ڕۆڵی ڕەوەندی کوردی

لەلایەن ستاندار Posted on 355 جار بینراوە

نەبەز جەلال

چاو خستنە سەر جوڵەو، بەکارھێنانی ڕەوەندی کوردی، وەک مرازو ھێزێکی کاریگەر، بۆ گروپ و لایەنێکی سیاسی دیاریکراو، جگە لە ئامادە سازییەکی بچوک، بۆ خوڵقاندنی دۆخی پەستان و، واڵاکردنی زیاتری دەرگای بەرژەوەندییەکانە، لە بازنەیەکی داخراودا، بۆ وەرگرتنی پۆست و پایەی دەسەڵات، بەدڵنیاییش وەک سەرکەوتن ھیچ شتێک لەسەر گۆڕینی دۆخی سیاسی ناوچەکە ناگەیەنێتە ئامانج.

ئەو ھەنگاوەش جگە لە بە ھەدەر دانی وزەیەکی شاراوەی زۆرو کۆکراوەی بێ کۆتای، ڕەوەندی کوردییە، بێزارکردن و گەیشتنیشیانە بە ڕۆحی شکست و ڕەش بینییەکی خراپ، بۆ ئایندەو بێ ئومێدبوون بە ھیواکانی ووڵات.

بەھەمان شێوەش دەبێتە ھۆکاری پەرتەوازەیی زیاتری میللەت و سەر خستنی چەند سەرێکی قۆقزیشە، بۆ بەشی سەرەوەی گەمە سیاسیەکەی پێی دەچنە نێو دەسەڵاتی ھێز و پلەی سیاسییەوە، لە خولی خولانەوەی خولێکی چاوبەستی تردا، بۆ ڕەوەندی کوردی وەک تەماشاکارێکی دورە دەست.

گەر لە نێو ئەم گەمە ناڕەوایی سیاسی و کەڵک چێتی کردارانەدا، بگەیتە ھەر پۆست و پایەیەکی دەسەڵاتی سیاسی، ئێستاش نەبێ لە ئایندەدا، جگە لە چنینەوەی بودەڵی و کاڵفامی سیاسی، ھیچی تر نا چنیتەوە بۆ خەبات و مێژووی تێکۆشان.

ھەر وەک زۆر گەلێک لەوانەی ڕابوردوون و ھەندێکیشان لە ئێستاشدا لەبەر چاون، کە بە چی ناو زەد دەکرێن و خاوەنی چ جۆرە نرخێکن لە نێو خەڵک و تەنانەت حیزبەکانی خۆشیاندا.

رەوەندی کوردی کەمافی دەنگدانی وەک پێویست پێ نەدرێ، وەک ھاونیشتیمانی راستەقینە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێ، دیارە بەم کێشان و پێوانە ئەزمونییەی ڕابوردوو، ڕەوەندی کوردی بەگشتی مایە پوچی رەنج بە خەسار لەبن سێبەری چاوەڕوانیدا دەوەستێت و، بە دابڕاوی دەبێتەوە ھەمان جۆر لەکەرەستەی خزان بە ملکەچی فەرمانەکانی ناوەوە و تەواو کاری بەرنامەکانی ویستی گروپ و دەستەی بەرژەوەند خواز بۆ خواستی کەسی.

تاکە کارێکی رەوەندی کوردی کەدەبێ ھەوڵی ڕاستەقینەی بۆ بدات، خۆ کۆکردنەوەو خۆ ڕێکخستنە، بە لۆبی کردن، داینەمۆی وزە بزوێنەرەکەیەتی لە دروستکردنی ناوەندێکی سەربەخۆی کاریگەر و بڕیار بەدەست، بۆ گشت بوارەکانی خزمەت بەخەڵکی کوردستان،لەڕێگەی دەزگا پەیوەندیدار وفەرمییەکانی ووڵاتانی دەرەوەیە بۆ میللەت.

ئەوکات ڕۆڵی ڕاستەقینەو کاریگەری ڕەوەندی کوردی دێتە بەرھەم و دەچێتە قۆناغێکی مێژوویی گرنگەوە، لەو گێرە کردنەی گروپ و حیزبیش قورتاری دەبێ و سەربەخۆ و کاریگەر دەمێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.