ساڵی نوێ و ناوچە دابڕاوەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 290 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی

لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا زۆربەی گەلانی جیهان بەچەندین شێوازو ئاهەنگی جۆراوجۆر پێشوازی لەو بۆنە مێژوییە دەکەن و خەڵکیش بە دڵێکی پڕ لە هیواوە دەڕواننە ساڵی نوێ و ئاواتە خوازن لەساڵی نوێدا سەرجەم ئەو خەون و حەزانەیان بێتە دی کە لە ساڵانی پێشودا بەدی نەهاتووە. دیارە بەپێی نەتەوەو ناوچەو ووڵات جیاوازی هەیە لەنێوان خواست و ئارەزوی مرۆڤەکان بۆ ساڵی نوێ، ئاخر مرۆڤێکی برسی ئەفریقی خەون بە ژەمێکی خواردنەوە دەبینێ نەک بۆ بەدەستهێنانی ڤێلاو سەیارەی مۆدێل بەرزەوە، هەروەها مرۆڤێکی ژێر دەستەی حکومەتێکی داپپڵۆسێنەر بێگومان خەون بە ئازادی و ژیانێکی سەربەستانەوە ئەبینێ، لە بەرامبەردا هاووڵاتیەکی ئەوروپی یان هەر دەوڵەتێکی پێشکەوتوو کە زۆربەی پێداویستیەکانی فەراهەم کراوە ،بێگومان خەونەکانی سادەو جیاوازترە. دیارە کوردیش وەک نەتەوەیەی ئەم گەردونە کۆمەڵێک خەونی هەیە هەرچەندە خەونی سەرەکی تێکڕای گەلی کورد خۆی لە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆو ئازاد و دیموکراسی دەبینێت، بەڵام خواستەکانی تاکی کوردیش بەپێی ئەو بارودۆخەی کە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا هەیە لە هەندێ حاڵەتدا لە یەکتری جیاوازە جگە لە کۆمەڵێک خەمی هاوبەش ، بۆ نمونە خەونی هاووڵاتیانی بەشەکانی دیکەی کوردستان جیاوازترە لە خواست و ئاواتەکانی هاووڵاتیانی کوردستانی باشور. هەروەها لە کوردستانی باشوریشدا خەون و ئارەزووەکانی ناوچە دابڕێراوەکان جیاوازترە لە ناوچەکانی سنووری هەرێمی کوردستان.

ئەگەر خەونەکانی ئێستای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چاککردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی و نەهێشتنی گەندەڵی و چەسپاندنی سەروەریی یاسا بێت ، ئەوا هاووڵاتیانی ناوچە دابڕاوەکان بەدەست دەیان خەمی نەتەوەیی و کێشەو گرفتی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەو هێزە نامۆیانەی کە گوایە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە هێنراون دەبنەوەو ڕۆژانە تاکی کوردی سوکایەتی پێ دەکرێت و تەنانەت لەهەندێ ناوچەیش هەر وەکو سەردەمی رژێمی بەعس وا خەریکە ئەرزەو ماڵی هاووڵاتیانی کورد داگیر ئەکرێت و ناوچەکانیان تەعریب دەکرێتەوە. هەر بۆیە لە ئاهەنگ و بۆنەکانیشدا جیاوازییەکی بەرچاو ئەبینین لە نێوان دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان، لە کاتێکدا هاووڵاتیانی شارەکانی کوردستان بە شێوازێکی بەرچاو بەشداری لە ئاهەنگەکانی ساڵی نوێ دەکەن و ئەو بۆنە بە ئاهەنگ و خۆشی بە ڕێدەخەن ، بەڵام بەداخەوە لە ناوچە دابڕاوەکان نەک هەر ناتوانین مەراسیم و بۆنەکانمان ئەنجام بدەین و گوزارشت لە خۆشیەکانمان بکەین، بە پێچەوانەوە لە بۆنەکاندا بەناوی چەسپاندنی ئەمن و ئاسایشەوە گەمارۆی سەربازی زیاتر ئەخەنە سەر ناوچەو گەڕەکە کوردیەکانەوە ئەمیش ئەبێتە مایەی کێشەو ئاریشەی زیاتر بۆ هاووڵاتیان، هەر بۆیە تاکی کوردی ناتوانێت گوزارشت لە خۆشیەکانی خۆی بکات وەک ئەوەی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەکرێت.

ئێمەی هاووڵاتیانی ناوچە جێناکۆکیەکان لەدوای پرۆسەی ئازادی و بە تایبەتیتر دوای روداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە ساڵ بەساڵ و ڕۆژ بەڕۆژ خەمەکانمان و ئاستەنگەکانی ژیان بەرەو هەڵکشان ئەچێت و خەونەکانمان لە گۆڕ ئەنرێت. هەر بۆیە لەساڵی نوێدا ئێمە نەک خەون بە زیاتری بەدەستهێنانی داخوازێکانمان نابینین و داوای خۆشگوزەرانی هاوچەرخ ناکەین، دیارە نەک لەبەر ئەوەی وەک هەر مرۆڤێکی دیکە پێویستیمان بەوەها ژیانێک نییە ، بەڵکو لەم بارودۆخەی کە ئێستا تێی کەوتینە داخوازی هەنوکەییمان گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی بۆ ناوچەکانمان و ڕێگریکردن لەو شاڵاوە تەعریبەی کە دەستی پێکردووە و ئاوڕدانەوەیەکی جددی سەرکردایەتی سیاسی کوردییە کە ناوچە دابڕاوەکان بکەنە ئەجندای یەکەمی کارەکانیان و هەمێکی خەڵکی ئەو ناوچانە بخۆن و کەمێک لە ئازارەکانیان کەم بکەنەوە ، نەک هەر لە خەمی داهاتوو نەوتەکەی بن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.