بۆ نابێ بترسین لە تێکچوونی یەکریزی کورد ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 315 جار بینراوە

سەلاح زانا

مەرج نیە ( یەکریزی ) تەنیا لایەنی ئەرێنی ھەبێ . رەنگە نەکرێ بەرامبەر بە ھەڕەشەکانی دەرەوە دەستبەرداری ( یەکریزی ) بین، بەڵام لە کێشە و پرسە ناوخۆییەکاندا، یەکریزی جگە لە ھەندێ لایەنی ئەرێنی، زیانی زۆر گەورەشی بە دواوەیە .
ھێزە سیاسیەکان بەردەوام داوای ( یەکریزی ) مان لێ دەکەن . چونکە زۆرجار ( یەکریزی ) لە بەرژەوەندی ئەوان دایە . حیزبە سیاسیەکان حەز بە پەرتەوازە بوونی کۆمەڵگە ناکەن، نەوەک بەشێکی کۆمەڵگە لە دژیان بوەستێ، وە ھەمیشە کار لەسەر ناشیرن کردنی ( ناکۆکی سیاسی و پەرتەوازەیی کۆمەڵگە ) دەکەن . چونکە بوونی ناکۆکی و پەرتەوازەیی لە کۆمەڵگەدا، کێشەی گەورە بۆ ئامانج و پڕۆژەکانی دەستەڵات دروست دەکات . کاتێ بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروست بوونیدا، بە شێوەیەکی بوێرانە رووبەڕووی گەندەڵی و ستەمکاری دەستەڵات بوەوە، لە لایەن دەستەڵاتەوە تۆمەتبار کرا بە تێکدانی ریزەکانی کۆمەڵگە و شێواندنی سەقامگیری سیاسی . دەستەڵات دژی ھەبوونی ئاراستەی سیاسی بەھێزە لە کۆمەڵگەدا، کە ببێتە ھۆی یەکخستن و ئاراستە کردنی ناڕەزاییەکانی خەڵک دژ بە ھەڵە و تاوانەکانی سیستەمی حکومڕانی . بۆیە دەستەڵات ھەمیشە پەرۆشی بوونی کۆمەڵگەیەکی تەبا و یەک رەنگە .
تەبایی و یەکریزی لە کۆمەڵگەدا، رەنگە بۆ ماوەیەک سەقامگیری کۆمەڵایەتی و تەبایی سیاسی لێ بکەوێتەوە، بەڵام لە دوور مەودادا ستەم و خراپەکاری زیاتر بەرھەم دێنێ . چونکە ھەر کاتێ دەستەڵات ھەستی بە دڵنیایی کرد بەرامبەر بە لاوازی فشار و چاودێری کۆمەڵگە لەسەر سیاسەت و کردەوەکانی، بەرە بەرە ھەنگاو بەرەو ملھوڕی و ستەمکاری زیاتر دەنێ .
بەمەش دەردەکەوێ کە کۆمەڵگەی تەبا و یەکریز، لە ھەناوی خۆیدا مەترسی گەورە ھەڵدەگرێ . چونکە ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە، بەھۆی بەھێز بوونی مەیلی ملکەچ بوون تێیدا، دەبێتە کۆمەڵگەیەکی وەستاو و کۆنەپارێز، وە بوێری ئەوەی نابێ کە رسکی سیاسی گەورە ئەنجام بدات بۆ شڵەقاندنی دۆخی سیاسی وڵات .
دوای ئەو شکستە گەورەیەی کە دووچاری ھێزە نەیارەکان ھات لە ھەرێمی کوردستاندا، بە تایبەتیش بزوتنەوەی گۆڕان، خەریکە دەستەڵات بەرە بەرە سەرکەوتوو دەبێ لە جڵەو کردن و بێ دەنگ کردنی کۆمەڵگەدا . وە ھێزە سیاسیەکانی دەرەوەی دەستەڵاتیش بەرەو ئەوە دەچن کە دەستەمۆ بن بۆ ئەم دۆخە سیاسیەی کە دەستەڵات سەپاندویەتی . بۆ پشت راست کردنەوەی ئەم بۆچوونەش، دەتوانین ئاماژە بە ھەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان بدەین، کە دەخوازێ جارێکی تریش بەشداری پێکھاتەی حکومەت بکات، ھەرچەندە ئەزموونێکی زۆر شکست خواردووی ھەیە لە کابینەی رابردوودا .
بەمەش ئەو راستیەمان بۆ دەردەکەوێ کە لە ئێستادا، کۆمەڵگەی کوردی ھەنگاو دەنێ بەرەو کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆ و یەک رەنگ، وە خەریکە بە شێوەیەکی ترسناک دووچاری دەستە وەستان و بێ ئومێدیەکی قووڵ دەبێ . بە تایبەتی کە جیاوازی ھێزە سیاسیەکان بەرەو کەم بوونەوە دەچێ لە رووی ھەڵوێست و ئامانجەوە . وە خەڵک نابێ بە ھیچ شێوەیێ دڵیان بەم ھاو ھەڵوێستیەی حیزبە سیاسیەکان خۆش بێ لە بارەی ھەوڵەکانیان بۆ کۆبوونەوە لە دەوری کێکی دەستەڵات، بە ئومێدی سوودمەند بوون لەو دەسکەوتانەی کە دەستەڵات پێیان دەبەخشێ .
بە راستی کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە ھێزێکی سیاسی بوێرە، کە ئامادە نەبێ سازش لەگەڵ دەستەڵاتێکی گەندەڵ و ستەمکاردا بکات، وە بە شێوەیەکی بێ ترس کار لەسەر تێکدانی یەکریزی کۆمەڵگە بکات لە پێناو بەگژا چوونەوەی بەرەی ستەمکار و گەندەڵ خوازان . چونکە تاکە رێگە بۆ ھەنگاو نانی دروست بەرەو دیموکراسی و سیستەمێکی سیاسی باشتر، یاخی بوونە بەرامبەر بە ستەمی دەستەڵات .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.