بەڵای شانمان “چەک”

لەلایەن ستاندار Posted on 338 جار بینراوە 0 سەرنج
paykar osman

پەیکار عوسمان

١- (چەقی سیاسەت بەرژەوەندییە) ئەو بەرژەوەندییەشی کە زلھێزەکان لەگەڵ دوژمن و سەردەستانی ئێمە ھەیانە، ھەمیشە گەورەترە لەوەی کە لەگەڵ ئێمە ھەیانە، زۆر چونکە ئەوان دەوڵەتن.

ئیتر ئێمە ھەرگیز ناکەوینە چەقی سیاسەتەوە، ھەمیشە لە حاشیەو پەراوێزی سیاسەتداین! ئیتر ئێمە قەت نابین بە ژمارە لە ھاوکێشەکاندا، بەڵکو ئەبین بە ماوەو بەرسەر ژمارەکاندا دابەشئەکرێین! ئیتر ئێمە قەت نابین بە یاریچی، بەڵکو تەنیا ئەبین بە کارت و ئەوانیتر کەمجار ڕامان ئەکێشن و ئەمانخەنە پێڕەوە، زۆرجاریش ئەمانسوتێنن و فڕێمانئەدەنە حەوزەوە.

جا ئەم پەتەی کە لە سەری بەرژەوەندییەوە بۆمان گرێ نادرێ لەگەڵ دنیادا، ئەمانەوێ لە ڕێگەی ئەخلاق و وەفاو سۆزەوە گرێیبدەین، کە ئەمەش دراوێکە لە سیاسەتا ناخواو ھەرچەنێکت پێ بێ ھەر موفلیسیت!

٢- (چەقی نیزامی عالەمی دەوڵەتە) بۆئەوەی بچینە ناو ئەم سیستەمەوە، یان ئەبێ ببین بە دەوڵەت، یان ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ باوەشی دەوڵەت! یەکەمیشیان ئەگەرچی ڕەوایە، بەڵام قابیلی ڕوودان نیە، چونکە سیستەمی ئێستای جیھان، تۆزێ مەجالی ئەوەی تیایە کە دەوڵەتیکی ناگرنگی وەکو سودانی تیا دابەش ببێ. بەڵام ھەرگیز بەرگەی ئەوە ناگرێ، کە چوار دەوڵەتی ستراتیجیی وەکو عێراق تورکیا سوریا ئێرانی تیا ھەڵوەشێتەوە، کە لەو چوارە دوانیان زلھێزی ناوچەیین!

تەنیا جەنگی جیھانی توانای ئەو گۆڕینەی ھەیەو جەنگی جیھانیش ئەگەر ئەمجارە ڕووبدا، شتێک ناھێڵێتەوە بەشی ژیان و بەشی دەوڵەت، بۆیە وا چاکە بەیەکجاریی مەلەفی دەوڵەت داخەین و لەگەڵیا واز لە دژایەتیکردنی ھەرچوار دەوڵەتیش بھێنین!

باشترین ئەگەری سیاسی کوردی ھەر پارچەیەک ئەوەیە کە دژایەتی پایتەخت نەکات، ئێمە بە پێچەوانەوە سەدەیەکی ڕێکە خەریکی خراپترین ئەگەرین کە دژایەتیکردنی پایتەختە! کوردی سوریا لە ھەمووان گونجاوترن بۆ ڕاستکردنەوەیەی ئەو ھەڵەیە چونکە کەمترین شەڕیان لەگەڵ دیمەشق کردوە، ھیوادارم ھەلی ئەو ڕاستکردنەوەیە لەدەست نەدەن.

٣- ئیتر چەکھەڵگرتنیش ئەوپەڕی کەرێتی سیاسییە، چونکە تەنیا شەڕێک نیە لەگەڵ دەوڵەت “کە ئەگەر ھەر ئەونەشبێ ئێمە ھەر دۆڕاوین”، بەڵکو شەڕێکە لەگەڵ (نیزامی عالەمی)!!

بۆیە بردنەوەی لانیکەمی ژیان لەگەڵ ھەر چوار دەوڵەت، زۆر باشترە لەو مەرگەو زۆر شەریفانەترە لەو دۆڕانەی کە ھەمیشە چەک و شۆڕش بۆمانی ئەھێنن.

