بەشداریکردنی حکومەتی ھەرێم لە پێناو پڕکردنەوەی بۆشایی یان خزمەتکردندا ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 354 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

نزیکەی ٢ مانگە ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە ،بەڵام تەنھا پەڕلەمانتاران سوێندی یاساییان خواردوە و دەسەتبەکاربوون لە ٦/١١دا،بەڵام ئەوە نزیکەی مانگێکە ھیچ ڕێکەوتن و نزیکبونەوەیەک نەھاتۆتە گۆڕێ بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان لەنێوان لایەنە براوەکاندا و بەدیاریکراویش ھەردووک پارتی و یەکێتی وەکو دووبراوەی سەرەکی ھەڵبژاردنەکە،پێدەچێت ھەردوولا چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستی وەزیرە بن لە بەغداد ئایا بۆ کامیان دەبێت،ئەوکات ھەریەکەیان ھەڵویستی خۆی بەدیار دەخات و کاری جدیش دەکەن بۆ ئەو بابەتە کە ڕەنگە ڕێکەوتی ٢١/١١ لەلایەن پەڕلەمانی عێراقەوە یەکلا بکرێتەوە، ھەرچەندە ھەفتەی ڕابووردوو وەفدێکی پارتی سەردانی سلێمانی کردو لەگەڵ یەکێتی و گۆڕاندا کۆبۆوە بەمەبەستی لێکتێگەیشتن و ئاڵوگۆڕی بیروڕای سەرەتایی بۆ پێکھێنانی حکومەت.بەڵام ھێشتاش خەت و خاڵی پێکھێنانی کابینەی نۆھەمی حکومەتی ھەرێم بەتەواوەتی ڕوون نەبۆتەوە.و ڕەنگە بکەوێتە دوای سەری ساڵی نوێی ٢٠١٩شەوە ،لەلایەک بەھۆی کێشە و ململانێکانی ناوخۆی پارتی و لەنێوان باڵی بەڕێز مەسرور بارزانی و بەڕێز نێچیر بارزانیدا لەسەر وەرگرتن یان ڕەتکردنەوەی پۆستە وزاریەکان و لەلایەکی تریشەوە بەھۆی کێشە و ململانێ ناوخۆییەکانی یەکێتیشەوە بەھەمان شێوە لەسەر وەرگرتنی پۆستەکانی حکومەت و پەڕلەمان، لەلای سێھەمیشەوە بەھۆی ئەوەی کە پارتی گەرەکێتی دووبەرەکی زیاتر بخاتە نێوان یەکێتی و گۆڕانەوە( کە ھەرچەندە گۆڕانیش بێکێشە و گرفتی ناوخۆیی نین) بە بەڵێنپێدان و گفتدانی زارەکی و پێشوەختە بۆ تاقیکردنەوەی نیاز و داواکاریەکانی ھەردوولا بۆ پۆستەکانی حکومەت و پەڕلەمانی داھاتوو.
ئەوەی ئاشکرا بوە کە پارتی حەز بە چارە و بەشداریکردنی کۆمەڵی ئیسلامی ناکات و پەرۆشی سەردانیکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکانیش نیە لەگەڵیدا و ،یەکگرتووی ئیسلامیش ھەرزوو بڕیاری کۆتایی داوە بەبەشدارینەکردنی حکومەتی ئایندە ،ئەوەش بەھۆی کێشە ناوخۆییەکانی خۆی و شکستە گەورەکەی لەھەڵبژاردنەکەی پەڕلەمانی کوردستاندا کە لە ١٠ کورسیەوە ھاتۆتە سەر ٥ کورسی.
ئەوەشی دەخوێنرێتەوە لە نیەت و مەرام و نیازەکانی یەکێتی و پارتی ئەوەیە کە ھیچ لایەکیان پێیان خۆش نیە ئەزموونی حکومەتی بنکە فراوان دووبارە بکەنەوە،چونکە ئەو ئەزمونە نەیتوانی ھەموان ڕازیبکات و نەشیتوانی حکومەتێکی بەھێز و بەردەوامیش پێشکەش بکات و ھێندەی تریش ناکۆکی و ململانێکانی قوڵتر کردەوە کاتێک سەرۆکی پەڕلەمان نێردرایە ماڵەوە و دەرگای پەڕلەمانیش کڵۆمکرا لە ساڵی ٢٠١٥دا و دواتریش وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەھەمانشێوە لەکارخران بەڵام موچە و ئیمتیازاتەکانیان ھەر بەردەوامە تاکو ئێستاش و ھەندێکیشان خۆبەخۆو بەبونیان بە پارتی و سەنگەر گواستنەوە گەڕانەوە سەر پۆستەکانیان.
