‌ نامەیەکی کـــراوە بۆ (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان).

لەلایەن ستاندار Posted on 355 جار بینراوە

ئارام مجید

سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە.
سڵاو بۆ پێشمەرگەی کوردستان.
سڵاو بۆ شەھیدانی سەنگەری بەرگری کوردستان.
سڵاو بۆ شەھیدانی ئەنفال و کیمیاباران.
سڵاو بۆ زیندانیانی سیاسی
سڵاو بۆ کەمئەندامان و برینداران.
سڵاو بۆ خۆنەویستان خەباتگێڕان.
سڵاو بۆ ھاوڵاتیانی کوردستان.

بەڕێزان..سەرۆک و بەرپرسان و کاربەدەستان و قسەڕۆشتوان لەھەردو حیزبی دەسەڵاتیداری ھەرێمی کوردستان، ئێمەی ھاوڵاتی ئەم ھەرێمە لەخەبات و ماندوبوون و مێژووی کۆڵنەدان و ڕۆژانی سەخت و سەنگەری بەرگریتان باش تێدەگەین و لەگەڵتان بوین و لەگەڵتان دەبین، ئێمەی ھاوڵاتی لەڕۆژانی نەھامەتی ئێوەدا لەسەنگەرەکانی پشتەوە ھاوکار و ھاوڕێ و پێشمەرگەی نادیاربوین بەماڵ و منداڵ و بەگیان لەگەڵتان بوین و لەگەڵ ئێوەدا شەھید و بریندار و کەمئەندام بوین و لەگەڵ ئێوە و بۆ خزمەتی ئێوە و کوردستان ماڵمان وێران کراو و گوندەکانمان سوتێنران و ئاوارەکراین و دەربەدەری زێدی بابوباپیرمان کراین و ھەرساڵێک لەشارێک و لەوڵاتێکی دراوسێ خێمەی ئاوارەییان بۆ ھەڵدەداین!
ھاوڵاتی بەشمەینەت زۆرجار لەبری ئێوە دەگیراین و زیندانی کراین و ئەشکەنجەدراین و ھەڵواسراین و تەنانەت کیمیاباران و ئەنفالیش کراین و ھەندێکیشمان بوین بەزیندانی سیاسی، ھەندێکیشمان ھێشتا شەھیدی زیندووین! لەبیرتانە لەڕۆژانی سەختی خەباتی ئێوەدا بێ گوێدانە ژیانی خۆمان و ماڵ و منداڵمان پارووی دەمی خۆمانمان بۆ دەگرتنەوەو ملی ڕێگەی نەمان دەگرتەبەر و بۆمان دەھێنان بۆشاخ و خۆمان برسی دەکرد بۆئەوەی ئێوە تێر و پۆشتەو ئامادەو دڵسۆزبن!لەبیرتانە چۆن ژیانی خۆمانمان فیدای ژیانی ئێوەدەکرد!لەبیرتانە بۆ ژیان و خەبات و ماندووبونی ئێوە شەونخونیمان دەکرد و بەشەو بەڕۆژ بەکات و ناکات ھاودەم و ھاوخەم و خزمەتکارتان بووین و دەرگامان لەسەرپشتبو بۆتان! لەبیرتانە چیرۆکی ئازایەتی و بەرگری و خۆڕاگری و ناوی پیرۆزی پیشمەرگەو فیداکاری و ڕۆژانی سەختی ئێوەمان کردبوویە چیرۆکی بەرئاگاردان بۆ شەوانی منداڵانمان، بەباسی ئازایی و خۆڕاگریتان منداڵەکانمان گۆش دەکرد! لەبیرتانە ئێوە لەشاخ پێشمەرگەبوون و ئێمەی ھاوڵاتی لەشار خەباتکار و پێشمەرگەبوین، لەبیرتانە لەبری ئێوە لەزیندانیەکانی ناوشاردا جەستەمان لەژێر پۆساڵی بەعسیەکاندا بوو لەتاو ئازار و ئەشکەنجە ھاوارمان دەگەشتە کەشکەشانی گەردوون!
بەڕێزان سەرۆک و بەرپرسانی ھەردو حیزب، ئێمە دەزانین و ئێوەش دەزانن!! ئێمەدەزانین چیمان کردوو چۆنمان کرد و بۆچی کردمان و لەپێناو چی کردمان، ئێمە کردمان بێ ئەوەی گوێ بەبرسیەتی ڕۆڵەکانمان بدەین،بێ ئەوەی ھەست بەماندوبومان بکەین، بێ گوێدانە گیران و زیندان و سزادان ھەڵواسین و ئەشکەنجەو سزا تامردن!ئەمەش بۆ ئەوەبو کە خەبات سەری گرت و ئێوە ھاتنەوە شار بۆ ناو براو ھاوڕێ و ھاوڵاتیان یان ھەمومان وەک یەک لەخۆشیدابین و تێر و پۆشتەو بێخەم بین یان ھەمومان پێکەوە برس و ڕووت و ڕەجاڵ و خەمباربین، یان ئەوەتا پێکەوە سەرکەوین یان پێکەوە لەشار بمرین لەپێناو کورد و کوردستان! یان ئەوەتا ڕۆڵەبرسیەکانی دوێنی گوند و ڕۆڵەکانی ئەمڕۆی شار وەک یەک بژین و لەگەڵ خەم و ئازاری یەک بین!
