پیاوە سپیەکانی سولەیمانی

لەلایەن ستاندار Posted on 189 جار بینراوە 0 سەرنج
bahroz jahfar

بەھرۆز جەعفەر

شار و شار دروستکردن، لە کۆنەوە تایبەتمەندی خۆی ھەبووە، لای (ئەدۆنیس) ئێمە شارمان نییە، ئەوەی ھەیە تەنھا تۆپەڵبونی کۆمەڵێ خانووە. ئەرستۆ تاڕادەیەک کۆمەڵناسیانە ئەڕوانێتە شار، بەوەی بریتی یە لە ھەندێک یادویادەوەری کە ئەکرێت مەعریفە پێکھێنەرەکانی بێت. زۆرجاریش ئەکرێت شار بریتی بێت لە کاری ھاوبەش و ھەرەوەزیانە، مەسەلەن سۆسیۆلۆجیستی سکۆتلەندی “ڕۆبرت ماکلیفەر” شار وەکو کۆمەڵگەیەکی ناوخۆیی یان بازنەیەک وێنا ئەکات، کە تیایدا بەھای گشتی ھاوبەش و، بەرژەوەندی ھاوبەش پێکەوەی بەستونەتەوە، ئیتر لە چەرخی ڕۆژگاردا ھاریکاری یەک ئەکەن و، کار بەڕێوە ئەبەن. ھەرچۆنێک بێت شار تایبەتمەندی خۆی ھەیە، ھەر وەک چۆن (٦) شەش ئەرکی سەرەکی ھەیە: ئەرکی سەربازی، بازرگانی، گەشتیاری، پیشەسازی، کەلتوری، وە ئەرکی ئاینی. پرسیارەکە ئەوەیە: ئەوە کێیە ئەم ئەرکانە جێبەجێ ئەکات، لەسەر چی بنەمایەک؟.
سولەیمانی، ھەرچوارلای ئاو یان ئۆقیانوس نییە، بەڵام ھەر لەکۆنەوە ئەوانەی (شاری) بون و ھاتونەتە شار، یاخود شار (سیتی-City) یان دروستکردووە، کەسانی دەوڵەمەندو نەجیبزادەو دەستڕۆیشتوو بون (ئەمە بەو مانایە نییە ئەوانەی لەدەرەوەی شار بون ڕووداویان نەخوڵقاندووەو، ئەرکەکانی شاریان نەزانیوە). لێرەدا سولەیمانی ماھیەتەکەی دەرئەکەوێت، کە ئەرکە کەلتوری و ڕۆشنبیرییەکەی زاڵە، ھەر خاوەنی پیاوی سپی نەبووە، ژنی سپی و شۆڕشگێڕ و سەرقافڵەی ھەبووە، “حەپسەخانی نەقیب” لەڕێگەی دامەزراندنی یەکەم قوتابخانەی کوردییەوە دەستی پێکردو، ساڵی (١٩٣٠) یەکەم ڕێکخراوی بواری ژنانی دامەزراند، لەشەستەکانەوە چەندین مامۆستاو بەڕێوەبەری ژنی سەرکەوتوو ھەبون لە پەنجاو شەستەکانی سەدەی بیستەمدا، ئەمە بۆ ئەو ڕۆژگارە دژوارەی کورد شتێکی تازەو، ڕەچەتە شکێن بووە، ئەوەتا “زەکیەی عومەری سام ئاغا” کە یەکێک بووە لەو مامۆستایانەی چەندین توێژی پێگەیاندووە لەسەردەمی خۆیداو، فێری خوێنەواری کردون، تازە لە (٢٠١٨) ەدا بنەماڵەکەی و لەسەر ئەرکی “جەلالی عومەری سام ئاغا” ی برای خوێندنگەیەکی نمونەیی بەناوی “زەکیەی سام ئاغا” ەوە ئەکرێتەوە، کە تیایدا دەرفەتی یەکسان بۆ مناڵانی کوردستان دروست ئەکات، تا لە خوێندن بێبەش نەبن. ئەمە دروستکەری ئەو بەھا و ئینتیما ھاوبەشەیە کە لە کەلتوری گەلێکدا ڕەنگ ئەداتەوە، تەنانەت کاریگەری ئەخاتە سەر ڕەفتاری تاکەکان لە کۆمەڵگەدا، سەیرکە: ناکرێت،لەشارێکدا حکومەتێک سەدوپەنجاھەزار پۆلیس بۆ سەدو پەنجاھەزار ھاوڵاتی دابین بکات،تاوەکو تاوان نەکەن، دەستدرێژی نەکەنە سەرئەوانی تر. بەڵکو ئەبێت شار سونبول و ڕەگەزە بنچینەییەکانی خۆی بپارێزێت.
