کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا و ئەگەرەکانی داھاتوو.

لەلایەن ستاندار Posted on 349 جار بینراوە

ئومید ناسح جیھانی

لەگەڵ سەرھەڵدانی جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەستێوەردانی دەرەکی لە ساڵی ٢٠١١ دا، کورد لە خۆرئاوای کوردستان ھێزی دروست کرد بۆ پاراستنی نەتەوە و خاکی. بۆ پاراستنی خۆی ھێڵی سێیەمی ھەڵبژارد، نەبوو بە دۆستی نەیارەکانی ئەسەد لە بەرژەوەندی نەیارەکانی ئەسەد، نەبوو بە ھاوپەیمانی ئەسەد دژی نەیارەکانی ئەسەد و ڕژێمەکەی. واتا نەبووە دەردەستی ھیچ کام لە بەرە نەیارەکان. بەڵکو بەپێی بەرژەوەندی نەتەوەیی ھەنگاوی ھەڵناوە، بەو مانایەی گەر ھاوکار و ھاوپەیمانی ھەر بەرەیەکی بکردایە ئەوە جەنگی سوریا ئەوەندە درێژەی نەدەکێشاو لە بەرژەوەندی ئەو بەرەیە دا کە کورد پاڵپشی لێدەکرد جەنگی سوریا کۆتایی دەھات. ھەروەھا دەوڵەتی سوریاش دوای کشانەوەی ئەمریکا ئەو ڕاستییە دەبینێت کە پەیەدە بەشێک نەبووە لە کاولکاری و دابەشکاری سوریا بەڵکو بەرگریکار بووە.

لێرەوە بە پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە کورد لە خۆرئاوای کوردستان توانی سیستمی کانتۆنی و دواتر فیدڕاڵی دابمەزرێنێ و ئەزموونێکی جوانی دیموکراسی و پێکەوەژیان، لە ناو گێژاوی تیرۆر و کاولکاری سوریادا پێشکەش بکات.

جیاوازی ئەزمونی خۆرئاوای کوردستان و ئەزمون و ڕووداوە مێژووییەکانی دیکە کورد لە ڕابردوو و لەگەڵ باشوریش دا ئەوەیە کە: کورد لە ڕابردوودا نەیتوانیوە سوود لە ڕووداوە مێژووییەکان وەربگرێت و نمونەیەکی جوانی حوکمڕانی پێشکەش بکات، بەڵام کورد لە خۆرئاوای کوردستان لە دوای ٢٠١١ وە توانیان سوود لە جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەستوەردانی نێودەوڵەتی وەربگرن، بەڵام پیلانگێڕی و گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتیان لەسەرە، نەک نەتوانین و پاشکەوتەیی. لەگەڵ ئەوەشدا توانیان ئەزمونێکی دیموکراتی پێشکەش بکەن.

پیلان داڕێژەری ئەم پیلانگێڕییە ناوچەیی و نێودەوڵەتیانە تورکیایە، تورکیا تا سەرکەوتنی کۆبانێ لەگەڵ بەرەی خۆرئاوادا بوو، لە جەنگی سوریادا، و لەگەڵ ڕووخانی ئەسەد دا بوو، دژی ئێران و سوریا و ڕووسیا، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنی کورد لە کۆبانێ دژی داعش، ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا لە ڕێگەی خۆرئاوای کوردستانەوە بە کرداری ھاتنە ناوچەکە، و ئەمریکا چەند بنکەیەکی سەربازی لە کۆبانێ، و ناوچەکانی دیکە کردەوە، واتا کورد توانی بەرژەوەندی ئەمریکا و ئەوروپا لە ڕووی سیاسی و دبلۆماسی و سەربازییەوە بھێنێتە خۆرئاواوە و بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی میللەت بەکاریبھێنێت. بە جۆرێک ئەمریکا وەکو جاران گوێی لە مەرج و خواستەکانی تورکیا ناگرت، و ڕاستەوخۆش ھێزەکانی سوریایی دیموکراتی پڕ چەک دەکرد، کە یەپەگە ھێزێکی سەرەکی پێکھاتەی ھێزەکانی سوریای دیموکراتە، ئەم سیاسەتەی کورد و ھەڵوێستەی ئەمریکا بوویە ھۆی بەھێز بوونی کورد و پاشەکشێی تورکیا لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

