رۆژاڤا و کشانەوەی ئەمریکا

لەلایەن ستاندار Posted on 339 جار بینراوە

د. دارا محەمەد

بڕیاری ترەمپ بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە رۆژاڤا کۆمەڵێک پرسیار و سەرنج دەھێنێتە پێشەوە کە پێویستە بە چاوێکی رەخنەگرانەوە لەسەر ھەموو ئاستەکان لەسەری رابوەستین.

١. سەرەتا ئەم بڕیاری کشانەوەیە تا رادەیەکی گەورە بڕیارێکی ترەمپانەیە کە زادەی سیاسەت داڕشتنێکە لەسەر ھەردوو ئاستی ناوخۆو دەرەوەی ئەمریکادا. لەسەر ئاستی دەرەوەدا، ترەمپ دەیەوێ بوونی سەربازی لە بەشێکی زۆری خۆرھەڵاتی ناوەڕاست کەمبکاتەوە و لە بری ئەوە پشت بە ھێزە ھەرێمایەتیە پاشکۆ و وابەستەکانی خۆیەوە ببەستێت وەک سعودیەو وڵاتانی کەنداو ئەوانی دیکە. کە ئەمانە لە رووی سەربازیی و ھەواڵگریی و پاراستنی پێگەی ھێز و مانەوەی رژێمەکانیانەوە پشتێکی تەواویان بە ئەمریکا بەستووە.‌ پاشان دوو ھێزی سەرەکی دیکە کە رۆڵی کاریگەریان لە ناوچەکەدا ھەیە بریتیە لە ئیسرائیل و تورکیا. واتە کەمکردنەوەی ئەم بوونە سەربازیە دەبێت لەھەمانکاتدا ببێتە ھۆی بەرزبوونەوەی بودجەی فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی و تەکنەلۆژیای سەربازیی بە زۆربەی زۆری ئەم وڵاتانە. ترەمپ دەیەوێ لەم رێگەیەوە دوو کار بکات: یەکەم، دەیەوێ ئەوە بڵێ کە چیتر ئەمریکا نابێ شەڕی وڵاتانی دیکە بکات و ھێزی سەربازی خۆی بنێرێت لەکاتێکدا ئەندامانی دیکەی ناتۆ رۆڵی دووەمین و لاوەکی دەبینن و ئەمەش وادەکات کە ئەرکە قورسەکە لە رووی سەربازیی و بودجەوە بکەوێتە سەر شانی ئەمریکا. دووەم، لە رێگەی پاشەکشەپێکردنی ھێزە سەربازیەکانی لە ناوچەکانی شەڕ بە تایبەتی لە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستان و شوێنەکانی دیکە،‌ لەم رێگەیەوە دەیەوێ بە دەنگدەرەکانی لە ناوخۆدا بڵێ کە ئەو دروشمەی کە یەکەم و پێش ھەمووان ئەمریکا دێت جێببەجێدەکات و ئەو بودجەیە لەبری ئەوە بۆ گەشەی ئابوریی و گەورەکردنی بازاڕی کاری ئەمریکا بەکاردەھێنێت.

گرفتی گەورەی ترەمپ بەتەنھا ئەوە نیە کە وەک خاوەن کارێک ما‌مەڵە لەگەڵ ئەندامانی تیمەکەیدا دەکات و ھەر کاتێک یەکێکیان لەگەڵ بەرنامەو سیاسەتەکانیدا ناتەبا بێت و رەخنەی لێبگرن، ئەوا وەک خاوەن کار دەریان دەکات، ھەروەک چۆن لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەکەیدا پێش بوونی بە سەرۆک ھەڵسوکەوتی دەکرد. بەڵکو گرفتەکە ئەوەیە کە بە عەقڵی بزنس ئەمریکا بەڕێوەدەبات و سیاسەتەکانی لەسەر رێککەوتنە بازرگانیەکان دادەمەزرێنێ. رەنگە ئەمە کارێکی نامۆ نەبێت بە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمڕۆی دنیای سەرمایەداریی و نیولیبراڵیزم کە کار بۆ دۆزینەوەی بازاڕێکی گەردوونی بۆ کاڵاکانی دەکات. گرفتێکی دیکەی ئەوەیە کە ترەمپ ھەندێکجار دژ بە پێگەی سیاسی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا بە بێ گەڕانەوە بۆ شارەزایانی سیاسی و تانکەکانی بیرکردنەوەی ناو ئەمریکا دەجوڵێتەوە و لەزۆربەی بارەکاندا بێئاگایی و گەوجێتیەکی گەورە لە کایەی سیاسیدا نیشاندەدات.

٢. کشانەوەی ترەمپ لە رۆژاڤا، لانی کەم، پێدەچێت دوو ھۆکاری سەرەکی لە پشتەوە بێت. یەکەم، رێکەوتنی ترەمپ لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە بەڵێنی ئەردۆگان کە تورکیا دەتوانێت جێگەی ھێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە سوریا پڕبکاتەوە ئەگەر ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە پاشەکشە بکات. ئەم رێکەوتنەش پاش ئەوە دێت کە ئەمریکا ئیمزای لەسەر رێکەوتنێکی فرۆشتنی چەک لەگەڵ تورکیادا کردووە بە بڕی (٣،٥) ملیار دۆلار. بەمەش ترەمپ لەلایەک ئەو بودجە سەربازیەی بۆ سوریای تەرخانکردووە ناھێڵێ و لەلایەکی دیکەشەوە، لە رێگەی فرۆشتنی چەکەوە پارەیەکی زۆر دەخاتە ناو خەزێنەی دەوڵەتەوە. دووەم، لە رێگەی ئەم رێکەوتنەوە لەگەڵ تورکیادا، ترەمپ دەیەوێت فشاری تورکیا بۆ سەر سعودیە کەمبکاتەوە و واز لەو قسانە بھێنێ کە گوایە بەڵگەی تێوەگلانی محەمەد بن سەلمانیان لەلایە لە دۆزی کوشتنی رۆژنامەنوسی سعودی خاشوقچیدا. ھەر پێش ئەم رووداوە، ئیدارەی ترەمپ، بە تایبەتی لە رێگەی (جارید کوشنەر) ەوە کە زاوای ترەمپە و ھەروەھا گەورە راوێژکارێتی، رێکەوتنێکی بازرگانی فرۆشتنی چەکیان لەگەڵ سعودیە ئیمزاکردووە بە بڕی (١١٠) ملیار دۆلار کە ترەمپ بە ھیچ شێوەیەک نایەوێت دەستبەرداری بێت و لە ئەنجامی فشاری نێودەوڵەتیەوە ھەڵبوەشێتەوە.

٣. ‌سەرنجێکی دیکە لەسەر ئەم وەرچەرخانە سیاسیە کە ئەمە کرۆکی بابەتەکەیە و لێرەدا گرنگە بە چاوێکی رەخنەگرانەوە ئاماژەیەکی خێرای پێبدەم، ئەویش جۆری ئەو پەیوەندیەیە کە لەنێوان پەیەدەو ئەمریکادا دروستبووە لە ئەنجامی ھاتنەناوەوەی ئەمریکا لە شەڕی کۆبانیەوە. گرفتی ئەم پەیوەندیە لەوەدایە کە نازانرێت لەسەر چ بنەمایەک بەڕێوە دەچێت. دیوێکی ئاشکرای ئەم پەیوەندیە بێگومان ھاریکاریکردنی ئەمریکایە بۆ یەپەگە بۆ شەڕکردن دژی داعش تەنانەت پاش رزگارکردنی کۆبانیش. بەڵام ئەم شەڕە بەتەنھا لە ناوچەی کانتۆنەکانی رۆژاڤادا نەمایەوە، بەڵکو پانتایی شەڕەکە فراوانکرا بۆ ئەو شارو ناوچانەی کە لە رووی جیۆگرافی و ئیتنیەوە پەیوەندی بە کوردستانی رۆژئاواوە نیە وەک رەققە و دێرلزور و ئەوانی دیکە. بێگومان ھاریکاریکردنی ئەمریکا بۆ یەپەگەو ھەسەدە ئامانجێکی دیاریکراوی ھەیە کە بریتیە لە تێکشکاندنی داعش و بوونی ئەمریکایە لەناو جەرگەی ئەو ململانێی ھێزانەی لەمڕۆی سوریادا رۆڵی گەورەیان ھەیە. بەڵام ئێستا بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، ئەگەر بە تەواوی رووبدات، ئەوا ئەم رۆڵە نامێنێت. لەبەرامبەر ئەمەدا، ھەسەدە قوربانیەکی زۆری داوە لە پێناوی رزگارکردنی ئەو ناوچانە لە داعش، لەکاتێکدا ئەوەی نادیارە ئەوەیە کە ئامانجی یەپەگە لێرەدا چیە لە فراوانکردنی ناوچەکانی ھێزو دەسەڵاتی خۆیدا، بەتایبەتی کە ھاریکاریکردنی ئەمریکا دەبوو ھەمیشە لەژێر پرسیارێکی گەورەدا بوایە کە تا چەند سیاسەتی ئەمریکا لە سوریا لەسەر بنەمای پشتگیریکردنی فیدراسیۆنی رۆژاڤا دامەزراوە، واتە تا چەند ئەم ھاوکاریکردنە بەمەبەستی بنیاتنانی فیدراسیۆنێکی دیموکراتی و نەگەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەیە بۆ ژێر دەستی رژێمی ئەسەد و دواجار دوستکردنی بنکەیەکی جیۆپۆڵەتیکی گرنگ لەو ناوچەیەدا بۆ ئەمریکا و ھەروەھا ناوچەیەکی ئارام لە سوریادا کە نقومی خوێن و جەنگێکی ناوخۆی گەورە بو‌وە. بەڵام پێناچێت ئەمە سیاسەتی ئەمریکا بێت لەو ناوچەیەدا، بەڵکو بەدیھێنانی کۆمەڵێک ئامانجی کورتخایەن و سیاسی ھەنوکەییە.

گرنگترین خاڵ بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم ناوچەیە و لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا لە سەردمی ترەمپ و لە مێژووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا ئەوەیە کە سیاسەتێکە لەسەر بنەمای (ریاڵ پۆڵەتیک) دامەزراوە. واتە سیاسەتێکە کە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پرەنسیپی مۆراڵی سیاسی دانەمەزراوە، بەڵکو لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ھەروەھا پاراستنی دەوڵەتە پاشکۆو کڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی دادەڕێژێت.

٤. لێرەوە ئەگەر ھاوکاریکردنی ئەمریکا بۆ یەپەگە لەسەر کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانە ھەرێمایەتیەکانی لەو ناوچەیەدا دامەزرابێت، ئەوا یەپەگە ئەبێت زۆر بە باشی لەم راستیە تێبگات و ھەنگاوە سیاسی و سەربازیەکانی بە پێی ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن دابڕێژێت. لە مێژووی بزوتنەوەی کورددا ھەمیشە سەرکردایەتی کورد باسی لە بەڵێن شکاندن و خیانەت و خەنجەری ژەھراوی کردووە کە ئەمریکاو ھێزەکانی دیکە لە پشتەوە لە کوردیان داوە تەنانەت پاش چوونی کورد بە تەواوی بۆ ژێر رکێفی ئەمریکا و ھاوکاریکردن و پێدانی جۆرێک لە بەڵێنی پاراستنی کورد. بێگومان ئەمە رەنگدانەوەی ئاستی ھۆشیاری سیاسی سەرکردایەتی کورد و تێنەگەیشتنیان بووە بۆ ریاڵ پۆڵەتیکی ئەمریکا و چۆنێتی کارکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەر لە ساڵی ١٩٧٥ ەوە تا دەگاتە ریفراندۆمی ٢٠١٧.

بێگومان پەیەدە لەم راستیە تێدەگات و دەزانێت کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر خودی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابورییەکانی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بەندە بەتایبەتی لەم ناوچەیەدا. بەڵام ئەو پرسیارەی کە پێویستە پەیەدە وەڵامی بداتەوە بۆ رۆژاڤا و کورد بە گشتی ئەوەیە کە پێکھێنانی بەرەیەکی ھاوپەیمانی سەربازیی لەگەڵ ئەمریکادا تا چەند ھاوکاتە لەگەڵ ستراتیژ و رێککەوتنێکی سیاسیدا؟ ئەم جۆرە ستراتیژە رەنگە بتوانێت بەرژەوەندیەکانی ھەردوولا رابگرێت بە جۆرێک لەلایەک فیدراسیۆنی رۆژاڤا توانای مانەوەو گەشەکردنی ھەبێت وەک فیدراسیۆنێکی دیموکراسیانەی رادیکاڵ کە پشت بە بەشداریکردنی سیاسیانەی گشتی و جڤاتە لۆکاڵیەکان و بە لەناوەندخستنی دەسەڵات دەبەستێت، لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا پێدەچێ بتوانێت پێگەیەکی جیۆپۆڵەتیکی بۆ خۆی فەراھەم بکات بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی ئێران و روسیا لەو ناوچەیەدا و ھەروەھا بۆ دابینکردنی ئاسایشی سنوری ئیسرائیل. رەنگە سەردانی جۆن بۆڵتن بۆ ئیسرائیل و وتەکانی لەوێ بەشێک لەم راستیە بسەلمێنن. لە راستیدا پەیەدە و رۆژاڤا لەبەردەم چەند بژاردەیەکی سەختدا خۆیان دەبیننەوە، بە تایبەتی کە لە ژێڕ ھەڕەشەیەکی بەردەوامی ھێرشی تورکیادایە لە داگیرکردنی عەفرینەوە و ئێستاش سووربوونی تورکیا بۆ لێدانی رۆژاڤا کە ئەمە لە وتارەکەی ئەردۆگان لە نیۆرک تایمز و ھەڵوێستی لە رەتکردنەوەی دیداری بۆڵتندا دەردەکەوێ، ھەروەھا کە ھەمیشە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا وەک ئەگەرێکی کراوە دەمێنێتەوە و ئەگەر بەو چاوەوە سەیری سیاسەتی ئەمریکا بکرێت وەک لێرەدا ئاماژەمان پێدا، ئەوا رەنگە یەکێک لە ئەگەرە واقیعیەکانی بەردەم پەیەدە، ئەمە ئەگەر دۆخی ئەو ناوچەیە و ئاراستەی رووداوەکان لە داھاتویەکی نزیکدا نەگۆڕێت،‌ ئەوەبێت کە بگاتە رێککەوتنێک لەگەڵ سوریادا بۆ دانپیانانی فەرمی بە بوونی فیدراڵی کانتۆنەکانی رۆژاڤا بەرامبەر بە وازھێنان لەو ناوچانەی دیکە کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی یەپەگە و یەپەژەدایە. واتە پێویستە ئەو ئەگەرە لەلایەن پەیەدەوە وەلابنرێت کە دەکاتە گەڕانەوەی سوپا و دامودەزگاکانی رژێمی ئەسەد بۆ کانتۆنەکانی رۆژاڤا. چونکە ئەمەش بە بارێکی دیکەدا رەنگە توانای پاراستن و درێژەدان و ھێشتنەوەی ئەزمونی رۆژاڤا لاواز بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.