بە سوڵتانیزمکردنی ھەرێمی کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 326 جار بینراوە

كمال محمد

سیستەمی دیموکراتی لەم ھەرێمەدا تەنھا زاراوەیەکەو ھیچ مانایەکی ئەوتۆی نییە ، بۆیە پێشخستنی پێناسەیەکی وەک دیموکراسی بەم جۆرە گەورەترین بێ نەوایی ئەو سیاسی و رۆشنبیرییانەیە کە خۆیان بە سۆسیالیست و لیبراڵ دادەنێین !

لە ھەرێمی کوردستان لەژێرناوی دیموکراتی و ھەڵبژاردندا دەسەڵاتی سیاسی و حکومڕانی تاکڕەوی و بنەماڵەیی بەرەو ترۆپک دەچێت ،ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە بە ئەندازەی دابڕان لە کۆمەڵگا و دەسەڵاتێکی دیموکرات لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە ھێمایەکە بۆ بەکارھێنانی سیستەم بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کە دەبێت زۆر باش ئەم خەسڵەتەی دەسەڵاتە پاوانخوازییەکانی سەرانی حکومڕانی سوڵتانی بناسین .

سەرجەم تێڕوانینەکان لە دوای ھەڵبژاردنەوە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە حکومەتی ئاییندەو پڕکردنەوەی جومگە سیاسی و دەسەڵاتدارێتییەکان لەلایەن دەستەیەکی بنەماڵەییەوە بە واتای دەسەڵاتێکی سوڵتانی دێت ،چون دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن بنەماڵەیەکەوە نە ھزری سیاسی دەئافرێنێت نە ھیچ بەھایەک بۆسیاسەت ئەھێڵێتەوە لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆیان و لە چوارچێوەیەشدا ھەبون و گرنگی کۆمەڵگا جێگای نابێتەوە بەڵکو ھەبوون و ڕۆڵی دەسەڵاتی ھەژمونگەرایی و بنەماڵەیی تاوتوێ و گشتگیر دەکرێت .

کاتێک ھێزەکانی دەرەوەی ئەم دەستەیە سازش دەکەن و رۆڵی خۆیان لەدەست ئەدەن وەک ھێزێکی جیاواز ئەنجامێکی سود بەخشی لێناکەوێتەوە لەروی تێڕوانینێکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز دیموکراسیخوازییەوە ،چون سازشکردن و قبوڵکردنی دەسەڵات و دەستورێکی سوڵتانی ھەم خۆیان بە خودی سیستەم و ھاوبەشی دەسەڵات دادەنێن ھەم دەکرێن بە دژی کومەڵگا و دەستورێکی دیموکراسیش ،

زەوتکردنی دەسەڵات و کردنی بە پاوان زەبرێکی گەورەیە بەر تەندروستی کۆمەڵگای سیاسی و دیموکراتی دەکەوێت لەم ھەرێمەدا چون تاکرەوێتی لەھەر دەسەڵاتێکدا بە واتای دۆخی شەرێکی راگەیەندراو دێت بەرامبەر کۆمەڵگا و لە بنەڕەتدا سوڵتانیزم بە واتای لیبرالیزم دێت (واتا بێ ھێزکردنی زیاتری کۆمەڵگای بێ سیاسەت دێت)لە پێناو بەھێزکردنی سوڵتانیزمەکردنی سیاسەت و دەسەڵاتدارێتی .

ھەنگاونان بەرەو سوڵتانیزم کردنی ھەرێمی کوردستان رەوشێکی مەترسیدارەو دیوارێکی گەورەی نامۆبونە لەنێوان کۆمەڵگا و دەسەڵاتی سیاسیدا و نابینایی فیکری و دیلێتییە لەوەی بەرھەم و ناوەندەکانی دەسەڵات بە سیستەم دابنرێت و زیاتر کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکانی بریاردانە لای چەند کەسێک و نەگەڕانەوەیە بۆ دەسەڵاتی لامەرکەزی .

ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەم دواییە و رێژەی بەشداری ھاوڵاتیان دەرخەری ئەو راستییەن کە ھیواکان و بەخشینەوەی متمانە بە دەسەڵات بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و چاکسازی لەدەسەڵاتدارێتیدا لە چ ئاستێکدایە !

بەڵام ئەمە نەک بوە ھۆی لەدەستدانی گۆڕانکاری و فشار خستنە سەر دەسەڵات بەڵکو ھەمیشەییبوونی قەیرانەکان و گەورەبونی پاوانخوازییان لە گۆڕەپانەکەدا وەک سیستەمی دو قەیران یەکتری بەخێو دەکەن جێگیربکەن و کۆمەڵگا و ھێزە سیاسیەکانی دەرەوەیان ناچاربە دەسەڵات و دەستورێکی سوڵتانیزمی بھێنن ،لێرەدا ئەرکی ھێزە سیاسییەکانی دیکەیە لە رێگەی رێکخستن و چۆنێتی کارکردن و بریاردانییان پێکەوە ئەوە بسەلمێنن کە کۆمەڵگا ودەسەڵاتی سیاسی بە واتای خۆرادەستکردن بەو ھێزانە نەھاتوە کە خوازیاری بە سوڵتانیزمەکردنی ھەرێمەکەن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.