لەلایەکی دیکەوە دوای سەرکەوتنی کۆبانێ، تورکیاش سیاسەتی خۆی گۆڕی و گەڕایەوە بۆ لای بەرەی خۆرھەڵات، چونکە نەیتوانی لە ڕێگەی گروپە تیرۆرست و چەتەکانەوە ئامانجەکانی کە لەنابردنی خۆرئاوای کوردستانە سەربگرێت، لەبەرئەوە گەڕایەوە بۆ لای بەرەی خۆرھەڵات تا بۆ دژایەتی کورد بەکاریبێنێت.

تورکیای دووەم ھێزی ناتۆ دوای یەک ساڵ لە ھەڕەشە و پیلانگێڕی و ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران و سوریا و ڕووسیا و ھێڵی خیانەتی ناو کورد پاشان ھێرشی کردە سەر عەفرین، پاش نزیکەی دوو مانگ لە جەنگێکی نابەرامبەر لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە ڕووبەڕووی بەرگرییەکی بێ وێنە بۆوە، و لە ناوخۆ و دەرەوەدا تورکیا ڕووبەڕووی قەیرانی گەورەی ئابووری و سیاسی کرایەوە.

بەردەوامیش تورکیا داوای لە ئەمریکا دەکرد لە (مەنبج) بکشێتەوە، چونکە ھێرش دەکاتە سەر ئەو شارە، بەڵام ئەمریکا تا ئێستا بە ھیچ شێوەیەک ئەو داوایەی قبوڵنەکردووە، و بەردەوامیش ھاوکاری ھێزەکانی سوریای دیموکراتی دەکرد، و بە ھاوپەیمانی ستراتیجی خۆی لە سوریا لە قەڵەمی داوە.

ئێستاش کە ئەمریکا بە بڕیاری تڕەمپ لە خۆرئاوای کوردستان دەکێشێتەوە، لەڕاستیدا لەلایەکەوە ئەمریکا سوریا و خۆرئاوای کوردستان بۆ تورکیا و ڕووسیا و ئێران چۆڵناکات(ئەمە لە کاتێکدا گەمارۆیەکی ئابوری گەورەی خستۆتە سەر ئێران و لە ڕێکەوتننامەی ئەتۆمیش کشاوەتەوە)، و لە لایەکی دیکەوە خۆرئاوای کوردستانیش پارویەکی ئەوەندە بچوک نییە کە بە تورکیا قوت بدرێت، ھەروەکو ئاڵدار خەلیل بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی جڤاتی دیموکرات (تەڤدەم) راگەیاندووە: “لە رابردوو ئێستاشدا ھیچ کات پشتمان بە ھێزە بیانییەکان نەبەستووە، لە ئەگەری مانەوەی ھێزە بیانییەکان لە خۆرھەڵاتی فورات ئەوا سودیان لێوەردەگرین، بەڵام ئەگەر کشانەوە ئەوا بەرخۆدانی گەلی کورد گرنگە و دەیکەین”.ھەروەھا (ساڵح موسلیم) بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکرات (تەڤدەم) لەبارەی بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا ڕایگەیاند، “ئێمە نە داوای ھاتنی ئەمەریکامان کردبوو و نە دەشڵێین با بڕوات، لە بنەڕەتدا ئەوان بۆ پاراستنی ئێمە نەھاتبوون”.

