ڕێکخراوی ئۆپێک لەبەردەم ھەڕەشەی ھەڵوەشانەوەدایە.. نمونەش کشانەوەی قەتەرە..

لەلایەن ستاندار Posted on 380 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• ئەوەی ئاشکرایە ڕێکخراوی ((ھەناردەکارانی نەوت))ناسراو بەئۆپیک،ڕێکخراوێکی کاریگەر و گرنگە لەسەر ئاستی جیھان لەبواری بەرھەم و ھەناردەکردنی نەوت و ڕاگرتنی بەڵانسی بازاڕەکانی نەوتی جیھان لە ڕووی بڕی بەرھەم و نرخەکانیانەوە, ئاشکراشە لەسەردەمی ئێستای جیھانی پێشکەوتن و داھێنان و پیشەسازیە گرنگەکاندا نەوت وغازی سروشتی دوو سەرچاوەی گرنگی وزەی جیھانن و زۆر پێویستن بۆ گەشە و پێشکەوتنی جیھانی و بەتایبەتیش بۆ وڵاتە زلھێزەکان.ھەر بەھۆی بوونی نەوتێکی زۆریشەوە لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا و لەلای ئەو ١٢ وڵاتەی کە ئەندامی ئەم ڕێکخراوەن لەلایەک ناوچەکە بۆتە جێگەی تەماع و چاوتێبڕینی وڵاتە زلھێزەکان و ھەمیشە لەھەوڵی داگیر و دابەشکرندنیاندا بوون بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشێوەی بوون و بەردەوامیدانیان بەشێوەی سەربازی و سیاسی و ئابوری لە ڕێگەی بەستن و واژۆکردنی ھاوپەیمانی سیاسی و سەربازی و ئامادەبون و شەریکایەتی لەگەڵ کۆمپانیا ئابوریە زەبەلاحەکاندا و دەستگرتنیان بەسەر کەرەسەی خاو و بازاڕ و دەستی کار ناوچەکەشدا،لەلایەکی تریشەوە ئەم وڵاتانە و لەچوارچێوەی ڕێکخراوی ئۆپیکدا بونەتە لایەنێکی گرنگ و کاریگەر و خاوەن بڕیار لە بواری نەوت و بازاڕەکانی نەوتی جیھانیدا.
• ئەم ڕێکخراوە لەساڵی ١٩٦٠ لە شاری بەغداد لەلایەن پێنج وڵاتی دامەزرێنەرەوە دامەزراوە کە بریتین لە وڵاتانی ((سعودیە و ئێران و عێراق و کوێت وفەنزەوێلا ))و دواتریش ١٠ وڵاتی تر ھاتونەتە ڕیزی ڕێکخراوەکەوە لەماوەی نێوان ساڵانی ١٩٦٠-٢٠١٨و بونەتە ١٥ وڵاتی خاوەن نەوت و غازی سروشتی زۆر و زەوەند کە بریتین لە وڵاتانی (( قەتەر وئەندونوسیا ولیبیا وئیمارات وجەزائیر ونەیجیریا و ئیکوادۆر وئەنگۆلا و گابۆن و غینیای ئیستوائی و کۆتا وڵاتیش بریتی بوو لە کۆنگۆساڵی ٢٠١٨)) ، ٥ ساڵی یەکەم بارەگاکەی لە شاری جنێڤی سویسرا بوو تا ساڵی ١٩٦٥ گوزارایەوە بۆ شاری ڤییەنا لەنەمسا.دواتر دوو وڵاتیان بەھۆی تایبەت بەخۆیانەوە کشاونەتەوە لە ڕێکخراوەکە کەبریتین لە وڵاتانی ((ئەندەنوسیالە٢٠٠٨ و گابۆن لە ١٩٩٤)).
