چارەکە ملیۆنێک جیاوازی لەژمارەی دانیشتوان بۆ ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 296 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

لەوەڵامی پرسیارێکی ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بەژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان ، وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ناوەند لەوەڵامی ئەو ئەندامەکوردەی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەڵێ : کۆی ژمارەی دانیشتوانی عێراق بریتیە لە ( ۳۸ ملیۆن و۱۲٤ ھەزارو ۱۸۲ کەس ).
لەناویشیدا کۆی ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانیشی دیاریکردوە کە بریتیە لە ( ٥ ملیۆن و ۳۰۹ ھەزارو ٥۹۲ کەس)کە ھەرێمی کوردستانی بەسێ پارێزگا ناساندوەو پارێزگای ھەڵەبجەش لەگەڵ سلێمانی ھەژمارکراوە نەک وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ ، بەم شێوەیەی خوارەوە ؛
— پارێزگای ھەولێر ( ۱ ملیۆن و۸٥٤ھەزارو۷۷۸ کەس )
— پارێزگای سلێمانی ( ۲ ملیۆن و۱٦۲ھەزارو۲۷۹کەس)
— پارێزگای دھۆک ( ۱ ملیۆن و۲۹۲ھەزارو ٥۳٥کەس)
کەدەکاتە ڕێژەی ( ۱۳٫۹۲۷٪)کۆی دانیشتوانی عێراق .
بەڵام دەستەی ئاماری ھەرێمی سەربەوەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆھەمان ساڵی ( ۲۰۱۸) ژمارەیەکی ترمان پێ دەڵێت بۆکۆی ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان جگە لەناوچەدابڕێنراوەکان ودەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کە نزیکەی ( ۲٦۰ )دووسەدو شەست ھەزاری زیاترە لەو ژمارەیەی کەوەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکردوە .
ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکەی دەستەی ئاماری ھەرێم بۆساڵی (۲۰۱۸) بریتیە لە ( ٥ ملیۆن و ٥۷۷ ھەزارو ۸۱٥ کەس ) .
ئەمەلەکاتێکدا کە ھەربەپێی ئامارێکی تری دەستەی ئاماری ھەرێم ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم بۆساڵی ( ۲۰۱۷) بریتی بووە لە ( ٥ ملیۆن و ٥٤۹ ھەزارو ۱۰۰ کەس )

بەکوردی وبەکورتی جیاوازی نێوان ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم بەپێی ئەو دوو ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ناوەندو دەستەی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێم زیاترە لە چارەکە ملیۆنێک ھاوڵاتی ، یاخود وردتربڵێین جیاوازی ھەردوو ئامارەکە بریتیە لە( ۲۲۳ ۲٦۸) دووسەدو شەست وھەشت ھەزارو دووسەدو بیست وسێ کەس ، ئەمەش جیاوازییەکی زۆرە لەنێوان ناوەندو ھەرێم بۆھەژمارکردنی دانیشتوانەکەی .
بۆیە لێرەدا چەند پرسیار دروست دەبن کەمەحاڵە وەڵامێکی ڕاست ودروستمان چنگ بکەوێت لەوانە ؛
ــ کام لەم دوو ئامارە ڕاستن بۆ دانیشتوانی ھەرێم ؟
ــ ئەم دوو ژمارە جیاوازە تاچەند کاریگەری دەبێت لەسەر بڕی بودجەی تەرخانکراو بۆھەرێم ؟ چونکە ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم بەپێی ئامارەکەی ناوەند کەمترە لە (۱٤٪)ی کۆی دانیشتوانی عێراق بەڵام بەئامارەکەی ھەرێم زیاترە لە ( ۱٤٫٥٪) کۆی دانیشتوانی عێراق ، ئەو جیاوازییەش بۆتەرخانکردنی بودجە چەردەیەک پارەدەکات.
ــ ئامانج چیە لەزیادنوسینی دانیشتوانی ھەرێم لەلایەن دەستەی ئاماری ھەرێمەوە ؟ ئەی لەکەم نوسینی دانیشتوانی ھەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە ؟
ماوەتەوە بوترێت لەوڵات وھەرێمێکدا دەیان ساڵ بێت سەرژمێرییەکی دانیشتوانەکەی نەکرابێت ئەوا نەک یاریکردن بە ژمارەی دانیشتوانەکەی ئاسانە بەڵکو ھیچ داتاو ئامارێکی وردت دەستناکەوێت لەھیچ بوارو سێکتەرێکدا، و ئەو داتاو ژمارانەش کە زۆر دەوترێن ودەبیسترێن زیاتر ڕێژەیی یان نزیککراوەین وھیچی تر . بۆیە لێرەوە دەکرێت و دەشتوانین حکومەتی ناوەندو ھەرێم بەدوو شوێنی یاریکردن وگۆڕینی ژمارەکان پێناسەو ناوزەند بکەین .
بەھیوای چڕکردنەوەی ھەوڵەکان لەکەناڵە ھەمەجۆرەکانەوە بۆئامادەسازی وکارکردن تاکو سەرژمێرییەکی ورد لەعێراق وھەرێمدا ئەنجامبدرێت و ڕزگارمان بێت لەم یاریکردنە بەداتاو ژمارەو دانیشتوانەکەشیەوە ، چونکە عەیبەیەکی گەورەیە لەم سەردەمی جیھانگیری و پێشکەوتنەی بواری تەکنۆلۆژیایەدا نەزانیت ودڵنیا نەبیت لە ژمارەی دانیشتوانی وڵات وھەرێم و شارو شارۆچکەوگەڕەکەکانیشت ، بەڵکو ئەوەی لێی دڵنیا بیت تەنھا ژمارەی خێزانەکەی خۆت بێت وھیچی تر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.