لەڕاستیدا پەکەکە بنیادێکی کەلتوری و زیھنی سیستمێکی دیموکراتی پێکەوەژیانی پێکھاتەکانی لە خۆرئاوای کوردستاندا ئاواکردووە، و شۆڕشەکەشی بەپیلانگێڕی و خواست و بەرژەوەندی ئەمریکا و ڕوسیا و ئەوروپا دروست نەبووە، بەڵکو ھێزی لە ئیرادەی گەلەوە وەرگرتوە، لەبەرئەوە پەکەکە وەک یەکێتی و پارتی نابێت دوای شکستی ریفراندۆم و ١٦ ئۆکتۆبەر، و پەراوێزخستنیان لە لایەن ئەمریکا و ھێرشی وڵاتانی دراوسێ بێ ئیرادە بمێنن، بەڵکو ئێستا لە خۆرئاوا زیھنیەتێکی شۆرشی و نێونەتەوەیی دروست بووە، ھەرچەند تورکیا بەھێزتر بێت و ئەمریکا لەڕووی ھێزی سەربازییەوە پاشەکشە بکات، واناکات پەکەکە بێ ئیرادە بکات، بەڵکو دەیان ھێز لە چوارچێوەی خەبات و بەرخۆدان، و ناوی جۆراوجۆر کە سەرچاوەکەیان قەندیلە لە ئامادەیی ڕوبەڕوبوونەوەی ھەر ئەگەرێکن. لەبەرئەوە پاشەکشێی ئەمریکا مانای لە ناوچوونی خۆرئاوا نییە بە داگیرکاری تورکیا، سەرەڕای پیلانگێڕییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. کورد بە گشتی و خۆرئاوا بەتایبەتی دەیان پیلانگێڕییان تێپەڕاندووە( پەکەکە چەندین پیلانگێڕی نێودەوڵەتی تێپەڕاندووە، و ماوەتەوە، دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پیلانێگڕییە گەورەکە بوو).

ھەروەھا گەر لە ڕابردوودا ووڵاتانی دونیا بە بیانووی تیرۆر و دیکتاتۆری ئەسەد توانیبێتیان خاکی سوریا ببەزێنن، و ڕووسیاش ڕێگەی بە تورکیا دابێت بۆ داگیرکاری عەفرین تا لە ئەمریکای دوورخاتەوە و بچێتە باوەشی ڕووسیاوە، ئەوە لە دوای نەمانی جەنگی داعش، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە ڕێگە بەداگیرکاری سوریا لەلایەن تورکیاوە نادرێت، و ڕووسیا و ئێرانیش ڕێگە بە بەھێزبوونی تورکیا لە ناوچەکەدا نادەن، ئەمە جگە لەوەی ئەگەر تورکیا سەرکێشییەکی لەو جۆرە بکات ڕووبەڕووی بەرگرییەکی توندی ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێتەوە، جگە لە سەرھەڵدانی جەنگێکی خوێناوی لە باکوری کوردستان. پەکەکە لەسەرەتاکانی ئەم ھەفتەیەدا ڕایگەیاند لە ئەگەری ھێرشی تورکیا بۆسەر خۆرئاوای کوردستان ئەوان شەڕ دەگوازنەوە بۆناو قوڵایی خاکی تورکیا و ئەگەری زۆریشە دەست بەجوڵاندنی شەقامی باکور بکەن.

ئەمریکا بەم بڕیارەی دەیەوێت زیاتر نزیکبوونەوەی تورکیا لە بەرەی خۆرھەڵات بە تایبەتی لە ڕووسیا و کڕینی سیستمی بەرگی موشەکی (ئێس ٤٠٠) لە ڕووسیا بوەستێنێت، لە لایەکی دیکەش جگە لەوەی بەریتانیا و فەڕەنسای ئیمپریالیزمی کۆنی سوریا کە سوریا کۆڵۆنیایەکی فەڕەنسا بوو لە دوای جەنگی یەکەمی جیھان، ھێشتا لە سوریا ماون و بڕیاری کشانەوەیان لە سوریا نەداوە. دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە باکوری سوریا، دوو نوێنەری فیدراسیۆنی باکوری سوریا لەلایەن سەرۆکی فەرەنساوە بانگھێشکران ڕۆژی ھەینی ٢١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ ھەریەکە لە (ڕیاز زرار و ئیلھام ئەحمەد) ھاوسەرۆکانی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بوونە میوانی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بۆ گفتوگۆکردنی بارودۆخی خۆرئاوا دوای کشانەوەی ئەمریکا.

