یەکگرتوو نابێت موعارەزە بێت

لەلایەن ستاندار Posted on 610 جار بینراوە

دانا نه‌وزار

لەساڵی ١٩٩٥ لە نزیک پارێزگای دھۆک نەخۆشی کۆلێرا بڵاوبویەوە. مەترسی تەشەنەسەندنی نەخۆشیەکە لەئارادا بوو. کوردستان نە خاوەنی توانای بەشەری و نە خاوەنی ژێرخانی پزیشکی پێویست بوو بۆ روبەروبونەوەی حاڵەتەکە. یەکگرتووی قوتابیانی ئیسلامی کە باڵی خوێندکارانی یەکگرتوو بوو نزیکەی ٥٠٠ ئەندام و خۆبەخشی خۆی کە زۆرینەیان خوێندکاری پزیشکی بوون رەوانەی دەرەوەی دھۆک کرد. چادرگەی تەندروستی و تیمی ھۆشیاری تەندروستی و رێگرتن لە بڵاوبونەوەیان دانا و ھاوکارێکی گەورەی تیمە تەندروستیەکان بوون. سوپاس بۆ خودا پەتاکە کۆنترۆڵکرا.

ئەو کاتەی شەڕی ناوخۆ ھەڵگیرسا، یەکگرتوو لەناو کۆنگرەی دوەمی خۆیدا بوو. یەکەم روبەروبونەوەی چەکداری پارتی و یەکێتی لەکاتژمێرەکانی کۆتایی کۆنگرەی یەکگرتوودا بوو. یەکەم بەیاننامەی داواکردنی ئاشتی لە یەکگرتوەوە بوو. یەکەم میدیا کە بە مانشێتی گەورە شەڕەکەی ناونا ‘شەڕی براکوژی’ رۆژنامەی یەکگرتوو بوو

ئەو کاتەی لۆردەکانی جەنگ و ئومەرای حەربی شاخ کە بەبێ ھیچ سامانێکی مەعنەوی و دارایی گەڕابونەوە کوردستان و بڕیاری ٦٨٨ ی نەتەوە یەکگرتوەکان کە بویە ھۆی پاراستنی کورد، رێگەی خۆشکرد چەند حیزبێکی بچوک موقەدەراتی کوردستان کۆنترۆل کەن و دو حیزبەکە شەڕی گومرگی ئیبراھیم خەلیلیان بوو، یەکگرتو لەرێگەی رێکخراوی خێرخوازیەوە ئەو ئەرکەی ئەنجام دەدا کە حکومەت نەیدەکرد و بە دەیان ھەزار بێ باوک و ھەژاری بەخێودەکرد کە زۆرینەیان دواتر ھیچ ئیلتیزاماتێکی حیزبیشیان بۆ یەکگرتوو دروست نەبوو

یەکگرتوو لەجەنگەڵستانی نەوەدەکاندا چۆن توانی وابێ؟ چونکە یەکگرتوو موعارەزە نەبوو. یەکگرتوو پەیامی نا نەبوو ، بەڵکو پەیامی ‘با’ بوو. ھەر بۆیە سوتفە نیە کە مارشی دێرینی یەکگرتوو بە با دەستپێدەکات. با برایی کە ئاواتی ھەموانە. یەکگرتوو لەجێی تفکردن لە تاریکی، روناکی وەک بەدیل خستە روو. سرودێکی بەناوبانگی دیکەی یەکگرتوو ‘ئۆخەی روناکی ھاتەوە، مۆم چرا باویان نەما. مۆم و چرا حەدیان چیە، بگەن بە ئەو روناکیە’

لەراستیدا ئەم قسەی بڵێی یەکگرتوو نابێت موعارەزە بێت قسەیەکی ئیفە. چونکە خودی یەکگرتوبون ، وەک جوڵانەوەیەکی ئیسڵاحی، نەقیزە لەگەڵ ھەموو سیستەمی سیاسی و کلتوری سیاسی کوردستان. ھەر بۆیە یەکگرتوو تا ئەم ساتەش نامۆیە. ئەگەرچی ماوەیەکە بەھۆی ئەوەی جیاوازیەکانی لەگەڵ ئەوانی تر کەمبۆتەوە ئەمیش خەریکە بە وەزعەکە رادێ، بەڵام یەکگرتوو کە ھات، نایەکی گەورە بوو بۆ تەواوی تەبەقەی سیاسی کوردستان. مۆدێلێکی تری سیاسەت بوو. یەکەمجار بوو گروپێکی کوردی لەجێی داوای نان، نانی بە خەڵک ئەدا. لەجێی داوای قوربانی و خوێن، گۆشتی قوربانی دابەشدەکرد. بەڵام موعارەزەبوونی یەکگرتوو پەرچەکردار نەبوو ، بەڵکو کردار بوو. واتە یەکگرتوو دژی شتێک نەبوو، بەڵکو بۆ شتێک بوو.

شوێنی سروشتی یەکگرتوو دەسەڵاتە. چونکە یەکگرتوو پرۆژەیە نەک دوکانی سیاسی. بەڵام کە یەکگرتوو نەیتوانی بگاتە دەسەڵات، نابێت موعارەزە بێت. بەڵکو ئەبێت دەسەڵاتێکی ھاوتەریب دروست بکات. ئەم قسە قسەیەکە تەنھا بۆ کوردستان و ھەندێ وڵاتی ھاوشێوە دەگونجێ

گەورەترین فەشەلی یەکگرتوو کورتکردنەوەی دژایەتی کۆی سیستەم و کلتوری سیاسی بوو بۆ موعارەزەی پەرلەمانی. لەیادکردنی ئەو راستێە بوو کە خودی بوون و پرۆژەی یەکگرتوو دژە بەو ئەخلاق و کلتورە سیاسیەی دەسەڵات و موعارەزەشی لەسەر گەورە بووە. خراپتر لەوانە ، یەکگرتوو لەنێوان لاساییکردنەوەی ئەوانی تر و ترسی بوون بەوانی تردا وەک ئەو قەلەرەشەی لێھات کە لە لاسایی باڵندەی تری کردەوە، بەڵام نە بوو بەوان و رۆشتنی خۆێشی لەبیرچویەوە

یەکگرتوو ئێستا دەرفەتی راستکردنەوەی ئەو ھەڵانەی لەبەردەستدایە کە لە ٢٠٠٥ دەستی پێکرد. ھەڵەی ناوچەگەری و دەڤەرچێتی ٢٠٠٥، ھەڵەی بچوک بونەوو بۆ موعارەزەی پەرلەمانی و چۆڵکردنی تەواوی پنتەکانی دی ٢٠٠٩، ھەڵەی رازی بوون بە بەشداری حکومەت بەبێ دەسەڵا ت ٢٠١٣،

ئێستا یەکگرتوو ھەڵەی ئەخیری راستکردۆتەوە، سەرەی راستکردنەوەی ھەڵەی پئشوترە. کاتی گەورەبونە لە موعارەزەی پەرلەمانیەوە بۆ موعارەزەی کۆی ئەخلاق و کلتور و بونیادی سیاسی ، کاتی پئشکەشکردنی مۆدێلێکی جیاواز و بەدیلێکی فیعلیە بۆ ئەو فەوزا ئەخلاقی و ئیعلامیی و سیاسی و ئابوریەی ھەیە، کاتی دروسکردنی موئەسەساتی ھاوتەریبە کە فریای ھاوڵاتی کورد بکەون ، کاتی ھەنگاوی ستراتیجیە بۆ بەھیزترکردنی ژێرخانی کۆمەڵایەتی کوردی، کاتی ئەوەیشە بێ شەرمتر و بێ ترستر جیاوازی خۆی بە کردار بخاتە روو، زەمەنی کۆتاییھینان بە موعارەزەی بەیاننامە و ئۆپۆزسیۆنی سێڵفیە، نەک کاتی بچوک بونەوە نیە بۆ شەڕی موزایەدەی فەیسبوک، کاتی بەرزبونەوەیە بۆ پیشاندانی بەدیلی فیعلی

یەکگرتوو تەنھا خۆی بێت و جیاواز بێت پێویستی بەوە نیە موعارەزە بێت. ٥ ئەندامەکەی یەکگرتوو لە پەرلەمان ئەبێ ٥ لەسەدی ئیھتیمام و کاری یەگرتوو بێ.، مزگەوتەکان، چایخانەکان، نەخۆشخانەکان، ساحەکانی یاری. کۆنسوڵخانەی وڵاتان، میدیای خوێنرا و و بیستراو و بینراو، سۆشیال مدیا، گەڕەک و کۆڵەانەکان، ئەمانە ئەبێ ئەولەویەتی یەکگرتوو بن نەک پەرلەمانێ کە چوار سەرسەری یاری پێئەکەن. گەر موعارەزە بونت ئەوێ، ١٠٠ لەسەد جیاواز بە لەوانی تر، چونکە خەڵک لەو سیستەم و ئەخلاق و بوونی ئەوانی تر ماندوە! لە یەکگرتویەکیش تورەیە کە لەوانی تر بچێ. ھەڵبژاردنی داھاتوو قیمەتی فلسێکی نیە کە نەوەی داھاتوو بدۆڕێنی، موعارەزە بوونیش نرخی تورێکی قوڕاوی پردێی نیە ئەگەر تۆش لەوانی تر چویت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.