ئەخلاقی بەدیل

لەلایەن ستاندار Posted on 383 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

سیاسەت کاری پێکەوەییە، ئەوەیە کە سەرەڕای ململانێ، دواجار منو تۆ پێکەوە ئەیکەین. منو تۆش کە خەریکی ناوزڕاندنی یەکتربین، ئیتر ناشێ سیاسیی بین، چونکە ناتوانین کەسایەتی یەکتر بھاڕین و تەواوکەرو ھاوکاریش بین.

سیاسەت فەنی بیناکردنی کۆمەڵگاو ئینسانە، کاتێ سیاسییەکانیش خەریکی ڕوخاندنی یەکترن، ئیتر ناتوانن شتی تر بینابکەن.

سیاسەت بۆ ئەوەیە لەوسەرەوە بڕێک قورسایی و کەرامەت بۆ ئینسان فەراھەم بکات. کە سیاسەت پرۆسەی سوککردنی یەکتربێ و خۆی ئەونە سوک بێت، ئیتر ناتوانێ قورسایی ببەخشێت.

سیاسەتی نائەخلاقیی شوناسی پارتی و یەکێتی و ھێزە نادیموکراتەکانە. تۆ کە بە ھەمان ئەخلاقەوە سیاسەت ئەکەیت، ناکرێ جیاوازو دیموکرات بیت، تۆ کە ئەخلاقی سیاسی بەدیل تەرح نەکەیت ناتوانی بەدیلی پارتی و یەکێتی بێت!

ئێمە پێویستمان بە حیزبی تر نیە، پێویستمان بە ئەخلاقێکی سیاسیی ترە. پێویستمان بە ڕاگەیاندنی تر نیە، پێویستمان بە ئەخلاقێکی تری ڕاگەیاندنە. پێویستمان بە قەڵەم و نوسەرو ڕۆشنبیری تر نیە، پێویستمان بە ئەخلاقێکی تری نوسینە.. کاتێکیش کە ئەخلاقی باو ئەخلاقی ستەمکارییە، ئەخلاقی بەدیل ھەر ئەوەیە کە ستەمکارانە نەبێت!

ئێمە پێش ھەر شتێک لە قەیرانی ئەخلاقداین و لە ھەر شتێکیش زیاتر پێویستمان بە ئەخلاقە، ئەخلاقیش ھەر ئەوەنیە کە بەرامبەر ستەمکاریی بوەستیتەوە، ئەخلاق ئەوەیە کە خۆت ستەمکارێکی تر نەبیت!

ئەوە ئینجاز نیە تۆ لەناو ئەخلاقی خۆیاندا مونافەسەی پارتی و یەکێتی بکەیت، ئەسڵەن ئەوە کارەساتەو قووڵکردنەوەو تۆخکردنەوەی ئەخلاقی ئەوانە! ئینجاز ئەوەیە ئەخلاقی مونافس بۆ ئەخلاقی مەوجود دروست بکەیت.

ئەمەوێ بڵێم لەم تۆڕی کۆمەڵایەتییە، ئەو ستەمەی کە پەیجە موعارزەکان ئەکەین لە ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوەو شکاندنی کەسایەتی.. ئەشھەدو پارتی و یەکێتی بەو دەرەجەیە نەیانکردوە ئەگەرچی مۆدێلەکەو ئەخلاقەکە ھی ئەوانەو لەوانەوە داکەوتووە.

نا بۆ مۆدێلی سەگەپەیج و قاچگرتنی ئەم و ئەو. بەڵێ بۆ ئەخلاقی بەدیل و ناستەمکارانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.