لێرەوە دەمانەوێت باس لە دوو ئەزموونی کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکەین، کە دواتر بە جۆرێکی دیکە گەڕاوەتەوە ناوچەکە بۆ پاراستنی بەرژوەندییە ستراتیجییەکانی و ڕێگەگرتن لە گەورە بوونی ھەژموونی ڕووسیا و تورکیا و ئێران.

دوو ئەزموونی کشانەوەی ئەمریکا.
یەکەم: ساڵی (١٩٩١) ئەمریکا کوێتی لە چنگی بەعس دەرھێنا، بەڵام نەھاتە ناو بەغداو پاشەکشەی کرد، ئەمەش ێەدام حوسێنی مەست کردو ھەوای پەلاماردانی کوردو شیعەی گرت، ئەوەبوو، کورد کۆڕەوی کرد، ئەمریکا گەڕایەوەو لەناو ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانی دروستکردنی ھێڵی(۳٦) کرد بۆ کورد لە عێراق، دواجار ئەمریکا بەم فۆرمە گەڕایەوە؟.

دووەم: لەسەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما دا. ئۆباما گوتی: ئەگەر ببم بەسەرۆکی ئەمریکا، تەواوی ھێزەکانمان لە عێراق دەکشێنینەوە. ئەوە بوو ساڵی ٢٠١١ بەپێی ڕێکەوتننامەیەک لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆک وەزیراندا ئەمریکا ھێزەکانی لە عێراق کشاندەوە. ئەوکات دەنگۆیەکی زۆر گەورە دروست بوو کە بەعسیەکان دەگەڕێنەوە، یان ئێران بەتەواوی دەست بەسەر عێراقدا دەگرێت، تورکیا دێت، کورد لە ناودەچێت…ئیدی دنیایەک سیناریۆی دیکە، ئەوەبوو ئۆباما ھات ‌و تەواوی سەربازەکانیشی لە عێراق کشاندەوە، بەڵام چی روویدا؟ داعشیان دروست کرد، داعش ھات، بەشێکی گەورەی عێراق و سوریای کۆنتڕۆڵکرد، عێراق کەوت؟ ھاواریان کرد بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا، ئەمریکا گەڕایەوە بۆ عێراق.
لەبەرئەوە دەشێ بڵێین کشانەوەی تەواوی ئەمریکا لەسوریا، مانای گەڕانەوەیەکی بەھێزیەتی بۆ سوریا.

ئەمریکا لە ٢٠٠١ دا لە ئەفغانستان و لە ٢٠٠٣ دا لە عێراق ڕاستەوخۆ ھێزی سەربازی بەکارھێنا لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی، لە ٢٠١١ دا لە ڕێگەی خۆپیشاندانی جەماوەری لە بەھاری عەرەبیدا، بەڵام لە ٢٠١٣ دا لە ڕێگەی گروپی تیرۆرستی ھاتەوە ناوچەکە و ھەژموونی خۆی درێژە پێدا، ڕەنگە ئەم کشانەوەیەش، گەڕانەوەی بێت بە سیناریۆیەکی دیکە، وەکو جەنگی ڕاستەوخۆی دەوڵەتەکانی ناوچەکە، گەمارۆی ئابوری، جوڵاندنی شەقام و پشتگیریکردنی خۆپیشاندان، کودەتای سەربازی و چەندین پیلانگێڕی دیکە.

کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا، بارودۆخێکی دیکە لە ناوچەکە دروست دەکات، گۆڕانکاری بەسەر ھاوکێشە و نەخشەی سیاسیی دەھێنێت. بەھێزکردنی شیعە لە سوریا. بەجێھێشتنی جەنگێکی چاوەڕوانکراو لە نێوان ھەموو لایەنەکان( ئەمەش ئامانجی ئەمریکا بۆ پاراستنی ھەژموونی)، بە تایبەتی ھەڵکردنی سەرەتای جەنگی نێوان شیعە و سونە لە ناوچەکەدا کە سعودیە و تورکیا خۆیان بە خاوەنی سونە ھەژمار دەکەن و لە ئەنجامدا ناکۆکییەکانیان زیاتر قوڵ دەبێتەوە بۆ بوون بە جەمسەری سونە، بە تایبەتی کە ھێزەکانی ئێران دەستیان بە جموجوڵکردووە بۆ ناوچەکانی دێرزوور. لە ئاکامدا بارودۆخ و ھەلی دیکە بۆ کورد دێتە پێش، کە دەتوانێت سیاسەت بە جۆرێکی دیکە بکات لە کاتێکدا فەڕەنسا و بەریتانیا بڕیاری مانەوەیان لە خۆرئاوای کوردستان داوە، ھەروەھا کورد دەتوانێت خۆی بپارێزێت لە ڕووبەڕووبوونەی سوپای تورکیا، ئەو شەڕە بۆ ئەسەد و ڕوسیا و ئێران جێبھێڵێت، چونکە دواجار ھێرشی تورکیا بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان واتا بەزاندنی سەروەری خاکی سوریایە کە کورد لە سوریا لە (٢٠١١)ەوە بەرگری لێدەکات و بۆ دژایەتی ڕژێمی سوریا ھەوڵی دابەشبوونی سوریای نەداوە، ھەروەھا شەڕی بەرژەوەندی و دەسەڵات لە نێوان ئێران و تورکیا و ڕووسیا ئەگەرێکی دروستە کە ھەر یەکە خوازیار دەبێت ئەویتر لە سوریا دەڕپەڕێنێت.

کێشەی سەرەکی کشانەوەی ئەمریکا نییە لە خۆرئاوای کوردستان، چونکە ئەوان گرێدراوی دەرکی نییە، بەڵکو سیاسەت دەکەن و ھێزیان ھەیە بۆ بەرگری ڕەوا، بەڵکو کێشەی گەورە خیانەتکردنە لە باشورە و دژی خۆرئاوا، وەکو چۆن ئێستا یەکێتی لە چوارچێوەی پیلانگێڕی تورکیادا دەستی کردووە بە داخستنی بارەگاکانی (تەڤگەری ئازادی) لە پێناو چەند ملیۆن دۆلارێکی پەیوەندی فڕۆکەوانی نێوان سلێمانی و تورکیا. پارتیش لە چوارچێوەی پیلانگێڕی تورکیادا خەریکی جوڵاندنی (جاشمەرگەی ڕۆژ)ە بۆ خۆرئاوا و دروستکردنی ململانێی نەتەوەیەتی لە نێوان کورد و عەرەبدا و دەستپێکردنی ھەڵایەکی گەورەی میدیایی دژی ھەسەدە و پەیەدە بە ئاوازی تورکیا.

لە کۆتایدا دەڵێین: ئەزمونی خۆرئاوای کوردستان نە ھاوشێوەی ئەزموونی کۆماری کوردستانە لە مھاباد و نە ھاوشێوەی جوڵانەوەی ئەیلولە لە ساڵی ١٩٧٥دا کە پشتگیری ئێران و ڕووسیایان لێبڕا ئیدی شکستیان ھێنا، ھەروەھا نە ھاوشێوەی ئەزموونی باشوری کوردستانە لە دوای ڕیفرانۆمی ٢٠١٧ کە ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان ھەڵکرد، حکومەتی باشوری کوردستان دوای خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر لە ٪٥١ خاکی کوردستانیان لە دەستدا. خۆرئاوای کوردستان سەرەڕای ھەموو پیلانگێڕییەکان بە سیاسەتی عاقڵانە و ھێزی گەل توانیویەتی بمێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.