دوو کۆمێنتی خێرا سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت

لەلایەن ستاندار Posted on 256 جار بینراوە

ھاوژین عومەر

یەکەم: ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن پارتی دیموکراتی کوردستان لوتبەرزییەکی زۆر لە دانوستانەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێ پیشان بدات. جگە لەوەش، ئەو حیزبە تاکلایەنە سیناریۆکان بۆ نەخشەی سیاسی پێشنیاز دەکات.. ڕێگرتن لەو تاکڕەویی و لوتبەرزییە، بە لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکانی دیکە دەبێت بە یەکێتیی نیشتمانییشەوە. پارتی لە بەرانبەر ھەنگاوە تاکلایەنەکانی خۆی، گرنگە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کاردانەوە و ھەڵوێستی سیاسیی توندی دەستەجەمعی ببێتەوە.
ئەوەی ھەستی پێدەکرێت، بەر لە پێکھێنانی ھەر کابینەیەک، پارتی بە سیاسەتی (پەرت کە و زاڵ بە) دانوستانەکانی دەست پێدەکات، ھەمیشە لە نێوان گۆڕان و یەکێتی یەکێکیان گرنگی پێدەدات، لە ناو ئیسلامییەکانیش ھەروا، بەمەش جیاوازیی و خیلافی گەورە لە نێوان ئەو لایەنانە لە بەرژەوەندیی خۆی دروست دەکات. ئا لێرەوە گرنگیی یەکڕیزیی لایەنەکانی دیکە و وەلانانی جیاوازییەکانیان لە بەرانبەر تاکڕەوییەکانی پارتی، دەردەکەوێت.

دووەم: ئاماژەکانی دیکەش بۆ ئەوە دەچن، قۆناغی داھاتووی سیاسەتکردنی پارتی، بە گرنگییدانی زیاتر بە کەسایەتیی مەسرور بارزانی دەست پێدەکات لەسەر حیسابی نێچیرڤان بارزانی. پێدانی پۆستی مسۆگەری سەرۆکی حکومەت بە مەسرور بارزانی و بەجێھێشتنی پۆستێکی پڕکێشە و نامسۆگەری وەکو سەرۆکایەتیی ھەرێم بۆ نێچیرڤان بارزانی، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت..
نەک بە تەنھا لە حکومەت، بەڵکو لە پەرلەمانیش، تیمی پەرلەمانیی پارتی، ھەر بە سەرۆکایەتیی کادرێکی ژێردەستەی مەسرور بارزانی بەڕێوە دەبرێت، کە ئەویش ھێمن ھەورامییە.. ئەمە جگە لە ئاماژەکانی پشت ھاوەڵییکردنی مەسرور بارزانی لەگەڵ باوکی بۆ سەفەری ئەمدواییەی بەغدا و ژمارەیەک لە وڵاتانی دەرەوە..
کەواتە ئاڕاستەکان بۆ ئەوە دەچن داھاتووی پارتی بۆ مەسرور بارزانی نیمچە یەکلا کراوەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.