یەکێتی چۆن حکومەتێکی دەوێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 289 جار بینراوە

ئارام ھادی

*یەکێتی بەبێ ڕێککەوتنێکی سیاسی پێشوەختە لەگەڵ پارتی و بەشدارێکی ڕاستەقینە لەکابینەی نۆ ناچێتە ناو گفتوگۆی پێکھێنانی حکومەت, ھاوکات سورن لەسەر ئەوەی بەیەک پاکێج چارەسەری کۆی گشتی پرسە ھەڵواسراوەکانیان لەگەڵ ئەو حزبە بکەن کە بەشێکیان پەیوەندی بە بغداد و کەرکوکەوە ھەیە وەک مامەڵەکردنی پارتی لەگەڵ سەرۆککۆماری عیراق, کۆتایی ھێنان بە ڕێگرییەکانی پارتی لەوەرگرتنی وەزارەتی داد لەلایەن یەکێتی یەوە و کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ شارەکە بەومەرجەی کاندیدەکەی لە یەکێتی بێت, ھاوکات چارەسەرکردنی گرژیەکانیتری ھەرێم و بغداد.
بۆھەرێمیش یەکێتی بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن و ڕەچاوکردنی وەک ھێزێکی میللی و خاوەنجێنفوز مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بەشدار و بڕیاربەدەست بێت لە کابینەکەدا ئەوکات بەجدی دەچێتە ناو گفتوگۆی پێکھێنانی کابینەی نۆ, ئەمە ھەر قسە نیە بەڵکو تائێستاش وەک بڕیار لەناو یەکێتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و کۆدەنگی ئەنجومەنی سەرکردایەتیشی لەسەرە.
*ئەوەی پەیوەندی بە پارتی یەوە ھەیە ئەم یەک پاکێجیەی یەکێتی ڕەد دەکاتەوە و پێی وایە ھەرێم و بغداد دووشتی جیاوازن و پێویستە ھەریەکە بەجیا قسەی لەسەر بکرێت تادەگەنە ڕێککەوتن, ئەولەویەتی خۆشی بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆ تەرخانکردوە و بۆئەم مەبەستەش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ڕێککەوتنیان کردوە و چاوەڕێی یەکێتی دەکەن.
*بۆچی پارتی پێش یەکێتی لەگەڵ گۆڕان ڕێککەوت؟
پارتی لەپێکھێنانی کابینەی ڕابردوودا لە٢٠١٣لەگەڵ گۆڕان ڕێککەوت و بەشێکی لاوەکی پۆستەکانی حکومەتی بە بەتاڵی بۆیەکێتی جێھێشت و کابینەکەی ڕاگەیاند, ئێستاش بەنیازی تاقیکردنەوەی ھەمان سیناریۆیە, بەڵام ئەوەی وایکردوە سیناریۆ کۆنەکە سەرنەگرێت پەیوەندی بەیەک ھەڵوێستی یەکێتی یەوە ھەیە لەسەر بەشداریان لە حکومەت و بەشێکیشی ھەڵکشان و داکشانی دەنگ و کورسیەکانی یەکێتی و گۆڕانە کەئێستا پێچەوانە بۆتەوە.

*یەکێتی بۆچی وادەکات و چی دەوێت؟
“گەرجارێک ھەڵخەڵەتام خوا سەبەب کارەکەم بگرێت, گەر دووجار ھەڵخەڵەتام خوا خۆم بگرێت”ئەمە ئەو پەندە کوردیەیە ڕەنگە دەیان جار بەسەر یەکێتی دا چەسپێندرابێت و پێدەچێت یەکێتی پەندی لە ڕابردووی لەگەڵ پارتی وەرگرتبێت و نەیەوێت جارێکیتر بەبێ ڕێککەوتنێکی سیاسی و کراوە بەشداریبکات, ھاوکات ناشیەوێ وەک ڕابردوو تەنھا بەشداری حکومەت بکات و خاوەن بڕیارنەبێت, ئێستاش یەکێتی داوای ئەم ڕێککەوتنە سیاسیە لە پارتی دەکات باشە, بەڵام لەو باشتر ئەوەبو لەگەڵ گۆڕان ڕێککبکەوتایە و بەیەک پاکێج و یەک وەفد و لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی ڕێککەوتنایە, بەمەش کۆتایی یان بە یاریەکانی پارتی دەھێنا کە ھەمیشە لەو بۆشایی یەی نێوان یەکێتی و گۆڕان دەیکات.
*بزوتنەوەی گۆڕان چی بکات؟
باشترین کار گۆڕان پێی ھەستێت گرتنەبەری ئۆپۆزسیۆنە کە ئەمە لەقازانجی خەڵک و بزوتنەوەکەشە گەرواش نەکات پێش پارتی ڕێککەوتنیەتی لەگەڵ یەکێتی, ئەم سوربونەی گۆڕان و لەسەر بەشداریکردنی لە حکومەت گەرھات و لەڕێککەوتنێکی یەکێتی و پارتیدا بە ھەوادا چوو, دەبێتە خنکاندنی یەکجارەکی بزوتنەوەکە, ھەرچەندە دواجار گۆڕان کام ڕێگە دەگرێتە بەر ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە ھەیە.
*دواجار
لێدوانی بەشێک لە سەرکردایەتی ھەردوو حزب و بەدەنگەوە نەچونیان بۆداواکاریەکانی یەکتر و ھاوکات خەمساردیان لەمەڕ پێکھێنانی کابینەکە گەر قسەی فەرمیشی لەسەر نەکرابێت, ئەوا مەترسی دووئیدارەیی ھێناوەتە بەرباس, ئەوەی وایکرد ئەم مەترسیە زیاتر ڕەنگبداتەوە کاردانەوەی پارتی بو لەتۆڵەی گرتنی کادیرێکی لەزۆنی سەوزدا کە لەسەر کەیسێکی کۆمەڵایەتی و بەفەرمانی دادگا گیرابو لەبەرامبەردا چەند کادرێکی یەکێتی بە بارمتەگرت!!.
بەڵام یەکێتی و پارتی دەبێت بەھەر جۆرێک بێت بگەنە ڕێککەوتن بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆ کە زیاتر لە ١٠٠ڕۆژە بەسەر ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەدا تێپەڕبوە و تائێستاش نازانرێت چەندیتر دەخایەنێت!!, گەروابڕوات “ھێڵەکانی دێگەڵە” تۆختردەبنەوە و دەرگای ھەرێم لەئێستا واڵاتردەکات لەبەردەم دەستوەردانی دەرەکی و ھەوڵەکانیش بۆ چاکسازی لەسیستەمی حوکمڕانی ھەرێمدا بە ھەوادا دەبات و کوردیش لە بغداد زۆر لەئێستا لاوازتردەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.