شانۆگەری گۆێچکەکانم قسە دەکەن، شاکارێک بۆ خۆی:

لەلایەن ستاندار Posted on 418 جار بینراوە

رزگار عه‌لی

به‌شی دووه‌م
٣. ژن و مێنتەلێتیی خێڵەکی/ کارۆخ ئیبراھیم لەناو نمایشی شانۆکە ژنی وەکو سەنتەڕڵی کارەکە پیشان داین، ژن وەکو سەروەری کێشەکانی کۆمەڵگە، ژن وەکو قوربانییەک، دواجار کارۆخ لە کۆتایی نمایشەکە ھەر بەوە نەوەستا کێشەکە بە سەنتڕاڵ بکات، وەکو ئەو پیاوانەی نەکرد چونکە باسی ژن و مافی ژن دەکەن پێویستیان پێیانە،کارۆخ بە بەشداری خوشکەکەی دەسەڵاتی پاتریاکی خۆی کوشت ئینجا ھەستا باسی ژنی و کێشەکانی ژنی کرد. ئەوەی تایبەت بوو بە نمایشەکە واوەیلای قورگی پڕ گریانی ھەمووان بوو دەربارەی ئەو تراژیدیانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، وەلێ بێئاگا لەوەی ئەوەی ئەو ترژایدیایەی خوڵقاندووە خۆ لە عاسمانەوە نەھاتووە بەڵکو ئێمەین، کارۆخ لە ڕێگەی کێشەی منداڵنەبوونەوە چووە ناو ئازارەکانی ژن، ژن دەوردراو بە مێنتەڵییەتی خێل و فەنتامیتالیزمی ئاینی، ژن لە کۆمەڵگەی ئێمە مێژوویەک لە گریان و خۆڕنینەوە، مێینە ئەمانی نییە، چەکێکە زامن ناکرێت، ئاگات لێ نەبێت ناموسمان دەبات، مێینە وەکو ئامرازێکی منداڵخستنەوە، منداڵیش کوڕ دەبێت بێت، ژن پیرۆزی لەگەڵ خۆی ناھێنێت، ترس لە شەوی یەکەم ، ترس لە چارەنووسی نادیار، ژن وەکو پێداویستی پیاو، ژن وەکو بەشێک لە موڵک و کەلوپەلی پیاو و براکان و خێل، ژن گەرەکە بەحەیاو بەشەرم بێت، نابێت دەربکەوێت بۆ ناحەزان، پیشاندانی ژن وەکو ئەوە ھەموو گیانی و جەستەی عەورەتە. ھەموو ئەمانە گەلەکۆمەیەکی فەنتامیتالیزمی دینی و مێنتەلێتیی خێڵە لەسەر ژن، لەم مەملەکەتە ئینسان وەکو ئینسان لەدایک نابێت، جا وەرە ژنیش بیت، ھەرچەند ئێستا بانگەشەی ئەوە دەکرێت بەھۆی ھاتنی مۆدێرنەوە دۆخی ژن لە ئاستێکی دیکە دایە، وەلێ ئەوەی ھەیە جگە لە سەتحێتێکی بێمانا زیاتر نییە، ئەوەی ھەیە ئێستا تەنیا بەھۆی تەکنۆلۆژیاوە ژنانی کۆشک و سەراکانی بەھۆی مێردە سیاسییەکانیان کە پارەی ئەم مەملەکەتە لوش دەدەن، پۆزێکی خوایانە و تەکەبورانە بەسەر ژنانی دیکەی مەملەکەتەوە دەکەن، خۆیان عەرز دەکەن ، دەنا ئامارەکانی کوشتن و تڵاق و ناوەڕۆکی خێڵگەرایی و دەسەڵاتی پاتریاکی درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات و شەڕەفێکی نەبوویان بە کوشتن بەدەستدەھێننەوە.