٤- ئەو چەکەی کە پێ ی ئەڵێین چەکی شەرەف و کەرامەت، لەبری جارێک دووجار شەرەف و کەرامەتی ئێمەی شکاندوە! جارێک کە ھەمیشە عەقڵێکی شمولیی نادیموکرات ھەڵیئەگرێ و لە پشتی شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە، ھەمیشە ئەبێتە ئەداتی سەرکوتکردنی جەستەیی و مەعنەویی تاکی ئێمە. جارێکیش کە سەدەیەکە دۆڕان لەسەر دۆڕان بۆمانی تۆمارئەکاو کە ئەوەش پرۆسەی کەڵەکەکردنی شکانە لەناو کەسایەتی ئێمەدا.

٥- گەورەترین وەھم کە چەک بۆی دروستکردووین، وەھمی ئازایەتییە! لەکاتێکا ئازایەتی ھەر ئەوەیە کە جارێک لە جارەکان بیبەینەوە، بەڵام ئێمە ھەر دۆڕاوین و تەواوی چیرۆک و داستانی قارەمانێتیمان بە شکست کۆتایی ھاتووە! لەکاتێکا ئازایەتی ھەر ئەوەیە کە شەڕکەری سەربەخۆبین، بەڵام بەخۆشیی خۆمانبێ یان بەناچاریی ھەر مورتەزەقەو شەڕکەری ئەموئەوین.

٦- ئەی چەک دانێین چیبکەین تەسلیم بین؟؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە یەکسەر دێتە پێش، چونکە دوای سەدەیەک شکست، ھێشتا لەوە تێنەگەیشتووین کە چەک بەرگریی نیە!! چونکە دوای سەدەیەک دۆڕان، ھێشتا تێنەگەیشتووین کە ئێمە (تەسلیمبوونمان بە چەک) ئەو قەڕنە شکانەی بۆ ھێناوین! ئەگەر یەکجار تێبگەین، ئیتر چەکدانان نابێتە تەسلیمبوون، بەڵکو ئەبێتە کۆتاییھێنان بە تەسلیمبوون! نابێتە کۆتایی بەرگری، بەڵکو ئەبێتە کۆتایی شکست.

٧- لە سیاسەت و سیستەمی ئێستای جیھاندا (ھەمیشە ئەخلاق بەرامبەر بەرژەوەندی دۆڕاوە، ھەمیشە کاراکتەری نادەوڵەتی بەرامبەر دەوڵەت دۆڕاوە، ھەمیشە چەکھەڵگرتن دۆڕانە) ئەمانە ئەگەر بۆ خەڵکی تر بە ڕیژەیی وابن، بۆ ئێمە لە سەتا سەت و بە موتڵەقیی وان! جا پێویستە کورد یەکجار لەو کەوانەیە تێبگاو لەسەر ئەساسی ئەو تێگەیشتنە، سیاسەتێکی تر دەستپێبکات.

٨- گەورەترین ڕووداو لە مێژووی کوردا ڕووبدا ئەوەیە کە کوردی ھەر چوارپارچە چەک فڕێدەن و حیزبی ھەر چوارپارچە خۆیان ھەڵوەشێننەوەو کورد سەقفی داواکاری سیاسیی دابەزێنن بۆ داواکاری کولتوریی!

ئەم سیستەمەی ئێستای جیھان جسمی سیاسیی کورد قبوڵناکات، کورد تەنیا ئەبێ بمێنێتەوەو خۆی ھەڵگرێ بۆ سەردەمێک و نیزامێکی تر، زمانیش کەفالەتی ئەم مانەوەیەی نەتەوە زۆر بەباشیی ئەکات!

لە ھەر چوار پارچەکە جگە لە زمانی کوردی، ماباقی ئەو مافانەی تر کە ھەمانە یان نیمانەو داوای ئەکەین، ھەرھەمووی سەرئێشەیەو بارە بەسەر شانمانەوە، تا زووتر دەسیان لێھەڵگرین، قازانجێکی وجودییە بۆ ئێمە! ئەگەر لە سایەی داوا سیاسییەکاندا شار لەدوای شارمان وەکو عەفرینی لێبکرێ، ئیتر ئێمە ئینقیراز ئەکەین و ناگەینە سەردەمێکی ترو سیستەمێکی تری جیھان.

