رؤژاڤا دەبێ لە داگیرکاری تورکیا بپارێزدرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 353 جار بینراوە

د.محمد کیانی

هەواڵێك بڵاوبوەتەوە سەبارەت بە بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی حوکمەتی سوریا و روسیا لە هەندی ناوچەی مەبنەج و لای دێرەزوو. ئەگەر ئەم هەواڵانەی چوونی هێزی حوکمەتی سوریا بە رێککەوتن لەگەڵ PYD و بە سەرپەرشتی روسیا راست بێت، باشترین بژاردەیە لەم کاتەدا بۆ رۆژاڤا. بە رێککەوتنێکی لەم جۆرە رێگری دەکردرێت لە داگیرکردن و کاولکردنی رۆژاڤا لەلایەن ئەڕتەشی تورک و چەتەی گروپە هەمەجە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی سەر بە ئەردۆغان لە ئەنجامی شەڕی نابەرابەر بە هۆی تاکنەلۆجیای سەربازی پێشکەوتووی تورکیاوە. بە رێککەوتنی PYD لەگەڵ حوکمەتی سوریا بە سەرپەرشتی روسیا، ئەو بۆشایەی بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دورست دەبێت، وەك لایەنە نەیارەکانی کورد ناویان ناوە و دەیکەنە بەهانەی هێرش بۆ سەر رۆژاڤا،

بە تەواجودی فەڕمی هێزی سوریا و پارێزگاری روسیا پڕ دەبێتەوە و کەلێنێك بۆ تورکیا نامێنێ بۆ هەڵخەڵەتاندن و پیلانگێریەکانی دژی رۆژاڤا و باشوری کوردستان جێبەجێ بکات و شەڕێکی خوێناوی وێراناری بەرپا بکات. هەرچی زووتر PYD بگاتە رێککەوتنێك لەگەڵ حوکمەتی سوریا بە سەرپەرشتی روسیا گەلی رۆژاوا دەپارێزی لە وێرانکاری، دەستی تورکیا دەبڕێ لە شەڕانگێزی دزی گەلی کورد، مافێکێ دیاریکراو بەدەست دێنێت بۆ گەلی کورد وەك بنەمایەك کاری لەسەر بکرێت و شتی تری لەسەر بنیات بندرێت، بە مەرجێك سەرکردەکانی وەك سەرکردەکانی باشور گەندەڵ دەرنەچن، پرنسیپ و پرسە سەرەکیەکانیان لەبیر نەچێتەوە، خودبەرژەوەندخوازی تایبەت تووشی لادانیان نەکات وەك سەرانی باشور. ئەم کەمەی ئەمڕۆ بەدەستی دێنن بە کۆشش و کاری هاوبەش و دورستکردنی متمانە لەنێوان پێکهاتەکان و هەروها لە نێوان رۆژاڤا و دیمەشق و بوونی بەرپرسانی نموونەیی لە پراکتیزدا دەتواندڕێ پەرەی پێبدرێت و دەستکەوتی زۆر گرنگتری بەدوابێت.

هەروها ئەم هەنگاوە، دەستی تورکیا و پاشکۆ عێراقیەکانیشی دەبڕێ و خەونی تەماحی تەوەسوعکردنی تورکیا بۆ خواراو بە نیازی داگیرکردنی ویلایەتی موسڵیش (ولایەتی موسڵ تا دیاڵەش دەگرێتەوە) لە قەبر دەندرێت. بەمەش عێراق رزگار دەبێت لە خەتەری بەردەوامی دەستتێوەردانی تورکیا و دڵەڕاوکێی داگیرکردنی لەلایەن تورکیاوە. بۆیە دەبێ عیراق هاندەر و پاڵپشت و ناوبژیوانی نزیکبوونەوە و رێککەوتنی نێوان PYD و حوکمەتی سوریا بێت.