ڕۆژی (١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨) ڕێک (٢٣٤) ساڵ تێ ئەپەڕێت بەسەر یادی دامەزراندنی شاری سولەیمانی دا، سولەیمانی وەک (شار) ئەبێت لێکۆڵینەوەی ووردی لەسەر بکرێت، ئایا لە کوێوە گەیشتوەتە کوێ؟. لەچییەوە ھاتۆتە سەرچی؟. لە قەزاز و عەتار و کەبابچی و گەزۆ و شاعیری گەورەو مێژوونووس و سیاسەتمەدار و ھونەرمەن و دەوڵەتمەدار و کۆڕ و کۆبەندی جارانیەوە ھاتۆتە سەر سەرچی؟.
ئەمە بەوە تێ ناپەڕێت، بوترێ ئەی ئەوە نییە کوڕی شارەکەی سولەیمانی (سەرۆک کۆماری عێراقە)، ئەی ئەوە نییە “جەلالی سام ئاغا”ی ھەیە، کە یەکەم خەڵاتی کەسایەتی شاری پێ ئەدرێ لە ساڵیادی دامەزراندنی سولەیمانی داو، تێکڕا ئەم “جەلالە” بریتی یە لە نەزاھەت و دەستپاکی و بەخشین و، موڵکە کۆنەکانی خۆیان ئەبەخشێت بە حکومەت و، خانوەکەی خۆی بۆ پاش نەمانی ئەکات بەناو “وەزارەتی تەدروستی” یەوەو، لێپێچینەوەی لە سەدان تاڵانچی و گەندەڵکار کردووەو، ھەزاران ڕاپۆرتی لە دیوانی چاودێرییەکەی دا لەسەر بەھەدەردانی سامانی گشتی داوەتە دادگاو، پۆست نەویست بوەو، دەستی لەکارکێشاوەتەوەو، ماکی یەکڕیزیی و بێلایەنییەو، لە ماڵەکەی ئەودا لایەنەکان پێک دێن….نا…ئەمانە ڕاستین و لەمەش زیاتر ھەیە، بەڵام ھێشتا مشەخۆر و وێرانکاریی لەم ساڵی (٢٠١٨) یەدا ھەزاران جار زیاترە لەسەت ساڵی پێشوو، ئەگەر وابێت کەوایە “جەلالی سام ئاغا” دوا فیشەک و کەسایەتی شاری سولەیمانی ئەبێت کە پێشکەشی کردووە.!.
با سەرنج لە بەراوردکارییەکی سەیر بدەین، لە نێوان مێژووی ویلایەتە یەکگرتوەکان و شاری سولەیمانی دا، ھەڵبەت نامانەوێ لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسیدا قسە لەسەر جیاکاریی نێوان دوو دەوڵەت بکەین، نامانەوێ دووشار بەیەک بچوێنین، دەزانین ئەمریکا بەئاو دەوردراوە، سلێمانیش بەعەربەت و تاسلوجە، بەڵکو لەکاریگەرییە سلبیەکانی جینات و بونیادی ئاینی و نەتەوەیی بدوێین، ئەمریکا ساڵی (١٧٧٦) سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندووە،سلێمانیش ساڵی (١٧٨٣) دروست بووە، واتە ھەردوکیان بەنزیکی ھاوتەمەنن. کاتێک ئەمریکا دروست بوو، خەڵکی وڵاتانی ئەوروپا چوونە ناوییەوەو،دروستیانکرد. لەھەر وڵاتێک سەدان و ھەزاران کەس بوون بە ھاوڵاتی ئەمریکا. ئەوانەی کە دروستی یان کرد دەوڵەمەندەکان و عەقڵ کراوەکان بوون، سلێمانیش کەدروست بوو، خەڵکی ناوچەی پشدەرو قەڵاچوالان و قەرەداغ و پیرەمەگرون و دەوروبەرەکەی ھاتنە شارەکەوە. ئەو خەڵکانە بون کە توانای دروستکردنی خانوویان لەشارەکەدا ھەبوو، ھەروەھا ئەوانەش کە خاوەن عەقڵ و داھێنان و ڕچەشکێن بوون.
