عێراق و ھەرێمی کوردستان لە لێواری یاخیبونێکی تردا

لەلایەن ستاندار Posted on 327 جار بینراوە

 بەھرۆز جەعفەر

عێراق و ھەرێمی کوردستان لە جەمسەرگیری جیھانی و گەمەی بازاڕو گەنەی جیوپۆڵەتیکدا ھیچیان یەکەیەکی ھەرێمایەتی یاریکەر نین، بە ئینگلیزییەکەی خانەیەک لەژێر یەکەوەن (Sub- Unit). عێراق بەگشتی و کێشەی کورد بەتایبەتی تیایدا ھێزو پەیوەندییەکانی ھێز نەخوێنراوە، نەناسراوە. بەمانایەکی تر دەوڵەت چۆن “ھێز” ی ئابوری و سەربازی و کەلتوری خۆی دابەش ئەکات لە ناوەوەو دەرەوەدا؟.
سەنتەری لێکۆڵینەوەی کاروبارەکانی خۆرئاوای ئەوروپا، سەبارەت بەگرفتە دەرەکیەکانی بەردەم فیدراڵیزەکردنی یەکێتی ئەوروپا، دەرئەنجامی پانێڵێکیان ئەمەیە کە بریتی یە: لە نایەکسانی دابەشبونی داھات، گەندەڵی، توندوتیژی لەدەرەوە بۆ ناوەوە.
بەپێی زۆربەی تیۆرە کۆمەڵناسیە سیاسیەکان، توندوتیژی ئاوھا دێت: نەبونی ڕۆڵی ئەکتیڤی دەوڵەت و یاسا، دواتر دروستبونی گەندەڵی، ئینجا ئەمە ئەبێتە ھۆی جیاکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری، ئینجا ئەمەش ئەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی توندوتیژی و یاخیبون (تمرد- Insurgency). ئەوسا ئەمەش ئەبێتە ھۆی دەستێوەردانی دەوروبەر لەناوەوەی ووڵات، ئینجا وای لێدێت ھەر گروپ و ھەر دەوڵەتێک بەدوای بەرژەوەندی خۆی ئەکەوێت و، ژێر خان و سەرخانی ووڵاتەکە دائەڕمێت و، سەتا سەتی دانیشتوان ئەکەونە بەردەم کارەساتی مرۆیی.
دۆخی سیاسی لەھەرێمی کوردستان لەوە دەرچووە باسی گەندەڵی بکرێت، پرسێکە بێئەندازە دوورکەوتنەوەیە لە بەھا یاسایی و ئەخلاقی و نیشتمانیەکان، ئەمەش تاکی کوردی تووشی ھیستریایەک کردووە کە نازانن چۆن لەو جەنگەڵە دەربازبن، کە تیایدا بنەماڵە بەناو سیاسی و ئەمنیەکانی کوردستان وا تێگەیشتون وێنای گەندەڵی و ناڕەزایەتیەکان بەھۆی دانانی میدیای زۆرەوە ئەشارێنەوە، یاخود ھیچ نەبێت خەڵک بەرەو دۆڵێکی تر لەنەگبەتی ببەن بەھۆی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاوە!. شەڕی دژی تیرۆر و توندوتیژی و یاخیبون بابەتێک نییە کۆمەڵی مرۆڤی دەستەڵاتداری بێ ئاگا بەری پێبگرن، لەدوای ١١ی سێپتەمبەری ٢٠١١ ەوە ویلایەتە یەکگرتوەکان (٦.٣) شەش تریلیۆن و سێ سەت ملیار دۆلاری لەو بوارەدا خەرجکردووە، ھەموو کاتژمێرێک لەسەر جیھان (١٥) ملیۆن دۆلار ئەکەوێت.
بەھەمان شێوە عێراقیش، بەھۆی دوورکەوتنەوەی حکومەت لەکۆمەڵگەو، بەھەدەردانێکی بێشومارو، دەستوەردانی میلیشیا ئێرانیەکان و، کرێگرتەکانی تری ووڵاتانەوە، لەو ھەموو ساڵەدا “داعش” ی بەرھەمھێنا، ئێستا بەھۆی چارەسەر نەکردنی پرسەکانی کۆمەڵگەو، شەقامەوە، سەرلەنوێ توندوتیژی و شەڕو یاخیبون لە شێوازی جۆراوجۆردا بەدەرئەکەوێتەوە، یان بەڕێوەیە.
لەھەرێمی کوردستانیش، کۆمەڵە کەسانێک ھیچ سەروەرییەکی سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتیان نییە، وەک قارچک ھەڵتۆقیون و بونەتە ترس لای ھاوڵاتیان و، دەیان ملیارد دۆلاریان کۆکردۆتەوە، ئەمەش خۆ سەپاندنێکە ئەگەر بەری پێ نەگیرێت بۆ دەیان ساڵی تر کۆمەڵگەی کوردی گیرۆدەی ئەبێت، وەک چۆن ئێستاش ملیۆنان مرۆڤ باجی ململانێی دوو بنەماڵە ئەدەن کە سەدان ھەزار کوردیان بەکوشتداوەو، سەدان ملیار دۆلاریشیان لەپاڵیدا کۆکردۆتەوە، ئەم دۆخەش بێگومان سەرئەنجامەکەی (یاخیبون- تمرد) ە لەشێوازی ئەوەی کە لە کۆنگۆ ڕووئەدات یان ئەوەی لیبیا یان سوریا یان عێراقی سیەردەمی داعش. زۆرینەی خەڵک چارەیان نییە، یان پەنا ئەبەن بۆ مزگەوتەکان و پێویستیان بە “خوا” یەکە یارمەتیان بدات، یان بەناوی حیزب و مێژووەوە خەریکی دروستکردنی پاڵەوانی درۆینەو، سەرپێخستنی لەشکرێکی تر لە نەخوێنەواری ئابوری و سیاسین کە ئاگایەکیان لەم دونیایە نییە. کەس نییە دەست ببا بۆ چاککردن و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەو “ئازایەتی” بەرھەم بھێنێت، جیھانبینی و تێگەیشتنی خەڵک بگۆڕێت…

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.