بۆچی، لە ڕابوردوو بترسین.!؟

لەلایەن ستاندار Posted on 404 جار بینراوە

شەھاب کەریم

گەرچی بەداخەوە ئەزموونی بەڕێوەبەری دەسەڵاتی کوردی زۆر ناشایستەبووە بە ڕەنجەکەی، بەڵام خودی شۆڕش و خەباتی پڕ بەخشینی خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە ڕەواکەی، شانازییەکی گشتیی خەڵکەکەیەتی، ھەر چۆن سەربەرزی و نازینی تاک بەتاکی کوردە بە رامبەر بە دۆست و دوژمنان، وە جێگای بەرز ڕاگرتن و دروست نەخشاندنی نەخشی مێژووە وەک خۆی بۆ داھاتوو کە تێیدا نوسینەوەی ئەو دەسەڵاتە شکستەی ئێستا بەڕاست و دروستی ئاشکرا بکات.
زۆرێک وەک بەشدار لەشۆڕشی نوێی چەکداری گەلەکەماندا بەشێک لەو مێژووی سەخت و ئەستەمی شاخ و شاری بەردەکەوێت کە میللەتەکەمانی تێدا بووە قوربانی.
لە ئێستادا بەرھەمی دوا قۆناغەکانی ئازادی خەڵک و سەرکەوتنی ھێزە چەک بەدەستە شۆڕشگێرەکان، وەک فاکت بوونەتە دوو جەمسەری دابڕاوو دژ بە یەک، ھەمان خواست و ویستی دوو نەیارن بۆ ململانێ، کە تێیدا گەشەی ویستی ئاسودەیی خەڵکە بۆ ژیان و ھەڵپەی گرتنە دەستی چەمکی ھێزەیشە بۆ دەسەڵات.!
بەردەوامی ئەم ململانێیەش لەو بەرکەوتن و نێوەندەشدا، دوبارە قوربانی دان و قوربانی بوون بەرھەم دێنێ، تاکیش تێیدا دەبێتەوە قوربانی و خەڵکانێکی زۆریش دەچنە خانەی بیرچوونەوە و قوربانیدانێکی بێ نرخەوە. گەرچی ئەمە بەشێکە لە بەرھەمی ئێستای سیستمی دەسەڵات بۆ سەرخستنی قۆناغی شاردنەوەی جوانییەکان، بەڵام لە ئاست تاک و کەسە شۆڕشگێرەکاندا جگە لە زوڵم و خیانەتی ناخی و سیاسیی ھیچی تر بەرھەم ناھێنن بۆ بەردەوامی مانەوەو پاساوەکەی.!
گەر بەوردتر لەو مێژووە بڕوانیین؛ تێدەگەین چەند زوڵمان لە کەسە تێکۆشەرەکانی گەلەکەمان کردووە، کێ بوون و چیان لێھات و کەوتنە کوێوە، ئێستا دۆخی ژیان و کەسوکاریان چۆنە، چۆن باسیان دەکەین و کێن ئەوانەی باس دەکرێن و باسیان دەکا.!؟
وەک زیندانییەک بەرنامەی ( ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆیان دروستکرد ) کە بەرنامەیەکی مێژووی پڕ زانیاری ورد و نھێنی نێو زیندانەکانە دەبینم و بۆم گرنگە ھەمو جارێکیش ئەم بەرنامەیە ئاشنام دەکاتەوە بە کەلەپچەو کێبڵ و کارەباو شت گەلێکی تری ئازاردانی دەروونی و جەستەیی، دەچمەوە نێو باوەشی پڕ حەسرەتی ھاوڕێ و برا ئازیزەکانم کە تێیاندا بۆ من مامۆستا پێشڕەو یەکێکە لەو مێژووەی کە ناتوانم بۆ تەنھا چرکەیەکی چاوو نوقاندنیشم نەیبینم و ھەمیشە کار وکردەوەکانی لەبەر چاومە و سەرتاپای جەستە و ویژدانی گرتووم.!