رێگریکردن لە داگیرکردنی رۆژاڤا بە دەستی تورکیا و چەتەکانی، گەلی رۆژاڤا دەپارێزدرێ لە ئاوارەبوون و پاکتاوی رەگەزی و جینوساید و وێرانبوونی شار و لادێ و سوکنایان، چەند مافێک بۆ گەلی کورد و پێهاتەکانی تری باکوری سوریا بەدەست دەهێندرێ. رێککەوتنێك لەم جۆرە رێگر دەبێت لە شەڕی ناوخۆی کوردانی رۆژاڤا. بە دەستەبەرکردنی پێکهاتنێک بە سەپەرشتی روسیا، لە توانای پارتی نامێنێ چەکدارەکانی بەناو پێشمەرکەی رۆژاڤا بنێرێت بۆ رۆژاڤا بە هەماهەنگی و پیلانی تورکیا. ئەم رێککەوتنە سوریا دەپارێزی لە غەزوی وەحشیانەی تورك و نەدۆڕاندنی بەشێك لە خاكەکەی وەك دۆڕاندنی لیوای ئەسکەندەرۆنە لە پاش داگیرکردنی لەلایەن تورکیا لە ساڵی ١٩٣٠. عێراق و باشوری کوردستانیش لە هەڕەشەی داگیرکاری تورکیا دەپارێزدرێن. سەبارەت بە دەستکەوتی روسیا لە ئەنجامی کشانەوەی هێزی ئەمریکا لە باکوری سوریا و رۆژاڤا و پێشگیریکردن لە داگیرکردنی رۆژاوا لەلایەن تورکیاوە بۆ چەند دەستکەوتی گرنگ دەبن: گرنگترینیان شکست پێهێنانی رکابەرە سەرەکیەکەیەتی، ئەمریکایە.

بە نەمانی کاریگەری ئەمریکا لەم ناوچەیە، هەژمون و کاریگەری روسیا دەچەسپێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرژەوەندیە ئابووریەکانی بەرەوپێش دەچێت. دەستی واڵاتر دەبێت بۆ تەحجیمکردنی تورکیا و خەونەکانی بوونی بە سوپەرپاوەر. تورکیا بەو رێککەوتنەی لەگەڵ ترامپ بێمتمانە تر بووە لەلایەن روسیا. رێککەتنەکانی لەگەڵ روسیا لەسەرموشکی S400 و دامەزراندنی کارگەی وزەی هەستەیی بە یارمەتی روسیا کەوتوونەتە خەتەر. هەروها تورکیا هاوسێیێکی نەوخوازراو و هاوبەشێکی بێمتمانە و رەزا قورسی یەکێتی ئەوروپا و دەولەتانی ناوچەکەشە.

هەر جۆرە رێککەوتنێك پێگەی رۆژاڤا چەسپاوتر دەکات. ئەمانە دەستکەوتێکن شایستەی ئەوەن قوربانیان بۆ بدرێ، بە خۆشخەیاڵی و حەماسەتی کاڵفامی شؤڕشگێرانە لەدەست نەدرێن، گرنگترین پرس باتایبەت ئەوەیە ڕیگە نەدرێت گەلی کورد تووشی پاکتاوی رەگەزی و ماڵوێرانی و جینوساید بێت بە دەستی تورکیا و چەتە ترۆریستە ئیسلامیەکان. گەل لەسەر خاکی خۆی بمێنێ شایستەی مافە رەواکانی لە ئازادی و دیموکڕاسی و دادوەری و خۆسەری و چارەی خۆنوسین هەر دەمێنێ گەر بەدەستهێنانیشیان دوابکەوێت، بەڵام ئەگەر گەڵ لەسەر خاکەکەی هەڵقەندرا و خاکەکەی لەدەست دا زۆر زەحمەت دەبێ میلی سعات بۆ دواوە بگەڕێندرێتەوە. گومان لەوەدا نییە سەرکردایەتی رژاڤا زۆر لەوە زیرەکترن درك بە ختورەتی دۆخەکە نەکەن و ئەزموونی عەفرین و ناوچە دابڕاوەکانی باشووریش نمونەی زیندوو و لەبەرچاوانن. هیوای سەلامەتی و سەرکەوتن بۆ رۆژاڤا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.