بەرھەمھێنانی نەوتی کوردستان: کێڵگەی خورمەڵەو ناڕوونیەکانی!

لەلایەن ستاندار Posted on 518 جار بینراوە

بەھرۆز جەعفەر

یەکێک لەگرفتەکانی بەردەم سێکتەری ووزە لە ھەرێمی کوردستان بریتی یە لە نەبونی شەفافیەت، کاتێک ئەنەلایز ئەکەی ئەبێت داتا ھەبێت، بۆئەمەش یان ئەبێت پەیوەندی بە ” دیلۆیت Deloitte- ” ە وە بکەی، یان ھەندێ جار لەڕێگەی ئەوانەی نەوتی کوردستان ئەکڕن، یاخود لەڕێگەی ئەو کەشتیانەی کە نەوت لەھەرێم وەرئەگرن لە میناکان “ئەمەش زۆرجار رۆیتەرز” ئەیکات، وەیان لەڕاپۆرتی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانی بواری نەوت…
ئینستیوتی مێدیتریانە، ماوەی سێ مانگە سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی تێرو تەسەلە سەبارەت بە یەدەگ و سەرچاوەی نەوت و غازی سروشتی ھەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتەکە پتر لە (٤٠) لاپەڕەیە بەزمانی ئینگلیزی و، کراویشە بەکوردی و، ئەکرێت بەعەرەبی و، ھەم لە پێگەی www.mirs.co بڵاوئەکرێتەوە ھەم چاپ ئەکرێت. نزیکەی (١٢٦) سەرچاوەی تیا بەکارھاتووە، ھیچ لەسەرچاوەکان نە کوردین نە عەرەبی!. یەکێک لە گرفتەکان دەست نەکەوتنی زانیاری و داتایە سەبارەت بە ئاستی بەرھەمھێنان لە کێڵگەی خورمەڵە کە کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری کوردی ” کارگروپ -Kar Group کاری تیا ئەکات.

