عادەت یان عیبادەت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 435 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

ڕۆژێک مەجنون بەدوای لەیلادا دەگەڕا، زۆر خەمی بوو بیدۆزێتەوە. بەبەردەمی کەسێکدا ڕۆیشت کە نوێژی دەکرد، بەڵام مەجنون نوێژکەرەکەی نەبینی، دواتر لەیلای نەدۆزییەوە و گەڕایەوە. نوێژکەرەکە بانگی مەجنونی کردو لێی توڕەبوو کە بۆچی بەبەردەمی داھاتووەو نوێژەکەی بەتاڵکردووە؟ مەجنون گوتی: تۆ نوێژت نەکردووە من بەدوای مرۆڤێکدا دەگەڕام تۆم نەبینی چۆن تۆ لەگەڵ خودا قسەت دەکرد ئاگات لەمن بوو؟

بەشێکی دینداران ئەوانەی ڕۆژانە نوێژەکانیان دەکەن لەمزگەوت عیبادەتەکانیان زیاتر عادەتە، واتا بێ ھەستن، تەنیا وەک چالاکییەکی کۆمەڵایەتی دەیبینن، بەتاڵن لە ڕوحگەرایی. وەک خەواندنە موگناتیسیەکەی عەلی وەردی وایە کە دەوروبەر عیبادەتی پێدەکات و بۆدەوروبەری دەکات، واتا بۆ عادەتە، بەتاڵە لە چێژی روحیی و ئەخلاقیی زیاد ناکات. لەبەر جیرانەکەی دەچێتە جەماعەت.

بۆیە دەبینین نوێژکەرێک پێنج فەرزە لە مزگەوتە، بەڵام سێ ژەمە نانی دزیی وچەتەگەریی و حەڕام دەخوات، ئامادەیە حەوت سەعات بەزمانە درێژە بێ فکرەکەی بەرگریی لە ستەمکارو چەتەگەری و حیزبایەتی بکات.
دەبینین بەشێکیی دینیش بۆتە کەمالیات و بەرخۆری، مزگەوت پێویست نییە لەشوێنێک بەڵام ھەزاران دەفتەر دۆلاری لێسەرف دەکرێت، لەکاتێکدا نەخۆشخانە و خوێندنگاش ھیچیان لە مزگەوت کەمتر نیە بۆ مرۆڤ. چونکە دین بۆ خزمەتی مرۆڤە، مرۆڤیش گەورەترە لەدین.

جیرانەکەی نەخۆشەو ھەژارە و یارمەتی نادات، بەڵام ئامادەیە ساڵانە عەمرەیەک بکات! وەک عەلی شەریعەتی گوتی: جیرانەکەی لەبرسان مرد، کەچی لەتازییەکەی مەڕیان سەربڕیی بوو.

تۆ پەیوەندی خۆت و خوات ناتەواوە، وەک چۆن پەیوەندی خۆت و مرۆڤەکانیش ناتەواوە، تۆ بۆ خوداو بۆ مروڤیش نیت، ھیچ نەبێت یەکیان ببە. دەبێت دیندارێکی مرۆڤدۆست بیت وەک چۆن بێدینێکی مرۆڤدۆست ھەیە. ئەوروپاش پڕە لە بێدینی مرۆڤدۆست. لەخۆت پرسیوە بۆچی ھەمووان ڕوویان لە ئەوروپای غەیرە دینەکەتە؟ ئەوە ڕێزو کولتوورە مرۆڤدوستییەکەیە ئەوروپای کردۆتە بەھەشتی تۆ.
سۆسیۆلۆژیای دین پێمان دەڵێت کە دین و کۆمەڵگا کارلەیەکتری دەکەن، کەواتا دەکرێت دین ئەو روحە مرۆڤدۆستییە دروستبکات، بەمەرجێ پیاوانی دین ھۆشیاربن و قسە زیاتر لەسەر دیاردەکانی دونیا بکەن نەک دونیاکەی تر. ناکرێت لەترسی جەھەندەم خوامان خۆشبوێت، با لە بەر مرۆڤدۆستی خوامان خۆشبوێت.
مەلاکان ئەوەندەی خەریکی ھێرشن بۆ سەر غەیری خۆیان ئەوەندە خەریکی دروستکردنەوەی خۆیان نین، لا ٳکراە فې الدین…..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.