بەڕێزان، وەک دەزانین و وەک دەزانن پێکەوە شۆڕش و خەباتمان کرد و ڕاپەڕینمان کردو ئاوەرە دەربەدەربوین سەرلەنوێ لەگەڵتان بوین و دەنگمان پیدان و دوبارو ھەزاربارە ئێوەمان خستە شوێن و جێگەی بەرزی پڕکەیف و سەفا بۆ ئەوەی لەگەڵمان بن و خزمەتمان بکەن و لەئێش و ئازار و ھەژاری و نەداریمان تێبگەن و بۆ ئەوەی ئێوە حوکمڕانی باش و دڵسۆزمان بن و لەناومان بن و لەگەڵمان ھاوسۆز و ھاوخەمی ھووڵاتیان و لابەری ئازار و ناڕەحەتیەکانمانبن.
بەڕێزان لەھەردوو حیزبی شۆڕشگێڕ، دەزانین ھەزاران سەرکردەو کەسی خەمخۆر و ماندونەناس و بەوەفا لەنێوتان بوونی ھەیە، دەی لەوان تێبگەن و لەئێمەی ھاوڵاتیش تێبگەن باھەمومان ئاسودەو بەختەوەربژین، بەسە ئیتر سەردەمی یەکترشکان و ململانێی نێوخۆیی خۆتان بەرژەوەندی تەسکی حیزبی کتایی پێبھێنن و برسی کردنی ئێمەی ھاوڵاتی کۆتایی پێ بھێنن،بەسە ئیتر واز لەتێربونی خۆتان و گیرفان خاڵی ھاوڵاتیان بھێنن، بەسە ئیتر واز لەدەوڵەمەندی و خۆشخۆری و ھایلایڤ ژیانی خۆتان بھێنن و کەمێک خزمەتی ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمە بکەن،بەسە ئیتر لەگەڵ خۆتان و بۆ بۆخۆتان مەبن بەڵکو لەگەڵ ئێمەبن.بەڵێ ئێستاش دەڵێین ڕێک و تەباو برابن و پێکەوەبن، ھادەنگ و ھاوڕەنگبن،لەگەڵمان بن لەگەڵتانین، بۆ ئێمەبن و ئێمەش بۆ ئێوەدەبین و ئیتر کاتی خزمەتی ھاوڵاتی و سەردەمی تێپەڕاندنی ناخۆشی و قەیرانەکانە.
بەڕێزان ئێمە دەزانین و ئێوەش دەزانن دەڵێین بەشی خۆتان بخۆن و بیبەن و ھەڵگرن،بەڵام بابەشی ھاوڵاتیانیش ھەبێت و خزمەتی خۆتان بکەن و خزمەتی باشی ھاوڵاتیانیش بکەن،تکایە بۆ جارێکیش بێت گوێمان لێبگرن و لێمان تێبگەن و ھاوئازار و ھاوخممان بن،تکایە لەجگەرسوتانی دایکی شەھیدان تێبگەن!تکایە لەناسۆری کەس و کاری ئەنفالکراوان و کیمیاباران و زیندانیانی سیاسی تێبگەن! تکایە چارەسەری ئەم قەیانە لەدەستی ئێوەدایەو لای ئێوەیە دەی لەماندوبون و خراپی بارودۆخی ھاوڵاتیان تێبگەن،ئێمە دەنگمان پێدان ئێوەش بەدەنکمانەوەبن، ئێمە لەڕابردوو لەخزمەتی ئێوەدا بووین و ئێوەش ئێستا خزمەتکاری ئەم میللەتە ھەژار و نەدارەبن و پێکەوە جوان و ئاسودەین و بەپێکەوەبون دەگەینە ئامانج و سەرکەوتن.
لەکۆتایدا دەڵێم لەخۆتان بپرسن ئەگەر بۆ یەکجاریش بوایە شەھیدانی ھاوسەنگەر و ھاوخەباتی ئێوە زیندو ببونایەتەوە بەم ژیانەی ئێستای ئێوە ڕازی دەبون؟دەتانتوانی سەربەرزانە لەبەرامبەریان بوەستانایەو پێتان بوتنایە بەڵێ پێکەوە خەباتمان کرد و ئێوە شەھیدبوون بۆ حزمەتی ھاوڵاتیان و دابینکردنی ژیانێکی گونجاو و پڕخزمەتگوزاری بۆ ئەم میللەتە؟ دەتانتوانی بڵێن بەڵێ ئێوە بێخەم بنون ئێستا ئێمە خزمەتکاری ئەم میللەتین؟ دەتان توانی بڵێن بەڵێ ئێستا ئێمە برسین و ئەوان تێرن لەخەمی ژیانی ماڵ و منداڵیانداین؟
بەرز و شەکاوەبێت ئاڵای کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.