ وگۆڵ و دوور لە دەستتێوەردان و بەکارھێنانی فشار بەڕێوەچوو ئەوە مانای وایە کە ھەموان گەرەکیانە ھەنگاوە ڕاستەقینەکە ھەڵبنێن بەرەو دیموکراسیەتێکی ڕاستەقینە،و گەر بە پێچەوانەشەوە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان بەخواست و ویستی پێشوەختە و بە پیلانی تێکدان و ساختەکردن و بەلاڕێدابردن برا لەلایەن حیزب و سەرکردە دەسەڵاتدارەکانەوە ئەوە بۆخۆی تەواوی پڕۆسەی دیموکراسیەت دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە و ھیچ کاتیش دیموکراسیەتێکی ڕاستەقینە چێ نابێت و سەقامگیر نابێت. ئیدی لەو ساتەوە ھەڵبژاردن دەبێتە نمایشکردنێکی فریودەرانەی بێ بەھا و ھیچ گرنگی نامێنێت و لەچەمک و ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی خۆی بەتاڵ دەبێتەوە کە بریتیە لە ھەنگاونان بەرەو دیموکراسیەت و ئاشتی و ئارامی و پێشکەوتن و داھێنان.
ھەڵبژاردن لە سیستەمە حومکڕانیە دیموکراسیەکاندا بەشێوەیەکی سیستەماتیک و سانا بەڕێوە دەچێت و ھەموو تاکەکان وەک مافێکی ئاسایی و سەرەتایی و یاسایی خۆیان لێی دەڕوانن و بەبێ ھیچ جۆرە فشار و چاوسورکردنەوە و نانبڕینێک پیادەی دەکەن و دەنگی خریان دەدەنە ئەو کاندید و حیزبانەی کە بە شیاویان دەزانن و چاوەڕوانی خزمەتی زیاتر و ئارامی و ژیان و گوزەرانێکی پڕ شکۆیان لێ دەخوازن ،ھەڵبژاردنەکان لە سیستەمی دیموکراسی ڕاستەقینەدا دوور لە دەستتێوەردانی حیزبی و دەزگا جاسوسیەکان بەڕێوە دەچێت،ھەموان کێبڕکێ دەکەن بەبەرنامە و تێڕوانین و دیدگایان بۆ ئایندە لەپێناو خزمەتکردنی زیاتر و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان،ھەموانیش پابەندبوونی خۆیان بە ئەنجامەکانەوە دەردەبڕن و ھیچ گومان و پرسیارێکیشیان لەلا دروست نابێت لەسەر ڕاستی و دروستی پڕۆسەکە چونکە ھەموان دڵنیان بێگەردی و خاوێنی پڕۆسەکە، بەڵام لە سیستەمە نادیموکراسی و توتالیتاری و تاکڕەو و پۆبسیسیەکاندا یان بەناو دیموکراسیەکاندا ((وەک کوردستان و عێراق))،ھیچ کات پڕۆسەکانی ھەڵبژاردن بەشێوەیەکی شەفاف و دور لە دەستتێوەردان و گزی و ساختەکاری تێنەپەڕیون.ھەر بۆیەش ھەمیشە ئەنجامەکان بەدڵی زۆربە نەبون و ھەموانیش بەسەرکەوتوو و سەرنەکەوتوەوە گومان و پرسیاری زۆریان لەلا دروست دەبێت لە ئەنجامەکان و تانە و ڕەخنە و گلەیی و گازندەی زۆری ئاڕاستە دەکەن.
ھەر لەبەر ئەم ھۆیەیە کە ھیچ کات پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان لە کوردستان و عێراقدا نەبونەتە ھۆکار بۆ ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و نەبونەتە ھۆکار بۆ پێشکەوتن و داھێنان و ڕزگاربوونی کۆمەڵگا لە دواکەوتویی و ھەژاری و نەخوێندەواری و نەبونەتە ھۆکار بۆ خۆشگەوزەرانی تاک و کۆمەڵگا بەپێچەوانەی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی وڵاتانی پێشکەوتوەوە کە ھەمیشە ھەڵبژاردنەکان بونەتە مایەی نوێبونەوە و بەھێزبوون و زیاتر چەسپاندنی دیموکراسی و قوڵبونەوەی بەھاکانی ئازادی و ماف و خۆشگوزەرانی و ئارامی و ھەنگاو بەرەو پێشکەوتن و داھێنانی زیاتر.
