موعارەزەی پۆست پۆپۆلیزم

لەلایەن ستاندار Posted on 332 جار بینراوە

په‌یكار عوسمان

لە خراپترین دۆخیشدا، ھێشتا ھەموو شتەکان ھەڵەنین، ھێشتا بەشێکی شتەکان ھەر ڕاستن، لەو تۆزە ڕاستەشەوە ئەکرێ دەستی یەک بگرین و شتەکان چاکبکەینەوەو ھەستینەوە!
بەڵام لە دۆخی یەکترقبوڵنەکردن و لە سەقافەتی یەکترسڕینەوەدا، ئیتر (ھەموو شتەکان ھەڵەن) ئیتر خاڵێکیش نیە لێوەی دەستی یەکبگرین و شتێک چاکبکەین، ئیتر قەتیش ھەڵناسینەوە.

ئیتر تۆ کۆبیتەوە ھەڵەیە، کۆشنەبیتەوە ھەر ھەڵەیە. بەشداری بکەیت ھەڵەیە، بایکۆتیش بکەیت ھەر ھەڵەیە. بەڵێ بکەیت ھەڵەیە، نەخێریش بکەیت ھەڵەیە. قسەبکەیت ھەڵەیە، بێدەنگیشبیت ھەڵەیە. بچی بۆ بەغدا ھەڵەیە، نەشچی ھەر ھەڵەیە. بچیتە حکومەت ھەڵەیە، نەشچی ھەر ھەڵەیە..
ئیتر تۆ ھەرچی و ھەرچۆن بکەیت بە نیسبەت منەوە ھەر ھەڵەیەت و ھیچ لە مەسەلە ناگۆڕێ، چونکە من پێشوەخت و پێش چی و چۆنەکە، خۆتم ڕەتکردۆتەوە!

نەوشیروان لە ڕێگەی پێشوازی بەردەوام لە وەفدەکانی یەکێتی و پارتی و سەردانەکانی بۆ سەری ڕەش و دەباشان، ئەیویست پێمانبڵێ، دوای ململانێ و ھەموو شتێک دواجار کارەکان پێکەوە ئەکرێن، بەڵام ئێمە ئەومان وەکو گرندایزەر ئەویست! ئەومان بۆ ئەوە نەبوو بە ناتوندوتیژی و لەگەڵ ئەوانیتردا پێکەوە دنیاکە باشتر بکەن، ئەومان بۆئەوەبوو لە شوێنێکا توڕەبێ و دنیاکە ژێرەوژوورکاو شتەکە بە توندوتیژی یەکلابکاتەوە. بۆچی؟

ئێمە پارتیمان وا ئەوێت ئەوانیتر قووت بداو یەکێتیمان وا ئەوێت وەکو ھەشتاکان گونی گوندار دەربێنێ و پەکەکەشمان وا ئەوێت لە ھەر چوار پارچە تەواوی ھێزەکانی تر مەحف بکاتەوە. بۆچی؟

سەیرکە جگە لە یەکگرتووەکان کەس موعجیب نیە بە سەڵاحەدین بەھادین، کەچی خەڵکێکی زۆر ئیسلامییش نین و موعجیبن بە مەلا کرێکار. بۆچی؟

یەکێتییەکان زیاتر کەیفیان بە پاڤێڵ دێ وەک لە قوباد، پارتییەکانیش زیاتر ھیوایان بە مەسرورە تا نێچیر. بۆ؟ یان لاھور ڕەنگە بەکەڵکی ئەندام کۆمیتەییش نەیەت، کەچی ڕەقەمێکی گەورەیە. بۆ؟

عومری سەی عەلیش خۆ قەزیەکە ھەر کێشەی ناوخۆی حیزب و پاشەکشێ گۆڕان نیە کە کابرا مەرغوب نیە، ئەوانەش نەبێ ئەو فەقیرە ھەر مەرغوب نیە. بۆ؟

چونکە سەقافەتی باوی ئێمە، سەقافەتی یەکترسڕینەوەیەو یەکترسڕینەوەش عەنتەرو شەقاوەی ئەوێ، نەک نەرمونیانی و پشوودرێژیی.
چونکە سەقافەتی باوی ئێمە سەقافەتی خێڵەو خێڵیش پاڵەوانی ئەوحەدی ئەوێ، نەک تیم و کاری پێکەوەیی.

سەیرکە پارتی و گۆڕان کۆئەبنەوەو خاڵی ھاوبەشیان ھەیە، شتەکە بووە بە کێشە، لەکاتێکا ئەوە حاڵەتە نۆرماڵەکەیەو ئەگەر وانەبێ کێشەیە!

یان یەکگرتوو موعارەزەیەو لەگەڵ بارزانیش کۆئەبێتەوە، ئەمە بووە بە عەیبە، لەکاتێکا ئەوە ئاڕاستە دروستەکەیەو ئێمە لە موعارەزەییشدا ھەر تەواوکاری ئەوانیترین نەک دوژمن.

