ڕێگرییەکانی ئێستا و ھەنگاوەکانی داھاتوی بەردەم کابینەی نۆی حکومەت

لەلایەن ستاندار Posted on 195 جار بینراوە

ئارام ھادی

*ڕێگرییەکانی ئێستای بەردەم کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی ڕۆڵ دەبینن لە دواخستنی پێکھێنانی حکومەت لەوانە، ناکۆکی ناوخۆیی ناوحزبەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کەسەکان لەسەر وەرگرتنی پۆستەگرنگەکانی پەرلەمان و حکومەت، ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عیراق کە تائێستاش بەتەواوی گرژیەکانی نێوانیان ئاسایی نەبۆتەوە، پرسی بەشداریکردنی گۆڕان و دانانی دووجێگری بۆ سەرۆکی حکومەت، ھاوکات دەستوەردانی بغداد و وڵاتانی ناوچەکە و جیھان کە ھەریەکە دەخوازێت، دۆستەکانی خۆیان پۆستە باڵاکانی پەرلەمان و حکومەت پڕبکەنەوە، ئەمانە ھۆکارگەلێکن کە وایکردووە تائێستا لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن بەفەرمی گفتوگۆی پێکھێنانی کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم نەکەن، جگە لەسەردانێکی وەفدی پارتی بۆسلێمانی و دانیشتنیان لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان کە زیاتر مەبەست لێی وەرگرتنی تێڕوانینی ئەو دوولایەنە بوو لەسەر پێکھاتەی کابینەکە و گەیاندنی پەیامی پارتی.

لەدوای٦٤ڕۆژ لەھەڵبژاردنەکە و ٢٦ڕۆژ لەیەکەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان تائێستا براوەکانی ھەڵبژاردن بەفەرمی تاوتوێی پرسی پێکھێنانی حکومەتیان نەکردوە، ئەمە لەکاتێکدایە تادێت دۆخی کوردستان لەڕووی (سیاسی. کۆمەڵایەتی. ئابوری. ئەمنی)ەوە ڕوو لەخراپی زیاتر دەکات، ھاوکات خەڵکیش چاوەڕوانی ئەوەیە کە ئەم حکومەتە بتوانێت لانی کەم قەیرانەکان کەم بکاتەوە، بەڵام تائێستا دیارنیە پێکھێنانی حکومەت چەندیتر دەخایەنیت ئایا کۆتایی یەکانی ئەمساڵ یا سەرەتای ساڵی نوێ پێکدەھێنرێت.

ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان لەناوخۆی ھەرێم و جیاوازی جۆری تێڕوانینیان بۆ پێکھاتەی کابینەی نۆی حکومەت سروشتیە بەو مەرجەی کارنەکاتە سەر چاکسازی لەسیستەمی حکومەت، لەکاتێکدا ھەرێم بە کۆمەڵێک قەیراندا تێدەپەڕێت، لەسەر و ھەموویانەوە پرسی داگیرکاری وڵاتانی ناوچەکە و دەستوەردانیان لەکار و باری ھەرێمدا، لەپاڵ ئەمانەشدا چڕبونەوەی گرتنە دەستی پۆستە گرنگەکان لەلایەن یەک حزبی وەک پارتی و بەدیاریکراوی خێزانی بارزانیدا کەلای خۆیانەوە یەکلابونەتەوە سەرۆکی حکومەت لەئێستادا بۆ (مەسرور بارزانی) و سەرۆکی ھەرێمیش لەئایندەیەکی نزیکدا بۆ (نێچیرڤان بارزانی) چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێت گۆڕانکاری دروست بکات لەژیانی خەڵکدا کە پێویست بێت.

*ھەنگاوەکانی داھاتوی کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کامانەن؟
کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم ھەرلە دەستپێکی کارکردنیەوە ڕووبەڕووی قەیران گەلێک دەبێتەوە پێویستی بەھەوڵی جدی ھەیە بۆ چارەسەرکردنی لەوانە
١. قەیرانی دارایی کە خۆی لەموچە و خستنەگەڕی پرۆژەی خزمەتگوزاری و دواجار ڕەخساندنی ھەلی کار.
٢. چارەسەرکردنی پرسە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەولێر و بغداد و کۆتایی ھێنان بەو ڕەوشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی پیا تێپەڕدەکات.
٣. دەرکردنی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا لەخاکی ھەرێم و سنوردانان بۆ دەستوەردانی دەرەکی.
٤. زەمینەخۆشکردن بۆ بەھێزکردنی یەکڕیزی و یەکگوتاری لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، بەجۆرێک لایەنەسیاسیەکان لەسەر ھەرپرسێکی ناوخۆیی ناکۆکیش بن کارنەکاتە سەر ھەڵوێستیان لەبەرامبەر دەستوەردانی دەرەکی.
٥. ڕێککەوتنێکی ئەخلاقی لەنێوان لایەنە بەشداربوەکانی کابینەکە تا بەدەردی کابینەی پێشوو نەبرێت لەسەر ناکۆکی دەرگای پەرلەمان دابخرێت.

دواجار ھەرێمی کوردستان لەئێستادا و لەیەککاتدا وەک چۆن پێویستی بە حکومەتێکی بەھێزھەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و دابینکردنی بودجە و موچە و پرۆژەی خزمەتگوزاری و ڕەخساندنی ھەلی کار، ھاوکات پێویستی بەئۆپۆزسیۆنێکی بەھێزیش ھەیە تا بەڕاستی و بەجدی چاودێری ھەنگاوەکانی حکومەت بکات، ڕێگربێت لە گەندەڵی و ھەموو کارە قێزەونەکانی حکومەت لەقاوبدات، بەمەبەستی ئەوەی خەڵک ژیانێکی تەندروست بژی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.