بەشداریکردنی بە مەرج و زامنی دڵنیایی سیستەم !

لەلایەن ستاندار Posted on 343 جار بینراوە

کمال محمد

دەست نیشانکردنی چوارچێوەو ھەیکەلی داھاتووی حکومەت لەدوای ھەڵبژاردنەکەی ٣٠/٩ لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە و دانانی مەرج و چۆنێتی بەشداریکردنی پێکردنی ھێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیان وڕێگریکردنی لە بەشدارییەک کە لەسەر بنەمای رەخنە بێت لەکاتە پێویستەکان ، سەلمێنەری ئەوەیە کە حکومەتی داھاتو لە چارەسەرکردنی کێشەکان و قەیرانە خوڵقێنراوەکانی دەستی خۆیانەوە دوورە.

کاتێک پارتی و یەکێتی ھەوڵی لەکارخستن و بێ ماناکردنی پەرلەمان و سیاسەت ئەدەن و ھەرچی دژایەتییە بەرامبەر بە ھێزەکانی دیکە ئەکەن بۆ ئەوەی ھەرچی ستراتیژیەتی ھەڵگەرانەوەیە لەم سیستەمە بێ کاریگەربکرێت و دیسان خاڵە رەشەکانی دەسەڵاتیان بەدەرنەکەون و ھەمیشە ھۆکاربوون بۆ ئەوەی سیاسەت و کۆمەڵگارووبەروی بنبەستبون لە ماھیەتە بنەڕەتییەکانیان ببێتەوە کەلەگەڵ ھیچ جۆرە سیستەمێکی ھاوچەرخدا بەدی نەکرێت و بە جۆرێک کۆمەڵگایان گەمارۆ داوە کە ھەست کردن بە ئومێد و خۆشگوزەرانی لە واقیعی ئەم سیستەمەدا بەدی ناکرێت .

رکابەرایەتیکردنی سیستەم و رەخنەدان کردنی ئەم سیستەمە بۆ پارتی و یەکێتی بە کێشەیە بۆیە ئامانجیان بەلاوەنانی ئەم کێشانەیەلە دانانی مەرج لەبەشداری پێکردنی لایەنەکانی دەرەوەی خۆیانە لە حکومەت یان دورخستنەوەیانە بۆئەوەی پەرچەکرداریان بەرامبەر بەم سیستەمە بشکێنرێت ،تابتوانن درێژەدان و زامنی دڵنیایی دەسەڵاتی سیاسی حکومڕانی خۆیان بەدەست بھێنن .

دەسەڵاتدارانی ھەردو بنەماڵە وەک چۆن سیاسەت پەرلەمان و حکومڕانیان لە ھەمو جوانی و بەھایەک داماڵیوە بەھەمان شێوە ھەوڵی داماڵینی و برینی دەستی و ھاوڵاتی و نوێنەرەکانیان ئەدەن و ئەیانەوێت حکومەتی داھاتوپێگەیەک بێت لە خزمەتی بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسییەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەدا بێت نەوەک ھاوڵاتی،بۆیە ئەرکی راستینەیی حکومەت کە خزمەتکردنی گشتییە ئەگۆڕن بۆ خزمەتی دەستەو تاقمێک و لەو ڕێگایەوە ھەوڵی ئەوە ئەدەن لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیان ناچاربەم جۆرە سیستەمە بکەن ،

دانانی مەرج بۆبەشداری لە حکومەتی چوارساڵی داھاتوو بە واتای کۆتایی ھێنانە بە قۆناغی شەڕی سەندنەوەی مافە لەنێوان ھاوڵاتی و حکومەت و بێ ڕۆڵکردنی نوێنەرەکانیانە لەو حکومەتدا چ وەک بەشداریکردنێکی بێ کاریگەریان بێت یان دورخستنەوەی تەواوەتی دەستیان بێت لەدەسەڵاتی سیاسی و حکومڕانیدا،بێ گومان ئەمەش دوبارە گەڕانەوەیە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و جومگە سیاسی وئابورییەکانی ھەرێم لە نێوان خۆیانداوەک دوبنەماڵە، بەردەوامکردنی ئەم جۆرە سیستەمە دەسەڵاتییە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە زیاتر ھیچ ڕۆڵێکی دیکەی نابێت و لە کۆتاییدا گەل ھەنگاو بەرەو چارەسەری دەھاوێژێت و دەری ئەخات کە دەشێت ھاوڵاتی بێ حکومەت ھەبێت ، بەڵام حکومەتی بێ ھاوڵاتی مەحاڵە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.