وەرزی دروێنەی ھەڵە گەورەکان بەڕێوەیە

لەلایەن ستاندار Posted on 293 جار بینراوە

حەمە ئازاد بەرزنجی

ئەگەر زۆر نەچینە ناو قوڵایی مێژو و زۆریش دورنەکەینەوە ، لە کوردستانی باشوردا کۆمەڵە ھەڵەیەکی یەک لەدوای یەک ڕویانداوە و ھیچیشیان نەبونەتە پەندێ ، وانەیەک بۆ بکەران و شوێنکەوتوانیان و تەنانەت بۆ زۆر لەڕۆشنبیران و خەڵکە ئاساییەکەی ناو کۆمەڵگای کوردەواریش . وەزۆر لەوە سەیرتر بکەرەسەرەکییەکان ، گەر نەڵێین زۆربەیان ئەوە ھەندێکیان ، تا ئێستا لە ژیانیاندا ماون و ئێستاش ھەرلەڕیزی پێشەوەن و ئێستاش نەک خۆیان بەڵکو یەکی سەرەگوریسێکیشیان داوەتە دەست کورو کچەکانیان و لەوانیشەوە بۆ نەوەکانیان .
وای لێھاتوە ، چۆن دەڵێی ڕوداوەکان بونەتە کۆپی یەکتر . ھەرسەرەداوی ڕوداوێ ، یان جوڵەیەکی سیاسی دەرکەوێ لە ھەرێمدا ، وەک ئەوە وایە بڵێی کاکە من ئەم فلیمەم بینیوە و ئەوە ئاڕاستە و ڕوداوەکانی ناو فلیمەکەو . ئەوەیش کۆتاییەکەی . ئەم ھەڵانە گەر بەخۆمان بزانین ھەڵەی بچوک وئاسایی و سەرەمقەستی سیاسی و تاکتیک نین . ھەڵەکان ھەڵەی گەورەن و کورد وتەنی پیاو لەوە ئەترسێ خۆمان ئامادەکەین بۆ ھەڵە گەورەکەو ، گێچی ھەمو خەبات وھەوڵ و شەونخونییەکانی پێشوترمان سفر بکەینەوە و بڵێین ، ئەوا ( کۆستەڵەیە ) و بە ( قل و بەرد ) سەرلەنوێ لە سفرەوە وەک دەوترێ لە ( ئەی ڕەقیب ) ەوە ، شانبدەینەوە ژێر ڕوداوەکان ودوبارە دەست پێبکەینەوە .
بەڕاستی ڕوداوەکانی جیھانی و ئقلیمی و ناوخۆی ئێراق ، ھێند بە خێرا گوزەر دەکەن ، شایانی ھەڵوێستەو دانوستان و کۆڕوکۆربەند و بڕیاری ئاوەزمەندی و جدیین . بەڵام ئەم برادەرانەی لای خۆمان ، مێش میوانیان نییەو زۆر بەخەمساردی لامسەرلاییەکەوە ، نەک ئاوڕ بەڵکو جارجارە نیگایەکیشی تێناگرن . ھەربۆ فیز نەک وەک بنەمایەک ، بەڵکو وەک سەرخانێکی زیادە ، و ھەربۆ جوانی سەیری بنەماکانی بەڕێوەبردنی وڵات ودیموکراسی دەکەن . جار جارەیەکیش لەبەرخۆیانەوە و وەک وڕێنەیەک شتێ دبێژن ، ئای دیموکراسی و ھەڵبژاردن و پێکەوەژیان و دەستاودەستکردنی دەسەسەڵات و جیاکردنەوەی ئیدارەو دەستی دەسەڵاتی حزبی ، لەیەکدی و ئای تۆیش ڕیفۆرم ، چەند وشەگەلێکی جوانن . وەخواش ھەڵناگرێ و پیاو دەبێ جارجارە قسەیەکیش بۆ دز بکات ، یەکی چەپکێکیان لەم وشەگەلە جوانانانە ھەر بۆ جوانی و چاوونفوس لە ئینجانەی ژوری میوانەکانیاندا ھەڵیانگرتون. ئەمان ھەر بەدوای شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوەن ، وەلێ دەبێ لەو بڕوایەشدا بن کەتا کۆتایی گەل مافی خۆی بۆخۆپەڕاندنی ئیوە ڕاناگرێت و، دەبێ ڕۆژێکیش بێت ، لە نێوان کۆیلایەتی و ئازادیدا ، ھەر ئازادی ھەڵبژێرێت .
ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ یش ( ئاشبەتاڵ لە وتەی زۆربەی خەڵکییەوە و نسکۆ بە وتەی پارتیەکان) یەکێ بوو لەو بارگرانیانەی کەکەوتە سەرشانی میللەتەکەمان و ، بەجارێ ورەو وزەو نەفسی تاکی کوردی لەکاتی خۆیدا داروخاندو سەرکزو ماتو بێ پشتوپەنا خۆمان دەبینی . ئەو ھەمو پێشمەرگە قارەمانانەمان دەبینی کە دوێنێ لە بەرەکانی جەنگو بەرەنگارییا وەک پۆڵا چەقیبون ، ئەمڕۆ ناچارکرابوون ، سەرەبگرن لە تابوری دورودررێژدا، بەجەستەیەکی شەتەک بەڕویەکی مەلول ، تفەنگەکانی سەرشانیانیان دادەماڵی و بەرامبەر بە مشتێ دینار تەسلیمیان دەکردنەوە بە جەیشی عێراقی . تەنانەت قاچاخچیانی سیلاحیش پەیدا بوبون ، دێ، بەدێ ، بن بەرد بە بن بەرد دەگەڕان ، بۆ دوو تفەنگە شڕی مەڵاسدراو تا ئەوانیش بدۆزنەوە و بەپەلە بیانگێڕنەوە بۆدام ودەزگا ئەمنیەکانی ئێراق .
دوبارەو سەرلەنوێ ، شۆڕشی نوی سەری ھەڵدایەو بە گوڕو تین وڕێبازێکی نوێ ، ھەزاران شەھیدی نوێ ، بە خوێنی سوریان مێژویەکی نوێتریان نوسییەوە . چەندان گوندو شاری دی وێرانکران ، چەندانو چەندان خێزانی تر سەرگەردان و ماڵوێران کران، چەندان نەفی ، چەندانی تر لە بەندیخانەکان ئاخنران. چەندانی تر نەیدەوێرا لە مالە وێران و کاولبوەکەی خۆیشیدا ، شەو بەرێتە سەرو، شەوێ بە ئیسراحەت سەربکاتە سەر سەرین .
ئەنفال و کیمیاباران و سوتماکردنی خاک و تەبعیس و تەرحیل و تەعریبشمان بینی ھەردەرسمان وەرنەگرت و ھەڵەدوای ھەڵەی گەورەتر دەکەین . لەکتێبو پەڕاوەکانیشدا ، دەیاننوسینەوەو لێکۆڵینەوە ومناقەشەی گەرمو گوڕیشی لەسەر دەکەین و جاروبارلە گەنگەشەو منا‌قەشەکانیشدا خۆیشمان لەیەکدی سوردەکەینەوە . بەڵام لە پراکتیکدا، یەکێ ناچێ بەلای وتارو نوسینێکی بەسودو کتێبێکدا ، ھەرھەمویان لەسەر ڕەفەی تۆزلەسەرنیشتوی ، نەخوێندراوەی ناو کتێبخانەکاندا دانراون و ھەریەکە بە مەزەنەی عەقڵی سواوی کۆنی خۆی حساب بۆ ڕوداوەکان دەکات و دەرس و وانەیەک لەڕابردو وەرناگرین .
ڕاپەڕینمان کردو حکومەتی بەعسمان تا ئەودیو سنور ڕاونا . ئەو ھەمو ناھەمواریەمان لەبیر چووە و جارێکی دی دەستمان خستەوە خوێنی یەکدی و دوو ئیدارە و دوو ناوچە و دوو ھەرێممان دامەزراند . سنوری نێوەند دو ھەرێمیان خستە ناو مێژووەو دێگەڵە بو بە ویردی سەرزمانمان . لە ھەژاری و نەھامەتییەوە، بەرەو دەوڵەمەندی وفرەسەرچاوەی دارایی ڕۆیشتین ، وەک دەوتراو بە شێعرو شانامەیش خەڵک دەیوتەوە ( لە پێیاندا نەبو جوتێ جزمە ،،،، ئێستاکە بەسێ قات دەڵێن نزمە ) . وە بیریان لەوە نەکردەوە ئەم سەرچاوە بێشومارە دارایییەی لە بەرستیاندایە ، بەپێی ھیچ نا ھەر بەپێی ئەو پەندە کوردییە ھەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکردایە کە دەڵێ ( پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش ) ، بیریکی لای ڕابردویان ھەبوایەو ، بیرێکیشیان لە داھاتو بکردایەتەوە .
ئەوی لە بیرییان بو تەنھا بیری کوڕوکچ و نەوەی خۆیان بو. تا کار گەیشتە ئەوەی پارە مۆڵەکەیان لەدەستداو کەوتنە پەیڕەوکردنی ڕێسای سکھەڵگوشین . ئەمیش بۆ خۆیان نا ، بەڵکو بەرنامەدانان بۆ سکھەڵگوشینی میللەت . زیادکردنی باج و خەراج و کەمکردنەوەی موچە بۆکەمتر و کەمترین . تائەوەی بگەیتە ئەو ئەنجامەی کە میللەت نازانی ، گیرفان بۆ خۆی دروست بکات و پارەی پێھەڵناگیرێ ، بەڵکوو دەبێ حکومەت پاشەکەوتی موچەی بۆ بکات و بۆی کۆکاتەوە بۆ ڕۆژی ڕەش .
ئەمانە ھەڵەی گەورە نەبن ، ئەی ھەڵە گەورەکان چی بن و چۆنن ؟ تا ئەوەندەیان خوارد، چاویان سوربو و بون بە گای ھار ، بە ھەرچواردەوردا ھەر لوشکەیان دەھات و ، بە ھیچ کلۆجێ تێریان نەدەخوارد و ، وە ھیچ حسابێکیشیان بۆ ھیج کەسێ نەدەکردو ، ھەرچی بھاتایە بەردەمییان ڕایان دەماڵی . تاکار گەیشتە ئەوەی سەرە ڕێ بە سەرۆکی پەڕلەمانەکەشیان بگرن و ڕێگری لێبکەن بۆ چونە ناو بینایەی پەڕلەمان و چونە ناو پایتەخت . فەرمانی زیاتر دەوڵەمەند بون و زیاتر دەستبەسەراگرتنی موڵک و سەروەت و سامان و نەوتی کوردستانیان بۆ خۆیان و دەستوپێوەندەکانیان و نەوەکانیان دەرکرد . ھەر بەوەشەوە نەوەستان فەرمانی ڕیفراندۆمێکیان بەسەر کوردستاندا ساخکردەوە ، کەبوە ماڵوێرانیەکی وا کە بەمزوانە لەژێر ئەنجامە خراپەکانی دەرناچین وتا ئێستاش ھەر باجی دەدەین .
جارێکی دی ھەڵەیەکی زەبەلاحی دی ، گەڕانەوە بۆ خاڵی دەستپێکردن ، جارێکی دی بۆ چۆڵکردنی نیوەی خاکی کوردستان ، ھەموناوچە جێناکۆکەکان ، بە دڵ و قودسی کوردستانیشەوە ، جارێکی دی خۆبەدەستەوەدان و خیانەتی نوێ و نوێتر. ئاشبەتاڵێکی تر بە مۆدێلێکی نوێتر لە شێوەی شانزەی ئۆکتۆبەردا. لەدوای ئەم ھەمو نەھامەتییە ، لەباتی یەکبون و یەکڕیزی و بیرکردنەوە ، گەر لە دواڕۆژی میللەتەکەیش نەبێ ، بیری لە دواڕۆژی پارەی مۆڵ و مەنسەبی چەور و ، ھێنەری پارەی مۆڵتر بۆ سەر قاسەی خۆیانی پڕ و پڕتر بکەنەوە . کەوتنەوە ململانێیەکی توندترو ملی یەکتربادانێکی بەئازارترو سوکتر کردنی یەکتری زیاتر لای نەیاران و پێشبڕکێ بۆ خزمەتی زیاتر لە بەغدای پایتەختی عەرەبیدا .
بۆ جارێکیش بێ سود لەھەڵەکانی مێژوی خۆتان وەرگرن ، سەنگەری بەرگری پتەو ئامادە بکەن و ئاوریک لە میللەتەکەتان بدەنەوە و پشتیان پێببەستن . بابەرھەمی ھەڵە گەورەکانی ئێوە کەلە پێشمانە ، ھەمو میللەت بەھۆی ھەنگاوە سیاسیە ھەلەکانی ئێوەوە نەیدروێتەوە و تامی نەچێژێ . چونکە کەشی ئێستای ناوچەکە و کوردستان بەرگەی ھەڵەی تر ناگرێ و ئەمجارە چێژەکە زۆر تاڵە و زۆر بە درەنگ و درەنگتر ھەڵدەسینەوە . کەشەکە ھێند تەمومژاویە ، ڕێگاکان ھێند پڕ دڕکو داڵن تەماعی جیرانو نێو دەوڵەتیش ھێند بەیەکدا چون و ئاڵۆزکاون ، بەئاستەم تروسکایی پێشخۆت دەبینی .
گەر دوریش ناڕوانن سەیرێکی نزیک بکەن . بڕواننە ئەردۆگان بزانن چی بۆ وڵاتەکەی دەکات ، بەھەر چوار پەل سەما دەکات . لەملا بۆ ئەولا. لەدەرگا دەری دەکەن لە پەنجەرە خۆی دەکاتەوە بە و ژورەی لێی دەرکراوە . لە پێناوی ئامانجەکانی خۆیاندا شەرم و شکۆی لێبراوە، دەزانێ گۆڕانکاریەک لە ناوچەکەدا ڕودەدات ، دەیەوی ھەرچۆنی بێ بەرھەمێکی دەستگیر بێ ، بەرھەمیش نەبێ ھەر پیلانێ دژی ئەو بیت تێکی بدات و ھەڵیبوەشێنێتەوە . یان سەیرێکی قاسم سولەیمانی ئێرانیش بکەن . لەوە دەچی ئەوەندەی ژیانی لەدەرەوەی ئێران و لە ناوچە مەترسیدارەکاندا بەسەر بردبێ ، نیو ئەوەندە نەکەوتبێتە ناو ئێران بەو تەمەنە زۆرەیشیەوە ، ھەر ھەموی لە پێناوی مەسڵەحەتی باڵای وڵاتەکەیدایە . چونکە لەو باوەڕەدابن ، گەر خۆی بیەویت ئەوا خۆشترین خۆشگوزەرانی و باشترین شێوەی ژیانی بۆ دابیندەکەن لە ھەر شوێنێ کە بیەوێت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.