بەرەی پشتیوانی لە عەفرین

لەلایەن ستاندار Posted on 349 جار بینراوە
ئارام ھادی

ساڵڕۆژی پێکھێنانی (بەرەی پشتیوانی لە عەفرین)پار ساڵ و لەم ڕۆژەدا ٢٠١٨/١/٢٠لەگەڵ بەشێک لە چالاکوان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و خەمخۆرانی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان بەھاوبەشی ھەرسێ نوێنەراییەتی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا و نوێنەری پەیەدە و کۆنگرەی ستاری ڕۆژئاوای کوردستان لەشاری سلێمانی، بەرەی پشتیوانی لە عەفرینمان دامەزراند، بۆ پشتیوانی لە گەلانی ئازادیخوازی عەفرین، ھاوکات دژی ھێرشی سوپای دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و گروپە تیرۆرستیەکان بۆ سەر ئەوشارە.

دواتر بەرەی پشتیوانی لە عەفرین چەندین چالاکی جۆراوجۆری ئەنجامدا لە کۆبونەوە و سیمنار و گردبونەوە و کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی و بەشداریکردن لەبەرنامە سیاسیەکانی تیڤیەکان کە تایبەت بون بە عەفرین و نوسینی سەدان وتاری ڕۆژنامەوانی و دوو خۆپیشاندانی گەورەی چەند ھەزارکەسی بەبەشداری تەواوی چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان، شایەنی باشە خۆپیشاندانی دووەمیان بە ھاوبەشی بوو لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK)، ئەمەش لە پێناو بەرگریکردنی مەدەنیانەی باشوری کوردستان لەدژی ھێرشی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا و گروپە تیرۆرستیەکان.

ھاوکات لەڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت لە عەفرین خەڵک و شەڕڤانانی ئازادیخواز، لەدوای ٢مانگ بەرگریەکی قارەمانانەی کەم وێنە، بەڵام دواجار بەھۆی زەبر و زەنگی لەئەندازە بەدەری سوپای تورکیا و زیاتر لە ١٠ھەزار تیرۆریست، ھاوکات بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەداخەوە شارەکە داگیرکرا، ئەمەش وایکرد زیاتر لە ٢٠٠ھەزار ئاوارەی لێ بکەوێتەوە لەگەڵ گۆڕینی دیمۆگرافی شارەکە کە تا ئێستاش بەردەوامە، شایەنی وتنە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، بێ ھەڵوێستترین لایەن لەپرسی ڕۆژئاوا بەگشتی و عەفرین بەتایبەتی جەماعەتی ئەنەکەسەبون کە نەک ھەڵوێستیان نەبوو بەڵکو زۆریشیان پێ خۆش بوو تورکیا عەفرینی داگیرکرد!!.

ئێستاش دوای ساڵێک لە دەستپێکی ھێرشە داگیرکاریەکەی سەر عەفرین، کاتی ئەوە ھاتوە کە ئازادیخوازانی ڕۆژئاوای کوردستان ھەوڵە دبلۆماسیەکانیان لەبواری پەیوەندیە سیاسیەکانیان چڕتربکەنەوە تا بە ڕێککەوتن لەگەڵ ھەرلایەکی جیھانی یا ناوچەیی عەفرین وەربگرنەوە، تا کۆتایی بەو ڕەوشە داگیرکارییە بێنن و دواتر کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.