شایەتەکانی پوتین

لەلایەن ستاندار Posted on 312 جار بینراوە

سەردار عەزیز

ڤیتالی مانیسکی تۆزێک وورگنە. ئینگلیزییەکەی دوکەڵ ئەکات. لە نەوەی شەستەکانە. لە گەڵ ھاتنی پوتین بۆ دەسەڵات، لە یەکەم ھەڵبژاردنی پوتین ڕادەسپێردرێت بە ئەنجامدانی فلیمی دۆکیومێتەری دەربارەی پوتین وەک پروپاگەندە بۆ ئەو. دۆکیومێنتی شایەتەکانی پوتین بەشێکە لەو پرۆسەیە.

ھەموو شتێک لە کریسمسی ١٩٩٩ دا دەگۆڕێت، کاتێک کاتێک بۆریس یلتسن بڕیاری وازھێنان دەدات و پوتین ڕادەسپێرێت بە سەرپەرشتیکردنی حکومەتێکی کار بەڕێوەبەر ھەتا ھەڵبژاردنی داھاتوو، کە چەند مانگێک پاش ئەوە ئەنجامدرا. پوتین پۆستەکە دەقۆزێتەوە و بانگەشەیەکی باش دەکات، دەچێتە ھەموو جێگاکان، سەردانی تایبەت و سیمبولی گەورە دەکات، بۆ لای کەسایەتی، کارگە، شار. ھەرە دیاریان سەردانیەتی لە گەڵ تۆنی بلێردا بۆ پیترسبۆرگ.

بەڵا ڤیتالی پێمان دەڵێت کەمپەینی پوتین لە ساتەوەختێکی تایبەتەوە دەست پێدەکات، کاتێک ئەو تەقینەیەوەیەک لە یەکێک لە باڵەخانەکانی شاری مۆسکۆدا رێکدەخات کە خەڵکی ئاسایی تیادا دەژین. پاش ئەنجامدانی تەقینەوەکە دەچێتە شوێنی تەقینەوەکە و وەک کەسێکی خەمخۆر و بەھێز خۆی دەردەخات. ئامانج لە ئەمە، یەکەم، ناساندیەتی بە خەڵکی، دووەم، گەیاندنی پەیام کە دۆخەکە ترسناکە، سێیەم، ھەرچەندە دۆخەکە وەھا بەڵام کەسێک بەڕێوەیە کە دەتوانێت ئیدارەی بکات. بە کورتی ترس بەرھەم بھێنە بۆ ئەوەی خەڵک بڕوا بھێنن کە بوونی کەسێکی بەھێز پێویستە.

پوتین لە ماوەیەکی کورتدا جەماوەرەکەی لە ٢٪ دەبێتە نزیکەی ٥٠٪. ھاوتەریب بە ئەمە ئێمە لە دۆکیومێتەرییەکەدا زۆر لە نزیکەوە، ناو ماڵی یڵتسن دەبینین. یەکێک لەو خەسڵەتانەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی یلتسندا ھاتەوە ناو سیاسەتی روسی خێزان بوو. وەک کوردێک تێدەگەیت کە خێزان چی دەکات لە سیاسەت.

وەک ھەموو نمایشەکانی دەسەڵات زۆربەی کات لە دەوری مێزی نانخواردن و خواردنەوە و گفتوگۆ و تەماشای تەلەفزیونە. ئەمانە ھەموو خەسڵەتی دەسەڵاتن لە کۆن و لە ئێستادا. پوتین سەردەکەوێت بە نزیکەی ٥٠٪ لە ھەڵبژاردنەکاندا. ئایا پوتین چیدەکات، لە یەکێک لە سەردانەکانیدا بۆ لای مامۆستا کۆنەکەی مێردی مامۆستاکە، بە پوتین دەڵێت، سەرۆک وەک باخەوان وەھایە، دەبێت ھەمیشە چاوی لە باخەکەی بێت و ئەو گیاو و گۆڵانە بژارکات کە زیادەن. پوتین بە دەم زەردەخەنەیەکەوە دەڵێت، ئێمەش ئەوە ئامانجمانە بەڵام جارێ با شەرعیەتی ھەڵبژاردن بە دەستبھێنین.

پوتین لە شەوی سەرکەوتندا لە دەوری مێزێکی پڕ خۆراک و پڕ شەراب لە گەڵ کەسە نزیکەکانیدا کۆدەبێتەوە، چاوەنواڕی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانە. پاشان ڤاتالی پێمان دەڵێت، جگە لە میدڤێدڤ، ھیچ کەسێکی تر لەوانە کە لە دەوری ئەو مێزەبوون ئێستا نەماون لە گەڵ پوتیندا، یان کوژراون، دوورخراونەتەوە یان پەراوێزخراون. تەنانەی لودمێلای ژنیشی کە پوتین تەڵاقی دا.

دۆکیومێتەرییەک پوتینمان لە نزیکەوە پێدەناسێنێت. ئەو کەسێکی ئاساییە، زمانی جەستەی ھاوتا نیە لە گەڵ نیازیدا. لە ھەڵسوکەوتیدا وەک کەسێکی ئاسایی دەردەکەوێت، ئەوە نەبێت کاتێک کە کەسێک ئاگای لە خۆی نیە، ئەو تیلەیەکی سیخوڕیانەی بۆی ھەیە. کە جۆرێکە لە چاودێری بۆ ناسینەوە و ھەڵسەنگاندنی کەسەکان.

دۆکیومێنتەکە پاش ئەوە ھەموو خەسڵەتەکانی دەسەڵات و گومان و فشار و تەنھابوونی زیاتری پوتینمان بۆ دەردەخات. وەک درێدا دەڵێت سەروەر ئاژەڵێکی تەنھایە. دیارە بێگومان تەنھایانەش دونیا دەبینێت.

لێرەدا چەند خەسڵەتێکی دیکتاتۆربوون باس دەکەم بۆ ئەوەی لەوە زیاتر درێژی پێنەدەم.

بۆ من ترەمپ دیکتاتۆرێکی ئاسایی بوو. دیکتاتۆر کۆمەڵێک خەسڵەتی ھەیە:

یەکەم، کە دێتە سەر دەسەڵات ھەموو ئەو کەسانەی لە گەڵیدا ھاتوون لە ناویان دەبات، ئەوەی سەددامتان لە یادە کە ھاوار دەکات، (اگلع). ئەمە بە ئامانجی ئەوەی کە ھیچ کەسێکی تر ھەمان شەرعیەت و مێژوو و پێگەی نەبێت. خۆی بێت و خۆی.

دووەم، بە تەنھا ھێشتنەوەی خۆی، دیکتاتۆر پەیامی ئەوە دەدات کە کەس ھەتا سەر نیە خۆی نەبێت، ھەموو ئەوانی تر دێن و دەچن. ئەمە سیفەتێکی خوداییە کە دیکتاتۆر عەشقیەتی. دیکتاتۆر خۆی بە خودایەکی بچکۆلە دەبینێت. دیارە خودا لە خەیاڵدانی مرۆڤەکان و ئاینەکاندا.

سێیەم، دیکتاتۆر بە دوورخستنەوە و بەردەوام گۆڕینی کەسەکان لە ھەناوی ھەموو ئەوانەی کە لە دەورین بارێکی دەرونی وەھا دەھێنێتە ئاراوە، کە بە ھەرکەسێک ووترا بڕۆ دەبێت بڕوات.

چوارەم، پوتین لە سەرەتادا ھەندێک کاری باش دەکات، چینێک لە کۆمەڵگای روسی لە خۆی ڕازی دەکات، ئەو کەلتورە درێژە پێدەدات کە لە قەیسەر و ستالین دا بەردەوامی ھەیە. بەمەش پیویستی بەوەیە کە بەھێز دەرکەوێت و کار بۆ ئەوە بکات کە روسیا بگەڕێنێتەوە نیو شانۆی نێودەوڵەتی. سیاسەتی دەرەوە ھەمیشە پانتاییەکی ئاسانە بۆ زاڵبون بە سەر کێشەکانی ناوەوە. ئێستا لە کەسی ماکرۆندا دەیبینین. ماکرۆن لە ناو فەرەنسا بەرەو رسوابوون دەچێت، بەڵام بۆ ئەوەی خۆی رزگارکات دێت مل لە ملی ترەمپ ئەدات، ھەتا لە ناوەوە بڵێن سەرۆکێکی بەھێزە.

پێنجەم، کاتێک لە ٢٠١٢ پوتین پەیامی ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو لەو کەسانە نیە بروات، ئەوا دەوڵەت دەبێت بە ئەو. نەیاری ئەو دەبێتە دوژمن دەوڵەت. ئەوەی پوتین نایخوازێت لە روسیا جێگەی نابێتەوە. وەک دەرھێنەری ئەم دۆکیومێنتەرییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.