شکستی ریفراندۆم و ئاڵاکەی کەرکوک

لەلایەن ستاندار Posted on 327 جار بینراوە

سەرتیپ جەوھەر

دوای زیاتر لە ساڵێک لە شکستی کوردو لەدەستدانی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان بەھۆی پرۆژەی شکستخواردووی ریفراندۆمی جەماعەت، بارودۆخی کەرکوک نەک باشتر نەبووە، بگرە ھەندێجار بێئومێدمان دەکات!
ئەو شکستەی جەماعەتی ریفراندۆم بەسەر کوردیان ھێنا، بارەگرانەکەی کەوتە سەر کەرکوک و کەرکوکییەکان، ئەو تاوانە گەورەیەی کە کردیان، بەقەمیسێکیان سڕیەوە، وەک قەمیسەکەی عوسمان و ویستیان بیکەنە بەر خەڵکی دیکە! ئێستاش کەرکوک بێکەس و بێنازەو تەنھا ئاڵایەک ھەڵدراوە بۆئەوەی ئاھێک بگەڕێتەوە بەر کەرکوکیەکان و شارەکە، کەچی مخابن لەبری پشتیوانی، بەچە جاشێکی کەرکوک (کوڕە “کۆنە!”مستەشارێک) پەتکان بەردەداو راست و چەپی خۆی پیس دەکات!
لینین دەڵێت، ھەر راپەرینێک یان بزوتنەوەیەک بەبێ پلان و بەرنامە بێت و سەرەنجام شکست بخوات، ئەوا ھەر کەس بیکات خیانەتێکی گەورەیە لەمیللەتەکەی دەیکات! ئاخر کە بێپلان بوون ونەتاندەزانی چی دەکەن، بۆ خاکی کوردستانتان کردە قوربانی دروشمی بریقەداری حزبیی! یان ھەندێک بۆ تیکە نانێک خۆیان بەپرۆژەکەوە ھەڵواسی و سەرەنجام خەونی لەمێژینەی میللەتێکیان پوکاندەوە!
من نازانم ھەڵکردنی ئەم ئاڵایە بەکوێ دەگات، ئەوە دەوەستێتە سەر پلانی یەکێتی و پلانی بەدیلی ئەم ھەنگاوە، بەڵام زیاتر لە ساڵێکە سەرباری ئەو شکستەو ھەوڵی یەکێتی بۆ ھێورکردنەوەی دۆخی کەرکوک و بەھێمنی گێڕانەوەی ئەوەی لەدەستدراوە، کەچی عەرەبی شۆڤینی چ شیعەو چ سوننە دەستبەرداری عەربچێتی خۆیان نەبوون، گەڕو گولێکی وەکو راکان ھەر رۆژە مودیرێک و کاربەدەستێکی کورد دەردەکات! دەیان پەڕۆی خورافاتی شیعە لەناوچە جیاوازەکانی کەرکوک ھەڵکراوە، کەچی سەرکردایەتی کورد لەئاست ئەم بارودۆخە ھیچ پلانێکی روونی نییە، وەکچۆن پرۆژە سەقەتەکەی ریفراندۆم بەسەر کەرکوکدا شکایەوە، ئاوھاش پەرتەوازەییەکەی سەرکردایەتی کورد لەکەرکوک رەنگی داوەتەوە!
نابێ لەمەودوا وەکو ریفراندۆمەکە قەدەری کەرکوک تەسلیم بەھیچ لایەک بکرێت، یەکێتی زۆرینەی دەنگەکانی شارەکەیەو لێپرسراوە لەچارەنوس و دۆخی شارەکە، نابێ لەوە زیاتر چاوەڕێ بکەن، چونکە عەرەب دەستبەرداری تەعریب و تێکدانی کوردستان نابێت، ئەوان بەنیاز نین نە پارێزگارێکی کورد دابینین و نە دۆخی جاران بگەڕێننەوە کەرکوک، بۆیە چاوەڕێکردن ھیچی لێ شین نابێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.