• بوونی ئەم ڕێکخراوە وەک لە ئامانجەکانیدا ئاشکرابوە،توانیویەتی کە ببێتە ھێزێک و ناوەندێکی گرنگ لەبواری نەوت و خاوەن بڕیار و بەرنامەی خۆی بێت لەبەرامبەر زلھێزەکان وەک ئەمریکا((٤٥ر١١ ملیۆن بەرمیل نەوت/ڕۆژانە)) و ڕووسیا((١٦ر١١ملیۆن بەرمیل/ڕۆژانە)) کە دوو وڵاتی گەورەن لەڕووی بەرھەمھێنانی نەوت و ھەناردەکردنیشەوە و خاوەن چەندین کۆمپانیای نەوتی گەورەی جیھانین کە ئەمانیش بونەتە لایەنێکی گرنگی داڕێژرەر و بەڕێوەبەری کەرتی نەوت و وزەی جیھان و کاریگەریان لەسەر بەرھەم و نرخەکانیش داناوە،جا ئۆپێکیش وەک ڕێکخراوێکی بەھێز کە ٧٣% یەدەگی نەوتی ھەموو جیھانی تیادایە و لەو ڕێژەیەش ٤٨% ئەو یەدەگە نەوتیە کەوتۆتە ٦ وڵاتەکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە ،ھاتۆتە مەیدانەکە و لەماوەی ٥٨ ساڵی تەمەنیدا توانیویەتی کە لەوێسگە و قۆناغە جیاوازەکان و ڕووداوە سیاسی و سەربازی و جەنگەکاندا ڕۆڵ و کاریگەری خۆی دەربخات، ھەروەھاش بەیەکگرتوویی توانیویەتی کە بەرژەوەندی وڵاتانی ئەندامی بپارێزێت و ھەریەکەیان پشکی خۆی لەبەرھەم و ھەناردەکردندا دیاریبکات و تاڕادەیکی باش ھاوسەنگی بازاڕەکانی ڕاگرتوە.
ھەربۆیە ئەم ھەڵوێست و یەکگرتوویەی لە بڕیارەکانیدا کە زۆر جاران بە قازانجی وڵاتانی زلھێزی پیشەسازی نەبوە و بەتایبەتیش ئەمریکا،بۆیە ھەمیشە ئەمریکا لەڕێگەی فشارە سیاسی و سەربازی و ئابوریەکانیەوە ویستویەتی ئەم ڕێکخراوە بچوک وبێکاریگەر بکات و بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و لەبەرژەوەندی ئابوری خۆی بەکاریان بھێنێت،کە زۆر جاران توانیویەتی ئەو کارەبکات،لەلایەک لەبەر پێویستی ئەم وڵاتانە بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بۆ گەشەو پێشخستنی وڵاتەکانیان و بوژاندنەوەی ژێر خانی ئابوریەکەیان و پێویستیان بە چەک و تەقەمەنی سەربازی بۆ خۆپارێزی و لەلایەکی تریشەوە پێشبڕکێ ناڕەواکانی وڵاتانی ئەندام لە کۆن و ئێستادا و بەتایبەتیش سعودیە و ئێران کە دوو وڵاتی مەزھەبین،ھەمیشە ئەمریکا توانیویەتی ئەو ململانێیانە لەبەرژەوەندی خۆی بشکێنێتەوە و نرخ و بازاڕەکانی نەوت بەقازانجی خۆی و کۆمپانیاکانی بپارێزێت.بۆیە لە ئێستاشدا لەھەوڵی ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکخراوەدایە بۆئەوەی نرخی نەوتی جیھانی ھەر بە نزمی بمێنێتەوە،چونکە ئەمریکا وەک یەکەم بەرھەمێن و یەکەم وڵاتی ھەناردەکار و یەکەم وڵاتی بەرھەمھێنی نەوتی بەردینی بۆ یەکەم جار پێویستی بەوەیە کە نرخەکانی نەوت لە خوار یان ٥٠ دۆلارەوە بێت و بەرزنەبێتەوە،بەڵام لەبەرامبەردا وڵاتانی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک پێیان باشە نرخەکان لە نێوان ٧٠-٨٠ دۆلاردا بێت.