٤. ژنانی ئێزدی وەکو تایبەتمەندییەک/ کارۆخ کارەساتی ئیزدییەکانی لە بیر نەکرد، تەسلیمکردنی ژنان و کچانی ئێزدی لە لایەن ھێزە کوردییەکان بە داعش و جینۆسایدکردنیان بەناوی دینەوە لە لایان پیاوانی خودا و فەنتامیتالیزمی دینی و دواجاریش ئەگەر ڕزگاربوویەک ھەبێت لە ژێر ھەڕەشەی مێنتەلێتی خێڵگەرایی، کەسمان ئەوە جینۆسایدە لە بیرناکەین، چۆن ژنێک دەکرێت لە ژێر سایەی پیاوانی دینیدا دەکرێت سەدان مێردی ھەبێت، یان منداڵێک دەکرێت سەدان باوکی ھەبێت، ژنێک بەم بارودۆخەوە بێتەدەرەوە و ڕووبەڕووی عەقڵێتی خێڵگەرایی بێتەوە، دەبێت چی ڕووبدات، خلیل جندی لە وتارێکیدا بەناوی : ((الایزدیە الی الوراء در) بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەو پەتای خێلەکییە دەکات: لای برا ئێزدییەکان ئەگەر باوک ئەو کوڕەی بەدڵ بێت بۆ خوازبێنی کچەکەی ھاتبێت، بە کوڕەکە دەلێت کردمە پێڵاو و لە پێم کردیت، چەندە بە ئازارە ئەگەر لە دۆزەخی پیاوانی دینی ڕزگاربوو ببیت و بەناوی ڕزگاربوونەوە بکەویتە دەست دەسەڵاتی پاتریکی ئەم ھەرێمە، وەکو وایە لە دەست گورگ ڕزگاربوویت و بخرێیتە بەردەم شێر، ھەندێک لە ڕزگاربواون ئەو ڕزگارییان قبوڵ نەکرد و لە چیای شەنگال خۆیان فڕێدایە خوارەوە، ھەندێکیان تا ئێستاش لەناو دۆزەخی ئەم دەسەڵاتە خێڵەکییە پاتریاکەوە ماونەتەوە.
٥. یادەوەری/لە نێو ڕووداوەکانی شانۆگەرییەکە یەکێک لەو خاڵانەی بۆ من جێگەی سەرنج بوو، ئاوڕدانەوە بوو لە زەمەنی یادەوەری، غیابی یادەوەری وەک کارەساتێک لەبەردەم تاک و کۆمەڵگەی کوردی، دوێنێ چی ڕوویدا؟ بۆ ڕوویدا؟ ئەو ھەموو کارەساتە چیبوون؟ بۆ مەحکومین بە دووبارە و سەدبارەبوونەوە، سیناتۆرێکی ئەمریکی بە کاربەدەستێکی ئەم نیشتیمانەی وتبوو، کاتێک ئەنفال و کیمیاباران کرا،کاتێک خۆتان واتەنی نزیکەی ٢٠٠ھەزار کوشتار ڕوویدا، چۆن دوای تەنیا چەند ساڵێک ، ھێشتا خوێنی قوربانییەکان وشکنەبوویەوە ئەو کارەساتەتان بیرچوویەوە و دەستان چووە ناو خوێنی یەک؟ چۆن شەڕی ناوخۆتان ھەستان؟ دەکرا ئەوەشی بووتایە ئێوە لە چ مەعدەنێکی بەشەرێتن؟ دوای ئەوە، دەیان کارەسات و شەڕو ئاشوب وکۆڕەوەکە و شەنگال و کەرکوک ڕوودەدەن وەکو شنەبایەکی بەیانیان تێدەپەڕێت بەلامانەوە، پرسیار و شۆک دروست ناکەن، تەنانەت وا ھەست ناکەیت ھیچ ڕوویداوە، شانۆگەرییەکە تا ئەو ڕادەیە دەڕوات تەنانەت ناوی خۆشمان نازانین؟ نازانین چ بەروارێکە؟ من کێم؟ ئەو پرسیارە چەند جار لە شانۆکە دووبارە بوویەوە. ئەمە تەنیا لە مێنتەلێتی خێڵدا ڕوودەدات، خێلی بێ دەفتەر و بێ تۆمار و بێ مێژوو. مستەر ڕیچ لە گەشتەکیدا بۆ کوردستان نووسیویەتی: ((ئیمڕۆ لەگەڵ میردا، کە باسی مێژووی کوردستانمان کرد، پێم بەجەرگی خۆم ناو سەرسامیی خۆم بۆ باس کرد، کە بۆچی ئاگاداری مێژووی بنەماڵەکەیان نییە، بە نەزاکەت و سەنگینییەوە پێی وتم ئەو مێژووە شایستەی نووسینەوە نییە، چونکە مێژووی بنەماڵەیەکی دەسەڵاتدار نییە، بەڵکو مێژووی خێڵێکی سادەیە)) .