پێش ئەوەی مامۆستا پێشڕە و لە زینداندا ببینم ، وەک شایەتحالێکی مێژوویی پڕ سەروەری ئەو تێکۆشەرانەی لە نێو ژورێکی بچوکدا خزابوون ، جگە لە ئازار و ئەشکەنجەدانی تاک بە تاکی زیندانییەکان کە زۆرترین ترس و تۆقاندنی دەخستە نێو دڵی مرۆڤەوە، لەو زیندانە بچکۆلانەدا ، جگە لە پەنجەرەیەک ھیچی تری تیا نەدەبینرا ، مامۆستا پێشڕە ، وانەی شۆڕش و خەباتی نەتەوایەتی لەو ژورە بچوکەدا بە تەواوی زیندانەکان دەوتەوە ، کاتێک زیندانیەک بۆ ئەشکەنجەدان ببرایە ، بە زەردەخەنەوە پێی ڕادەگەیاند بەوەی ئاساییە خۆت لە سێدارە بدرێیت ، بەڵام ھاوڕێکانی ریکخستنەکانی نێو شار بۆ ئەم شوێنە نەبرێن و تا بۆت دەکرێت خۆڕاگر بیت ، ئەوەی کە دەبێتە مایەی سەربەرزی ژیانت ، ئەوەیە کە چۆک بە ھێزی مەچەک و بازوی جەلادەکاندا دابێیت ، ئەمە خۆی لە خۆیدا ورەیەکی پۆڵایین بوو ، بۆ تاک بە تاکی زیندانیەکانی نێو ئەو ژورەی کە ڕۆژانە سات و کاتی بۆ نەبوو ھەردەم دەبوو ، خۆت ئامادە بکردایە بۆ ھەڵواسینی سەربەرەوخوار و دەستی لەپشت شەتەک دراو ئەوەی بوەتە مایەی سەر سوڕمانم و من بەم تەمەنەشمەوە تاکوو ئێستە لە یادم ناچێتەوە ، خۆ بە گەورە بوون زانینی مامۆستا پێشڕەو بوو بەرامبەر بە ملازم محسین و دارودەستەکەی ، لە ھەمان کاتیشدا مامۆستا پێشڕە و لەگەل ئەوەی مەدرەسەیەکی شۆرش بوو ، سەرکردەیەکی بوێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوو ، ڕەفتارە جوان و ھەمیشەییەکانی شەھید خاڵە شەھابی سەرکردەی کۆمەڵە لەودا دەبینرا و ھەردەم خۆی بە بچوکی تیکۆشەران دەزانی !
کاتێک پیاوێکی بەتەمەنیان بە ناوی حاجی محەمەد بە دەستی شەتەک کراوی کەلەپچەوە خزاندیانە نێو ژورەکەی ئێمە ، لەتەنیشت دەرگاکەدا سەتلێکی میزی تیا دانرابوو ، دەبوو ھەموان لەو سەتەڵەدا میزیان بکردایە و حاجی محەمەدیش لەسەر شیوعی بوون دەستگیر کرابوو ، پێش ئەوەی ببرێت بۆ ئەشکەنجەدان، لە تەنیشت سەتڵی میزکردنەکەدا ڕاکشابوو ، جوانترین سیفەتی سەرکردەی نێو زیندان مامۆستا پیشڕەو بوو کە لە ھەڵواسین و ئەشکەنجەدان تازە ھێنابویانەوە و جەستەی خوێنی لێ دەچۆڕا داوای لە حاجی محەمەد کرد ، بەوەی لە تەنیشت سەتڵی میزەکەدا نەخەوێت، مامۆستا پێشڕەو خۆی چووە ئەو شوێنەوە و بە دەم سرودی نیشتیمانیەوە ، ھەردوو قاچە خوێناوییەکی لێ درێژ کرد ، ھێندەی پێ نەچوو، دەنگی دەرگای ئاسنیین تەواوی زیندانیانی ھەراسان دەکرد ، حاجی محەمەدیان برد بۆ ھەڵواین و لێدان و پێیان ڕاگەیاندبوو ، بەوەی دەبێت بچیتە ناو ئەو بوتڵەوە ، بەڵام حاجی محەمەد سەربەرزانە بە جەلادەکانی ڕاگەیاندبوو ، بەوەی من زۆر مەزن و گەورەم و لەو بتڵەدا جێم نابێتەوە ، گەر بوتڵەکەی ئێوە لە مندا جێی دەبێتەوە ، ئەوا من دەتوانم جێی بکەمەوە ، بەڵام دڵنیابن نایەڵم ئەو بوتڵە لە جەستەی ھاوڕێکانمدا جێی بۆ بکرێتەوە ، کاتێک حاجی محەمەدیان بە بوراوەیی ھێنایە نێو ژوری زیندانەکە ، جگە لە مامۆستا پێشڕە و کەسی تر نەی دەوێرا بچێت بە ھانایەوە و سەد مخابن، مامۆستا پێشڕەوی ( ئاراس عەبدول ڕەحمان ) سەرکردەی شار و شاخ و سەرکردەی نێو زیندان، سەری حاجی محەمەدی خستە سەر ڕانی و ژیانی لە دەستدا و شەھید بوو ، دواتر مامۆستا پێشڕەویش لە ژوری سێدارە بەر لێبوردنی گشتی دەکەوێت و دووبارە بۆ درێژەدان بە خەباتی سیاسی و بەرگریکردن لە میللەتەکەی گیانی فیدای گەل و نیشتیمان دەکات و شەھید دەبێت ، سەد حەیف بۆ ئەو مرۆڤە مەزنانە گیانی خۆیان بەختکرد ، ئەوەی بوەتە جێی سەرنج و تێبینی بۆ من ، شەھیدانەکەی ناگاتە نیوەی خانە نشینی کۆنەسیخوڕو خۆفرۆشێک.
ئەمەیە گەمەی سیاسی و سیاسی پیشەکان بۆ خۆ قایمکردن و، دەستبردن و تۆکمەکردنێکی زیاترە، نەک گەڕانەوە بۆ ڕابوردووی مێژووی پڕ سەروەری، ئەمەش بەجێھێشتنی ڕاستی و جوانییەکانە، کە لە مڕۆدا ئەوان لە ناویدا ناشرین بوون و ناھێڵن کەسێک تێیدا بە جوانی بمێنێتەوە.!
بەدڵنیایی ئەمە دوا چەکی ڕۆچوون و داخزانی دەسەڵتدارانی سیاسی و حیزبییە بۆ ناو زبڵدانێک کە تێیدا بۆگەندەکەن و بیر ناچنەوە، بێگومان خەڵکی جوان و دڵسۆز و سەرکردەی ڕاستەقینەشمان ھەیە بۆ ئەوەی لەو زۆرینەیەی دروست بووە، بکەینە نموونە. بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی زۆرینە بەو ئاقارە کاردەکات و دەیەوێت مێژووی جوانی شاخ پەردەپۆش و بن بەرد و ناشرین بکا لە پێناو نەگەڕانەوە بۆڕاستییەکان و دەرنەخستنی کەسایەتیەکانیان، کە من لێرەدا دەستی دەخەمە سەر و ھەوڵی تەواوی دوا پێشمەرگانەی خۆمی تێدا تاودەدەم بۆ گەڕانەوەی مافی ڕاستەقینەی ئەو مێژوو شاراوەیەی دەکەوێتە ئەستۆم لە داھاتودا.
شەڕی مانەوەو بەرزە فەڕی، بەردەوامی ڕۆیشتن و فڕین نییە بەھەڵەکاندا، مانەوەو زیندوێتی لەمردنێکدایە کە ویژدانت ئاسودەبێت، ئەوسا ھەموو ژیانمان بۆ ئاسودەیی دەبەخشی، ئێستا ئاسودەیی بۆتە پارە، ھەر بۆیە زۆر گەلێک لە بەرپرسانی شۆڕش مەرگیان بە ئاسوودەیی پارە فرۆشتوەو مێژووی خەبات و ماندبوونی خەڵکیان ھیچ بۆ گرنگ نییە، لەبەرامبەریشدا ھەرچی دەیانبینێ بە ئاشکرا لووتی دەگرێ.!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.