سلێمانی کەدروست بوو، ھەموو ئەھلەکەی موسڵمان بوون، کەمێکی زۆرکەم جولەکەش ھەبوو، ئەمریکا کەدروست بوو، مەسیحیەت و یەھودیەت و بێ دینی تیابو، لەناو مەسیحیەتیشدا سێ مەزھەب ھەبوو (کاسۆلیک و پرۆتستانت و ئەرسەدۆکسیش کەدەکاتە ماسۆنیەتی جاران). واتە دین پەرت پەرت بوو، زاڵێتی خۆی نەنواند . لەسلێمانی دین وحوجرەو فەقێکان ھۆکاری بڵاوبونەوەی عەقڵ و خوێنەواری بوون، کۆمەڵگەیەکی تاسەر ئێسک خێڵەکی و داخراو لەکوردستان بەرجەستە بوبو. ئێستاش ھەمان ڕیتمە بەڵام تەکنەلۆژیا تەکانێکی پێی داوەو ئاڕاستەی ئەکا. لەئەمریکا مادام ھاونیشتمانییەکانی خڵتەیەکن لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو دەوروبەرو ناوخۆیی، کەواتە شتێک نەبووەو نی یە ناوی (نەتەوە) بێت. بەڵکو (نیشتمان) ی ئەمریکا ھەیە. ھەموو کەسێک ھەموو بەیانیەک، لەتەنیشت خوێندنگەیەکەوە تێدەپەڕێت، کەگوێی لەسرودی نیشتمانی دەبێت، وەک ڕێزێک دەبێت بوەستێت . پیرۆزترین شتێک بریتی یە لەئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا. ئەوان یەکەم ھەنگاو کەھاتن (نیشتمانێک) یان بۆخۆیان دروست کرد. لەسلێمانی و کوردستانیش، ھەموو شتەکان بەستراون بە (نەتەوە) ەوە. مزگەوتەکانیش پڕکراون لەبیری ئوسوڵی و سەلەفی و چەندین بیروبۆچونی ئاینی کە دواجار مەرامی سیاسیان ھەیە و ،بۆبەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی تێ ئەکۆشن. گەورەترین شەرەف و شانازیی لای تاکێکی ئەمریکیی ئەوەیە لەدەزگایەکی ئاسایشی نیشتمانیدا کاربکات، لای ئێمە دەزگاکانی زانیاری و پاراستن و ناوەندە ئەمنیەکان کراون بە پارێزەری حیزب و خێڵەکان بۆیە وەکو دێو خەڵکی لێیان دەترسێت!. ئەوەتا ئەمریکا بو بە زلھێزترین وڵاتی جیھان، تاک جەمسەرانە لەھەموو کونجێکی ئەم گەردونەدا بونی ھەیە، سلێمانیشی کرد بەو شارەی کەھێدی ھێدی دابخرێت و، لەڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە پەیوەند بەدۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناوی سولەیمانی بە (مدینە غیر امنە) ھاتبێت .
ئەمین زەکی بەگ، لە سولەیمانی لەدایکبوە، کەچی لەسەرەتای جەنگی یەکەمی جیھانی دا ئەبێتە یەکێک لەوانەی کە نەخشەی سنوری نێوان دەوڵەتی عوسمانی و یەکێتی سۆڤیەت بکێشێت و، لە قەوقازو بولقان ئەفسەرێکی باڵا بێت و، لە عێراق پەرلەمانتار بێت و، ئەبێتە گەورەترین مێژوونوسی کورد لەدوای “شەرەفخانی بەدلیسی”، ئەمین زەگی بەگ نەبوایە خولاسەی مێژووی کوردو کوردستان نە ئەبو، یان لای کەمی مێژووی ئەمارەتەکانی کورد نە ئەنوسرانەوە. شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە سولەیمانی ژیاو، باسی دارولمولکی بابانی کرد، پێگەی جوگرافی و ھەڵکەوتەی شار لە جوانیا نەئەبینرا، ئێستا توند توند شاری سولەیمانی بگوشە ھیچی وای لێدەرنایا..!.
سولەیمانی کورتکراوەتەوە لە ململانێی نەشیاوی حیزبی و بەرژەوەندی تەسک و، نزیکەی پەنجا ساڵە ھەرچی ناکۆکی ناوخۆیی و شەڕی کۆنە قین ھەیە لەم ناوچەیە قەتیس کراوەو، شارەکەش بە ڕەنگ و ڕوویەوە دیارەو، بێزاری لێ ئەتکێ!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *