کوشتنی رۆحێک !

لەلایەن ستاندار Posted on 378 جار بینراوە

ئارام اسماعیل

لێدان و سووتان کوشتن و برینی مرۆڤ بۆتە نەریتێك و جاری یەکەم نیە ژنێك دەکوژرێ یان دەسوتێ یان بەهەر شێوەیێ بێ پێشێلکاری بەرامبەر ئەکرێت ، یان هەر ژن نا ، تاوانکاری لە ناویشیاندا “کوشتن” لەم وڵاتە هەندە زۆر بووە ، قوربانیەکانی و رووداو و هۆکار و دەرەنجامەکانیشی هەمە جۆرەن ، سەروەر نەبوونی یاسا و سیستەمی سەقەتی ولاتی بێ خاوەن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دەرەنجامی پڕۆژەی ڕێکخراوەکانی ژنان و سیستەمی راگەیاندن و پەروەردەی فاشیل و بەرنامە تەلەفزیۆنیە بێ سانانسۆرەکانی
دوور لە هەموو بنەما ئیتیکی و بنەما مرۆییەکان و فلمی دۆبلاژی تورکی و عەرەبی و هیندی و بێ مانا ، بەشێکی گەورەن لە سەرهەڵدانی هەر پیشێل و تاوانکاریەک لەسەروو هەمووشیانەوە کوشتن ..، بەلام ئەوەی گرنگە دوای هەر یەک لەم رووداوانە دەرەنجام چی دەبێت ، ڕووداوێک رووئەدات خەلك لە بری ئەوەی قسە لەسەر چارەسەر یان رێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم رووداوانە بکات کە چی بکریت و چی نەکریت ؟ ، هەموو قسە لەسەر ئەوە ئەکات کە (تاوانبار بکوژنەوە و لە سێدارەی بدەن ) ، بەلام ئایا ئەمە کۆتایی بە هەموو شتێک دەهێنێت ، یان چاوەرێی تاوان و ڕووداوێکی تر بین و دیسانەوە بە کوشتنەوە و لە سیدارەدان چارەسەر و کۆتایی بە رووداوەکە بێنین .

حکومەت لایەنی یەکەمە لە چارەسەری کیشە و رووداوەکان و ڕیگری لێکردنیان ، ئەویش بە سەرورەربوونی یاسا و سەندنەوەی حەق بۆ ماف خوراو و زوڵم لیکراو ، بەلام حەق سەندنەوە هەر ئەوەنیە سزای تاوانکار بدەیت و نا بەلکو پێویستە یەکەم چین کە حەقی لێ بسەنەوە خۆتان بن ، حەق لە خۆتان بسەننەوە کە نەبن بە ئاسانکاری بۆ هەر کەسێ ویستی تاوان و بکات و بکوژێت و ببرێت و لە دوایشدا دالدەی بدەن و بۆخۆتان قەلەوی بکەن و بەردەوم بێ لە تاوانکاری خۆی .

لە دوای ئەمان کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کە هۆکاری سەرەکین لە درووستکردنی کۆمەلگایەکی تەندرووست یان لە شیرازەکردن و تێکدانی کۆمەڵگا ، بەلام ئەوەی لە چەند کەناڵێکی کوردی دەبینرێ تەواو تەواو پێچەوانەی بنەما مرۆییەکان کاردەکەن و کاریگەری زۆر خراپیان هەبووە لەسەر پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان و خێزانی کوردیان بەرەو دۆخێکی خراپی لێکترازان بردووە ، کە پێویستە حەق لە ئەوانیش وەربگیرێتەوە و سنوورێکیان بۆ دابنرێت و خیزانی کوردیش بایکۆتی ئەم کەناڵانە بکەن ..

هەروەها هۆکارێکی تر لە سەرهەلدانی تاوان و پێشێلکاری کوشتن ، پەروەرەدەی خێزانە ، کە تاکی کورد ئاوا فیرکراوە کە هەموو کێشەکان بە لێدان و کوشتن و برین چارەسەر بکات و کەس و هۆز و عەشیرەت و خیزان کۆتایی بە رووداوەکان دەهێنن لە بری ئەوەی رادەستی دادگا و یاسای بکەن ، یانیش کاتێ کێشەیەک رووئەدات کۆمەڵێ نەریت و کلتور هۆکارن بۆ ئەوەی کێشەکە بۆ قەبارەیەکی گەورەتر ببەن ، بۆ نمونە ژن و پیاوێك لەگەل یەک ناگونجێن و هیچ هۆکارێک نیە بیانهێڵێتەوە لە پێکەوە بوونیان بەلام ئەوان بەتایبەتی ژنەکە لەبەر قسەی خەلک و دەوروبەر و خۆ قوربانی کردن بۆ هەندێ لە کەسانی دەوروبەری وەک منال و دایک و خێزانەکەی ، لەگەل یەک بەردەوام دەبن یان بە ژیانێك کە هەموو رۆژێک مردنە بۆیان ، یانیش دەگاتە ئەنجامێک کە بە کوشتن کۆتایی دێت و قوربانی یەکەمیش ژن دەبێت.

لە دوای ئەمان مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی ژنان و یەکیتی ئافرەتان و کۆمەڵێکی ناویتر بە ناوی مافی ژنەوە ، کە هێندەی کار لەسەر رق لیبوونەوەی رەگەزی بەرامبەر دەکەن و ئەوەندە کار لەسەر مافەکانی ژن ناکەن و ئەوانیش رۆڵیکی خراپیان بینوە لە سەرهەڵدانی پشێوی خیزان و کۆمەڵگا بە ناوی مافی ژن ، کە بەشێکیان هەموو مافی ژنیان کۆکردۆتەوە لە خۆ رووتکردنەوە و رق لێبونەوە لە پیاو … هتد
کەیسیەکانی ژنانیش عاتیفەی زۆری بۆ دەربردرێ ، کە تەنیا لە نوزەنوزێکی کاتی سۆشیال میدیا هیچی تر نیە و هەلوێستی جددیان نیە ، بەلام پێویستە بە جددی کار بۆ ژن بکەن ، داکۆکی مافەکانیان بکەن و کاربکەن بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو کلتور و نەریتانەی بوونەتە هۆی ئەوەی ژن لەم ولاتە لەناو ببەن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.