ڕۆژى ١/١/٢٠١٩ لە گەڵ جەلالى سام ئاغادا

لەلایەن ستاندار Posted on 365 جار بینراوە

 دكتۆر قارەمان شێخ بزێنى

مامۆستا لە زانكۆى كۆيە بەشى مێژوو

 

ڕۆژى سەرى ساڵ كليلى ساڵێكى نوێيە و سەرەتاى هيوايە بۆ تێپەراندنى كێشەى و نەهامەتى و ئاستەنگەكانى ساڵى ڕابردوو، ڕۆژێكە مرۆڤەكان بە ئۆمێدەوە دەڕوانە ڕوداوەكانى ساڵى نوێ، بۆ زۆرێك بەختەوەريە و هەوڵ دەدات خۆشى و چێژ لەو يادە وەربگرێت، ڕەنگە من يەكێك بم لەو كەسانەى بە ئامانجى قازانج و چێژ و سود وەرگرتن ڕووم كردە ماڵى كاك جەلالى سام ئاغا، بەلآم چ چێژو چ قازانج و چ سوودێك، گەورەترين قازانج بۆ من ئامۆژگاريە پڕ بەهاكانيەتى، لوتكەى چێژ بينين بۆ من هێمنى و لە سەرخۆيەكەيەتى، كە چۆن وشەكان ڕيز دەكات و دەيەوێت تێمان بگەێنێت، بەرەنگار بوونەوەى ستەمكاران و گەندەڵكاران كارێكى ئاسان نيە و تاقەت پروكێنە، سەنگەرو قەلاى گەندەڵكاران بەهێزەو ڕوخان و زاڵ بوون بە سەر ئەو قەلآيەدا كارێكى قورسە، بەلآم مەحاڵ نيە. لەو ڕۆژەدا بە هێمنيەوە گوێم بۆ هەڵخستبوو، بيرم دەكردەوە و دەمڕوانيە سيما و جولەى جەستەى،

 

بەراوردم دەكرد و كارەكانيم لێكدەدايەوە و لە بەر خۆمەوە دەموت ئايا دەبێت لێپسراوێك لەم نيشتمانەدا هەبێت، كە زياتر لە جارێك لە نێو خۆشبەختانى دەسەلآتى خۆماڵى كورديدا داواى كەمكردنەوەى موچەكەى بكات و لە خۆيەوە دەست بە چاكسازى بكات؟ ئايا دەكرێت سەخترين ڕێگا بگريتە بەر و ژيانى خۆت بخەيتە مزايەدەوە بەرەنگارى گەورە ستەمكاران و گەندەڵكاران و زۆرداران بيتەوە و پاسەوان ڕەتكەيتەوە؟! من بە دەم قاوە خواردنەوە تەماشام دەكرد و شرۆڤەم دەكرد و لە خۆم دەپرسى ئايا دەكرێت ئەم مرۆڤە پێست سپيە نەرم و نيان و لە سەر خۆيە ئەو ئەفسانەيە بێت لە نێو دەريايەك لە تاريكيدا مۆمێكى پێكردووە، ئايا چۆن توانى شۆڕشێكى گەورە بە تاق و تەنيا بەرپا بكات بێ ئەوەى بێتە سەر شەقامەكان و وتاف بكێشێت، ياخود خۆى بكاتە پاڵەوانى شاشەكان و وشەى باق و بريق ڕيز بكات، يان مان بگرێت و نان نەخوات، يان كۆڕو سيمينار ڕێكبخات و خەڵك هان بدات… بەردەوام بووم لە بيركردنەوە بەرێزيشيان خۆيان بە ميوەخواردنەوە سەرقاڵ كرد بوو، جاروبار وتەيەكى خۆشى بۆ دەگێڕامەوە و باسى ژيانى زانكۆى و بەراوردى ڕادەى زانستى و لێهاتووى ئەو دەم و ئێستاى بۆ دەكردم، كە چ كارەسات و ماڵوێرانيە بە سەر زانست و زانياريدا هاتووە، جاروبار نيگاى دەكرد و پێى دەوتم كاكە زانستە دەتوانێت مرۆڤايەتى پێش دەخات، زانستە مرۆڤى گەياندە ئاسمانەكان و ئاشناى كرد بە كەشكەلآنى فەلەك، زانستە ئاشتخوازى بەرهەم دێنێت، ئاسايش بەرقەرار دەكات، زانست ژيان پێش دەخات و خۆش گوزەرانى بەرهەم دێنێت.

ئاخر چۆن دەكرێت زانست ئەتك بكرێت، ئاخر چۆن دەكرێت بڕوانامەكان بێ بەها بكرێن، ئاخر چۆن دەكرێت دەرچووى ياسا بێت و لە بڕگە و ماددەكاندا هەژار بێت، ئاخر چۆن دەكرێت و چۆن دەكرێت…! منيش لە لايەك گوێبيستى قسەكانى ئەو بووم و لە لايەكى تر لە شرۆڤەكردنى كارە دانسقەكانى بەردەوام بووم، لە بەر خۆمەوە دەموت ئێ خۆ خەڵكى سڵ لە پيلان و گوشتن و بڕين بۆ گەيشتن بە دەسەلآت ناكاتەوە، خەڵكى كودەتا دەكات و يەكتر قرچ و بڕ دەكەن بۆ گەيشتن بە پۆستى بالآ، بەلآم ئەم كاراكتەرە پێشنيارى كانديد بوونى بۆ سەرۆكى هەرێم و پۆستى سەرۆكى نەزاهە و پۆستى وەزيرى داراى هەرێم(دواى خانەنشين كردنى)… ڕەتيكردەوە. ل

ەوانەش گەڕێ ئايا دەكرێت پلەت وەزير بێت بەلام ئامادە نەبيت وەكو وەزير بژيت؟ پاسەوان لە نێو ماڵ تەراتيێن نەكات، پرسگە نەبێت، ديوار تەل بەند نەبێت، دەرگا تا نيوە شەو والآ بێت. ئەمانە خەياڵمى بە بەرەو بيركردنەوەى قوڵ دەبرد،

 

شرۆڤەكانم بۆ كۆنەدەكرايەوە، جارجارە شعورى شانازيم بۆ دەهات، كە لە نێو كوريشدا كەڵە پياوى مەزن هەن، كە گوێ بە خۆييان و ژيانى تايبەتى بەرژەوەنديەكانيان نادەن، جاروبار هەستێك دروست دەبوو دەموت ئايا دەبێت ئەم مرۆڤە مەزنە شێت نەبوبێت. ئێ ڕەنگە نەهەقم نەبێت چونكە نمونەى لەو شێوەيەم لە نێو كۆمەڵگاى كوريدا نەبينيوە. هەموو ئەمانە لە كاك جەلالى عومەرى سام ئاغادا پراكتيزە بووە، كەوا بێت ئەم مرۆڤە دانسقەيە و ئەفسانەيە لە نێو مۆزەيەكى جەنجاڵدا لە نێو كۆمەڵگايەكدا كە تارماى گەندەڵى و دزى و فزى دايپۆشيووە،. بەلآم ئەم كاراكتەرە هەرگيز پۆست پەرست نەبووەو هەوڵى نەداوە پۆستى پێ بدرێت، تەنها لە كاتێدا فشارى زۆريان بۆ هێنا بێت. سەير لەوەدايە ئەوەى حەوت پشت باوك و باپيران كۆييان كرد بۆوە، ئەم دەيبەخشێت، بۆ نمونە خانوى تايبەتيەكى خۆى پێش زياتر لە (١٥) ساڵ پێشكەش بە وەزارەتى تەندروستى كردووە و لە سەرى تاپۆ كردوون، هەروەها زەويەكى خۆى بەخشيە ديوانى چاودێرى دارايى سلێمانى، ديوانى چاودێرى داراي سلێمانيش بە بڕى زياتر لە ٧٠ مليون دينار فرۆشتيان و پارەكەى خرايە بانكەوە و قازانجى سالآنەى ئەو پارەيە پێشكەش بە فەرمانبەرى نمونەى و لێهاتوو لە نێو دەزگاى چاودێرى و داراى و خانم سەلارى ئەو دەزگاكەوە دەكرێت(وەكو خەلآتى جەلالى سام ئاغا)، ماوەيەكى كەم لەمەو پێشيش قوتابخانەيەكى بە زياتر لە نيو مليۆن دۆلار لە سەر ڕوبەرى (٧) هەزار م٢ دروست كرد و پێشكەشي بە ناوچەيەكى هەژارنشين و ڕەش و ڕووتى سلێمانى كرد. تەنيا دەژى بەلآم شەو و ڕۆژ كات و ناكات، لە خۆشي و ناخۆشيدا، لە كاتى پشوو يان ئاسايدا، سەرى ساڵ يان ڕۆژانى هەفتە ماڵەكەى كراوەيە و قەڵەباڵغە بۆ ڕەنگە جياوازەكان و پارت و ڕێكخراوە نێوخۆى و دەرەكيەكان، بۆچونە جياوازەكان سەردانى دەكەن و ڕێزى لێ دەگرن و گوێبيستى ئامۆژگاريەكانى دەبن، نازناوى مرۆڤە سپيەكەى پێبەخشيووە، هەرچەندە لام وايە نازناوى مرۆڤە ئاڵتونيەكە شايستە ترە بێت بۆ كاك جەلال. لەبەر ئەوەى:

١. توانى (٢٧٢٠) ڕاپۆرتى گەندەڵى لە ماوەى پتر لە نۆ ساڵدا ئامادە بكات و بوێرانە بۆ ڕاى گشتى و دەسەلاتدارانى ولآت و دادگاكان ئاشكراى بكات.

