یەکێتی ئەوروپا: بەرەو فیدراڵیزم یان کۆنفیدراڵیزم

لەلایەن ستاندار Posted on 219 جار بینراوە 0 سەرنج
bahroz jahfar

بەھرۆز جەعفەر

فیدراڵیزم، سیستەمێکی فەرمانڕەواییکردنە، کە ھێزی ئەم فەرمانڕەواییە لەنێوان حکومەتی مەرکەزی و ھەرێم یاخود یەکەکانی خوار خۆیدا دابەش ئەکرێت (ھەرێم: ناوچەیەکە لەدەوڵەتێک کە لە نەتەوەیەک زیاتری لەسەر ئەژین و پارێزگاری لەھێزی کەلتوری و ناسنامەی خۆیان ئەکەن). ئەگەر فیدراڵیزم بریتی بێت لە سیستەمێکی بەرێوەبردن تیایدا یەکەکان یان دەوڵەتانی سەر بەیەکێتی ئەوروپا ھەریەکەیان پارێزگاری لەکیانی خۆیان بکەن و، دەستوری یەکێتی ئەوروپاو، ئەو بنەمایانەی کە یەکێتیەکەی لەسەر دامەزراوە بە پێی پەیماننامەی ماسترێخت (١٩٩٢) پێوەی پابەند بن، ئەوا ئیمڕۆکە ھیچ کام لەدەوڵەتەکان پابەند نابن بەو ھەیکەلە لە فەرمانڕەوایی کردن، ئەوەتا ھەنگاریا بەئاشکرا بەھاو بنەماکانی یەکێتی ئەوروپا پێشێل ئەکا، پۆڵەندا لاسایی ئەکاتەوە. بەھەمان شێوە ئیتاڵیاو یۆنان و بەریتانیاش پابەند نابن بەزۆربەی یاساکانی یەکێتی ئەوروپاوە، بەتایبەت لەسەر کێشەی کۆچبەران.
کۆنفیدراڵیزم، سیستەمێکی تری فەرمانڕەواییکردنە کە ھەموو یەکەیەک سەربەخۆیی و سەروەری خۆی ھەیە (واتە زیاتر لە فیدراڵیزم) بەڵام یەک ھێزی باڵا ھەیە بۆ پاراستنی ھەموان، واتە دەوڵەتانی ئەندام پارێزگاری لەسەربەخۆیی کیانی خۆیان ئەکەن، ھەروەک ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەسەرەتاوە ئەم سیستەمەی پەیڕەوکرد.
دواجار فیدراڵیزم و کۆنفیدراڵیزم شێوازێکن لەسیستەمی بەڕێوەبردن بۆ دەوڵەت، لەبەرئەوەی یەکێتی ئەوروپا پێکھاتەی دەوڵەتی و ئیداری تێپەڕاندووەو، سەرو نەتەوەیە (Supranational)، پاشان ئەم یەکێتیە وەک ڕێکخراوێکی حکومی نێودەوڵەتی (Intergovernmental) تەماشائەکرێت، نەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی. بەڵام دواجار سیستەمی بەڕێوەبردنی یەکێتی ئەوروپا ھەر بەو پێودانگەیە کە ھەندێک لایانوایە فیدراڵیزمەو ھەندێکیش بە کۆنفیدراڵیزمێکی تەواو و ھەندێکی تریش بە تێکەڵەیەک لە فیدراڵیزم و کۆنفیدراڵیزم تەماشای ئەکەن، ئەگەر فیدراڵیزم بێت ئەوا دوێنی و ئیمڕۆکەش شانشینی بەریتانیا وەک ناوچەیەک لەم یەکێتیەدا ھەڕەشەیە لەسەر بەھێزبونی یەکێتی ئەوروپا. ئەوەی ئەبینرێت ئەوەیە ئەوبنەمایانەی یەکێتی ئەوروپای لەسەردامەزراوە وەکو: دیموکراسیەت، ئازادی، ئابورییەکی یەکگرتو، کەرامەتی مرۆیی …و…تادوایی، تاڕادەیەکی زۆر بەھۆی گرفتە کەڵەگەبوەکانی ئەوروپاوە ڕووی لەمەترسیە، ئەمەش یەکێتی ئەوروپای خستۆتە بەردەم ئایندەیەکی پڕ لە تەحەدداوە، کە لێرەدا کلیک لەسەر چەند دانەیەکیان ئەکەین:
یەکەم: گرفتی ئابوریی
ئەگەرچی گرفتی ئابوریی بە بەراورد بە قەیرانەکانی وەک: ناسنامە و، جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا و، پرسی کۆچبەران نەبوەتە ھەڕەشەیەکی گەورە، لێ لەگەڵ سەرھەڵدانی قەیرانی ئابوریی جیھانی لەساڵی (٢٠٠٨) وەک ھەرناوچەیەکی تر قەیرانی ئابوریی کاریگەری نێگەتیڤی خستەسەر یەکێتی ئەوروپا، تەنانەت بووە مەترسی لەسەر ئەو تەواوکارییە سەرەکیەی کە ئابوریی ئەوروپای لەسەر وەستاوە، جگە لەوەی ھەندێ ووڵاتی ئەوروپی خۆیان لە لێواری داڕمانێکی داراییدا بون، کێشەی کورتھێنانی بودجەو، بێکاری لەتەنینەوەدا بوو لەو وڵاتانە، بۆنمونە: قەیرانی قەرزە سیادییەکانی یۆنان کە گەیشتە (٣٨٠) ملیار یۆرۆ (واتە: ٤٨٢ ملیارد دۆلار)، قەرزەکانی سەر بەرھەمھێنانی گشتی ناوخۆیی (GDP) گەیاندە (١٦٠%)، تێکڕای کورتھێنانی ساڵانەی یۆنان لە (٢٠٠٧) ەوە (١٣.٦%) بو، واتە ئەکاتە (٣.٥%) ی کورتھێنانی بودجەی ئەوروپا. دە ساڵ تێپەڕیوە ھێشتا گرفتە داراییەکانی یۆنان بنبڕنەبون، بانکی ناوەندی ئیتاڵیاش قەیرانی دارایی ڕاگەیاند، قەرزە گشتی یەکانی ئیتاڵیا لە (٢٠١٧) ەدا نزیکەی (٢.٣) تیلیۆن دۆلارە، ھەموو تاکێکی ئیتاڵی (٤٢.٢٧٧$) قەرزارە. بەمەش ئیتاڵیا دووەم ووڵاتە لەناوچەی یۆرۆ لەڕووی قەیرانی دارایی و قەرزە گشتیەکانەوە. ھێشتا ئەم گرفتە ڕووی لەھەڵکشانە، لە باکوری خۆرئاوای کیشوەرەکەوە بەریتانیا سوورە لەسەرئەوەی لە ٢٩ی مارسی ٢٠١٩ کاتژمێر (٢٣:٠٠) بە تەوقیتی گرینتش یەکێتی ئەوروپا جێبھێلێت.
دووەم: جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا
جیابونەوەی بەریتانیا لە نەخشەی ئەوروپی لەخۆوە نییە، ئاماژەی مێژوویی و کەلتوری و یاسایی و ئابوریی ھەیە، جگە لەوەی پرسی “ناسنامە و سەرھەڵدانی پارتی ڕەگەزپەرست” یش پاڵنەرێکی سەرەکیەتی:
لەڕووی مێژووییەوە، لەسەروبەندی دووەم جەنگی جیھانی دا ھەموو جارێک سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا “ونستۆن چەرچڵ” ڕووی ئەکردە “شارل دیگۆل” ئەیگوت ” بەریتانیا لەنێوان ئەوروپاو دەریا کراوەکاندا بێگومان ھەمیشە ڕووی لە ڕێگە ئاویی و دەریاییەکانە”. بەمانایەکی تر بەریتانیا خۆی لەچوارچێوەی جوگرافیایەکدا قەتیس ناکات. یەکێک لەو بنەمایانەی کە یەکێتی ئەوروپای لەسەردامەزراوە بریتیە لە ھەڵگرتنی باج و، ھاتووچۆی ئازادانەی نێوان دەوڵەتانی ئەندام و، دراوی ھاوبەش (کە لە کۆی ٢٨ دەوڵەتی ئەندام ١٩ دەوڵەت دراوەکەیان یۆرۆیە)، ھەروەھا بنەمای سۆشیال بۆ ھاونیشتیمانی ئەوروپی.
کۆتایی ھاتنی جەنگی سارد، ئەوەی بە ڕووکەش بینرا بریتی بو لە ڕووخانی دیواری بەرلین و، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی سیاسیی لە لایەن (١٦) دەوڵەت کە پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون…نا…لەگەڵ کۆتایی ھاتنی جەنگی سارد لە ساڵی (١٩٨٩) بەدواوە سێ وەرچەرخانی گەورە ڕوویدا، یەکەمیان: سەرھەڵدانی نیۆ-لیبراڵیزم –Neoliberalism (ئەمە ئایدۆلۆژیایەکە لەسەر بنەمای لیبراڵیزمی کلاسیکی خۆی بونیادنا باس لە ڕۆڵی دەوڵەت ناکا تەنھا جەخت لە ئابوریی ئازادو سەرمایەداری ئەکاتەوە)، دووەمیان: ملیۆنەھا ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و تۆڕی ھاوبەش و کۆمپانیای فرەڕەگەز بەدونیادا بڵاوبۆیەوە، لە سێھەمیاندا، کۆمەڵەی ئابوریی ئەوروپی (EEC) کە لەساڵی (١٩٥٢) دامەزرابو ئەمە بو بە یەکێتی ئەوروپا (EU) لەساڵی (١٩٩٢).
کاتێک ئەزانن، ملیۆنەھا ھاوڵاتی ڕۆمانی و یۆنانی و پۆڵەندی و ئیتاڵی چونەتە بەریتانیاو، حکومەتی بەریتانیش مووچەی سۆشیالی بۆ بڕیونەتەوە، ھەریەکەی یەکەیەکی نیشتەجێبونیشی پێداون، ئەوانیش مووچەکەیان لە حکومەتی بەریتانیا وەرئەگرن و، خانوەکانیشیان لە بازاڕی ڕەشدا داوەتە کرێ و، خۆیان ھاتونەتەوە بۆ ووڵاتەکانی خۆیان پاڵیان لێ داوەتەوە، سەرەڕای ئەوەش سەدان ھەزار عەرەب و پاکستانی و کوردو نەتەوەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا چونەتە بەریتانیا. ئەمە بەریتانیای خستە بەردەم ئەوەی میکانیزمەکانی ڕێگری کردن بگرێتە بەر، بەتایبەت پارتی نەتەوەیی بەریتانی (BNP) و کۆنزێرڤاتەکان، ئێ بەڵام لەڕووی یاساییەوە ناتوانن ڕێگە لەمە بگرن بە پێی ئەو بنەمایانەی یەکێتی ئەوروپای لەسەر دامەزراوە. بەو پێیەشی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەیە بۆ کیانێکی سیاسیی – ئابوریی، ھەروەھا دوای ئەوەی چەندین دەوڵەتی تازە بوون بە ئەندام لەم یەکێتیەو، چەندین مەسەلەی ستراتیژی لەدونیادا ھاتنە کایەوە. ئیتر کاتی ھات و ساڵی (٢٠٠٧) یەکێتی ئەوروپا پرسی ڕیفۆرمێکی دەستوری لەناوخۆیدا دەستپێکرد، ئەوەش “پەیماننامەی لیشبۆنە-Lisbon Treaty” لێکەوتەوە، کە لەماددەی (٥٠) ەدا باس لە جێھێشتنی ئارەزوومەندانەی ئەندامانی یەکێتیەکە ئەکات.

ئەوە بۆیە لە بەریتانیا و لە (٢٣ی جانیوەری ٢٠١٦) نزیکەی (٣٠) ملیۆن ھاونیشتیمانی بەریتانیا دەنگ ئەدەن بۆ جیابونەوەو نەبونەوە لە یەکێتی ئەوروپا، ھەر ئەو ڕۆژە (٥١.٩%) دەنگدەران گوتیان “بەڵێ بۆ جیابونەوە لەیەکێتی ئەوروپا”. ئەمە لەرینەوەیەکی گەورەی لەدونیادا دروستکرد، یانی ھاونیشتیمانیانی بەریتانیای مەزن کە وەک تەلێکی دڕکاوی زیاتر لە (١٥٠) ساڵ لەم جیھانەدا داگیرکاریان کردووەو، کەلتورو چەخماخەی فەرھەنگیان گەیاندۆتە ھەموو کونوقوژبنێکی ئەم دونیایە، ئیتر لەمەولا ئەبێت بە ڤیزا سەردانی ئەوروپا بکەن!. ھەر لەگەڵ سەرەتای پرۆسەکەشدا زاراوەی برێکسیت – Brexit) وەک ئاماژە بۆ بونی بەریتانیا (Britain and Exit) کەوتە سەرزاری تەواوی ناوەندەکانی دونیا کەمانای جیابونەوەی بەریتانیا ئەدات لە یەکێتی ئەوروپا. لە (٢٩ ی مارسی ٢٠١٧) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا شووتێکی تر وەشاندو، گوتی ” ڕۆژی ھەینی بەرواری ٢٩ی مارسی ٢٠١٩ کاتژمێر ١١ بە کاتی لەندەن، بەریتانیا ماڵئاوایی لە ئەوروپا ئەکات و، سەرجەم دامەزراوەکانی ئەکشێنێتەوە”.
ئەم جیابونەوەیە بە بێ کاریگەری ئابوریی و دەورونی نابێت، یەک ڕۆژ دوای ڕیفراندۆمەکە دراوی بەریتانی (١٠% – ١٥%) بەھای خۆی بەرانبەر یۆرۆ لەدەستدا، لە کۆتایی (٢٠١٨) ەدا بەھای (١٠٠ یۆرۆ یەکسانە بە ١٠٠ پاوەندی بەریتانی). ئەمە جگە لەوەی گەشەی ئابوری زۆر ھێواشکردۆتەوە، لە چارەکی یەکەمی (٢٠١٨) ەدا تێکڕای گەشە (٠.٦%) ە. بەپێی حکومەتی بەریتانیا ئابوریی بەریتانیا بۆ ماوەی (١٥) ساڵ بە ڕێژەی (٧.٧%) دائەبەزێت. بەپێی دەستی کارو پرسیارو ڕاپرسیەکان و، چینەکانی کارکەریش، بەریتانیا زیانێکی گەورە ئەکات، چونکە لەمەولا باج لەسەر ھەموو شمەکێکی ھاوردەو ھەناردە دائەنرێت. بە پێی لایەنی تیۆریش بێگومان ئەم بڕیاری جیابونەوەیە مانای سەرکەوتن یاخود سەرھەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی ئابوری و شکشتی ئابوریی لیبراڵە لە ئەوروپا.

سێھەم: پۆپۆڵیزم ئەوروپا دائەپۆشێت!
میللیگەرایی یان شەعبەویەت (Populism) وەکو ئایدۆلۆجیایەکی سیاسی، یان فەلسەفەیەکی سیاسی، وە یاخود گوتارێکی سیاسیی کار لەسەر بەکارھێنانی دیماگۆگیەت و فریودانی خەڵک ئەکات، ڕۆشنتر لەمە ئیش لەسەر ختوکەدانی جەماوەرو جوڵاندنی سۆزی خەڵکە ڕەشوڕووتەکە ئەدات، تا لە ڕێگەی ناڕەزایەتی شەقامەوە بگەنە دەستەڵات. پێچەوانەکەی ئەمە ئەوەیە کە نوخبەیەکی سیاسیی و ئابوریی ئیش لەسەر ھزر و داتاو بەڵگەی زانستی ئەکەن. کارەساتی پۆپۆڵیزم ئەوەیە کە دەنگی زۆرینەی خەڵک بەدەست ئەھێنێت لە ڕێگەی گوتارێکی ڕۆمانسی- شۆڕشگێڕانەوە. ئەمە لە یۆنانی کۆن کۆمەڵێک ھەبون لە وێنەی “کلیۆن” ئەیانویست پاشەکشەو لەمپەر بۆ فەلسەفەی یۆنانی دروست بکەن، ببینە: کتێبی “کۆمار” ی ئەفلاتۆن سەراپا باس لەوە ئەکا کە “ئاخۆ کێ ئەبێت پاسەوانی کۆمەڵگا” بێت؟ ئەفلاتۆن زیاتر لایەنی ئەندازیاری و ژمێریاری بە زانست ئەزانێت، زیاتر جەخت لە زانستێک ئەکاتەوە کە شەعبەویەت و خەڵکە عەوامەکە لێی نازانن و، خۆیانی لەقەرە نادەن، بۆیە زۆر ئەوە بە پیرۆز ئەزانێت کە “نوخبە” یەکی نمونەیی پاسەوانی کۆمەڵگا بن. لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی دا دیسان پۆپۆلیزمەکان دەرئەکەونەوە، دێن و دنەی خەڵک ئەدەن بۆ ئەوەی بگەنە دەستەڵات لە ڕێگەی زۆرداری شەقامەوە، ھەریەکە لە براکانی “گراکی ڕۆما” و ” یولیۆسی قەیسەر” لە ھەرە پۆپۆڵیستە دیارەکانی ئەو سەردەمە بوون. کاتێک ئەوروپا لە خەوی سەدەکانی ناوەڕاست ڕائەچڵەکێت و، ڕینیسانس بەرپا ئەبێ و، بەدوایا شۆڕشی فەڕەنسا دێت، دیسان پۆپۆلیزم بە فۆڕمێکی پڕ لە توندوتیژییەوە دێتەوە ناوجەرگەی ئەوروپا. ئەوە نەبێت ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دیاردەیەکی بەدەر بێت لە پۆپۆڵیزم، کە ھەر بۆخۆی لەبنەڕەتەوە عەشیرەت و خێڵ و شەعبەویەت تیایدا فەرمانڕەوا بووە. ئێستا لە ھەزارەی سێھەم و، سەدەی بیست و یەک، جارێکی تر ئەوروپا پڕبووەتەوە لە دیاردەی پۆپۆڵیزم، لەناو پەرلەمانەکانی ووڵاتەکانیان و، لەناو پەرلەمانی ئەوروپیشدا بەرەو زۆرینە ئەڕۆن!.
لەگەڵ ئەوەی تەحەددا جۆراوجۆرەکانی بەردەم یەکێتی ئەوروپا تا دێت بەرەو گەورەبون و زیادبون ئەچێت، زۆرێک لە ئاژانسەکانی دونیا ساڵی (٢٠١٨) بە ساڵی “پۆپۆڵیزم” بۆ ئەوروپا ھەژمار ئەکەن. ڕاستڕەوەکان بەگشتی و ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بەتایبەتی لە ھەڵکشاندان، ئەمانە بێ ئارگیۆمێنت نین، بەشی ھەرە زۆری ھۆکاری بونی خۆیان لە کێشەی پەنابەران و کۆچبەران و ئیسلامۆفۆبیادا ئەبیننەوە. بەپێی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچبەران –IOM تەنھا لە ساڵی (٢٠١٧) ەدا (٦١٨٧٨٠) شەش سەت و ھەژدە ھەزارو حەوتسەدو ھەشتا کۆچبەر ڕوویان کردۆتە ئەوروپا، (٣٧%) ئەو نا ئەوروپیانەی لە ناو یەکێتی ئەوروپادان بە ناشەرعی لەو ووڵاتانە دانیشتون. ئەمەش مەترسیی و گرفتێکی گەورەی بۆ خۆرئاوا بەگشتی دروستکردووە، تا ئەوەی بووەتە ھۆی بەرەو لێکھەڵوەشانی سیستەمی بەڕێوەبردنی یەکێتی ئەوروپا، مەسەلەن: کاتێک نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا بڕیارئەدەن مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران بکەن، ووڵاتی مەجەڕ (ھەنگاریا) پابەند نابێت بەم بڕیارەوە، ئەمەش مانای وایە یەکێک لەھەرێم یان دەوڵەتەکانی ناو ئەم کۆنفیدراڵیەتەی ئەوروپا پێشێلی یاساو سیستەم و بنەماکانی کۆمەڵگەی ئەوروپی ئەکات، بەدوای ھەنگاریادا پۆڵەنداو، ئینجا ئیتاڵیاو یۆنانیش ھەمان ھەڵوێست وەرئەگرن.
جگە لەوەی کێشەی کۆچبەران مەترسی خستۆتە سەر ناسنامەو، پرسی لۆکاڵی بون و یۆنیڤێرساڵی بونی ناسنامەی تۆخترکردۆتەوە لەجیھاندا، جگە لەوەشی کە لەو ماوانەدا حیزبە فەرمانڕەواکانی ووڵاتانی ئەوروپی یەک یەک ئەکەون!. یانی حیزبەو پلانی داناوە بۆ (٨) ساڵ، لەپڕ سەدان ھەزار کۆچبەرو پەنابەری بیانی ڕووئەکەنە ووڵاتەکەی، ئەمە لێکەوتەی کەلتوری و سیاسی و ئابوریی و پەروەردەیی خۆی ھەیە. لە ئیتاڵیا “حیزبی ڕابیتە” سەرکەوت لەگەڵ “بزوتنەوەی ٥ ئەستێرە” کە بزافێکی ڕاستڕەوی پۆپۆلیستیە حکومەتیان پێکھێنا، کە ھەردوو حیزبەکە دژی کۆچبەران و بێگانەن، لە سوید حیزبی دیموکراتی سویدی و حیزبی نەتەوەیی ڕاستڕەو بەھەمان شێوە کێبڕکێیان کردووە. لەئەوروپای ڕۆژھەڵات سەراپا پۆپۆڵیست فەرمانڕەوان: سەرۆکوەزیرانی ھەنگاریا “ڤیکتۆر اوربان” پۆپۆلیستێکی ڕاستڕەوی توندڕەوە، لە پۆڵەندا “یارزۆلاف کاتشینسکی” پۆپۆڵیستە، لە سلۆڤاکیا “ڕۆبرت ڤیکۆ” ی سەرۆکوەزیران پۆپۆلیستە. تەنھا ئەڵمانیا نەبێت پێداگیرە لەوەی دەرگا کراوە بێت بۆ کۆچبەران، ئەوەش پەرلەمانەکەی لەلایەن پۆپۆلیستەکانەوە ئیختراقکراوە.
سەرەڕای مەسەلەی پەنابەران، ھۆکاری ئابوری و خراپبونی گوزەرانی تاکی ئەوروپی لەدوای قەیرانی ئابوری جیھانیەوە (٢٠٠٨) بەشێکی ترە لەسەرھەڵدانی توندوتیژی و کەراھیەت لەلایەن پۆپۆڵیستەکانەوە، لە فەڕەنسا تەنھا لە ساڵی (٢٠١٥ و ٢٠١٦) ەدا (٢٠٠) کەس کوژراوە، بەشێک لە پۆپۆڵیستەکان بونی کۆچبەران و بیانییەکان بە ھۆکاری تیرۆر لەووڵاتەکانیان ئەزانن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە بابەتێکی ڕێژەییە، لە کۆتایی (٢٠١٨) ەدا خۆپیشاندانی ھێلەک زەردەکان لە فەڕەنساو، دەستگیرکردنی زیاتر لە (١٥٠٠) خۆپیشاندەر و، کوژرانی (٣) کەس لە ستراسبوغ و (١١) بریندار لەو شارە ھۆیەکەی خراپبونی گوزەرانی ھاوڵاتیان و، بڵاوبونەوەی نایەکسانی یە لە ئەوروپا، کە ھاوڵاتیەکی ھەژار پێویستی بە زیاتر لە (١٢٨) ساڵ کاری بەردەوامە تا بگات بە ژیانێکی ھاوشێوەی چینی دەوڵەمەندی دەستەڵاتدار.

کۆتایی:
بڕیاری کۆتایی “تێریزا مەی” سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ جیابونەوەی ووڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا مێژووییەکی تازەی خۆرئاوایە، بەریتانیا خاوەنی پێگەیەکی گەورەیە لەجیھان و لە ئەوروپا. بەڵام یەکێتی ئەوروپا ھەر ئەم قەیرانەی نییە، گرفتی گەشەکردنی پۆپۆلیزم و پرسی ناسنامەو ڕێگری کەلتوری مەترسین لەسەر ئەوەی ئەوروپا سیستەمێکی فیدراڵی پەیڕەو بکات و، ھەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە کە لەدوای جەنگی ساردەوە ھێناویەتی.
مەترسییەکی تری ئەم دیاردەی شەعبەویەت (پۆپۆڵیزم) ە پەڕینەوەیەتی بۆ ناوچەکانی تری جیھان، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لەدوای کودەتا شکستخواردووەکەی (١٥ی جولای ٢٠١٦) ەوە زۆر لەم دیاردەیە بە ئاگایە، بەتایبەتیش بەرانبەر ئەو ملیۆنەھا کوردەی لە ووڵاتەکەی ھەن، کە لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی دا ڕێگەی دا زنجیرەیەک سەردانی جۆراوجۆری ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە “عەبدوڵا ئۆجەلان” بکرێت، بۆی دەرکەوت پەیامەکانی ئۆجەلان گەیشتونەتە شەقامی تورکی و دەرەوە، بۆیە لەھەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠١٥) ەدا کورد توانی (٨٠) کورسی لە پەرلەمانی تورکیا مسۆگەر بکات. تەنانەت تورکیا لە بزافێکی بچکۆلانەی پۆپۆڵیستی وەکو “نەوەی نوی” زۆر بە ئاگایە لە کوردستانی عێراق.
لەلایەکی ترەوە مەترسی و ھەڕەشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا، وە لە دوورگەی کریماو، لە ئۆکرانیا، تەنگی بە سیستەمی بەرگری ئەوروپی “ناتۆ” ھەڵچنیوە. لە باشوری ئەوروپاشەوە گرفتی مامەڵەکردنی ئەوروپا لەگەڵ تورکیاو، کێشەی قوبرس بە ھەڵواسراوی ماوەتەوە. ئەگەر بەریتانیا لە باکوری خۆرئاوای کیشوەری ئەوروپاوە جیابێتەوەو، ڕۆژھەڵات و باشوری ئەوروپاش لینکی پەیوەستبونیان لاواز بێت (Lack of consistency of the southern Europe) کە قووڵایی ستراتیجی ئەوروپان لە ڕووی ھێڵەکانی ووزەوە. کەواتە ئەوروپا ئەکەوێتە بەردەم تەحەددایەکی گەورەتر کە پرسی “جیۆپۆڵەتیک” و گۆڕانی پێگەکەیەتی.

*بەھرۆز جەعفەر: دامەزرێنەرو سەرۆکی ئینستیوتی مێدیتریانەیە بۆ توێژینەوەی ھەرێمایەتی، خوێندکاری دکتۆرایە لەپەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتیەکان لە زانکۆی قوبرسی نێودەوڵەتی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *