دەسەڵاتدارێتی خۆڵەمێشیی

لەلایەن ستاندار Posted on 363 جار بینراوە

ئاراس فەتاح

گەر لەڕابردوودا کێشەی دەسەڵاتی کوردیی بریتی بووبێت لە گومانی قووڵی ھاوڵاتیان لە کردە و قسە و مژدەی سەرکردەکانی، ئەوا لەمڕۆدا ئەم کێشەیە قووڵتر و گەورەتر بووتەوە و چۆتە قۆناغی بەدگومانییەوە. لەم قۆناغەدا ھاوڵاتیانی ھەرێم لەھەموو کردەیەکی ئەم دەسەڵاتە بەدگومانن. بەدگومانیی دۆخێکی مەترسیداری پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگایە، چونکە خەڵک نەک تەنھا بڕوای بە ھیچ حیکایەتێکی دەسەڵات نامێنێت، بەڵکو ھەموو ھەنگاوێکیشی بە کردەیەکی دوژمنکارانە تەماشادەکات. ھاوڵاتیان پێویستیان بە تێگەیشتن ھەیە لە بڕیار و ھەنگاوەکانی سیاسەت، ھەر کاتێکیش لە زانیاریی و ئارگیومێنتەکانی دەسەڵات بێبەریی بوون و تێنەگەن بۆچی و کێ بە کردەیەکی نایاسایی ھەڵدەستێت، مانای ئەوەیە کە دەسەڵات جڵەوی خۆی لەدەستداوە و جگە لە بەرھەمھێنانی زەبروزەنگ ھیچ بەرھەمێکی سیاسیی تری نییە. ئەلفوبای فەلسەفەی دەسەڵاتدارێتیی پێماندەڵێت کە ھەموو دەسەڵاتێک لەسەر بناغەی زەبر و ھێز دادەمەزرێت، بەڵام زەبرێک کە ھیچ ھێز و کەسێکی دەرەوەی دەزگای دادگا مافی پیادەکردنی نییە، بەڵکو دەبێت لەلایەن دەوڵەتەوە مۆنۆپۆلکراوبێت. واتە لە دەوڵەتی یاسادا دەبێت رووبەری گشتیی بە شێوەیەکی شەفافانە لە ھەموو ڕوودا و پێشھات و ھەنگاوێک ئاگاداربکاتەوە و جگە لە دادگا ھیچ ھێزێکی تر ناتوانێت شەرعییەت بە پیادەکردنی توندوتیژیی بدات. یاسا خواستێکی شاراوە و نادیار و پەنھانی کەسێک یان ھێزێکی نادیار نییە، بەڵکو دەزگایەکی سەروو بەرژەوەندیی کەسیی و ڕێسایەکی بان ـ گروپیی و سیاسیی و لۆکاڵییە. دەسەڵاتداران کاتێک دەبنە مەترسیی بۆ سەر کۆمەڵگا کە ھاوڵاتیان نەزانن کێ بڕیار دەردەکات و چ دەزگایەکیش جێبەجێی دەکات. لەمڕۆشدا پێناسی ھێز و مۆنۆپۆڵی زەبروزەنگ لە مەترسییدارترین دۆخی خۆیدایە، چونکە حیزبە سیاسییە باڵادەستەکان لەنێوان خۆیان و لەناو خۆیاندا ھێندە ناکۆک و دابەشبوو و پەرتەوازەن کە زیاد لە ھێزێکی شاراوە و نادیار فەرمان دەردەکەن و لەبری یاسا توندتوتیژیی پیادەکەن. ھەرئەم دۆخەشە وادەکات کە کۆمەڵگای ئێمە لەم قۆناغەدا لەبەردەم ھەڕەشەی ئینفیلاتێکی ئەمنییدا بێت کە ھەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئاساییشی کۆمەڵاتییمان بەرھەمدەھێنێت، چونکە ھەر حیزبە لە ناوچەی خۆی و ھەر ھێز و گروپ و کوتلەی ناو حێزبێکیش بە ئارەزووی خۆی دەتوانێت لەبری یاسا فەرمان دەربکات و بەنھێنیی و بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا و یاسا خەڵک بگرێت و دەزگای رۆشنبیریی دابخات و بێسڵەمینەوە و لێپرسینەوە توندوتیژیی پیادەبکات.

گرنگترین کەرەسەی دەسەڵات بریتییە لە قەناغەتپێھێنان، ھەرکاتێکیش دەسەڵاتێک توانای قەناعەتپێھێنانی نەما، ھاوڵاتییان نە تێدەگەن و نە تێگەیشتنیشیان دەبێت بۆ کردە و بڕیار و ھەنگاوەکانی دەسەڵات. داخستنی سینەما سالم لەلایەن ھێزێکی ئاساییشەوە لە شاری سلێمانیی و گرتنی ئەندامانی پارتی و یەکێتیی لەلایەن دەزگای ئاساییشی ھەردوولاوە تەنھا مانای ونبووکردن و نادیارکردنی بکەرە سەرەکییەکانی بڕیار نییە، بەڵکو مانای ھەڵتەکاندنی ھەموو مانایەکە بۆ دامەزراوەکانی کۆمەڵگا و کردنی سیاسەتە بە کۆیلەی دەزگای زانیاریی و پاراستن و ئاساییش و بەرژەوەندیی گروپ و خێزانە سیاسییە داخراوەکانی ناو دەسەڵات. ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسییدارە بۆ ئەو مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییەی کە لەداھاتوودا نەوەی نوێی ناو پارتیی و یەکێتیی دەیانەوێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا دایمەزرێنن. مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییەکی خۆڵەمێشیی کە تیایدا چەمکی ”دەسەڵاتدارێتیی ھیچکەس“ سەروەر دەبێت.
……………………………

تێبینی:
بۆ روونکردنەوەی زیاتری چەمکی چەمکی ”دەسەڵاتدارێتی ھیچکەس“ لای ھانا ئارێنت و نەبوونی ئەزموونی بیرۆکراسییەتی حوکمدارێتیی یاسایی و کارکردن بە مۆدێلی فەرمان لەبری یاسا لەناو جەستەی حیزب و دەسەڵاتدارێتی کوردییدا، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وتارێکم کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا بەناوی ”دەسەڵاتدارێتیی ھیچکەس“ لە رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاومکردۆتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.