لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ ئەبو مەسرور

لەلایەن ستاندار Posted on 384 جار بینراوە

حەمە ئازاد بەرزنجی

بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٢-١١-٢٠١٨ ز بەسەردانێک ، گەیشتە بەغدادی پایتەخت . بۆ پیرۆز بایی لە حکومەتی نوێی ئێراق . لەکاتی چونەکەیدا بەرێز سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق ( محەمەد حەلبوسی )، و بەڕێز سەرۆکی تەحالوفی وەتەنییە وسەرۆکی حەشدی شەعبی ( ھادی ئەلعامری) لە پێشوازیدا بون . دواتر چاوی کەوت بە بەڕێز سەرۆک ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراق ( عادل عەبدول مەھدی ) .ئەمە بێجگە لە چەندین سەرۆکی لیستی تر و بەڕێزی تر لەوانە نوری مالکی وفالح فەیاز . وە بێگومان سەردانی بەڕێز موقتەدا سەدریش دەکات لە نەجەف . ھەر زوو میدیاکانی پارتی ڕایانگەیاند کە ئەمە سەردانێکی ناڕەسمیە و تەنھا بۆ پیروز بایی و بەسەرکردنەوەیە . ئەمەشیان تەنھا لەبەر ئەوەبو تاخەڵک ڕەخنە نەگرن لە دانەنانی ئاڵای کوردستان و پێشوازی لێنەکردنی وەک سەرۆکی کوردستان . کەخۆی لە خۆیدا ، دەمێکە مەحکەمەی ئێراق ئەنجامی ڕێفراندۆمەکەی سڕکردووە و کوردیش ڕازیبوە پێی و ، بەڕێز مەسعود بارزانیش دەمێکە دەسەڵاتەکانی دابەشکروە. وەلەکاتی گفتوگۆکانیشدا بەڕیزی وتویەتی بۆ پێرۆزبایی لە حکومەتی نوێی ئێراق و ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانی پێشو ھاتوم و وەک دوبرا لەگەڵ یەک ھاوکار دەبین .
ھیوادارین ئەم سەردانەی بەڕێزی لە خزمەت پڕۆسەی ئاشتی بێت لە ئێراق و ڕۆڵی ھەبێ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر . وە ھەرھەنگاوێک گەر لەناخەوە بێت و بەدڵێکی سافی کوردانەوە بێت و بۆ خۆشگوزەرانی دانیشتوانی ھەرێم و، وە لەلایەن ھەر کەسێکەوە بێت ، بێویژدانییە دەستخۆشی لێنەکرێت و ئەرکەکەی بەرز ڕانەگیریت .
بەڵام چەندەھا تێبینی ھەیە لەسەر سەردانەکە ، وات لێدەکات ، ھەرنەبێ پەڕەی ساڵانی پێشوی نزیک ھەڵبدەیتەوە .
لەم کاتی سەردانەیدا ، بەرێز سەرۆککۆماری ئێراق کە کوردە لە بەغداد نییە . بۆ کۆڕبەندێک چۆتە وڵاتی ئیتاڵیا . پرسیارەکە لێرەدایە ئایا بەڕێز د . بەرھەم زانیوێتی کە بەڕێزی سەردانی بەغداد دەکات و ئەزانێ کە بەڕێز مەسعود بارزانی نایەوێ چاوی پێبکەوێ ، بۆیە بەغدای بەجێھێشتوە . یان پێچەوانەکەی بۆیە کاک مەسعود ڕێک ئەوکاتەی ھەڵبژاردوە دەزانێ بەڕێز سەرۆککۆمار سەفەری کردوە ، بۆ ئەوەی چارەی لە چارەی نەگەڕێ و سەردانی نەکات . ئەمە لەمیدیاکانی ھەردولا ( پ.د.ک و ی.ن.ک ) ڕێک ڕەنگی داوەتەوە .
لە دیمەنە سەرنج ڕاکێشەکان لەم دیدارەدا : بە ھێچ جۆرێ ئاڵای کوردستان بونی نییە . بەڕێز کاک مەسعود بە قاتەوەیەو جلە کوردییەکانی لەبەرا نییەو تۆزێ شپرزەییشی پێوە دیارە، یەکەم جار تەوقە لە گەڵ دو ئەفسەر دەکات وادەزانێ بۆ پێشوازی ئەووەستاون کەچی گەر سەرنج بدەیت ، لەگەڵ خۆی لە فڕۆکەکە دادەبەزن . ئایا بەڕێز کاک مەسعود وەک ھاووڵاتیەکی ئەم کوردستانە ، بۆمان ھەیە لێت بپرسین ، بەڕێزت مەبەستت لە چییە کەدەفەرموی ئێمە ھاتوین ھەڵەکانی ڕابوردومان چاکبکەینەوە . تۆ بڵیی مەبەستت لە ڕیفراندۆمەکە بوبێ . خۆدنییا بوبەتکاکار لە بەردەمی بەڕێزتا ، کە نەک بڵێن ڕیفراندۆم ھەڵەیە یان مەیکە ، بەڵکو دەیانوت ساڵێ دوساڵ دوای بخە . تکای کەست قبوڵ نەکرد ، ھەر لەدۆستەوە تا دوژمن ، ھەر لە ناوخۆوە تاکو دەرەوە، ھەرلە ئەمریکاوە تا ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ . وە حسابی ئائەوەندەیشت بۆ ھیچ کەسێ نەکرد . ئەی خێرە ئێستا ئەو ھەمو حسابە بۆ ئەوانەی ئێستای بەغا دەکەیت . خۆ نیو حسابی ئێستای ئەمانت بۆ ئەوان (تکاکەرەکان) بکردایە، ئێستا ئەمان بە ناچارییەوە بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازیان لێدەکردیت . ئەی بەڕێزت نەتفەرمو ئێمە دەبینە دوو دراوسێی باش . ئەی ئێستا بە دوبرای باش لە ناو یەکماڵدا بۆ ڕازیت . ھەر بەڕێزیشت نەبوی کە فەرموت گەر ڕیفراندۆم سەری گرت ئەوا کوردستان سەربەخۆ دەبێ . گەر سەریشی نەگرت ، ئەوا من لە دەرەنجامەکەی بەرپرسیام و بڵێن ئەم کابرایە شێت بوە . ئینشائەڵا بەڕێزت قەت شێت نابی بەڵام بەھەمو توانای بیرکردنەوەت دەفەرموی ھاتوم بۆ چاککردنەوەی ھەڵەکانی پێشو . واز لە ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی لە ھەولێر دەھێنیت و بۆ حوکمی زاتییە کۆنەکەی جاران ھاتویتەوە بۆ بەغداد . جا تاکو ئێستا ڕون نیە ئەو عینادییە ھی خودی بەڕێزی خۆت بو یان ماڵ و منداڵ گەورەبوبون و قسەی ئەوان لە خشتەیان بردی . نیوەی خاکی کوردستانت ، بە ناوچە جێناکۆکەکان وکەرکوکیشەوە لەسەر داناو ، ئاڵای کوردستانیش لەسەر ھەر ھەمویان لابرا ، کارەساتی شانزەی ئۆکتۆبەریشی بەدوای خۆیدا ھێنا و چەندەھا پێشمەرگەی قارەمانیش ، شەھید بون و دەبابە بەسەر لاشەکانیاندا ڕۆێشت .
وە ئایا بۆمان ھەیە بپرسین، بێدەرەتانی و خراپی باری گوزەرانی خەڵکی کوردستان سەری پێھەڵگرتوی ، لە ھەولێرەوە بەرەو بەغداد یان پەیماننامە نەوتییەکان و پلە و پۆستە حکومییەکانی ناو پایتەخت لە بەغدا . دەتەوێ تۆڵە لەبەڕێز عەبادی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوی ئێراق بکەیتەوە ، یان تۆڵەی شکستی دەستبژێرەکەی بەڕێزت ( بەڕێز کاک فوئاد حوسێن ) بۆ سەرۆککۆماریی لە د. بەرھەم و حزبەکەی بکەیتەوە . وە بۆ ئەوەی نەڵێن قسەکەی بەڕێزت شکاوە وازت نەھێنا تاکردت بە وەزیری دارایی ئێراق ، وە زۆر لەوە زیاتر دەڵێن بەربەستی سەرەکی بۆ پۆستی وەزیری داد بۆ بەڕێز خالید شوانی لە ی.ن.ک ڕێگریەکانی بەڕێزتە . لەوانەش زیاتر دەڵێن بونی بەڕێز د . بەرھەمت پێ ھەرس ناکرێ وەک سەرۆککۆمار . لەگەڵ ھەمو ئەوڕەخنانەی کەلە بەڕێز د. بەرھەم و ی.ن.ک ھەیە ، وە دور لە تێڕوانینێکی حزبیانە ، بەڵام ئەو جوڵە زۆرانە و ئەو پێشوازیە گەرمانەی کە لێی دەکرێت جێگەی دڵخۆشییە کەوەک کوردێک ھەستی پێبکرێت . نازانم بەڕێزت بۆ پێی قاڵس دەبی ، ھەر نەبوایە وەک کوردێک پیروزباییەکت لێبکردایە . یان ئەوەیە ئێستا بەرێزت وشەی سەرۆکەکەت پێوە نەماوەو چاویشت بڕوایی و بەرایی ناھێنێ ، بەناوی سەرۆکی ئێراقەوە ( کەھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لێی ) تەراتێنی بێ دەمێ لەناوخۆ ( بە پێ پیاسەدەکات لە شارع متنەبی و لە مزگەوتی ئەعزەمییە ) ودنییایەک خەڵک لێی کۆ دەبنەوەو سێڵڤی لەگەڵدا دەگرن . دەمێ لە دەرەوەی ئێراق ئەشکال و ئەنواع فەرشی بۆ دادەخرێ و زۆر بەگەرمی لەلایەن سەرۆکی وڵاتانەوە لە جوانترین شێوەدا ئاھەنگی بۆ دەگێڕدرێت ، ( ئەوە کووەیت ، ئیمارات ، ئێران ، سعودیە ، ئەوە ئیتالیاو فاتیکانیشی ھاتەسەر ) . کەچی بەرێزت دەرگای ھەولێرت لێداخستووە . بەرێز تازە د .بەرھەم لە دەستی تۆ دەرچوە و یەکەم ھەنگاویشی لە ماوەیەکی کورتدا و تائێستا سەرکەوتو بوە . ئەمیش مەکە بە عینادییەکەی ڕیفراندۆم ، ناو ناوبانگی ڕۆژبەرۆژ لەھەڵکشاندایە و بە تۆ داناگیریتە خوارەوە و واز لەڕابوردوی ناخۆش و ناکۆکی بھێن و بەھەمو لایەک پێی خۆتان زیاتر لە بەغدا قاییم بکەن ، بەڵام بۆ مەسڵحەتی تاک و خێزانی تایبەت بەخۆتان نا بۆ خزمەتی خەڵکی بەشمەینەتی ئەم کوردستانە .
بەڕێز ئەوە کوردنییەو کورد نەبوە کە نازناوی ( سەرۆکەکەی ) لێسەندیتەوە . بەڵکو ئەوە خودی خۆت و ، ئەو عینادییە و ئەو بیرتەسکی حزبییەی کە ھەتە وایلێکردی . ئێمە حەزماندەکرد و ئێستاشی لە گەڵدا بێ ، بەڕێزت بۆ کورد جیڤارا و گاندی و نڵسۆن ماندێلا بویتایە و زۆر لەوانیش زیاتر و دڵیشت لەوان فروانتر و بەتەحەمولتریش بویتایە . ئەوانە کەئێستا ناویان لە ھەمو جیھاندا دەھێنرێت ، پێش ئەوەی خەڵکی دەرەوە بیانناسێ خەڵکی ناوخۆی وڵاتەکەی خۆیان ناسیونی ، ئەوجا ناویان بە جیھاندا بڵاو بۆتەوە .
بەڕێز دەبێ لەمەولا لە خەڵکی کوردستانیشی قبوڵ بکەیت لە باتی ( جەنابی سەرۆک ) پێت بڵێین ( ئەبو مەسرور ) . چونکە خودی خۆت بە پێشنیارەکەی ( عادل عەبدول مەھدی ) ڕازی بوی ئەو بەتۆ بڵێ( ئەبو مەسرور) تۆیش بەو بڵێی ( ئەبو ھاشم ) . گەر ئەم پێشنیارە لە دڵێکی سادەو ڕاگوزەرەوە بێت و، بیرۆکەی ئەوساتەی بێت کارێکی زۆر ئاسایی و برایانەیە . ، بەڵام ئەی ئەگەر لە بیرکردنەوەیەکی قوڵی لەوەوپێشتریەوە بێ و خۆی بۆ ئامادەکردبێ ئەوا قسەی تر ھەڵدەگرێ ، ئەوا ھەر بۆ ئەوە بوە بۆ ئەوەی لەبەردەم میدیاکاران و تەلەڤزیۆندا ئیحراج نەبێ و خۆیشی نەیویستوە پێت بڵێ ( یا سیادە ‌الرئیس) ( جەنابی سەرۆک ) . چونکە لەم کاتەدا جەنابی سەرۆکەکە یان بۆ سەرۆک بارزانی دەگەڕایەوە یان بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ، کە ئەو نەیویستووە ھیچیانت پێ بڵێ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.