• لەم دیدگاو ڕوانگەیەی ئەمریکاوە ،قەتەر وەک وڵاتێکی ئەندامی ئەم ڕێکخراوە لە ڕێکەوتی ٣/١٢/٢٠١٨ بڕیاری کشانەوەی لە ئۆپێک ڕاگەیاند لەلایەن وەزیری وزەی قەتەرەوە ئەندازیار سعد شریدە الکعبی و ئەم بڕیارەش لە١/ ١/٢٠١٩وە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.و بەمەش لەلایەک خزمەتی بە مەبەست و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا کرد و لەلایەکیش بوە ھاوکار و پشتیوانی ھەڵوێستەکانی ئێرانی شیعە مەزھەب و کێبڕکێکەری سەرەکی سعودیەی ھاو خوێن و ھاو نەتەوە و ھاو مەزھەبی سونە بەھۆی ئەو گەمارۆ سیاسی و ئابوریەی کە لەلایەن سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسرەوە ماوەی نزیکەی ٢ ساڵە لە حوزەیرانی ٢٠١٧وە بەسەر قەتەریاندا سەپاندوە.
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،ئایا لێکەوتە و کاریگەری کشانەوەی قەتەر لە ڕێکخراوی ئۆپیک چیە وچۆن دەبێت؟
قەتەر لەڕووی پانتایی خاک((٥٢١ر١١ کیلۆمەتر چوارگۆشە)) و کەمی دانیشتوان((بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٥، ٢٤٠٤٧٧٦ کەسە)) و بچوکی بازاڕەکانیەوە ئەوەندە گرنگی نیە لە سیاسەت و ئابوری جیھاندا،بەڵام بەھۆی بوونی بڕێکی زۆری نەوت(( ١٥ملیار بەرمیل یەدەگ)) و غازی سروشتی(( ٢٥٠ تریلیۆن پێ رسێجا کە ١٣% ھەموو یەدەگی جیھان و سێیەم یەدەگی گەورەی جیھانە)) لە خاکەکەیدا و دەوڵەمەندیەکەیەوە و دەستخستنە ناوکاروباری وڵاتان و کێشە ناوچەییەکانەوە وەک (( لیبیا و سوریا و یەمەن وفەلەستین و لوبنان و …ھتد)) تاڕادەیەک بۆتە یاریزانێکی سەر گۆڕەپانی سیاسەت و ئابوری ناوچەکە و نێودەوڵەتیش. ھەربۆیە گەر بیەوێت بە باش یان خراپ دەتوانێت کاریگەری گەورەی ھەبێت لەسەر نەوت و کەرتی وزە و نرخەکانیان لەبازاڕەکانی جیھاندا.
قەتەر ڕۆژانە بڕی ٦٣٩٠٠ بەرمیل نەوتی خاو و ھەوڵدەدات بڕی ١١٠ ملیۆن تەن/ساڵانە غازی سروشتی بەرھەم دەھێنێت و ھەناردە دەکات کە سەرمایە و داھاتی ساڵانەی بریتیە لە ((٢٤٣١٥٢ ملیار دۆلار)) بەمەش قەتەر چوارھەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیھان لەبەرزی داھاتەکانیدا و قەتەر یەکێکە لەو وڵاتە عەرەبیانەی کە بەرزترین ئاستی داھات و ژیانی بۆ تاکەکانی دابین کردوە لەسەر ئاستی جیھانیش کە دەکاتە ((١١٣٠٣٨ دۆلار ساڵانە)) و لەساڵی ٢٠١٢دا بەپێی ئامارێک قەتەر بۆ سێیەم جار بوەدەوڵەمەنترین وڵاتی ھەموو جیھان.
