پارتی شەرەكەی بردۆتە ناوماڵی یەكێتی وگۆڕان

لەلایەن ستاندار Posted on 396 جار بینراوە

ستاندەر

رۆژی 17/11/2018، شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانییان كردو وەك چاوەڕوان دەكرا، سەرەتا لەگەڵ شاندی یەكێتی دەرگای وتووێژەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێیان كردەوە، دواتریش سەردانی گردی زەرگەتەیان كرد و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش كۆبوونەوە.
لە راپۆرتێكی هەواڵی هەفتەنامەی رووداودا هاتووە:
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەتیدەكاتەوە، كە گفتوگۆ لەسەر پۆستەكانی حكومەت و پەرلەمان كرابێت و دەڵێت: “سەرەتا باسی بەرنامەی حكومەت كرا، یەكێتی‌و پارتی جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە وەك هێزی یەكەم و دووەم دەبێت كارنامەیەكی پەسەند بۆ حكومەتی نوێ دابنێن و دواتریش یەكێتی بە شاندی پارتی وتووە، یەكێتی بە مافی خۆی دەزانێت سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت و دوو وەزارەتی سیادی لەدەست بێت”.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییە، كە ئەو پۆستانەی داوای دەكەن، بۆ ئەوە بێ‌ وا لەگۆڕان بكەن بەشداری لە حكومەتی نوێدا نەكات، “ئەوە داواكاریی یەكێتین، گۆڕانیش دەتوانێت لە وتووێژەكانیدا داخوازی خۆی هەبێت، بەڵام گۆڕان دەبێت ئەوەش بزانێت، كە جیاوازیی كورسییەكانی لەگەڵ یەكێتی نیوەیە و هێشتا گفتوگۆی دیكە ماون بكرێن”.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت: لەكۆبوونەوەكەدا لەگەڵ پارتی جەختیان كردووەتەوە چۆن بتوانن لە هەڵەكانی رابردوو سوود وەربگرن ‌و لە كابینەی نوێدا لەسەر بنەمای كاری هاوبەش خزمەتی هاووڵاتیان بكەن، “وەكو یەكێتی ڤیتۆمان لەسەر هیچ كەس و لایەنێك نییە و ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری لە كابینەی نۆیەم بكەن، بەخێربێن”.

وتەبێژی یەكێتی هەروەها وتی: لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستەكان كێشەی گەورەیان نەبووە “دەبێت بزانن، كە ئێمە لەسەر بنەمای هاوبەشی دەچینە نێو حكومەت نەك بەشداركردنمان”.

بەرپرسێكی یەكێتی وردەكاری زیاتری ئاشكراكردو وتی: “یەكێتی، قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت و رێواز فایەقی بۆ سەرۆكی پەرلەمان دیاری كردووە، بەڵام ئەگەر پارتی سوور بێت لەسەر ئەوەی حكومەت دوو جێگری هەبێت، قوباد تاڵەبانی لەو شوێنە دانانێت”.

باڵەكانی یەكێتی ناكۆكن لەسەر دانانی جێگری سەرۆكی حكومەت‌و بنەماڵەی تاڵەبانی پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن كە قوباد تاڵەبانی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.

هەرچی باڵی كۆسرەت رەسوڵە، كە ئێستا لەگەڵ لاهور تاڵەبانی لە هەندێك مەسەلەدا هاوهەڵوێستن، دەیانەوێت‌ كوڕی كۆسرەت رەسوڵ عەلی ببێتە جێگری سەرۆكوەزیران.

رۆژی شەشی ئەم مانگە، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەمین دانیشتنی خۆی ساز كرد، لەبەر ئەوەی هێشتا لایەنەكان نەیانتوانیبوو بە رێككەوتنێك بگەن بۆ دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمانتاران لەو كۆبوونەوەیەدا تەنیا سوێندی یاساییان خواردو كۆبوونەوەكە بەكراوەیی ماوەتەوە تاوەكو لایەنە براوەكان رێكدەكەون.

شاندی پارتی دیموكرات لە دانیشتنەكەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، بە بەرپرسانی گۆڕانیان وتووە، بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەی نوێدا بۆ خۆی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێیە لە پەیوەندییەكان “پێمانخۆشە ئەم قۆناغە پێكەوە تێپەڕێنین”.

ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان هەروەها دەڵێت: لەدوای كۆبوونەوەكە لەگەڵ پارتی، بزووتنەوەكەیان دەستیكردووە بە وەرگرتنی بیروڕای رایەڵە و بازنەكان و بۆیان رووندەكاتەوە كە بۆچی دەیانەوێ بەشداریی حكومەت بكەن، “بە پارتیمان وتووە پێویستە پێش ئەوەی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی رێكبخرێت، پێمان بڵێن گۆڕان چی لە حكومەتدا پێدەدرێت، بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی جڤاتدا بڵێین ئەگەر بەشداریی لە حكومەت بكەین، ئەوە وەردەگرین”.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی، كە هێشتا نازانێت كەی كۆبوونەوەی جڤات رێكدەخرێت، دەشڵێت: “گرێكوێرەی بەردەم بڕیاری كۆتایی گۆڕان جڤاتی نیشتمانییە، ئەگەر جڤاتی نیشتمانی بڕیار بدات بەشداریی بكەین، ئەوكات رەنگە بە وەرگرتنی 3 وەزارەت، ئەگەر جێگری سەرۆكی حكومەتیشمان پێنەدرێ، بەشداریی بكەین”.

هەروەها شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند “دانیشتنێكی تێروتەسەلمان كرد، برایانی پارتی ویستی خۆیان دەربڕی، كە ئەوان پێیانخۆشە بزووتنەوەی گۆڕان بەشداربێت لە حكومەت”.
ئەو لێدوانانەی بەپرسانی گۆڕان سەبارەت بەبەشداری حكومەتی نوێوە؛ نیگەرانی لەلایەن بەشێك لە هەڵسوڕاو وئەندام ولایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان دروستكردوەو هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن دەكەن ئەگەر هاتوو گۆڕان بەشداری حكومەتی پارتی ویەكێتی بكات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.