ئه‌میندارى گشتیی یه‌كگرتووى ئیسلامى به‌ نیازى چییه‌ ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 465 جار بینراوە

سەرتیپ قەشقەیی

له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى ڕابردوو دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و كه‌مبوونه‌وى ژماره‌ى كورسییه‌كانى ئه‌و حزبه‌، ئەنجومەنی گشتیی یەکگرتوو لە شارى دهۆك کۆبونەوەیه‌كى فراوانی ئەنجامدا و تێیدا چەندین راسپاردەی ئاراستەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کردووه‌و وابڕیاریشه‌ ئه‌و حزبه‌ گۆڕانكارى گه‌وره‌ ئه‌نجامبدات.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ باره‌ى پرسى گۆڕانكارى و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسى و جێبه‌جێكردن و بانگخوازى ئه‌و حزبه‌ بڕیارده‌دات .
دواى ئه‌وه‌ى له‌ دوو هه‌فته‌ى ڕابردوو له‌ کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتیى یه‌كگرتووى ئیسلامى چه‌ندین ڕاسپارده‌ ئاڕاسته‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ كراو، هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسى و جێبه‌جێكردن و بانگخوازى هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌یه‌، وابڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ى تشرینى دووه‌م، ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى بڕیار له‌سه‌ر ڕاسپارده‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى گشتیى بدات و چه‌ندین گۆڕانكارى له‌ نێو ئه‌و حزبه‌ ئه‌نجامبدات.
به‌پێى زانیارییه‌كان ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ كۆنگره‌ى ئاسایى ئه‌و حزبه‌ كه‌ هێشتا دوو ساڵى ماوه‌ بۆماوه‌ى یه‌ك ساڵ پێشبخرێت و، ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكردن كه‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌و، هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسى و بانگه‌وازیش ستافى نوێى بۆدابنرێت و له‌ماوه‌ى داهاتووشدا كاركردن له‌ هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ى سیاسى و بانگخوازى به‌ ته‌واوى جیابكرێنه‌وه‌.
له‌ دواى هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایار صه‌ڵاحه‌دین محمد بهائه‌دین به‌ نیازه‌ هه‌ردووكارى سیاسى و بانگخوازى به‌ ته‌واوى لێكجیابكاته‌وه‌و، له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ش ڕێگرى و بۆچوونى جیاواز هه‌یه‌.
هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان، یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى 5 مه‌ڵبه‌ند بدرێت و ئه‌ندامانى پێشووى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكردنیش بكرێنه‌ لێپرسراوى مه‌ڵبه‌نده‌كان.
ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌و گۆڕانكاریانه‌ى كه‌ له‌ ئه‌جێنداى كاره‌كانى ئه‌میندارى گشتیى ئه‌و حزبه‌دایه‌ سه‌ربگرێت، ئه‌وا به‌شێكى زۆر له‌و سه‌ركردانه‌ى بۆماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ له‌ پۆسته‌ باڵاكانى ئه‌و حزبه‌دان ڕۆلیان كه‌مده‌بێته‌وه‌و، ئه‌گه‌ریشى زۆر له‌ كۆنگره‌ى داهاتوودا به‌شێك له‌و سه‌ركردانه‌ خۆیان له‌كارى سیاسى دووربكه‌ونه‌وه‌.
یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانى دیكه‌ى ئه‌میندارى گشتیى یه‌كگرتوو ئه‌وه‌یه‌، به‌ته‌واوى كۆتایى به‌ ڕاجیاوازى نێوان ده‌ڤه‌رى بادینان له‌گه‌ڵ سلێمانى و هه‌ولێر بهێنێت، كه‌ تاڕاده‌یه‌كى زۆر به‌تایبه‌ت له‌ دواى شكستى دوو هه‌ڵبژاردنى ڕابردوو كه‌به‌سه‌ر ئه‌و حزبه‌هات، ئه‌و سه‌ركردانه‌ى ده‌ڤه‌رى بادینان له‌ كارى جوداخوازى دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌و پابه‌ندى بڕیاره‌كانى حزبن.
هه‌رچه‌ند به‌شێكى زۆر له‌و بڕیارانه‌ى له‌ باره‌ى گۆڕانكارى نێوخۆى ئه‌و حزبه‌ دراون له‌ كۆبوونه‌وه‌ى گشتیى په‌سه‌ندكراون، به‌ڵام سه‌رجه‌مى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌ لایه‌ن خودى ئه‌میندارى گشتیى به‌رنامه‌ى بۆ دانراوه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.