بۆیە کشانەوەی قەتەر لە ئۆپێک بە دڵنیایی کاریگەری دەبێت لەسەر نرخەکان و بەدڵنیایتریش ھەمیشە لە قازانجی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا دەبێت و دەبێتە ھۆکارێکیش بۆ نزمبونەوەی نرخەکان لەبازاڕی نەوتی جیھانیدا و ئەمەش دژی بەرژەوەندیەکانی سعودیە دەبێت کە گەورەترین و یەکەم وڵاتی بەرھەمھێن و ھەناردەکاری ڕێکخراوەکەیە . وەک قەتەریش ڕایگەیاند کە ڕێکخراوەکە بە سیاسەت و بۆچوونی سعودیە دەبرێت بەڕێوە ھەربۆیە وەک دژە کردارێک دژی سعودیە لە ڕێکخراوەکە ھاتۆتە دەرەوە و چیدی پابەند نابێت بە پشکی بەرھەم و ھەناردەکردنی نەوتەوە.بەمەش گورزێک درا لە یەکویەکگرتوویی ڕیز و بڕیار و بەنامەکانی ڕکخراوی ئۆپیک و دوای قەتەریش ئێران وەک بەرھەمھێنەرێکی تری گەورەی تری ڕێکخراوەکە دوای سەپاندنی گەمارۆ ئابوریەکانی ئەمریکا لەسەری بەنیازی کشانەوەیە و بەمەش ھێندەی تر ڕێکخراوەکە لاواز و بێدەسەڵات دەبێت،لە ئایندەی نزیکیشدا عێراقیش وەک وڵاتێکی نزیک لە سیاسەتەکانی ئێرانەوە ڕەنگە ھەمان ھەڵوێست وەربگرێت چونکە بەدەرچونیان ئازاد دەبن لە بڕی بەرھەم و نرخی فرۆشتندا کە ئەمەش لە کۆتایدا بەقازانجی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا دەشکێتەوە و چیدی ئەو وڵاتانەی کەماونەتەوە ناتوانن وەک پێشتر کاریگەری و قورساییان بمێنێت.
• بۆیە نەمان و ھەڵوەشاندنەوەی ئەم ڕێکخراوە جیھان و کەرتی وزە دەخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێوە کە جیھان بەرەو ئاڕاستەیەکی زۆر جیاواز دەبات کە تائێستا نەبینراوە،چونکە ئەمریکا جیھانێکی پەرت و بڵاوی گەرەکە نەک یەک ویەکگرتوو و بەھێز کە بتوانێت ڕووبەڕووی بەرژەوەندیەکانی ببنەوە و مەترسی دروستبکەن لەسەر ھاوپەیمان و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا.ھەربۆیەش لە ئێستاوە گەرەکێتی جیھانێکی نوێ بەدیدگاوبەرژەوەندی خۆی نەخش بکێشێت و ڕێکبخاتەوە و کەوتۆتە سەپاندنی ھەڕەشە و گەمارۆکانی بۆسەر ئێران و تورکیا و ڕوسیا و ..ھتد.لە ئێستادا جیھان و سەرۆک ترامپیش باشترین نمایندەی ئەو ئاڕاستە سیاسیەیە کە گەرەکێتی تەنھا بەچاوی ھەڵسەنگاندنی ئابوری و بازرگانی و وەک سەرمایەدارێک نەک سیاسیەک بڕوانێتە جیھان و کێشە و ململانێکانیشی یەکلا بکاتەوە ،ھەربۆیە نەدۆست دەناسێێت و نەدوژمنیش بەڵکو تەنھا بەدوای پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی و گەرەکێتی زۆرترین دەسکەوتی مادی وەدەستبێنێت.جالەسایەی ئەم سیاسەتەی ئەمریکاو ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆک ترامپدا پێناچێت جیھانێکی ھێمن و ئارام بەخۆوە ببینین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.