خاوەند پرۆژەکانی ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاکانی کوردستان چییان وت و چییان کرد

لەلایەن ستاندار Posted on 306 جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد

ئەمساڵ ١٠ ساڵی تەواوە جوڵیەکی بە بەرھەم لە کوردستاندا دروست بووە لە پێناو دادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامان و کەمکردنەوەی جیاوازی موچەو نەھێشتنی خانەنشینی پلە باڵاکان و ئیمتیازاتەکانیان، کاردانەوەکان بەرامبەر بە داخوازی ئەم بزووتنەوەیە توانی روی راستەقینەی ھەمووان لە ھەڵوێست و بەڵێن و پرۆژەکانیان ئاشکرا بکات، ئەمرۆ خواستی دادپەروەری ئابووری بەھۆی ئەو جوڵانەوە بۆتە خواستی گشتی و نەمانی متمانە بە بەڵێنی ھەڵخەڵەتێنەری پۆپۆلیستیانە.
دوای ١٠ ساڵ لەم داواکاریانە، جێی خۆیەتی بپرسین، باشە چۆن متمانە بە قسەو بڕیارو یاساکانی پەرلەمانی کوردستان بکەین کە گیرفان و ورگ خەونی یەکەمی پێکھاتەکانی بێت، لە تارمایی شاراوەداو لە ژێرەوە دەبێت لە گەڵ چەند لە دانا غازەکانی ناوخۆیی و دەرەکی رێکەوتبێتن و دیسانەوە لە خزمەتی گیرفان و ورگ، چۆن متمانە بەمانە بکەین دادپەروەر بن و یاسای دادپەروەرانە بۆ کۆمەڵگا بنووسنەوە کە خەونی یەکەمیان خۆیان و دواتر دوکانە سیاسییەکەیان کە ناوی حیزبە بێت، کە بۆتە ئامرازی خۆژیاندن و دەوڵەمەندکردن و پاراستنی دەسەڵات، چۆن لە ئێستا بەدواوە باوەڕ بە لافاوی پرۆژە درۆزنانە کانیان بکەین و شەویش لە بەر درۆکانی سەر شاشەکانیان دابنیشین، کە یەکەم یاسایان بودجەی حیزبەکانیان بوو ھەرچەندە یەکەم بەڵینی پیش دەرچونیان رەتکرنەوەی موچەی فەلەکی فیرعەونی خۆیان بوو، ئەگەر دە خولی دیکەو دە جاریش بچونایەتە پەرتوکی گینزەوە بەلایدا ناچوون،
ئەمانە تەنھا خۆیان خانەنشین نەبوون بگرە لە گەڵ خۆیان یەک سوپا لە کوڕو براو زاواو خەزور و برازاو خوارزایان بە تەمەنی ھەرزەکاریەوە خانەنشین کردووە بە ناوی حیمایەو شۆفێرییەوە، ئەمانە نەبوونە باوکی خەڵک و دەنگدەرانیان، تەنانەت ئەو گەنجانەی شەو رۆژ دەنگیان بۆ کۆدەکردەوە، تەنھا باوکی کەسوکاری خۆیان و ھاوسەرەکانیان بوون، تەنھا باوکی کوڕو زاواو خەزورەکانیان بوون.
زۆریان پێش گەیشتن بە پەرلەمان باسی نەھێشتنی خانەنشینی پلە باڵاکانیان دەکرد و پرۆژەیان دەنوسییەوەو بەڵێننامەیان واژۆ دەکردو سوێندی ئاینی و نیشتمانیان دەخوارد تا ئاستی گۆڕی شەھیدان و قوربانیان و ھەموو موقەدەساتێکیان تێپەڕاند, بەڵێنەکان گەیشتنە ئاستی ھەڵنەمژینی ئۆکسجینی ناو پەرلەمان, ئێستا بۆمان دەرکەوت خول لە دوای خول تەڵەکابازترو فێڵبازتر دەردەچن, لە خولی رابردووەوە ١٦ تەڵەکەباز بۆ ھەوێنی فرت و فێڵ بۆ ئەم خولە ماونەتەوە, بە کردارەکانیان دیموکراسی درۆزنانەی نوێنەرایەتیشیان خستە ژێر پرسیارەوە, تا کار گەیشتە سەر ئەوەی کەمتر لە نیوەی خەڵکی کوردستان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان لە ھەڵبژاردنی رابردوو, ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەمانی متمانە بە سستەم و قسەو بەڵێن و کردارو درۆو پرۆژەکانیان, ئەوانەشی چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان زۆرینەیان لەوانەن لە سایەی دەسەڵاتدا توانیویانە موچەیەک بپچرنەوە بۆ خۆیان وەک خەڵک نەکەونە ژێر ھێڵی ھەژارییەوە لە سایەی ئینتمایەکی نا مەبدەئی بۆ دەسەڵاتداران, ئەوانەی ھیچیان نییە باوەڕیان بەوە نەما گروپێک بازرگانی سیاسەتی دیکە دەوڵەمەند بکەن, زیاتر لە ٩٠%یان لە ماڵەکانیان دەرنەچوونە دەرەوە, زەماوەندی دیموکراسی رۆژی ھەڵبژاردنیان گۆڕی بۆ زەماوەندی مانگرتن, ئەمەش پەرچە کردارێکی ھوشیارانەی چینایەتییە لە بەرامبەر گەندەڵی و درۆی پۆپۆلیزم.
دەمەوێت لە کۆتاییدا ھەڵوێستی خۆم لەسەر کۆی ئەو بابەتانەی کە تایبەت بە خانەنشینی پلە باڵاکان و وەرگرتنی ٦ موچەی کۆتایی دەرببڕم:
١- وەرگرتنی موچەی ٦ مانگ لە لایەن وەزیرو پلە باڵاکان و پەرلەمانتارانەوە بێ پاشەکەوت, بۆ خۆی جیاکردنەوەی ئەم توێژەیە لە خەڵک و کارێکی نا دادپەروەرانەیە, کە بە یاسای نا عەدالەتی دەسەڵاتداران رێکخراوە.
٢- وەرگرتنی لە لایەن ئەو پەرلەمانتارانەی دەرچونەتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان, گەندەڵی و نا عەدالەتییە, گەندەڵییە چونکە خانەنشین نەبوونە وەریان گرتووە, نا عەدالەتییە چونکە زۆرەو بە یاسای نا دادپەروەرانە کە خۆیان بۆ خۆیان و لە خزمەت خۆیان نووسیویانەتەوە وەریدەگرن, ھاوکات بێ پاشەکەوتیشە جیاکارییکردنە لە گەڵ عامی خەڵکی.
٣- وەرگرتنی لە لایەن ئەو پەرلەمانتارانەی بۆ پەرلەمانی عێراقی ەرچونەتەوە, دووجار گەندەڵی نا دادپەروەرانەیە, دەبوایا بیان زانیایە کاری ئەوان لە کوردستان تەواو بووە و نابێت ھیچکە دەست بۆ قوتی خەڵکی کوردستان ببەن, ھاوکات خانەنشین نەبوونە و لەو بەغدایەی ئەوان بوونە بە پارێزەری یاسا تیایدا شتی عاجباتی وا نەبووەو ناشبێت.
٤- ئەوانەی وەریانگرتووەو دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان گەندەڵی و نا عەدالەتییە, چونکە ئەو ٦ موچەیە تەنھا بۆ ئەوانەیە خانەنشین دەبن.
٥- ئەوەی خانەنشینی وەرناگرێت و موزایەدە دەکات بەناوی گەڕانەوە بۆ سەرکاری پێشوو, وەلێ لە ژێرەوە خۆی بۆ پۆستی باڵا ھەڵگرتووە کارێکی بێ ئەخلاقی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکات لە ژێر ناوی دادپەروەریدا.
٦- ئەوانەی پێشتر پەیمانیان دابوو, سوێندیان بە بەھا باڵاکان خواردبووو ھەمووو ئیمتیازات و خانەنشینیەک رەتبکەنەوە, ئێستا پەیمان شکێنی دەکەن, یان ئەوانەی بەڵێنیان لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن دابو, یاخود واژۆیان لەسەر پرۆژە یاساکان بۆ ھەڵوەشاندنەوەو چاکسازی خانەنشینی پلە باڵاکان کردبوو, کاری نا ئەخلاقی دەکەن پشت بکەنە قسەو بەڵێنەکان رابردویان .
لە کۆتادا دەڵێم ئێمەش ئەوەندە خۆشباوەڕین ھەموومان بە وتەکانی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کەوتینە سەماو روبارێک دەستخۆشیمان بۆ نووسی, سەبارەت بە پشتیوانی لە ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی عێراقی کە دادگای باڵای فیدراڵی دەریکرد, لە کاتێکدا خۆی پۆستەکەی بە ٣٠ ملیۆن دۆلار کریوەو دەیەوێت کەلەبەرێکی گەندەڵییەکانی خۆی بەو موزایەدەیە پڕ بکاتەوە, دادپەروەری ئەرکی جێبەجێکردنی بە گەندەڵکاران ناکرێت, وەک چۆن لە کوردستان نەکرا ئاواش لە عێراق ناکرێت, با ھیچکە بە بەڵێنی دزو گەندەڵ و …… ھەڵنەخەڵەتێین .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.