٢. دەست پاك و داوێن پاك و دادپەروەرە و بەرگريش لە دادى كۆمەلآيەتى دەكات و بێ سڵەمينەوە بەرەنگارى گەورە ستەمكاران دەبێتەوە و دژيان وەستاوەتەوە، بێ ئەوەى تۆسقاڵێك سڵيان لێ بكاتەوە.

٣.دەست نيشان كراوە بۆ وەرگرتنى خەلآتى ڕێزلێنان لە لايەن گەورەترين ڕێكخراوى جيهانيەوە بە نێوى(الجائزة الاوروبية الدولية للشخصية العام في النزاهة الادارية) لە بەروارى 10/9/2015 ، بەلآم لە بەر چەند هۆكارێكى تايبەت بە خۆى ڕەتيكردۆتەوە، كە ئەو خەلآتە وەربگرێت.

٤.خانوەكەى كە ئێستا تێيدا دەژێت، خەملێندراوە بە (٧٠٠) هەزار دۆلار(حەوسەد هەزار دۆلار) بەخشيويەتى بە وەزارەتى تەندروستى و بە نێو ئەو وەزارەتەوە تاپۆى كردووە.

٥.قۆوتابخانەى ١٢ پۆلى پێشكەش بە وەزارەتى پەروەردە كردووە، بە ناونيشانى ( خوێندنگاى زەكيە سام ئاغا)، كە بڕى زياتر لە (٦٠٠) شەش سەد هەزار دۆلارى تێچووە.

٦.بەردەوام داواى چاكسازى ڕاستەقينە و يەكڕيزى نيشتمانى بۆ بەرەنگار بونەوەى گەندەڵى دەكات، لە دياترين وتەكانى دەڵێت (گەندەڵى لە كوردستان وەك سێگۆشەيەك وايە سياسيەكان لە لوتكەى سێگۆشەكەدان و دواى ئەوان خاوەن كۆمپانياكان و دواتر پۆستە بالآكانى حكومەت دێن) لە وتەيەكى تردا دەڵێت( چاكسازى ڕاستەقينە بە لێژنەيەكى سەربەخۆى دەرەوەى حكومەت دەكرێت، لێژنەيەك نەترس و دادپەروەر و كارامە بێت).

٧. لەيادى دروست بوونى شارى سلێمانيدا لە بەروارى ١٤/١١/٢٠١٨ هەڵبژێردرا بە كەسايەتى شارى سلێمانى، هەروەها لە هەمان ڕۆژدا دەزگاى نێودەوڵەتى((Alatic ڕۆڵ و ماندوبوونى جەلالى سام ئاغايان بەرز نرخاند لە خزمەتكردنى شارى سلێمانى.

٨. دوو خەلآتى ترى لە ئاستى نێوخۆييدا پێشكەش كراوە، يەكەميان خەلآتى ڕێزلێنان لە لايەن ڕێكخراوى گەشە پێدانى ئابورى كوردستانەوە(kIDO) بە بۆنەى ڕۆژى جيهانى بەرەنگار بوونەوەى گەندەڵى. دووەم خەلآت لە يادى ڕۆژى دامەزراندنى زانكۆى سلێمانيدا دوو جار خەلآت كراوە. هەوڵى زۆرى دا كاروانى چاكسازى بگەێنێتە كەنار، تێكۆشا و شەونخونى كرد، بەلآم هەوڵەكانى بێهودە مانەوە، بۆيە چەندين جار داواى دەست لە كار كێشانەوەى كرد، كە لە نێو پەڕاوى دەست لە كاركێشانەوەيدا دواين جاريدا كە ئاراستەى دەسەلآتى سياسى و فەرمى ولآت كرد، هاتووە و كە پێيان دەڵێت (شەرەفەمەند نيم بە وەزيفەكەتان چونكە من جسمێكى غەريبم لە نێوتاندا). هەڵبەتە ئەم كارانەو و دەيان كارى تر ئەم مرۆڤە مەزنەيان كردۆتە سومبولى بەرەنگار بوونەوەى نادادى و ستەمكارى و گەندەڵى، بۆيە هەستم بە بەختەوەرى دەكرد كە لە خزمەت ئەو مرۆڤەدا سەعاتێكى ڕۆژى ١/١م گوزەراند.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.