گرنگە نەوەی نوێش تێبگات کە سیاسەت ڕەش و سپی و شەیتان و فریشتەو دابەشکردنی دنیا نیە، نە کۆبونەوەو بەشداری ئەوانیتر ئەکات بە شەیتان. نە کۆنەبوونەوەو موعارەزەییش نەوەی نوێ ئەکات بە فریشتە.

ھەموومان لە یەک دنیاداین و ھەمووشمان لە باش و خراپدا پشکمان ھەیە.
پارتی و یەکێتی بەو ھەموو فەسادو فەزاحەتەوە، ھێشتا بڕێک لە ڕاستییان لایەو ھیچیش بەبێ ئەوان ناکرێ!
ئەوانیتریش بەو ھەموو بێدەسەڵاتییەوە، ھێشتا بڕێک پۆخڵەوات و بەرپرسیارێتی دۆخەکەیان بەر ئەکەوێ.

ئێمە ئەبێ پاساو بدۆزینەوە بۆ دانیشتن و کۆبونەوەو بە زەڕەبین بۆ ھاوبەشی بگەڕێین، نەک ئەوەی دانەنیشتن و کۆنەبوونەوەو نەبوونی ھاوبەشی بکەین بە ئینجازی سیاسیی!
ئەگەر کارێک بکرێ بە ھەمووان ئەکرێ و ھەمووانیش لە ھاوبەشییەکانەوە ئەتوانین دەستی یەک بگرین، نەک ئەوەی ھەموو شت بە ھاوبەشییەکانیشەوە ڕەتبکەینەوە کە ئیتر ھیچ ناکرێ، ئەم ھیچەش وەکو کردەیەکی سیاسی گەورە بفرۆشینەوە!!

ئێوەی بە تەبیعەت موعارەزە، ھاوشێوەی پشتیوانی پێشترتان بۆ گۆڕان، بۆ پشتیوانی نەوەی نوێ ناکەن، کە ئێستا موعارەزەیە؟؟ ئەم پرسیارەم زیاد لە جارێک بۆ ھاتووە، پێوابێ جوابدانەوەی لەگەڵ ئەم نوسینەدا دێتەوە!

زۆر بە سادەیی، چونکە من پشتیوانی مۆدێلێکی تری موعارەزەم، مۆدێلی گۆڕان و حەڤدەی شوبات، بۆ کاتی خۆی گرنگبوو، بۆ ئێستا بابەتی تێپەڕاندنە. نەوەی نوێش لە مۆدێلی گۆڕاندا لە خودی گۆرانی بردۆتەوە، بەس کێشەکە ئەوەیە ئەو مۆدێلە بەسەرچووەو وەکو وایە ئەسپێکی دۆڕاوی بردبێتەوە!

گۆڕان کە ھات بە موزایەدەو پۆپۆلیزم و کۆنە گەندەڵ و داروبەردەوە قبوڵمانبوو، چونکە شتەکە تازەبوو، بەڵام سونەتی حەیات وایە، کە ئەمە بەس بۆ یەکەمجار وایە، بۆ جارەکانی تر ئیتر بە مەرج و مواسەفات موعارەزەمان ئەوێ نەک بە گۆترە. نەوەی نوێش ئەبێ سەعییەکی باشتر بکاو بە ھەمان جوابەکانی دە ساڵ لەمەو پێشی گۆڕانەوە لە ئیمتیحانی ئێستا دەرناچێ.

وەکچۆن بەشداری گۆڕان و ھەر حیزبێک، ئەبێ بۆ جێکردنەوەی بڕێک لە پاکیج و بەرنامەکانی بێت، نەک تەنیا بۆ پشک و پۆست..
بەشداری نەکردنی نەوەی نوێ و یەکگرتووش ئەبێ بۆ شێوازێکی ترو ئەخلاقێکی تری موعارەزەیی بێت، نەک بۆ زەڕبلێدانی ھەموو شتێک و موزایەدەو پۆپۆلیزم، کە بە ئەندازەی ھەموو خراپەکارییەکانی پارتی و یەکێتی خەڵکی ئێمەی نائومێدو ماندوکرد!

بۆ تێپەڕاندنی ستەمکاریی، ئێمە پێویستمان بە سڕینەوەی پارتی و یەکێتی نیە کە ئەسڵەن ناشتوانین، چونکە ستەمکاری ھەمووی لای پارتی و یەکێتی نیە، بەڵکو لای ھەموو کۆمەڵگایە لە ڕێگەی کولتوری یەکترسڕینەوەوە!
(بۆ تێپەڕاندنی ستەمکاریی، ئێمە پێویستمان بەوەیە سەقافەتی یەکترقبوڵکردن بخەینە شوێن سەقافەتی یەکتر ڕەشکردن.) ئەمە قسە گەورەکەیەو ئیتر دەسەڵاتی یان موعارەزە، ئەوەیان قسە بچوکەکەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.