بەربادی سیاسەتی ووزە لەھەرێمی کوردستان
پێگەی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە ماوەی (٢) ساڵدا تەنھا (٣) بابەتی دابەزاندووە، لەکاتێکدا پێویستە ھەفتانەو مانگانە ڕاپۆرتەکان بڵاوبکاتەوە، یاخود ڕۆژانە کاروچالاکی وەزارەتەکە تیایدا پۆست بکرێت. ئێستا (٢٠١٨) یەو مەسەلەن کۆمپانیای داناگاز و پیرل پیترۆلیۆم ئەڵێن لەماوەی (٢) ساڵدا کێشەی کارەبای ھەرێم چارەسەر ئەکەن، ئەبێت پێمان بڵێ چۆن؟. مەسەلەن دوو گەورەترین پاڵیۆگەی نەوتی ھەرێم وەزارەتی پیشە سازی عێراق بونیادی ناوە، ئێ ئەمان چوون بە موساتەحە داویانە بە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، ئەبێت پێمان بڵێ بۆ؟. حکومەتی ھەرێم لە پەیامێکدا مانگانە ئاستی وەبەرھێنان بڵاو ئەکاتەوە بەڵام تیایدا ئاستی بەرھەمی کێڵگەکان دەست نیشان ناکا!؟.
بەشێوەیەکی گشتی لە بواری شەفافیەتدا ھەرێمی کوردستان ئاستێکی لاوازی تۆمارکردووە. ھەرێم ئەڵێت ئاستی بەرھەم زیادی کردووە، لەلایەکی ترەوە بەھۆی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانەوە ئاستی بەرھەمی ھەموو کێڵگەکان دیارە جگە لە کێڵگەی خورمەڵە. پەیوەندی بە خورمەڵەوە ئەکەیت، ئەڵێ “بەرپرسی بەرھەمھێنان لە کارگروپ” داتاکانی لایە، پەیوەندی بە پەرپرسی بەرھەمھێنانەوە ئەکەیت، ئەڵێ ئەبێت بە مۆڵەتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئەمە بکرێت، سامانە سروشتیەکان ئەڵێ نوسراوێکمان بۆ بکەن، ئێمەش نوسراوەکە ئەدەین بە ئەنجومەنی وەزیران، ئەوانیش بۆ ئێمە، ئێمەش بۆ کارگروپ، دواتر کارگروپ ڕەزامەندی دەربڕێت ئێمە لاریمان نابێت!.
کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان- عێراق، لە ساڵی (٢٠٠٧ ەوە بۆ ٢٠١٨) بە (٥) قۆناغ دا تێپەڕیوە:
یەکەم: دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەسەر گریمانەی ھەڵە، لەساڵی ٢٠٠٧ یشدا یاسای ژمارە ٢٢ لەپەرلەمانی کوردستان تایبەت بە نەوت و غاز دەرچوێنرا، بە پێی ماددەکانی ١١١ و ١١٢ و ١١٦ و ١٢٢ ی دەستوری عێراق، بەڵام لێرەدا دووفاقیەک لەنێوان مەرکەز و حکومەتی ھەرێمدا ھەیە، کە ئێستا شوێنی باسکردنی نییە.
قۆناغی دووەم: ساڵی (٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠) سەرھەڵدانی ناکۆکی لەنێوان ھەرێم و حکومەتی مەرکەزی لەپەیوەند بەو گرێبەستانەی لەگەڵ ئیکسۆن کرا سێ دانەیان ئەکەوتە ناوچە دابڕاوەکانەوە.
قۆناغی سێھەم، ساڵی ٢٠١٤ دوای ھاتنی داعش و زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنان بو لەلایەن ھەرێمەوە بەھۆی ئەوەی عێراق ھەیمەنەی سەربازی و سیاسی لەکەرکوک و دەشتی نەینەوا لەدەست دا.
قۆناغی چوارەم، دابەزینی نرخی نەوت و جێھێشتنی کۆمپانیاکان بو.
قۆناغی پێنجەم: شکستی سیاسەتی ووزەی ھەرێم لەبەر گریمانە ھەڵەکانی و، نەبونی شەفافیەت و، باڵادەستبونەوەی حکومەتی مەرکەزی بەغدا بەسەر ھەرێمدا.
بۆچی شکست؟. ھێشتا وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئەو ھەواڵەی لە وێبسایتەکەیان نەسڕیوەتەوە، کە لە ساڵی (٢٠١٠) ەدا دوپاتی ئەکاتەوە لە کۆتایی (٢٠١٥) ھەرێمی کوردستان (١) یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا بەرھەم ئەھێنێت، کەچی تازە لە (نۆڤەمبەری٢٠١٨) ەدا ھەرێمی کوردستان موژدانەی ئەوە بڵاوئەکاتەوە ئاستی بەرھەمیان بۆ (٤٢٥٠٠٠) چوارسەت و بیست و پێنج ھەزار بەرزکردۆتەوە.!. لە (ئۆکتۆبەری ٢٠١٨) ەدا حکومەتی ھەرێم (٣٢٥٠٠٠) سێ سەت و بیست و پێنج ھەزاری بەرھەمھێناوە ئێ ئەبێت پێمان بڵێت چۆن لە مانگی دواتر (١٠٠) ھەزار بەرمیل ئاستی بەرھەم زیادی کردووە!؟. لەکاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکان کەمی کردووە،
حکومەتی ھەرێم پێمان ناڵێ ئەم زیادکردنە لەکوێوە ھات! بۆ نمونە ئاستی زانستی کێڵگەی تاوکێ و ڕاپۆرتی گەنەڵ ئینرجی ئاماژە بەکەمکردنی ئەدەن!؟. لەکێڵگەکانی تریش، مەسەلەن لە کێڵگەی تەق تەق لە (٢٠١٤) ەدا نزیکەی (١٥٠٠٠٠) سەت و پەنجا ھەزار بووە لە (٢٠١٨) ەدا لە نێوان (١٣ بۆ ١٥) ھەزار تێپەڕی نەکردووە!.

کێڵگەی خورمەڵە چەند بەرھەم ئەھێنێت ؟.

کێڵگەی خورمەڵە ئەکەوێتە باکوری وێستگە نەوتیەکانی کەرکوکەوە، لەسەرێکەوە سنور و بەریەککەوتەی جوگرافی ھەیە لەنێوان ھەرێم و حکومەتی عێراق دا، لەلایەکیشەوە ئاریشە گەورەکەی ئەوەیە لە ڕووی نێودەوڵەتی و تێڕوانینی عێراقەوە خورمەڵە بەشێکە لە جوگرافیای نەوتی کەرکوک، ئینجا لایەنێکی تری ئەم کێڵگەیە ئەوەیە کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری نەوتی کوردستان سەرپەرشتی بەرھەمھێنان و گەشەپێدانی ئەکات، بەواتایەکی تر بەپێچەوانەی ھەموو کۆمپانیا نەوتیەکانی جیھانەوە ئەم کۆمپانیا کوردییە ئارەزووی شەفافیەت و ئاشکراکردنی بەرھەمھێنان و فرۆش ناکات.!. کێڵگەی خورمەڵە گرنگیەکی تری ئەوەیە تەرمیناڵێکە لێوەی ھێڵی بۆڕی ھەرێم بەرەو فیشخابور و بەندەری جیھان ئەڕوات.
لە ھەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری ئابوری و بەڕێوەبردن دابەش بون بۆ دوو بەرە، لایەکیان خەریکی ھاژوھوژ و خەڵک ھاندان و پڕکردنەوەی جەماوەرەو، ناتوانیت پشت بە داتاو قسەکانیان ببەستیت. لایەکی تریشیان بریتی یە لەدەستەڵات کە “نەوت” یان تێکەڵ بە ئایدۆلۆژیای کوردایەتی کردووەو، ڕاستییە زانستیەکان نابینن و قبوڵ ناکەن، ھاوکات بەدەستیان بێت ڕێگەنادەن کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانیش ڕاپۆرتەکانیان بڵاوبکەنەوە.
سەرەنجام، بۆ گەیشتن بە داتای ڕاستەقینە، دوو گریمانەی بەھێز ھەیە:
یەکێکیان: بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی ھەرێمایەتی بەناونیشانی “نەوتی سەرکەشی کوردستان: ڕاستی، دژواری، نا ڕوونی:
Stubborn Kurdish Petroleum Resources: Reality, Complicity, and uncertainty ” ”
جگە لە خورمەڵە تەواوی کێڵگە نەوتیەکانی ھەرێم لە گەرمیانەوە تا زاخۆ (٢٥٠٠٠٠) دووسەت و پەنجا ھەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا بەرھەم ئەھێنن، بەوەی کە حکومەتی ھەرێم ئەڵێت: (٣٢٥٠٠٠) ھەزار بەرھەمھێنراوە، مانای وایە کێڵگەی خورمەڵە بڕی (١٥٠٠٠٠) سەت و پەنجا ھەزار لەڕۆژێکدا بەرھەم ئەھێنێت، ناوەندی وود مەکەنزی – Wood Mackenzie لەجیھاندا ئیش لەسەر داتا ووردەکان ئەکات، لە (نۆڤەمبەری ٢٠١٨) ەدا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کێڵگەی خورمەڵە بڵاوکردۆتەوە، بۆ ئەوەی ڕاپۆرتەکە بخوێنیتەوەو (Access) بیکەیتەوە ئەبێت بڕی (٢٣٠٠$) دۆلار بدەیت، بەڵام لە سەمەریەکەیدا دیاریکردووە کە کێڵگەی خورمەڵە ڕۆژانە لەم کۆتایی (٢٠١٨) ەدا بڕی (٢٠٠٠٠٠) دوو سەت ھەزار بەرمیل بەرھەم ئەھێنێت بەپێی ئەوەی لەمدواییەدا فراوانکراوە.
دووەم: بە پێچەوانەی خاڵی یەکەمەوە، لایوایە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە لە ساڵی (٢٠٠٧) دەستی بەسەر خورمەڵەدا گرت، ئەو کاتە حکومەتی عێراق ڕۆژانە (٦٠٠٠٠) شەست ھەزار زیاتری لێ دەر نە ئەھێنا. لە (٢٠٠٧ ەوە بۆ ٢٠١٨) حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیای “کارگروپ” تەنانەت (١) بیری تازەیان لە کێڵگەی خورمەڵە لێ نەداوە، بە چی زیادی کرد؟. چەنە؟. لە ھەلومەرجێکدا کە شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و گرفتە ناوخۆییەکانیش کاریگەریان ھەبووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.