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،لەکوردستاندا ھەڵبژاردنەکان بۆچی و لە پێناو چیدا دەکرێن؟ گەرەکە ھەنگاو بەرەو دیموکراسیەت بنێن یان تەنھا وەک ماکیاجکردنێکە بۆ جوانکردنی سیما ناشیرینەکانی دەسەڵات؟گەرەکە دەسەڵات گۆڕانکاری تیادا بکرێت یان زیاتر بۆ چەسپاندنی ئەوەی کە ھەیە؟زۆر پرسیاری تریش.
بەداخەوە لەکوردستاندا لەیەکەم پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستاندا لە ١٩/٥/١٩٩٢دا بە گزی و ساختەکاری دەستیپێکرد(( ساختەکاری لە جۆری مەرەکەبی دەنگدانەوە و ساختەکاری لە ژمارەی دەنگدەران لەسنوری پارێزگای دھۆک و ..ھتد)) وگەر نێوەندگیری ھێز و لایەنە دەرەکیەکان نەبوایە و گەر مەترسی لەدەستچوونی ئەزمون و دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین نەبوایە ئەوا لەیەکەم ھەنگاوی بەرەو دیموکراسیدا شکستمان دەھێناو دەستدەکرایەوە بەشەڕی ناوخۆ و ھەڵپەی دەسەڵات و کۆکردنەوەی سەروەت و سامان و قۆرخکردنی و پاوانخوازی،ھەربۆیە تاکو ئێستا و لەماوەی ٢٧ ساڵی ڕابووردوودا کە پێنج خولی ھەڵبژاردنی پەڕلەمان و خولێکی ئەنجومەنی شارەوانیەکان و دوو خولی ئەنجومەنی پارێزگاکان و چوار خولی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق بەڕێوە چووە ،ھیچ کامیان بێ گرفت و بێ دەستێوەردانی حیزبی و بێ بوونی ساختەکاری ئەنجام نەدراون و ھەموانیان بەسەدان ڕەخنە و تانەیان ئاڕاستەکراوە،ھەربۆیە لەیەکەم ھەنگاوی ھەڵبژاردندا بەگزی و ساختەکاری دەستیپێکراوە و ھەرواش بەردەوام دەبێت،بۆیە ھەڵبژاردن لەکوردستاندا ھێندەی بە قازانجی حیزب و سەرکردە دەسەڵاتدارەکانە و لەپێناو مانەوە و قۆرخکاری و پاوانخوازی ئەواندایە نیوھێندە لە پێناو سەقامگیری دیموکراسیەت و ئاشتی و ئارامی و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیاندا نیە،تەنھا و تەنھا وەک ماکیاجکردنێکە بۆ جوانکردنی سیما ناشیرین و قێزەونەکانی دەسەڵاتی کوردیە لەم ھەرێمەدا،چونکە دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە ھیچ کات ڕاستگۆ نین و نابن بۆ چەسپاندنی دیموکراسیەت و پاراستنی ئازادیەکان و مافەکان و سەروەربونی یاسا و بە دامودەزگایکردنی سەرجەم ئۆرگانەکانی دەسەڵات و حومکڕانی لەم ھەرێمەدا،ئەوان تەنھا ھەڵبژاردن بەکاردێنن وەک ھۆکارێکی فریودانی ناوخۆ و دەرەوەش تاھەموان بڕوابکەن کە سیستەمێکی دیموکراسی پیادە دەکرێت،ئەگینا ھیچ کات باوەڕیان بە دیموکراسیەت و ھەڵبژاردنی ڕاستەقینە نیە،دەسەڵاتدارانی کوردستان ھێندەی بیر لە چەسپاندنی دەسەڵات و پاوانخوازی سەرجەم ئۆرگانەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵکی دەکەنەوە نیوھێندە لە بیر و خەیاڵی گۆڕانکاری و چاکسازی و بەرەوپێشبردنی سیستەمی حوکمڕانی سەقەتی کوردستان ناکەنەوە،چونکە ئەم جۆرە دەسەڵاتە گەندەڵ و مافیا ئاسایە لە قازانجی مانەوە و چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتەکانیانە نەک پڕۆسەیەکی ڕاستەقینەی ھەڵبژاردن و دیموکراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات.