بۆیە بەڕای بەندەش حکومەت و کابینەی داھاتووی ھەرێمی کوردستان لە نێوان ئەو لایەنانەدا پێکبێت کە زۆرینەی کورسی پەڕلەمانیان وەدەستھێناوە تاکو بتوانن کە حکومەتێکی بەھێز و خاوەن بڕیار و دەسەڵات بەڕێوەبەرن و بتوانن خواست و ئومێد و داواکاریەکانی جەماوەر وەدیبێنن لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و ھەوڵدانیش بۆ نەھێشتنی پاشەکەوتی مووچەو ..ھتد.چونکە تەنھا ئەو ھێزانە دەتوانن ئەو کارانە جێبەجێبکەن کە ھەرخۆیان بونەتە ھۆکاری ھەموو ئەو قەیران و نەھامەتی و نەبوونی و بێ مووچەییە و بێ خزمەتگوزاریانەی کە ماوەی ٥ ساڵە بەردەوامن و ھێشتاش ئاسۆکان ڕوون نین بۆ چارەسەرکردنیان،چونکە ھێشتاش دەسەڵاتدارانی ھەرێم کێشە گەلێکی گەورە و ئاڵۆزیان لەگەڵ بەغداد چارەسەرنەکردوە وەک کێشەی نەوت و غاز و مادەی ١٤٠ی دەستور و کێشەی کەرکوک و بەشە بودجەی ھەرێم و بڕینی مووچە و شایستە داراییەکان و …ھتد.چونکە تا ئەو کێشانە لەگەڵ بەغداد چارەسەر نەکرێن بە ڕێگەی دەستوری ئەوا ھیچ ئومێدێک نیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەنوکەییەکانی کوردستان و ڕەوینەی تەمی جەنگ و پێکدادان و قەیرانی دارایی و نەھێشتنی پاشەکەوتی مووچە و ..ھتد.ھەربۆیە تا ئەو کاتەی ئەو کێشە کەڵەکەبوانەی ھەرێم و کابینەی ھەشتەم چارەسەر نەکرێن ناتوانرێت ئومێد زۆر لەسەر ئەدای کابینەی نۆھەمیش ھەڵبچنرێت.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە،کە ئەو خەمساردیە چیە لەھەموو لایەنەکانەوە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی سەرۆکایتی پەڕلەمان و پێکھێنانی کابینەی حکومەتی نوێ ؟ئایا بەشداریکردنی لایەنەکان بە ئارەزوو و ویستی لایەنی براوەی یەکەم دەبێت ؟یان بە ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن دەبێت ؟ئایا لایەنەکان بەشداری حکومەت دەکەن تەنھا بۆ وەرگرتن یان پڕکردنەوەی پۆستێک یان چەند پۆستێک وەک بۆشایی ؟یان بۆ کار و خزمەت و نەھێشتنی گەندەڵی و ناعەدالەتی و ..ھتد. دەچنە ناو حکومەتەوە؟ و دەیان پرسیاری تریش.
بەداخەوە ھەموان بەسەرکەوتوو و سەرنەکەوتوەکانیشەوە زۆر خەمسارد و بێھەوڵویستن دەربارەی جدیەت و گەرموگوڕیان بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان و پێکھێنانی کابینەی حکومەت،چونکە وادیارە گەرەکیانە کە ھەرێم بێ پەڕلەمانێکی کارا و بێ حکومەتێکی دەستبەکاربوش کارەکانی بەڕێوە بەرێت و حکومەتێکی ھەڵوارسراو وکار بەڕێکەر ماوەیەکی درێژتر کارەکان ڕایبکات،بەداخەوە حکومەتی ھەرێم ماوەی چەند ساڵێکە جگە لەھەوڵی دابینکردنی مووچە و خەرجکردنەوەی ئەویش بە پاشەکەوتکراوی و جگە لەھەندێک پڕۆژەی کەم و کورت ھیچی تری پێنەکراوە و نەیاسای بودجەی ھەبوە و نە پلانی واقعی ھەبوە و نەئاوەدانی و نەخزمەتگوزاریەکانیش وەک پێویست بوون،بۆیە بەلایانەوە ئاساییە کە کاروبارەکان ھەروا بەردەوام بن.
بۆیە دەبێت لایەنەکانی تریش کە ناچنە ناو حکومەت یان دروشمی بە ئۆپۆزسیۆن بونیان بەرزکردۆتەوە دەبێت فشاری جدی بکەن بۆ ھەرچی زووتر ھەیە کە دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان و حکومەتیش پێکبھێنرێت،ئەگینا ئەوان ڕۆڵێکی سلبی نەرێنی دەبینن و بێڕێزیش بە دەنگی دەنگدەران و بەخۆشیان و بە ئایندەی ھەرێمەکەش دەکەن و ھەرواش بەلاوازی دەمێننەوە،بۆیە ئەرکی ئەو حیزب و لایانەنەیە کە فشاری گەورەی ڕاگەیاندن و سیاسی بەرپا بکەن بەو ئاڕاستەیە،ونابێت بەشداریکردنی لایەنەکانیش تەنھا پەیوەست بێت بە حەز و ئارەزووی لایەنی یەکەمی براوەی ھەڵبژاردنەکان و گەرەکە ڕێز لە ئیستیحقاقی ھەڵبژاردنەکان بگیرێت.ھەربۆیە گەر ھەموان دەیانەوێت حکومەتی ھەرێمی ئایندە حکومەت و کابینەیەکی بەھێزبێت و لە ئاست خواست و داواکاریەکانی شەقام و جەماوەردا بێت دەبێت بۆ ئەوە نەچنە ئەو حکومەتەوە کە تەنھا پۆستەکان پڕبکەنەوە و تەنھا و تەنھا چەند کادرێکی خۆیان سوودمەندبن و ئیمتیازات وەربگرن،نابێت حیزبە سیاسیەکان واز لە بەرنامەی کاری سیاسی خۆیان بێنن و تەنھا دوای چەند پۆست و ئیمتیازاتێک بکەون و و بێدەنگ بن لەگەندەڵی و ناعەدالەتی و فەوزای بەڕێوەبردن و تاریکاندنی داھات و خەرجیەکان و قەتیسبوونی سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستاندا.پێویستە ئەوان بۆ خزمەتکردنی زیاتر و ئاوەدانکردنەوە و ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجان و نەھێشتنی بێ کاری و دۆزینەوەی سەرچاوەی داھات و بەدوورگرتنی ھەرێمیشە لە ئاژاوە و ناکۆکی و ململانێکانی ناوچەکە و پاراستنێتی لەجەنگی نەویستراو و سەپێنراو و ڕاگرتنی ھەرێمیشە بەبەھێزی.ب
ۆیە ئەرکەکان زۆر سەخت و قورستر دەبن لە قۆناغی ئایندە و پێویستی بە یەک و یەکگرتوویی بەرەی ناوخۆی کوردستان ھەیە و پێویست دەکات کەھەموان نەرمتر و کراوەتر بیر بکەنەوە ودووربکەونەوە لە دڕدۆنگی و حسابنەکردن بۆ یەکتری و پەراوێزخستن ،چونکە سەنگی حیزبی سیاسی بە ژمارەی کورسیەکانی پەڕلەمان ناپێورێت بەڵکو بە خەبات و نفوزی سیاسی و ئابوری و جەماوەری و خەمخۆری و دڵسۆزیانە بۆ گەل و نیشتیمان،نابێت براوەکان بەلوتبەرزی و غرورەوە سەیری خوارخۆیان بکەن و گەرەکیشە حیزبە قەوارە بچوک و کورسیە کەمەکانیش ڕاستگۆ بن لەگەڵ خۆیان و دەنگدەرانیان و ھەڵویست و گوتاری ڕوونیان ھەبێت بۆ داواکاری و پاراستنی مافەکانیان یان بەڕوونی ببنە ھاوکار و شەریکی ڕاستەقینە لەدەسەڵات و یانیش بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی بەھێز و ڕاستەقینە پێکبێنن و ببنە جێگرەوەی دەسەڵات،گەر ئەمەیان پێکرا دڵنیام ئاسۆی سیستەمی حوکمڕانی لەم ھەرێمەدا ڕوونتر دەبێتەوە و گەر نەشتوانرا ئەو کارانە بکەن ئەوا ئەم دۆخ و قۆناغە نەویستراوەی ٢٧ ساڵی ڕابووردوو کەھەموان بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە لێی ڕازی نین ھەر بەردەوام دەبێت. ئەوکاتیش ھەموان وەکو یەک بەرپرسیار دەبن لەبەردەم خوا و خەڵک و مێژووشدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.