حکومەتی ھەرێم نایەوێت تێبگات

لەلایەن ستاندار Posted on 301 جار بینراوە

ھۆشیار عەبدوڵا

لە ئێستادا گەورەترین ئەرک کامەیە ؟!
تکایە بزانن کێیە دەیەوێت دۆخی خراپی موچە بەردەوام بێت ؟!
کێن ئەوانەی دەیانەوێت تاڵانی نەوت بەردەوام بیت؟!
ئایا کاتی ئەوە نەھاتوە لەبری خۆسەرقاڵکردنی حکومەتی ھەرێم بە موازەنەی عێراقەوە خۆی موازەنە بۆ حکومەتی ھەرێم ساڵی ۲٠۱۹ ئامادە بکات ؟!

ئێمە لێرە لە بەغداد ھەر کارێک بکەین لە موازەنەدا ئەگەر لە ھەرێم ھاوکار نەبن، تێنەگەن، نەیانەوێت ئیلتیزام بکەن ، ریسەکەمان دەبێتەوە بە خوری بەتایبەت لە پەیوەست بە نەوت و موچە بۆیە ناچارم راشکاوانە رو بە حکومەتی ھەرێم بدوێم.

ئەوانەی دەیانەوێت لە ئێستاوە بڵێن ، ھەرێم نەوت بنێرێ یان نەنێڕێ ئەوا بە غداد موچە دەنێرێت و ئەوەش کراوە بە یاسا ، جیا لەوەی قسەیەکی نادروست دەکەن ، موجازەفەیەکی گەورەش بە موچە و ژیانی فەرمانبەرانی ھەرێمەوە دەکەن تەنھا بۆ ئەوەی نەوت نەدرێتە سۆمۆ و بە ناشەفافی وەک خۆی لە بەرژەوەندی چەند گروپێکی حزبیدا بمێنێتەوە .

مەسەلەی ئەوەی موچە بێ ناردنی نەوت یەکلابۆتەوە ناراستە چونکە ھێشتا موازەنە رەشنوسە و نەکراوە بە یاسا و ماددەی دە ، دوەم ، برگەی (ج) ئاسان نیە تێپەڕبونی و تا تێنەپەرێت و دەنگی لەسەر نەدرێت ناکرێ خەلکی پێ بخەڵەتێنرێت.

مەلەفی نەوتی ھەرێم و ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم مەلەفێکی پێکەوە گرێدراون و جیا نین ، ئەوانەی دەیانەوێت جیای بکەنەوە ھەوڵ ئەدەن ئەو مەلەفە پینە بکەن ، لە کاتێکا مەلەفی نەوتی ھەرێم پێویستی بە چارەسەر و حەسمکردنە نەک پینە و پەڕۆ!

ئەوانەی دەیانەوێت یا شەڕی ئەوە دەکەن ھەرێم نەوتەکە نەداتە بەغداد و لەدەستی چەند گروپێکا بمێنێتەوە نازانن چ موجازەفەیەک بە ژیان و موچەی خەڵکەوە دەکەن.

ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆزی حکومەتی ھەرێم دەزانن با ھانیبدەن بۆ ساڵی ۲٠۱۹ یاسای موازەنە ئامادە بکات ، رونە کە یاسای موازنە کۆمەلێک ژمارەی تەخمینیە بۆ ساڵێکی دارایی ، ھەرێم چەندین ساڵە خۆی لە ئامادەکردنی موازنە ئەدزێتەوە لە کاتێکا گرنگە بۆ داھاتە نەوتی و نانەوتیەکانی ھەرێم بێ ئەوەی بەغداش بە یاسا داھاتەکان دابەش بکات ، ئەگەر باسی حوکمڕانی دروست دەکەن ئەوە حکومەت بۆ سیاسەتی دارایی پێویستی بە پلان ھەیە و ئەو پلانەش دەبێت لە یاسای موازەنەدا بەرجەستە بێت ، گەندەڵیی و فەزیحەیەکی گەورەیە کە حکومەتی ھەرێم بێ یاسای موازەنە بمێنیتەوە، دەبو تێکرای فراکسێۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان فشار بکەن بەو ئاراستەیەدا ، عەبادی سور دەیزانی نامێنیتەوە و دەروات و عەبدولمەھدی دێت ، بەڵام پێش رۆشتنی موازەنەی ۲٠۱۹ی ناردە پەرلەمان!

گومانم نیە لەوەی لەسەدا نەوەد زیاتری موچە خۆرانی ھەرێم لەگەڵ ئەوەدان ھەرێم نەوت بداتە سۆمۆ و دژی ئەوەن چەند کەس و گروپێک داھاتی نەوتی ھەرێم بۆ خۆیان بەرن و باجەکەشی ئەوە بێت فەرمانبەر و خانەنشین و پێشمەرگە و کەس و کاری شەھیدان بێ پارە بن .

لەو سۆنگەیەوە کە دڵنیام لەوەی مانەوەی مەلەفی نەوت بەم جۆرەی ئێستا وێرانبونی ئێستا و ئایندەی ھەرێم و خەڵکەکەی تێدایە و دژی بەرژەوەندی ھاوڵاتیانە دژی ئەبم بە ھەمو توانامەوە .

گەورەترین ئەرکی ئینسانیی ، نیشتیمانیی ، دینیی، سیاسیی ، کۆمەڵایەتیی ، ئەخلاقیی بەرامبەر خەڵک و خاکی کوردستان بریتیە لە روبەروبونەوەی ناشەفافیەت لە داھاتی نەوتی ھەرێم و داھاتی باج و رسوماتی ھەرێم و ئەو تاڵان و بڕۆیەی تیایدا دەکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.