٦. کەرکوک وەکو شارێکی لەدەستچوو/ دیالۆکێکی نێو شانۆکە: (( وەکو ئەوەی دوو قومارچی یاری بکەن، بردنەوە و دۆڕاندن بە قومارخانە چی؟)) ساڵانێکە ئەم شارەلە جیاتی ئەوەی بێتە قەزێکی مێژینەی کوردی،بوەتە قومارخانەیەکی گەورەیە،ئەم قومارخانەیە بدۆڕێیت ھەر دۆڕاویت و بیبەیتەوە ھەر دۆڕاویت،شارێک لێوانلێو ھەڵماڵینی دیوی ڕاستەقینە و ماسکی دڕندەیی ھێزە کوردییەکان، شارێک بەعس نەیتوانی ئیستاتیکیای بەلاغەتی (حەیاتم) لێ بسێنێت وەلێ ھیزە کوردییەکان لێیان سەند، شانۆکە لە ڕێگەی ڕموز و میتافۆڕی (حەیاتم و ئاودیوکردنی کەرەستەکانی نیشتیمان) کارەساتەکان دەخاتە بەردەستت. ئەمە ئاودیوکردنە و ڕاوڕووتە مێژووەکەی بۆ دوای ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە وەلێ بەناوی ڕزگاریی شارەوە ئەم دوایانە گەیشتە کەرکوک، ڕاوڕووتێک، ھەر لە تاڵانی بەنداوی بێخمەوە کە بەھاکەی دەیان ملیون دۆلار بوو، تاھەڵکەندنی کێبڵی ئەستوری تەلەفون کە دوو سایدی شارە کوردییەکانی بەیەکەوە دەبەستەوە ، تا ھەموو ئاودیوکردنی کەرەستەکان و ئامێرەکانی قوتابخانە پیشەسازییەکان و پەیمانگییە تەکنۆلۆجییەکان، نووسەری کوردمحەمەد فەریق لە کتێبی (مینتەلێتی خێل) ئەم ڕاوڕووتە بە گەورەترین ڕاوڕووت و لە مێژووی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ناویندا وەسف دەکات. شارێک ھاونیشتیمانیان بەتەواوی وێران و سەرگەردان و دواتر خێڵەکان وەکو وایەمنداڵبن و شەڕە گەڕەک بکەن دێن لەسەر دۆڕاندنی یەکتر تۆمەتبار دەکەن. لە شانۆکە ئەوەی تێبینم کرد زۆربەی کاربەدەستان و دەستە و تاقمی ئەم کاربەدەستانە لەوێبوون، ئەو کات دیمەنێک لە شوپھاندن ھاتە زەینم کە ھەرگیز لە یادم ناچێتەوە ، کاتێک نازییەکان بە ھەزاران لە جووەکانیان قەتڵ و عام دەکرد، دوای سەردەمانێک دەسەڵاتی نازی لەناوچوو، زۆربەی کاربەدەستانی نازییان کۆکردەوە و لە دیار سینەمایەک تاوانەکانی خۆیان پیشان دەدان، چ تاوانێکیان ئەنجام داوە، وەلێ زۆربەیان تەحمولی بینینی تاوانەکانی خۆیان نەبوو، ھەردوو دەستیان لەسەر چاوەنیان دادەنا. شانۆی (گوێچەکەکانم قسە دەکەن) بەلای منەوە ھەمان دیمەن بوو، زۆربەیان لەو ھۆڵە بوون، ڕوونتر لەوەی نازی پێیان دەوترا ئێوە چین و چ مەعدەنێکی تاوانبار و تاوانکارین، وەلێ ئەوەی جیاواز بوو، کاربەدەستانی ئێرە دەستیان لەسەر چاوەیان دانەدەنا، شەرمەزاری داینەدەگرتن، بەڵکو چەپڵەیان لێدەدا، خەڵاتیان بەسەر دەرھێنەردا دابەش دەکرد، شانۆگەرییەکە پێیمانی دەگوت: ئای خودایە ئێوە چین و لە چ مەعدەنێکی شەیتان و ئیبلیسیدا دروست کراون؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.