ھەرێم لەبەردەم شەڕی ساردی پارتی و یەکێتی

لەلایەن ستاندار Posted on 311 جار بینراوە

ھیوا سەید سەلیم

لە ھەرێمی کوردستاندا، پارتی و یەکێتی وەک دوو ھێزی سیاسی خاوەن دەیان ھەزاران چەکدار لە پێشمەرگە و ئاسایش و ھێزی جۆراوجۆرن، لە دوای کۆتایھاتنی شەڕی ھەشت ساڵەی ناوخۆدا، ئەو دوو حزبە لە شەڕێکی سارد دانە، ھەر لەو چەند ساڵەی دوای کۆتایھاتنی شەری ناوخۆ ئەو دوو حزبە جارجار وەک دوو دۆست و ھاوپەیمان دەردەکەون و ھەندێک جاریش دەبنە دوو نەیاری سەرسەختی یەکتر، ململانێکانیان بە ئاقارێک دەبەن تا دەگاتە لێواری گەرم بوونی شەرە ساردەکەی نێوانیان.

لە کوردستان پارتی و یەکێتی تەنیا دوو ھێزی تەقلیدی ڕکابەری یەکتر نین، خۆ ئەگەر وابن ئاساییە، لە زۆر شوێنی تری جیھاندا ئێستا ململانێی سیاسی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات چڕبۆتەوە لە ململانێی نێوان دوو ھێز، وەیان روونتر بڵێین دوو حزبی سیاسی تەقلید، کە لە کێبرکێ دان بۆ چوونە دەسەڵات، نموونەی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمەریکا و پارێزگاران و دیموکراتەکانی بەریتانیا و زۆری تریش، بەڵام ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە ناتوانرێت بە ئەزموونی وڵاتانی تر بەرواربکرێت کە ئەویش ھۆکاری زاتی خۆیە ھەیە کە باسیان لێوە دەکەین.

شەڕی ساردی پارتی و یەکێتی شەڕی دوو ھێزە کە ھەم پێشینەی مێژووی خۆی ھەیە، ھەمیشەش مەیدان لە کوردستان بۆ تەشەنەسەندنی ئەو شەڕە لەبارە، چونکە ملمڵانێی ئەو دوو ھێزە تا ئێستا نەچۆتە چوارچێوەی ململانێیەکی دیموکراسیانەی دوو حزب، بگرە دوو ھێزی چەکدار لە ئەزموونی حوکمداریەتی خزبی ھەمیشە ململانێکەیان جێگای مەترسی دەبێت.

لە ھەرێمی کوردستان نەبوونی دەستور و کارنەکردن بە یاسا وادەکات زۆرجار حزب زیاتر لەبەڕەکەی خۆی پێ ڕابکێشێت، کێشەی ئەم دواییەی نێوان پارتی و یەکێتی ئەوەمان پێدەڵێت ئەوەی لەو ھەرێمە حسابی بۆ ناکرێت یاسایە، کاتێکیش یاسا پشتگوێ خرا یان کاری پێنەکرا، دەبێت چاوەڕوانی ئەگەری نەخوازراو بین.

لە ئێستادا ئەو شەڕە ساردەی لە نێوان پارتی و یەکێتی ھەیە، زیاتر شەڕی وەرگرتنی پۆستی زیاتر و سازش پێکردنی ئەوی دیکەیە، ئەگینا بەرژەوەندیەکانی نێوانیان زۆر لەوە گەورەترن کە پارتی و یەکێتی دۆخی شەڕی سارد تێبپەڕێنن بۆ شەڕێکی دیکە واتا بەرژەوەندیەکان لە ناکۆکیەکان گەورەترن.

بەڵام ویڕای بەرژەوەندیە ھاوبەشەکانی کان ئەو دوو حزبە لە ئێستادا کێشەی بەغدا و لێکەوتەی پۆستی سەرۆک کۆمار و کەرکوک و ھەلبژاردنەکانیان ھەیە، کە ئەو کێشانە لە ژێر سێبەری شەڕی سارددا چارەسەرکردنیان ئاسان نابێت تا ئەو کاتەی دۆخەکە بە ھێمنی تێنەپەڕێنن.

لە ئێستادا دۆخی نەشەر و نە ئاشتی نێوان پارتی و یەکێتی کاریگەری زۆری لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری ھەرێمی کوردستان داناوە، سێ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت تا ئێستا ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی تازە لەسەرخۆن و دۆخی کەرکوک رۆژبەرۆژ بە زیانی کورد دەشکێتەوە، لەسەر ئاستی بازاڕ ناسەقەمگیری ئابووری ھەیە خەڵک ترسی لە دۆخەکە ھەیە و ئەو ترسەش جولەی بازاڕ پەکخستووە.

لەبارودۆخێکی وادا لێدوانێکی نابەرپرسانە و یان ھەڵسوکەوتێکی خراب لەھەر لایەنێک لەو دوو لایەنە و دەچێتە خزمەتی زیاتری ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، بۆیە لە ئێستادا کوردستان لەھەر کاتێک زیاتر پێویستی بە تێپەڕاندنی دۆخی شەڕی ساردی ئەو دوو حزبەیە .

کێشەکانی ئەو دوایەی پارتی و یەکێتی ئەوەمان پێدەڵێت کە کارنەکردن بە یاسا باڵادەستی حزب بەسەریاسا و دادگاکان چەندە مەترسی دارە، چجای ئەوەی لەو ھەرێمە تا ئێستا دەستورێکمان نیە کە ئەرک و مافی ھەر تاک و لایەنێک دیاری بکات، بۆیە حزب بۆتە دادگا و یاسا کە ئەمەشیان مەترسیەکی یەکجار گەورەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.