لە میدیای سیاسییەوە بۆ میدیای ئەمنی

لەلایەن ستاندار Posted on 357 جار بینراوە

ڕێبین فەتاح

خاوەندارێتی میدیا لە هەرێمی کوردستان دا، لە کارەکتەرە سیاسییەکانەوە بۆ کارەکتەرە ئەمنییەکان گۆڕاوە، ئێستا چەندین کەناڵی میدیایی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان دا، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن بەرپرسە ئەمنی و سەربازییەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێن و چەندانی دیکەیش لە ڕێگەی کارەکتەرە ئەمنییەکانەوە، هاندەدرێن یان ئاراستە دەکرێن.

ئەو گۆڕانکارییە لە خاوەندارێتی کەناڵە میدیاییەکان، گۆڕانکاری لە گوتاری میدیاکان دروستکردووە، بەجۆرێک کە هەواڵ و بابەتەکان نەک هەر لە ڕوانگەیەکی ئەمنیی و هەواڵگرییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵکو خودی بابەتە وروژێنراوەکانیش زیاتر ناوەڕۆکێکی ئەمنیی و هەواڵگرییان وەرگرتووە.

ئەو ڕەوشەی ئێستەی میدیای کوردی، نزیک دەبێتەوە لە هەمان ڕەوش و قۆناغی میدیا لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، ڕێک قۆناغی شەڕی ناوخۆیی، کاتێک میدیای لایەنێک لە ڕێگەی کۆمەڵێک سەرچاوە و بابەتی ئەمنی و هەواڵگیرییەوە، هەوڵی لێدانی لایەنی بەرانبەری دەکرد. ئەو دۆخە، هاوکات گرێدراوی واقیعێکیش بوو لە تێوەگلان و دەست تێکەڵکردنی حزب و کارەکتەرە سیاسییەکان لەگەڵ دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگیرییەکانی ناوچەکەدا و بە ئامانجی زاڵبوون و دوورخستنەوەی ئەویتر.

قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان، لە دووبارەبوونەوەی هەمان قۆناغی شەڕی ناوخۆیی دەچێت، جارێکی تر دەست تێکەڵ کردنەوە لەگەڵ دەزگە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، ئەو واقیعە هۆکاری هەرە کاریگەرە لە زاڵبوونی کارەکتەرە ئەمنییەکانی کوردستان بەسەر میدیاوە یان دامەزراندنی میدیا لەلایەن کارەکتەرە ئەمنی و سەربازییەکانەوە. هەریەک لەوان دەیانەوێت دیوە شارە و نهێنییەکانی یەکتر، پیلان و موئامەرەکانیان دژی یەکتر و بە ئامانجی خۆسەپاندنیان لە ڕێگەی میدیاوە بخەنە ڕوو.

خاڵێکی گرنگ کە لێرەدا دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، پێوەستە بە خودی رۆژنامەوانانەوە. ڕۆژنامەوانان ئێستا جگەلە تێوەگلان لە یارییە سیاسییەکان، لە گەمە ئەمنییەکانیشەوە تێوەدەگلێن، ئەوان هەر تەنیا وەک ئامرازێکی سیاسی سەیر ناکرێن، بەڵکو بە ئاگایی یان نائاگایی دەبن بە بەشێک لە گەمە ئەمنییەکان. ئەوەش بەدڵنیاییەوە مەترسی گەورە لەسەر ژیان و سەلامەتی ئەوان دروست دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.