• جا لە پڕۆسەیەکی وا سەقەت و دوور لەیاسا و ڕێسا دیموکراسیەکاندا دەکرێت ئەو پرسیارە بکرێت ،کێ و چ لایەن و چ کەسانێک لەم ھەڵبژاردنانەدا سەردەکەون یان چانسی سەرکەوتنیان بەھێزە ؟ ئایا کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و بەئەزموون سەردەکەون یان کەسانێکی ناشایستە لەھەموو ڕوەکانەوە چانسیان بەھێزە؟بۆچی ئەم پڕۆسەیە بەم شێوەیە بەڕێوە دەچێت ؟
پڕۆسەی ھەڵبژاردن بەھەرسێ شێوازی (( داخراو یان کراوە یان نیمچە کراوە)) وە ھەموانیان تاڕادەیەکی باش گرفتیان تیادا نیە گەر پڕۆسەکە دوور لە دەستێوەردانی حیزبی بەڕێوە بچێت بەبیانوی ساختەکردن و گزی و فرتوفێڵ.ھەموانیان دەکرێت بەشێوەیەکی ئازاد و سەربەستانە پیادە بکرێن و سەرجەمی تاکەکانیش چانسی خۆیان تاقیبکەنەوە بەمەبەستی خزمەتکردنی گەل و نیشتیمان.
بەڵام ئەم پڕۆسە گرنگ و چارەنوسسازە لەھەرێمی کوردستانی بەناو دیموکراسیدا کە ھێشتا بەشەرعیەتی شۆڕشگێڕی مامەڵە دەکات و ھێشتا بیری خۆسەپاندن و پاوانخوازی و قۆرخکاری لە مێشکی سەرکردە و حیزبە سیاسیەکانیدایە و ھێشتا پڕۆسەی دیموکراسیان پێ ھەزمناکرێت،ناتوانن دەستوەرنەدەنە پڕۆسەکە و نەیشێوێنن،ئەوان ھێندەی بەرژەوەندی حیزب و سەرکردەکانیان لامەبەستە نیوھێندە بەرژەوەندی گەل و نیشتیمانیان لامەبەست نیە ،ئەوان ئەوەندەی مانەوە و بەردەوامبونی دەسەڵاتەکانیان لامەبەستە نیوھێندە گۆڕانکاری و چاکسازی و چەسپاندنی دیموکراسیان لامەبەست نیە،بۆیە ھەمیشە ھەوڵدەدەن کەسانی سەر بەحیزب و ناشایستە و بوکەڵە و سیماجوان و قەشەنگی ژنانیان کردۆتە مەرج بۆ کاندیدەکانیان نەک توانا و لێوەشاوەیی و ئەزموون و پسپۆڕی .
• ھەربۆیە لەھەموو ھەڵبژاردنەکاندا ئەو کەسانە سەردەکەون کە:
١. دەبنە سەرۆکی لیستەکان و ژمارە ((١)) و ئیدی ھەموو توانا و وزەکان لە پێناو سەرخستن و سەرکەوتنی تاکە کەسێکدا دەبێت وھەموان وادەزانن کە شکۆ و کەرامەتی حیزب و سەرکردە و تەواوی ئەندام و لایەنگرانیان لەسەرکەوتنی سەرۆکی لیستەکەیاندایە و گەر سەرۆکی لیستەکەیان دەنگێکی کەم بێنێت گەرچی سەرکەوتوش بێت ئەمان خۆیان بەشەرمەزار و کەمتەرخەم دادەنێن..لەکاتێکدا سەرۆکی لیستەکانیش یەکێکن لە کاندیدەکان ،کە ئەمەش ناعەدالەتیەکی زۆر زەقی ئەم ھەڵبژاردنەی ٣٠/٩ بوو لەناو زۆربەی حیزبەکاندا.و بەدەیان و سەدان جار خەرجی زیادەیان بۆ کراوە.