٩- ئەگەر دنیاو دەوڵەتانی سەردەستیش لێمانگەڕێن، ئێمە ھەر لە زاتی خۆماندا ھێشتا ئەھلی حکومڕانیی نین، ئێمە کە پارچەیەکمان ئەکەوێتە دەست، بەرێوەی نابەین داگیری ئەکەین!

ئێستا لە باشور دوو پارچەی داگیرکراومان لەلایەن دوو حیزبەوە ھەیە، ڕۆژئاوا ئەگەرچی ھاوسۆزییەکی زۆرمان بۆی ھەیە، بەڵام لەڕاستیدا داگیرکراوی ئایدۆلۆژی و چەکداریی پەیەدەیەو لەولاوە ئەنەکەسەش لە ھەوڵی داگیرکاری خۆیدایە! وردیکەینەوە داگیرکارییەکە تا گوندو گردیش ئەڕوا.

ئەمەوێ بڵێم بە پێوەری ناعەدالەتی ئەم دنیایە نا، بە پێوەری عەدالەتیشبێ، ئێمە ھێشتا شایەنی خۆبەڕیوەبەریی نین، مەغۆلەکان چۆن ئەیاندا بەسەر خاک و خەڵکی ترا، ئێمە ئا وا ئەدەین بەسەر خاک و خەڵکی خۆمانا.

١٠- بەشێکی کەسایەتی توندوتیژی ئێمە پەیوەندی بە چەکەوە ھەیە، ئاخر لە سایەی ئەدەبیاتی بەرگریدا چەک ھەمیشە ئامادەیەو لەنێوان ئامادەیی چەک و بەکارھێنانیشیدا قۆناغێکی ترنیە، بۆیە وا زوو بەرامبەر یەک بەکاری ئەھێنین!

بەشێکی بێ عەقڵیی ئێمە ھۆکارەکەی چەکە، چونکە مرۆڤ لە بیرکردنەوەدا بۆ خاڵی ھێز ئەگەڕێ و کە چەکیش ئامادەبوو ئیتر وائەزانیت ھێز ئامادەیە، ئیتر بیریش ناکەیتەوەو لەوە تێناگەیت کە ھێز عەقڵە!

بەشێکی خۆخۆریی و سەقافەتی یەکترسڕینەوەمان پەیوەندی بە چەکەوە ھەیە، چونکە لە وجودی چەکدا پێمانوایە ئەتوانین نەیارەکان لەناوبەرین و دنیا یەکڕەنگ بکەین.
بەشێکی خۆبەکەمزانی ئێمە، دیسان پەیوەندی بە چەکەوە ھەیە، چونکە ئێمەی نادەوڵەت بەرھەمھێنەر یان کڕیاری چەک نین، بەڵکو سواڵکەری چەکین، سواڵکەری چەکیش لە باشترین حاڵدا جاش و مورتەزەقەیە.

ئەمەوێ بڵێم لەگەڵ دانانی چەکدا کەسایەتییەکی تری ئێمە لەدایک ئەبێت، کە کەسایەتییەکی ئارامەو ئەشێ ئەو ئارامییەش زۆر شت بھێنێ کە چەک ھەزار ساڵی تریش نایھێنێ!

١١- (دواجار سەرکەوتن نا، سەلامەتی بۆ ڕۆژئاڤا.)
ئاخر چیتر چیرۆکەکانی سەرکەوتنم بۆ گرنگ نیە، ئەوەی کە ھەمیشە بە خوین ئەنوسرێنەوەو ھەر ئەمەش بۆخۆی دۆڕانە ئەگەرچی براوەی شەڕیش بیت، لەکاتێکا ئێمە لە شەڕەکەشا ھەر دۆڕاوین! کورد خۆی ئەڵێ لە ھەر خەسارەتێ عەقڵێ، کەچی لە سەدەیک خەسارەتی چەک عەقڵێ وەرناگرێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *