داوای لێبوردن یان پاڵەوانی شاشە

لەلایەن ستاندار Posted on 264 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

دەردی گەورەی ئێمە کەلەڕەقی و دەمارگیرییەو باشترین مەساجیش بۆ خاوکردنەوەی ئەم دەمارە، سەقافەتی داوای لێبوردنە!

داوای لێبوردن یەکێکە لە کردە ھەرە بەرزو باڵا ئینسانییەکان، کە سەری لە پێکەوەژیان و تۆلێرانسەوە دەرئەچێ و خاڵێکی باشە بۆ ئەوەی ئینسان زوو زوو لێوەی بگەڕێتەوە بۆ ئینسانبوون و نەڕوا بەرەو وەحشبوون.

بەڵام داوای لێبوردن لە ھەڵە ئەکرێ، داوای لێبوردن لە حەقیقەت ناکرێ! بەڵام داوای لێبوردن لە ھەڵە فەزیلەتە، داوای لێبوردن لە حەقیقەت ڕەزالەتە!

خروقات و تەزویری ھەڵبژاردنیش لای ھەموو عێراقیەکان حەقیقەتێکی حاشاھەڵنەگرەو ڕەنگە لە سەرانسەری عێراق، دوو کەس لە ڕووی ویژدانییەوە خیلافیان لەسەری نەبێ ئەگەرچی لە ڕووی سیاسییەوە ھەیانە.

یەعنی تەزویری ھەڵبژاردن حەقیقەتەو حەقیقەتیش باجی ھەیەو کابراش ئامادەنەبوو باجەکەی بدا، زۆر بەسادەیی چونکە باجی حەقیقەت بە پاڵەوانی ڕاستەقینە ئەدرێ نەک بە پاڵەوانی شاشە!

گۆڕانکاری بە پاڵەوانی ڕاستەقینە ئەکرێ، بەڵام گۆڕان پاڵەوانی شاشەی بۆ دروستکردین و مۆدێلی پاڵەوانی شاشەی داھێنا، کە دواتر ئەوانیترو بەتایبەت نەوەی نوێ بە سەرا کەوتنە ھەمان قوڕەوە، لێرەشەوە ئیتر ھیچ نەگۆڕا.

ئینسان تەنیا لە مەیدانەکەی خۆیدا ئەتوانێ کاری ڕاستەقینە بکاو پاڵەوانی ڕاستەقینەبێت، وەکچۆن ساحەی تۆپێن مەیدانی پاڵەوانێتی یاریزانەو مەیدانی پاڵەوانێتی مۆسیقارو دوکاندارو جوتیار نیە، ئاواش شاشە تەنیا مەیدانی پاڵەوانێتی میدیاکارەو مەیدانی پاڵەوانێتی سیاسی و پەرلەمانتارو حوکمدار نیە.. بۆ غەیری میدیاکار، شاشە تەنیا شوێنی موزایەدەو ڕیابازی و پۆپۆلیزمە.

داوای لێبوردنی ڕاستەقینە لە ئیرادەی ئازادەوە دەرئەچێ، ئازاد لە زەخت و زۆرو ناچارکردنەکانی ئەوان، ئازاد لە حەزو وابەستەبوونەکانی خۆم.
شەڕێک کە لەسەر مافێکی گشتی دەسپێکرابێت، ناشێ بە داوای لێبوردنێک کۆتایی بێت لەپێناو پاراستنی پۆستێک!
لێرەدا ئیرادە بەزیوەو پاشەکشێیەکی ئابڕوبەرانەی کردوە، چونکە ئیرادەکە لە ئەساسەوە ھی پاڵەوانێکی ڕاستەقینە نەبووە، ھی پاڵەوانی شاشە بووە. قسەکەش لەسەر ئەو کاکەیە نیە وەکو شەخس، قسەکە لەسەر پاڵەوانی شاشەیە وەکو مۆدێل، کە یەکێکە لە خراپترین داھێنانەکانی گۆڕان.

ھەموو پاڵەوانێکی شاشە پرۆژەی فەزاحەتێکە، چونکە درۆیەکی ئیمڕۆیە کە سبەینێ کەشف ئەبێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.