پێغەمبەری ئیسلام بۆچی لە ئێستادا ملیارونیوێک خەڵک شوێنی کەوتون ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 437 جار بینراوە

شاسوار عەبدولواحید

سەرەتا پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم موسوڵمانانی دونیا بە گشتی و موسوڵمانانی کوردستان بە تایبەتی دەکەم، بە بۆنەی ساڵیادی لەدایکبونی ئەو پیاوە مەزنەی کە لە خانوویەکی سادەوە توانی وا بکات لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیار خەڵکی جۆراوجۆر شوێنی بکەون و باوەڕیان بە پەیامەکەی ھەبێت.

فراوانبوونی شوێنکەوتوانی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لێ بێت) بە تەنھا پەیوەست نیە بە ھاتنە خوارەوەی وەحی بۆی، وە بە تەنھا ناگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە پێغەمبەری خودایە (بە تایبەت لە قۆناغی سەرەتادا کە کەم کەس باوەڕیان بەوە ھەبو کە نێردراوی خودایە)، بەڵکو زیاتر خۆ نەویستیی ئەو پێشەنگە مەزنەو رەتکردنەوەی ھەمو سەروەت و پارەیەی خرایە بەردەمی لە پێناو بیروباوەڕەکەی، ھۆکاری زیاتر بوون بۆ بەرزکردنەوەی پلەو پایە ڕۆحییەکەی و باوەڕھێنانی خەڵکی بە وتەکانی.

لە سەرەتای بڵاو کردنەوەی پەیامەکەی، زۆرێک لە قوڕەیشییەکان و پیاو ماقوڵان و دەوڵەمەندەکانی مەککە ھاتنە لای و پێیان راگەیاند کە ھەرچی دەوێت لەم دونیایە لە سەروەت و سامان و زێڕو زیو دەیدەنێ، تەنانەت ئامادە بوون بیکەنە گەورەی مەککە، بەڵام وەڵامی پێغەمبەر ئەوە بوو کە ھەرچی سەروەتی دونیا ھەیە بیدەنێ، ئەوا ئەو واز لەدینەکەی ناھێنێت.

ئەمە بو کە پێغەمبەری گەورەتر کرد، چ لای دۆستەکانی و چ لای نەیارەکانی، بەوەی کە زانییان شتێکی زۆر گەورە تر ھەیە لەو ھەمو سەروەت و ماڵ و تەماعەی کە ئەوانی تر بیریان لێ دەکردەوە.

ھەر ئەم سیفەتەیشە کە سەرکردە و پێشرەو دروست دەکات.

ئێستاش لەم دونیایەدا، ھەر کەس خۆی بە شوێن کەوتوی پێغەمبەر دەزانێت یان خۆی بە میراتگری ئەو دەزانێت، ئەوا پێویستە بزانێت کە ئەگەر ساڵ دوانزە مانگە قسە بکات و خوتبە بدات و باسی مێژوو و ڕابردو بکات، ھێندەی ئەوە قیمەتی نیە کە خۆی بە کردار خزمەت بکات و مل نەدات بۆ پارە و دەستکەوتی ماددی و ھەروەھا نەشترسێت.

ئەو کات دڵنیام ھەموان باوەڕی پێ دەکەن و کاریگەر دەبن بە وتەکانی.

ھەمیشە ھەوڵ بدەن کاریگەر بن بە کردارە جوانەکانی مرۆڤە مەزنەکان، نەک بە تەنھا بە قسەکانیان.

خۆشەویستم بۆ ھەموتان لەم رۆژو ساڵیادە پیرۆزەدا

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.