بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم (چوون) و (نەچوون)ـدا

لەلایەن ستاندار Posted on 371 جار بینراوە

ھادی حەمەرەشید

حیزب بۆ ئەوەی بچێتە ھەر پرۆسەیەکەوە باشترین میکانیزمی سەرکەوتنی بریتیی ئەبێت لە پشتگیریی ناوخۆیی، خۆ ئەگەر بەر لە ھەر ھێزێک ئەندامانی خۆی سەپۆرتیان نەکرد، ئیتر دەرئەنجامەکەی ڕوونە، بە چوار پەلی شکاوەوە، لەبری (چوون) (ئەیبەن) و لەبری نەچوون و ئۆپۆزسیۆن بوونیش(ڕێگای پێنادەن)!
تۆپ لەقاچی ئەوانیتردایە، ئەمیش تەنیا چاوەڕێی ڕووی کەرەم و مەرحەمەتیانە!

یەکێتی لە سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی رابدوودا، بەقەولی تاڵەبانی ((فیلی بە تەقلە لێئەدا)) نەک تەقلەش بەفیل، کەچی کە باری ناوخۆیی نالەباربوو، لەساتی چوونیان بۆ ناو گفتوگۆ(مفوچات) لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا، ئەوەندەی ئەندامانی خۆی دژیبوون لەو ھەنگاوەدا، نە بەرەی جود و جەوقەد و نە نەیارە سەرسەختەکانیان پێیان نەکرا!
گفتوگۆ تێکچوو، یەکێتیش بەدەستی بەتاڵ لێی ھاتەدەرەوە.

نوکتەیەک ھەبوو لەو بارەیەوە; کۆمەڵێک لە کادیری ناوەندیی یەکێتی لەو ماوەیەی گفتوگۆدا ئەچنە ئەوروپا و ئەڵێن ئێمە جاشایەتی بەعس ناکەین و بڕوامان بەم پرۆسەیە نیە، کە ئەم کۆمێنتەیان بۆ کاک نەوشیروان ئەگێڕنەوە، ئەویش بە پێکەنینەوە ئەڵێ: ئێ ڕاست ئەکەن، ئەوان پێشمەرگایەتییان بۆ نەکرا، جاشایەتیی ھەر ناتوانن!( دیارە ئەو چەند ساڵە ڕژێم جاشەکانی ئەبردە ھێڵی پێشەوەی شەڕی ئێران_عێراق و باری سەرشانیان زۆر گران بوو، زۆریان لێ کوژرا و بەدیل گیرا، لەچاو پێشمەرگایەتییدا کە موڕیحتر بوو)

گۆڕان لە ماوەی چەند مانگی دوو ھەڵمەتی بانگەشەدا، بەھاری ھێنابووە ئەژنۆ، کە پاش ھەڵبژاردن بەخێرایی چاکسازیی ناوخۆیی ئەکەین، کۆنفرانسی نیشتیمانیی و نوێبوونەوە و پێکھاتنی ڕەگەزە جیاواز و ناکۆکەکان دەستەبەر ئەکەین، گرد و میدیا ئەگێڕینەوە بۆ گۆڕان و…تاد
وا ھەردوو ھەڵبژاردن تەواو بوو، جگە لە پێکھێنانی لیژنەی باڵای کۆنفرانس و دیارییکردنی ناوی لیژنە لاوەکییەکان، بەبڕیارێک و قودرەتی قادر، ھەموو شتێک ڕاگیرا و کۆنفرانسی گشتییان سپارد بە نادیار و ئەشعاری ئاخر!

گۆڕان لەخراپترین باردایە، ھەموو فیلێکی بێ ئەزموونیش تەقلەی پێ لێئەدات، دامودەزگا و ژوور و مەکۆ و میدیاکەی لە وێرانە وێرانەترن، کەچی بەھیوایە لە ڕێگای کۆمەڵێک (بەڵێندەری سیاسیی)ـەوە دۆخی وێرانەی کوردستان بگۆڕێت!

چوون و نەچوون ئامادەکاریی ناوخۆیی ئەوێت کە گۆڕان بۆ ھیچ بژاردەیەکیان خۆی ئامادە نەکردووە، لە ئێستادا ڕەھینەی کۆمەڵێک کەسە کە بە توندیی بەرەو حکومەتی ئەبەن، ھەموو ھێلکەکانی لەسەبەتەی چووندایە، بۆیە تەنانەت بە نەچوونیش خۆکوژیی ئەکات، لەلایەک ناوخۆی حیزبیان بۆ ھیچ ئۆپشنێک ئامادە نەکردووە و دڵسۆزترین ھەڵسوڕاو و پشتیوانانیان بێ ئومێد کردووە، لەلایەکیتریشەوە کۆمەڵێک تووشی دڵڕەنجان ئەکەن کە بەڵێنی پۆستیان پێدراوە و بۆ پۆست تا ئێستا ماونەتەوە!

ئەوەش ڕوونە بە (چوون)ـیش ملی کامە ڕێگا ئەگرن، حکومەتێک کە لە ھەولێر ھەموو ئەندام ناوچە و لقێکی پارتی ھەمەکارەن، پاراستن و (برا گەورە) حکومەت بەحیزبییتر ئەکەن و لە سلێمانییش ھەموو ئەندام کۆمیتە و مەڵبەندێکی یەکێتی بڕیاردەری سەرەتا و کۆتایین لەرێگای چرای سەوزی ماڵباتی تاڵەبانییەوە!

حکومەتێک کە ململانێی پارتی و یەکێتی، زۆنی سەوز و زەرد، لە سەوزدا ململانێی باڵی مام و ماڵی کۆسرەت لە لایەک و پێشبڕکێی ئامۆزاکان(مناڵەکانی شێخ جەنگی و کوڕانی مام)، چەکوشەکانی شاناز و فشارەکانی ماڵی برایم ئەحمەد، لە زەرددا ململانێی جووت ئامۆزا و پێکدادانی میدیایی و تەنانەت ئەگەریتریش لە گۆڕێیە!

لەوەھا دۆخێکدا، ئیمکانی چی ھەیە بۆ گۆڕان؟! لە پەرلەمان ھاوکێشەکان چۆنن؟! حکومەت و پرسی چاکسازیی و گۆڕانکاریی لە سیستمدا بەرەو کوێ ئەبرێت؟!
ڕەنگە باشترین کارێک کە پێی بکرێت; ناو بە ناو دیل بە دیل بۆ کادیرەکانی پارتی و یەکێتی ڕێکبخات لە ھەردوو زۆندا!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.