٢. پشتیوانی بەھێز دەکرێن لەلایەن حیزب و سەرکردە دەستڕۆیشتوەکانەوە لەڕووی مادی و مەعنەوەیەوە.((زۆر جاران وا دەوترێت پێش ھەڵبژاردنەکانیش کاندیدە سەرکەوتوەکان دیاریکراون)) و ھەڵبژاردنەکان تەنھا بۆ ڕووپۆشکردنی پیلانەکانیانە و ھیچی تر.
٣. کەسانی بێ توانا و بێ ئیڕادە و بێ ئەزموون ونەشارەزا چانسیان بەھێزترە.چونکە لە فەرمانی سەرکردە و حیزبەکانیان دەرناچن و خاوەن ڕاو و بۆچون و ڕەخنەی خۆیان نین.
٤. کەسانی دەرەوەی شارە گەورەکان کە باکگراوەندی گوند و عەشایەر و ناوچەگەرێتی و شێخایەتی پاڵپشتیانە.
٥. مێژوو و خەباتی باوک و بنەماڵەش ڕۆڵیان ھەیە((وەک ئەوەی ئەمە کوڕ یان کچی فڵان شەھیدە و ئەویان لە فڵان بنەماڵەیە و ئەویتریان کوڕی فڵان عەشرەتە و ئەوی کەشیان کوڕی فڵان مەکتەب سیاسی یان سەرکردایەتیە)) بەڵام لێرەشدا ھەر جیاوازی گەورە دەکرێت،ئیدی جێگەیەک نامێنێتەوە بۆ کادرە دڵسۆز و بێپشتیوان وخاوەن بڕوانامە و ئەزموون و پسپۆڕیەکان.
٦. بۆ ژنانیش جوانی و شۆخوشەنگی سیماوقەدوباڵا و ….ھتد ڕۆڵی خۆیان ھەیە.
٧. کەسانێکیش کە توانای دارایی بەھێز و گەورەیان ھەیە یان پاڵپشتی دەکرێن.((چونکە بەداخەوە نەفسیەتی کادریان لە پێش تاکێکی ئاساییەوە شێواندوە و سوک و ڕسوا کردوە بەوەی ھیچ کەسێک بەبێ بەرامبەر کار ناکات تەنانەت بۆ کاندیدی حیزبەکەی خۆی و ھەموان لە ھەلدەگەڕێن بۆ ئەوەی زۆرترین دەسکەوتی مادی وەدەستبێنن لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکاندا لە ژمارەیەک کاندید لەیەک کاتدا)).
• جا ئەم کاراکتەرانە ھێندەی بە سۆز و لایەنگری خزمایەتی و عەشایەری و ناوچەگەرێتی و پاڕانەوە و گریانەوە دەنگ کۆدەکەنەوە نیوھێندە بەتوانای کەسی و لێھاتوویی و پسپۆڕی و کار و پڕۆژەی خۆیان ناتوانن ئەو دەنگانە کۆبکەنەوە،ئەمە جگە لەوەی لەکۆتایی پڕۆسەکانیشدا دەستێوەردانی حیزب و سەرکردە دەستڕۆیشتوەکان ڕۆڵ دەبینن لە دیاریکردن و ھەڵبژاردنی کاندیدە سەرنەکەوتوی((دەرچوەکاندا))و بە ئارەزوی خۆیان و لەسەر بونی وەلائی ئەوان بۆیان دیاریدەکرێن و یاری و گۆڕانکاری بەڕێژەی دەنگی ڕاستەقینەی کاندیدەکانی تر دەکرێن و ئەنجامەکان دەکرێنە پشک پشکێنە،نمونەی ھەرە زەقی ئەم پڕۆسە ناشیرین و پڕاوپڕ لە فێڵ و ساختەکاریانە ھەردوو(( پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لە ١٢/٥ و پەڕلەمانی کوردستان لە ٣٠/٩/٢٠١٨))دایە.
جالێرەدا ھەقە باسی ئەو ڕاستیە بکەین کە ئیتر پێویست نە بەھەڵبژاردن دەکات و نە پێویست بەو ھەموو خەرجیە دەکات کە بۆ ١٠٠ کاندید خەرجی بکەن بەڵکو بۆئەوەی کەمترین خەرجی و گوێڕایەڵترین کاندید و تاڕادەیەکیش عەدالەت لە ناوچە و پسپۆڕیەکانیشدا((چونکە وەک ئێستا ڕەچاوی بوونی نوێنەرانی ناوچەکان و پسپۆڕیە جیاواز و گرنگەکان نەکراوە)) پیادەبکرێت سیستەمی ھەڵبژاردن بکرێتەوە بە لیستی داخراو و ئیدی پێویست بە لیستی کراوە یان نیمچە کراوە ناکات بەبیانوی زیاتر دیموکراسیبونەوە،چونکە لەکۆتاییدا ھەر مەکتەب سیاسی و دەستڕۆیشتوی ناو حیزبەکان کادنیدەکان دیاریدەکەن نەک پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان.
بەم شێوەیەش بڕوات خولەکانی داھاتووی پەڕلەمان ھەر لە ئێستاوە ھێندە لاواز و بێ دەسەڵات دەبێت کە ھیچ بەھاو پیرۆزیەک بۆ گەورەترین و شەرعیترین ئۆرگانەکانی دەسەڵات نامێنێتەوە کە پەڕلەمانە و ئەوەشمان بەچاوی خۆمان بینی کاتێک لایەن و حیزبێکی سیاسی ڕێگەی لەسەرۆکی پەڕلەمان گرت و دەرگای پەڕلەمانیشی کڵۆم دا.کە لە ڕاستیدا دەبوو پەڕلەمان بەپێی دەسەڵات و شەرعیەتە یاساییەکەیو جەماوەرییەکەی ئەو کارەی بکردایە و حکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێمیشی ھەڵبوەشانایەتەوە یان ھەڵپەساردایە و متمانەی لێوەربگرتنایەتەوە.
• بەم شێوەیە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان لە عێراقیش و لە کوردستانیشدا تەنھا نمایشی شانۆگەریەکی قێزەون و ناشیرین و تراجیدیایەکی تەنزئامێز و فریودەرە و نیەتیش لێیان ڕووخاندنی متمانەی جەماوەرە بەکۆی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و دیموکراسیەت و تەنھاوتەنھا نیەت گرتنە دەستی دەسەڵات و بەردەوامیدانە بە سیستەمی حوکمڕانیەکی گەندەڵ و پاشاگەردانی و حیزبایەتی(( چونکە دەسەڵاتدارە گەندەڵەکان لە ئاوی لیخن و لێڵدا پیلان و بەرژەوەندیەکانیان پارێزراوترە نەک لە سیستەمێکی شەفاف و یاسا سەروەریدا )) نەک کوردایەتی و حومکڕانیەکی ساغڵەم و تەندروست. جا تا ئەوکاتەی کە ئێمەی کورد حیزبایەتی تەسک تۆخبکەینەوە و ھەڵبژاردن و دیموکراسیش بکەینە گاڵتەجاڕی و وەلائ و دڵسۆزیمان بۆ مەکتەب سیاسی و سەرکردە و حیزبەکان بێت لە جیاتی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەل و نیشتیمان بەھیچ شێوەیەک ئومێدی سەرکەوتنی کەسانی شیاو نابینین و پێشکەوتن و گەشەی ئەزمون و حوکمڕانیەکشمان دەبێتە خەونێکی زڕی بێبەر و ھیچ کاتیش ئاشتی و ئارامی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیش بەچاو نابینین و خۆشگوزەرانی و کۆمەڵگایەکی پڕ ڕەفاھیش دەبێتە خەونی چۆلەکە و ھەرگیز نایەنەدی.بۆیە ھەڵبژاردنەکانی کوردستان ھەنگاوێکە بۆ دوورکەوتنەوەی زیاتر لە دیموکراسیەت و نەمانی متمانەی جەماوەر بە دەسەڵات و تەنھاوتەنھا ھۆکارێکە بۆجوانکردنی سیمای ناشیرینی حوکمڕانی لەم ھەرێمەدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.